ئازادی ڕادەربڕین
Tuesday, 21/02/2023, 21:49
لەمێژوودا گەلێک فەلسەفە و دیدگای جۆراوجۆر پرس و چەمکی ئازادی هێناوەتە بەر باس و خواس و بۆتە جێگەی جەدەل و گفتوگۆی قوڵی نێۆ جڤات و ناوەندە سیاسی و مەدەنییەکانی دونیاوە، هاوزمان لەپێناوی ئازادیدا مرۆڤایەتی گەلێک کارەسات و تراژیدیای بەسەرداهاتووە .
لێرەدا ڕاگوزەرانە قسە لەتێزی ئازادییەکەی میڵ دەکەین.
جێگەی خۆیەتی بڵێین جۆن ستیوارت میڵ کتێبی لەبارەی ئازادییەوە (163)ساڵ لەمەوبەر نوسیوە ، بەڵام کاتێک خوێنەر تێکست و کتێبە دەخوێنێتەوە هەست دەکەیت بۆ واقعی ئێستای ئەو کۆمەڵگایانەی نوسیوە کە بەدەست ستەمکاری و دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەوە گیرۆدە بوون و دەچەوسێنرێنەوە.
میڵ لەسەر قۆناغبەندی و تیۆرەیزەکردنی هەلومەرجی گەیشتنی بە ئازادی و زەمینەسازی و واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گۆڕانی کەلتور و نەرێت و سیستمی سیاسی و پەروەردەیی وەستاوە و هەڵوێستە و ڕامانی لەسەر مانای بەرینیەکانی ئازادیی کردۆتەوە ...
ئەوەی گرنگە بڵێین خودی تێزەکە وەک مانفێستی ئازادی بۆ جڤات و ئینسانی ئێمە لەدەست جەور و ستەم و دەسەڵاتی دیپۆتیزمی سیاسی و کەلتوری و نەرێتگەرایی خۆی بەیان کردوە، کەهێشتا بەشێکی مرۆڤایەتی لەسەدەی( 21 ) خەون بەئازادییەوە دەبینن.
هەڵبەتە گۆڕانی ئەو نۆڕم و نەرێت و کەلەپورانەی بونەتە لەمپەری دەست ڕاگەیشتن بەئازادی و لێبوردەیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکانی جڤاتەکانی قورستر و گرانتر کردوە ...
ناوەڕۆکی کتێبەکەی تەرخانکردوە بۆ کۆمەڵێک بابەتی جۆراجۆڕ لەسونگەی ڕەهەندە مێژوویی و دێرینە فیکری و کۆمەڵایەتی جەختی لەسەر خەباتی مرۆڤایەتی کردوە بۆ گەیشتن بەئازادیییە سیاسی و مەدەنی و کەسییەکان.
مێڵ "دەڵێت: ململانێی نێوان ئازادی تاکەکەس و دەسەڵاتی دەوڵەت بەرچاوترین خاسیەتی مێژوویی کۆمەڵی مرۆڤایەتییه، بەتایبەتی لەیۆنان و ڕۆمان و ئینگلتەرای جاران ململانێکە لەنێوان ڕەعیەت یان بەشێکی ڕەعیەت و فەرمانڕەوادا بوو، ئازادی مانای پاراستنی تاکەکان لەستەمکاری فەرمانڕاوەکان دەگەیاند" لەسەر پێشلکردنی پڕەنسیپەکانی ئازادی و ستەمکاری، مێڵ لەشوێنێکدا دەڵێت"هەتا ماشێنی حکومەت تۆکمەتر بێت، مەترسی ستەمکاری زیاتر دەبێت... "( مێڵ) دەربارەی ئازادی و تێڕوانینی خۆی لەبارەی ئاستی وەرگرتن و مامەڵەی کۆمەڵگە لەو پرسەدا پێیوایە "هەر کۆمەڵگەیەک بەشێوەیەکی گشتی ڕێز لەئازادی نەگرێت، شایستەی ئەوە نییە نازناوی ئازادی بدرێتێ پاڵی" واتە بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازاد بێت گرنگە لەناوخندا هەڵگری بیر و ڕووحی ئازادی تێدا بێت و بەسەربەستی و ئیرادەی خۆی بەشوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە بێت.
هەروەها مێڵ لەم تێزەدا بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی زۆر پێداگری لە پرسی گفتوگۆی و ئەزمونکردن دەکاتەوە چونکە پێیوایە گفتوگۆ و ئەزمون دوانەی لێکتێگەیشتنن لەسەربابەتەکان دەهێنتە ئاراوە و تاک سەنتەرە و پێیوایە تاک لەخەڵک باشتر بەرژەوەندی خۆی دەبینێت و سودگەرایی لەسەر بنچینەی بەختەوەری تاک لێکدەرێتەوە و دەڵێت:" دەبێت لەهەمو حاڵەتەکاندا، تاک خاوەنی ڕاستەقینەی ڕا و بۆچونی خۆی بێت، پێویستە لەزۆربەی حاڵەتەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکدا چەند بنەمایەکی گشتی لەپێشچاوی بگیرێت، تا هەمو مرۆڤێک بەرچاوی ڕوون بێت..
مێل پێیوایه" شانازیکردن بە پوژانەوەی دینەوە هیچ نییە جگە لەبوژانەوەی دەمارگیری لەسنگی ئەواندا کە ئەقڵیان لاوازە و هەڵسوکەوت و بەهرەکانیان مشتوماڵکراو نییە"
دەمارگیری نوێ ڕایەکان و خاوەنەکانیشان ناکوژێت، بەڵام ئازایەتی لەمرۆڤدا دەکوژێت، دەڵێت:" لەکاتێکدا سوکرات بەمەرگ سپێردرا، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لەبەردەم هەڵکشانی فەلسەفەکاندا وەک هەتاوی نیوەڕۆ و ڕۆشنکردنەوەی تەواوی زینەکان.
هەروەها لەسەر دەمارگیری کۆمەلایەتییەکان. ڕای وایە "دەمارگیریییە کۆمەڵایەتییەکە لەچەکی یاسادا داماڵڕاوەکەی ئێمەش ناتوانێت کەس بکوژێت، بەڵام دەتوانێت خاوەن هزرەکان ناچار بکات باوەڕەکانیان بشارنەوە، یان هەوڵی بڵاوکردنەوەیان نادەن.." وەک ئێستا جڤاتی کوردی تێکەوتوە کەچۆن دەمارگیری ئاینی و کۆمەڵایەتی بۆتە کۆسپ و ئاڵنگاری بەسەر ئەو ڕاو بۆچوونانەی کە جیاواز بیر دەکەنەوە هەڵگری ئایدیا و قەناعەتی دەژە باو و ڕەخنەگری بیر و باوەڕی تەقلیدی و تێکستە موقەدەس و چەقبەستووەکانن.. تازەترین نمونە ئەو هێرش و پەلاماردانەو تۆمەت بەخشینەوە لەبەرامبەر د. چۆمان ئەحمەد هەردی و کەشی پڕ لە غوغاو
و پوچگەراییە بەشی زۆری بانگخواز و مەلا و ئەندامانی ئیسلامگەراکان لەسەر پرسی جێندەر لەکوردستاندا دروستیانکرد..
دواجار مێڵ پێیوایە دەوڵەت و ئایین و پەروەردە و دەسەڵاتی سیاسیی لەخزمەت بەهاکانی تاکدا بێت و ئازادییەکان لەسەرووی کۆی بەهاکانەوە ترەوە ببینێەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست