کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوڕانى تاڵەبانى، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى قورسدان

Thursday, 09/02/2023, 9:31


چیان پێدەکرێت، بەرامبەر سەرە گەورەکانى گەندەڵکاراندا، کە خۆشیان یەکێکن لەو گەندەڵانە؟
دوو سەرکردەى دیارى یەکێتى، چالێنجى بافڵ تاڵەبانى دەکەن..
نزیکەى وا ساڵێك زیاتر تێپەڕ بووە، بەسەر روداوەکانى هەشتى تەموزدا، بافڵ تاڵەبانى، زیاد لەجارێک، وتویەتى، کە لەدواى هەشتى تەموزەوە ئەوەى لە سلێمانى دەکرێت، بە باش و بەخراپ ئەو لێى بەرپرسیارە، ئێستاش لەبەردەم تەحەدا گەورەکەدایە..
رۆژى ١٦ ى ئاب، سەرۆکى شارەوانى سلێمانى، بەرونى وتى، لە سلێمانى گروپى مافیایی پەیدا بوە، سەرانە دەسینن، زەوى داگیر دەکەن، داواى پشک و بەش لە وەبەرهێنەرەکان دەکەن.
ئەم پەیامەى سەرۆکى شارەوانى، بۆ بافڵ تاڵەبانى، قورس بوو، هێشتا قسەکانى تەواو نەکردبوو، هێزى کۆماندۆ گەیشتە سەر شارەوانى و ژمارەیەک فەرمانبەرییان دەستگیرکرد.
دوا بەدواى ئەمە بافڵ تاڵەبانى، بە دوو نوسراوى جیا، وتى، هەرکەس لە هەرپلە و  پۆستێک بێت، دەستى هەبێت لە داگیرکردنى زەوییەکانى سلێمانى و هەڕەشەکردن و سەرانە سەندن، دەستگیرى دەکەن و روبەروى دادگاى دەکەنەوە و توندترین سزاى حیزبیشى دەدەن..
لەو رۆژەوە، بافڵ تاڵەبانى، تا ئەمڕۆ نەوەستاوە، بەردەوام بەتۆمەتى تیوەگلان لە گەندەڵى بۆسەر زەوییەکانى سلێمانى و وەرگرتنى بەرتیل خەڵکانێک لە فەرمانبەر و دەڵاڵ و کەسانى دیکە دەستگیر دەکات.
وادیارە جوڵەکانى بافڵ تاڵەبانى، هێشتا تینوێتى نەک خەڵکى سلێمانى، تەنانەت بەشێک لە سەرکردە دیارەکانى یەکێتیشى نەشکاندوە، ئەوان داوا دەکەن سەرۆکى یەکێتى دەست بەرێت بۆ سەرە زلەکانى گەندەڵى، کە هەموو ئەوەى کراوە بە فەرمانى ئەوان کراوە و دەکرێت، ئەمەش تەحەدا گەورەکەى بەردەم، بافڵ تاڵەبانیە.
یەکیک لەو سەرکردانەى یەکێتى، مەلا بەختیارە، ئەو بە ناراستەوخۆ پەیامێکى بۆ بافڵ تاڵەبانى نارد و وتى، "سه‌باره‌ت به‌گرتنى بازرگانه‌كانى زه‌وى‌و زار له‌سلێمانى زۆر دره‌نگ كه‌وت دواكه‌وتنى ئه‌و پرسه‌ ڕاى گشتى دژه‌ ده‌سه‌ڵاتى دروستكرد، ئه‌مه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌و ده‌بێت بزانرێت، ئه‌گه‌ر به‌مه‌وه‌ بوه‌ستێت مه‌ترسیدارتره‌، ناكرێت گه‌نده‌ڵه‌كان بگیرێن‌و سه‌رقافڵه‌ى گه‌نده‌ڵه‌كان ئازادبن".
مەلا بەختیار تەئکیدیشى کردەوە کە تائێستا لەسەر زەوییەکانى سلێمانى، کەسە گەورەکان دەستگیر نەکراون..
هەر لەسەر ئەم بابەتە، سەرکردەیەکى دیارى دیکەى یەکێتى، محەمەد حەمە سەعید، وەزیرى رۆشنبیرى یەکێتى، دەڵێت،
ئەگەر دزە گەورەکان دەستگیر نەکرێن و تەنها بچوکەکان بن، ئەوا رۆژێک دێت، دزە گەورەکان، هاوشێوەى مێروە گەورەکان، داوى جاڵجاڵۆکەکە تێک و پێک دەدەن.
لە کۆتایی نوسینەکەیدا محەمەد حەمە سەعید، دەڵێت، برام، دەستگیرکردنى دزە ورد و بچوکەکان و دادگایی کردنیان کارێکى باشە، بەلام بابەتی گەندەلی چارەسەر ناکات، فەرموون تاداوەکەیان نەبڕیوەو  خۆشمان نەکەوتوینەتە خوارەوە، ئەوانیش حەوت وڵات ئاوا نەبوون، دزە گەورە گەورەکان رووبەرووی دادگا بکەنەوە.
وادیارە، کوڕانى تاڵەبانى، زۆر جدین لەسەر ئەوەى لەم چالێنجەدا سەرکەوتوو بن، ئەوان باش دەزانن و بە دانپێدانانى خۆشیان، لەدواى هەشتى تەموزەوە، بەباش و بەخراپ ئەوان بەرپرسیارن.
هەربۆیە، بەتەنیشت بافڵ تاڵەبانیەوە، قوباد تاڵەبانى، کەوتۆتە بەکارهێنانى دەسەڵاتەکانى خۆى وەک جێگرى سەرۆک وەزیران و هەڕەشە لە بەڕێوەبەرى فەرمانگەکان دەکات، کە ئەگەر لەمەودوا، کارەکانیان باش نەڕوات و وەبەرهێنان لە سلێمانى نەبوژێتەوە و رۆتین بەردەوام بێت، بێ دوو دڵى رەوانەى ماڵەوەیان دەکات و کەسانى دیکە دەخاتە شوێنیان.
ئەوەى دوو براکە دەستیان پێکردوە، ئاسان نیە، ئەو کەسانەى لە سلێمانى، خەریکى دۆشینى ئەم شارە و سەرانە سەندن لە دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان بون و بە رۆژى روناک زەوى حکومەتیان پارچە پارچە دەکرد، کەسانى ئاسایی نین و دەسترۆیشتون، کەسانێکن پلەى باڵایان لە حیزب و حکومەت و هێزە ئەمنیەکاندا هەیە، کەواتە با چاوەڕێ بین و بزانین، دەسەڵاتى کوڕانى تاڵەبانى زیاترە، یان هێزى بەرپرسە دەسترۆیشتوەکان، کە سەرۆکى شارەوانى بە گروپى مافیایی ناوى بردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە