کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گرفتی تێنەگەیشتنی گشتی نەتەوەی کورد لە گوتار و پەیامی سیاسەت کەرەکان

Tuesday, 19/12/2023, 18:53


ئەم نمونانەی خوارەوە بەڵگەن دەربارەی ئەو تێنەگەیشتنە گشتییەمان کە، جێگەی سەرنج و تێڕامانە بۆ ئێمەی گوێگر و خوێنەری کورد؛ مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە ئیمەی کوردیش بتوانین وەک نەتەوە و کۆمەڵگە شارستانییەکانیتر لەگەڵ یەکتر فێری شێوازی(مێتود) گفتوگۆ و گوێگرتن ببین، هەروەها بەهەستی لێپرسراوییەوە ئەو وشانەی لە دەممان دێتە دەرەوە یان دەیاننوسین بەکاریان بهێنین. 
لەم بابەتەدا نمونەی دوو گوتاری یەک کەس دەخەینە روو، زۆر بە کورتی شرۆڤەیەکی بابەتیانەی لەسەر دەکەین: 
گوتاری یەکەم ئەمەی خوارەوەیە، کە دەقاودەق وەک خۆی نوسراوەتەوە، لەو لینکەشدا دەتوانرێت بە دەنگ و رەنگ ببینرێت و ببیسترێت: 
باڵاترین ئامانجی نەتەوەیمان کە سەبەخۆیی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستانە، ئەو ئامانجەی چەندین نەوە لە پێناویدا شۆڕشیان کردووە، دەیان هەزار هاووڵاتی لەپێناویدا گیانیان بەخشیوە، کۆی گەل و نیشتمان لەو پێناوەدا روبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەتەوە بەڵام کوردستانی سەربەخۆ شتێ نییە بە قسە دامەزرێ، بەڵکو تەلارێکە پێویستە پایەکانی لەسەر زەمین پچەسپێن. کوردستانی سەربەخۆ ئەبێ دامەزراوەیەکی سیاسی بێ کە پێویستی بە سازانێکی نیشتیمانی نوسراوە لەشێوەی دەستور و کۆمەڵێک یاسادا، کە کۆدەنگی نیشتیمانییان لەسەربێ بە ئامانجی رێکخستنی پڕۆسەی سیاسی و رێکخستنی رێساکانی پەیوەندی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکان، لە سایەی کۆمەڵێ دامەزراوەی نیشتیمانیدا؛ وەک ئیدارەی نیشتیمانی، سوپای نیشتیمانی، ئاسایشی نیشتیمانی ودادگای نیشتیمانی کە دامەزراوەی هەموان بن پێکەوە، نەک بەتەنها دامەزراوەی دەسەڵات داران بن، کوردستانی سەربەخۆ لەگەڵ ئەوەی ئەبێت دامەزراوەیەکی سیاسی بێ ئەبێ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابوریش بێ، پێویستی بە پتەوکردنی ژێرخانی ئابورییە، پیویستی بە دابینکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتییە لە نێوان کەرت و توێژ و ناوچە جیاوازەکانا بەجۆرێ هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستان هەست بە لایەنی کەمی دادی کۆمەڵایەتی و دادی ئابوری پکا. هەست بە بوونی دەرفەتی یەکسان و گونجاو پکا بۆ خۆ پێگەیاندن و سودمەند بوون لە بوجەی گشتی و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی سامانی وڵاتەکەی، کوردستانی سەربەخۆ ئەبێ دامەزراوەیەکی مەدەنی و رۆشنبیری بێ کە پێویستی بە زمانی فەرمی میدیای نیشتیمانی و زانکۆی نیشتیمانییە، پێویستی بە ئازادکرنی کۆمەڵگای مەدەنییە بەجۆرێک تاک لە ئینتیمای خێڵەکی و ناوچەیی بەرتەسک دەربازی بێت و ببێتە خاوەن ئینتیمایەکی ئاسۆیی بۆ گەل و نیشتیمان، کوردستانی سەربەخۆ پێویستیی بە دابینکردنی ئەم پێش مەرجانە و گەڕانەوەی کەرکوک و خانەقین و شەنگاڵ و ناوچە دابڕاوەکانی ترە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئێمە لە ئێستادا پشتیوان بە خوای گەورە پشت ئەستور بە ئیرادەی ئێوە لەسەر زەمینی واقیع خەبات لە پێناوی ئەو پێشمەرجانەدا ئەکەین لەو پێناوەشا هاوکار و هاوخەباتی هەر کەس و لایەنێک کوردستانی ئەبین.
ئەم سیاسەتکەرە؛ ناسراو بە (نەوشیروان مستەفا)، دەستەڕاستی سیاسەتکەری ناسراو بە (جەلال تاڵەبانی)، خاوەن و بڕیاردەری پێکهاتەیەکی ناوچەیی و کاتی؛ بەناوی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بوون کە، بەپێی تێگەیشتن و بڕیاری خۆیان (شۆڕش گێڕ و شؤڕش کەر) بوون! و دەربارەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بە پێی کاتی جیاواز، گوتاری جیاواز دەدات؛ گوتارگەلێک کە پڕن لە ریزە وشە، هەندێک وشەی (نەخمە خۆش، بێ بنەما، دژەبەر و، ناڕوون و هەڵگری چەندین مانای جیاواز،...)
سەرەتا دەڵێت:
 ''باڵاترین ئامانجی نەتەوەیمان کە سەربەخۆیی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستانە''
بەبێ ئەوەی خۆی بناسێنێت کە زمانحاڵی چ دەستە و تاقمێکە و نوێنەرایەتی کام پێکهاتەیە دەکات؛ ئایا بەناوی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)ەوە کە ماوەیەک پێشتر زمانحاڵ و بڕیاردەر بوو، یان بە ناوی (گۆڕان)ەوە کە لە کاتی ئەم قسانەیدا زمانحاڵ و بڕیاردەریانە؟ یان دەیەوێت بەناوی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستانەوە قسەبکات، یان ئەم قسانە تێگەیشتن و بۆچونی ئەم ساتەوەختەی خۆیەتی؟ لەو شێواز (مێتود)ی دەربڕینەیدا هیچ یەکێک لەمانە روون نییە! 
تێبینی: هەر بۆ زانین؛ (ئەرکە لەسەر ئەو کەسەی کە بەفەرمی پەیام دەدات، یان گوتارێک پێشکەش دەکات یەکەم؛ خۆی بناسێنێت. دووەم بیرەکەی بناسێنێت. سێیەم؛ ئەو لایەنە یان رەوتە بناسێنێت کە، ئەم نوێنەرایەتی دەکات). 
دوای ئەوە لەبەردەوام بوونی قسەکانیدا باسی مێژویەکمان بۆ دەکات کە گوایە چەندین نەوە پێش ئەم و، ئەمانەی ئێستا خەباتیان لە پێناودا کردووە و گیانیان لە پێناودا بەخشیوە! بەڵام ئەوە لەبیردەکات کە هەر ئەمان خۆیان بوون ئەو خەبات و گیانبەخشییەی نەوەکانی رابردوویان لە ژێرپێنا و، لەسەر ویست و بۆچوونەکانی خۆیان کەوتنە سوکایەتی و دژایەتی و شەڕ و کوشتاری ئەوەی باسی سەربەخۆیی بکردایە!. هەر ئەمانە خۆیان بوون بە هێنانی ئایدۆلۆجی بێگانە و بە هاندانی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان ئەو سەربەخۆیی و مافی نەتەوەییەیان گۆڕی بە (حوکمی زاتی و، سۆسیالیستی و، دیموکراتی و بێگانە دۆستی...) لەگەڵ ئەوەشدا جیاکردنەوەی کورد و خەڵکی کوردستان؛ بە عێراقی و ئێرانی و توکیای و سوریایی...  هەروەها چەند ساڵێک پێش ئێستا هەر خۆیان بوون سوکایەتی و بێڕێزیان بەو کەسانە دەکرد کە باسی سەربەخۆیی کوردستانیان بکردایە! کە زۆر بەدڵنیاییەوە دەیانگوت:
''ئەوانەی ئەو دروشمە بەرزدەکەنەوە، بەشێکی لە نەزانییەوەیە، بەشێکی بۆ بازرگانییە''
لە خوارەوە ئەم بەڵگەیە لە دەمی خۆیانەوە دەخەینە روو. پاشان هەر لەقسەپێگوتن و سوکایەتی پێکردنیان نەوەستان؛ دەستیانکرد بە قدەخەکردنیان و داخستنی بارەگاکانیان و گرتن و کوشتنیان. کە هەندێک لە ئەندامانی لایەنە نەتەوەییەکان توانیان خۆیان دەرباز بکەن و ببنە پەناهاندە لە وڵاتانی ئەوروپا.
پاش ئەوە دەڵێت:
''کۆی گەل و نیشتمان لەو پێناوەدا روبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەتەوە بەڵام کوردستانی سەربەخۆ شتێ نییە بە قسە دامەزرێ''
جارێکیتر کۆمەڵێک وشە فڕێدەدات کە پێدەچێت بیری لەواتاکانی نەکردبێتەوە، یان ئەگەری ئەوەش هەیە کە باش لەو وشانە نەگیشتبێت! 
کاتێک دەڵێت (گەل و نیشتمان)؛ پێویستە بزانێت کە گەل لە (مرۆڤ) پێکدێت، نیشتمانیش لە (شوێن/جێگە/ناوچە)یەکی دیاریکراوی سەر زەوی پێکدێت، نیشتیمان (وڵات) خاكوخۆڵ و داروبەردە، ناکوژرێت! بەڵام (کۆمەڵکوژی) بەپێی یاساگەلێکی نێونەتەوەیی تەنیا بۆ مرۆڤ بەکاردێت. پاشان دەڵێت؛
 کۆمەڵکوژی و جینۆساید! 
لەوەدەچێت ئەم دوو وشەیە لەلای بەڕێزیان دوو مانای جیاوازی هەبێت. دواتر دەڵێت:
''کوردستانی سەربەخۆ شتێ نییە بە قسە دامەزرێ''
لەهەمان کاتدا لەوانەیە بەڕێزیان هەست بەوە نەکەن کە خۆیان خەریکی قسەکردنن دەربارەی کوردستانی سەربەخۆ! هەروەها دەڵێ:
''بەڵکو تەلارێکە پێویستە پایەکانی لەسەر زەمین پچەسپێن''
 ئایا چ جۆرە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان دەوڵەت و تەلاردا؟ ئەگەر هەبێت پەیوەندییەکە چییە؟ ئایا ئەو تەلارانە کامانەن کە بەڕێزیان دەیزانێت پایەکانیان لە شوێنێکیتر چەسپیوە نەک لەسەر زەمین؟
کێشەکان بەردەوامن لە بەردەوامی وتارەکەیدا، دەڵێت:
''کوردستانی سەربەخۆ ئەبێ دامەزراوەیەکی سیاسی بێ کە پێویستی بە سازانێکی نیشتیمانی نوسراوە لەشێوەی دەستور و کۆمەڵێک یاسادا''
ئەم دێڕەش چەندین کێشەی تێدایە؛ 
یەکەم: دیارنییە مەبەستی لە دامەزراوەی سیاسی چییە، لەبەر ئەوەی بەپێی پێناسەکردنی ئەم سیاسەت کەرانە سیاسەت بریتییە لە ''درۆ و هەڵخلەتاندن و، قۆزینەوەی هەل  بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی'' بەپێی ئەم تێگەیشتن و پێناسە دروستکراوەی خۆیان بۆ سیاسەت، ئایا لەو کوردستانەی کە ئەم بەڕێزانە باسیدەکەن دەبێت چ کارەساتێک بۆ خەڵکی بخوڵقێنن؟   
دووەم:
''سازانێکی نیشتمانی نوسراو لە شێوەی دەستور و کۆمەڵێک یاسا''؛
چی دەگەێنێت؟ ئایا لە هەلەمان تێگەیشتنیانەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە بە دریژایی مێژوی سیاسەتەکەیان کە هەر خەریکی سازان و رێکەوتن و بەرە دروستکردن بوون، بۆ دەستکەوتە کەسێتی و حیزبییەکانیان؟ لەوە دەچێت ئەم سیاسەت کەرانە دەوڵەت بە گروپە حزبییەکانی خۆیان تێگەیشتبن! 
با بپرسین؛ ئایا بڕگە و بڕیارەکانی (داد) یان دادوەری بۆ کۆمەڵگە شتێکە بە رێکەوتن و سازان بڕیاری لەسەر بدرێت؟ ئەمە سەیرنییە کە ئەو سیاسەت کەرانە ئاوها لە وشەی داد تێگەیشتبن! 
داد (Justice) ئەو بڕیارە راستانەیە کە بنەمایەکی فەلسەفی و زانستی کۆمەڵناسی لەپشتە؛ کە جێبەجێ دەکرێت لە بەرامبەر کرداری تاکی کۆمەڵگەدا و، ئەو رەواییەیە لە دابەشکردنی ئەرک و ماف لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگەدا. کە ئەم بنەمایە هێچ پەیوەندی بە سازان و رێککەوتن نییە. پاشان دەڵێت: پێوست ناکات دەستور ببێت، بەلام شتێکبێت لە دەستور بچێت، یان ئێمە خۆمان ناوی بنێین دەستور.
جارێکیتر پێویست ناکات ئەم لێکدانەوەیەشیمان لەلا سەیربێت، لەبەر ئەوەی بەڵگەیەکمان لە بەردەست دایە کە، ئەم سیاسەت کەرانە شتێکیان نوسی و ناویان لێنا دەستوری هەرێم! ئەو نوسراوە پشت راستی قسەی ئەم بەڕێزە دەکات.
بەردەوام دەبێت و دەڵێ:
''لە سایەی کۆمەڵێ دامەزراوەی نیشتیمانیدا؛ وەک ئیدارەی نیشتیمانی، سوپای نیشتیمانی، ئاسایشی نیشتیمانی و دادگای نیشتیمانی کە دامەزراوەی هەموان بن پێکەوە، نەک بەتەنها دامەزراوەی دەسەڵات داران بن''
ئەم دەربڕین و تێگەیشتنە، سەرچاوەی لە رابردووی ئەو (شۆڕشە)یانەوە وەرگرتووە کە لە شاخەکاندا بەپێی توانای دەسەڵاتیان بڕیاریان لەسەر داوە و، ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەی خۆیاندا بووە کردوویانەتە بڕیار؛ کە زۆر دوورە لە پرێنسیپی دەوڵەت و پێکهاتەکانی دەوڵەت و، پاراستن و بەڕیوەبردنی دەوڵەت. پاش ئەوە لەلای ئەم سیاسەت کەرانە دەوڵەت وەک دیاردەیەکی خاوەنداری دەبینن، نەک ناوەندێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە، بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە لە هەر دوو رووی سەبجێکتیڤی و ئۆبجێکتیڤیدا. 
کاتێک دەڵێت: ''دامەزراوەی هەموان بن پێکەوە''
هەر هەمان روانگە و تێگەیشتنەی حیزبایەتییە کە لە رابردووی (خەبات)یاندا بەهیچ جۆرێک بایەخیان نەداوە بە گروپ و لایەنەکانی تر، هەرچییەک بۆ گروپەکەی خۆیان بۆیان گونجاو بووبێت سەپاندویانە پەسەر ئەوانیتردا کە پشتی بە هێزی چەک و ژمارەی چەکدارەکانیان بەستووە. 
پاشان دەڵێت:
''کوردستانی سەربەخۆ لەگەڵ ئەوەی ئەبێت دامەزراوەیەکی سیاسی بێ ئەبێ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابوریش بێ''
جارێکیتر تێگەیشتنەکەی دەربارەی سیاسەت دەسەلمێنێت بەپێی پێناسەکەی خۆیان بۆ سیاسەت، دەردەکەوێت لەلای ئەم و سیاسەت کەرەکانیتر بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و پلانی ئابوری، بەشیک نییە لە بنەماکانی سیاسەت. دێڕ دوای دێڕی قسەکانی پڕن لە کێشەی نەزانین دەربارەی ئەو بابەتەی باسی لەسەر دەکات و ئەو پەیامەی دەیەوێت بیگەیەنێتە خەڵک. هەموو ئەم لایەنانەی کە دەیخاتە بەرچاو؛ بە پێشمەرجی دەزانێت پێش ئەوەی هیچ مەرجێک دەستنیشان بکات. لە کۆتایی قسەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ لای (خودای گەورە) کە پشتیوانییان بکات، لەوە دەچێت بڕوایەکی تەواوی بەو خودایە هەبێت کە لەچارەی نووسیوە بە کۆیلەیی و ژێردەستی لەدایک ببێت و هەر بەو جۆرەش کۆتایی بە ژیانی بێت! سەیر ئەوەیە لەگەڵ ئەو بڕوا بەهێزەی بە خودا (شۆڕش و خەبات و سیاسەت) دەکات، دژ بە بڕیاری خوداکەی.
لەو لینکەی سەرەوەدا لەسەرەتای قسەکردنیدا دەڵێت:
(دەوڵەتی سەربەخۆ لەڕاستیدا شتێکی عەمەلی نییە، یەعنی ئەوانەی ئەو دروشمە بەرزدەکەنەوە، بەشێکی لە نەزانییەوەیە، بەشێکی بۆ بازرگانییە...) 
لێرەدا لەوە دەچێت کە باسی راستییەکی ئۆبجێکتیڤی بکات کە بەڕێزی پێیگەیشتووە. لەهەمان کاتدا هەموو ئەو کەسانە دەکاتە نەزان و بازرگان کە، داوای مافی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن!  ئەمەش دەقی قسەکانێتی کە لەخوارەوە نوسراوەتەوە.
پاشان دەڵێت:
(ئەگەر ئیمکانی ئەوە هەبوایە دەوڵەتی کوردستان دروست بکرێ، بە تەئکید ئاڵا هەڵگری یەکەم دەبووین بۆ دروستکردنی دەوڵەتی... بەڵام هەلومەرجی ناوچەکە رێگەمان نادات کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست کەین ئەوخنکێنن، دەرودراوسێکانت. لەبەرئەوە ئێمە چارەنوسمان بەستراوە بە عێڕەقەوە لەو قۆناغە، من ناڵێم هەتا هەتایە، من ناڵێم هەتا ئاخر زەمان چارەنوسمان بەستراوە بە عێڕاقەوە، بەڵام لەم قۆناغە و مەودای نزیک و ناوەنجیا کە ئێمە ئەیبینین حاڵی حازر ئێمە چارەنوسمان بەسراوە بەم دەوڵەتەوە، لەبەرئەوە موقاتەعە کردن و ئەوانە هین نییە، لەباتی موقاتەعە ئەم زەمانە زەمانی حیوار و گفتوگۆ و بەکارهێنانی وەسائیلی تری زەختە بۆئەوەی تۆ حەقەکانی خۆت بەدی بێنیت و هین بکەیت و ئەمانە، من پێموایە لە ئایندەی نزیکدا رەنە هەلی ئەوەی کە کەرکوک بخرێتەوە سەر کوردستان زۆر زیاتربێ، ... هتد)
با لەسەر دێڕی یەکەم کەمێک بووەستین کە، دەڵێت:
''ئیمکانی ئەوە هەبوایە دەوڵەتی کوردستان دروست بکرێت، بەدڵنیاییەوە ئێمە ئاڵا هەڵگری یەکەم دەبووین بۆ دروستکردنی''
ئەم قسەیەش لەوە دەچێت دەوڵەتی کوردی وەک دروستکردنی دوکان و بازاڕ بێت لەلای، نەک مافی نەتەوەیی! با بگەڕێینەوە سەر وتەکەی پێشوتری، کە پێی گوتین دەوڵەتی سەربەخۆ لە راستیدا رێگەی تێناچێت و، بەشێوەیەکی ئاست نزم ئەو کەسانەی پێناسەکرد کە باسی سەربەخۆیی دەکەن، ئەم بەشەی تری قسەکانی بێئەوەی هەستی پێبکات خۆی دەبێتە یەکێک لەو بازرگانانە!
بەردەوام دەبێت و باسێکی بێ بەڵگە و بێ بنەما دەکات کەدەڵێت
''هەلومەرجی ناوچەکە رێگەمان نادات''
ئایا دەبێ هۆکار چیبێت کە هەروا زوو لە یادەوەرییاندا نامێنێت، دروشمی ''مافی چارەی خۆنوسین'' ەکەیان؛ وەک دروشمی یەکەمی شۆڕشکردنەکەیان دەشەکاندەوە و منداڵی خەڵکییان پێ بەکوشت دەدا و ماڵی خەڵکییان بە وێرانکردن دەدا. کە کردیانە هۆکارێک بۆ جینۆساید و بۆمبارانی کیمیایی شارۆچکە و دێیەکان، ئایا لەو کاتەدا هەلومەرجەکان زۆر لەباربوون بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان؟ ئەم سیاستەکەرە و نمونەکانی لەیادیان نەماوە کە ئەم هەلومەرجەی ئەمڕۆی ناوچەکە بەرهەمی خۆیانە، لەو کاتەدا کە زۆرینەی دەوڵەتانی جیهان چاوەڕوانی بڕیاری کورد بوون و، لە خەمی ئەوەدا بوون کە بڕیاری کورد ببێتە هۆی گۆڕانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕست، لەو کاتەدا ئەم سیاسەت کەرانە بەبەر چاوی جیهانەوە کەوتنە ماچوموچی دەموچاوی (سەدام حسێن) و، فڕکەفڕک کەوتنە سەردانی (ئێران و تورکیا و سوریا). لە پاش ئەوە بە پەلەپڕوزێ عێڕاقیان پاراست و دروستکردەوە.
پاشان دەڵێت؛
''لەبەرئەوە چارەنوسمان بەستراوە بە عێڕاقەوە''
ئەم قسەیە راست نییە، دەبوایە بڵێت ئێمە خۆمان چارەنوسمان بەستۆتەوە بە عێڕاقەوە. پاشان باسی ئاخرزەمان دەکات! روون نییە ئەو ئاخرزەمانە چییە لەلای بەڕێزیان. 
بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
''موقاتەعە کردن و ئەوانە هین نییە''
لەوە دەچێت مەبەستی خۆدابڕین بێت لە عێڕاق کە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی پارێزراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و بە دانانیی قەدەخەکردنی فڕین لەسەرو خەتی سی و شەش. 
ئەمەی کە دەڵێن چارەنوسی کوردستان بە عێڕقەوەیە! پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت و لقوپۆپی زۆری لێدەبێتەوە، ئەگەر پێویستیکرد لە داهاتوودا باسێکی دەکەین.
دوای ئەوە زۆر بەدڵنییاییەوە ئامۆژگاری ئەوەمان دەکات کە
 ''ئەم زەمانە زەمانی حیوار و گفتوگۆ و بەکارهێنانی وەسائیلی تری زەختە بۆ ئەوەی تۆ حەقەکانی خۆت بەدی بێنیت و هین بکەیت و ئەمانە''! ''من پێموایە لە ئایندەی نزیکدا رەنگە هەلی ئەوەی کە کەرکوک بخرێتەوە سەر کوردستان زۆر زیاتربێ''
با بزانین ئەم هەڵکەوتە دانسقانانەی کە لە نێو نەتەوەیەکی حەفتا بۆ هەشتا ملیۆنیدا هەڵکەوتوون، چۆن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانی سیاسی و کۆمەڵناسی لە هەموو کەسێک لەپێشترن و دەزانن کە ئێستا مرۆڤ گەیشتۆتە ئاستێک دەتوانێت مافی زەوتکراوی خۆی بە گفتوگۆ بەدی بهێنێت. مانای ئەوەیە کە زەوتکەر نائاگایە و لەئاستێکی نزمی تێگەیشتندایە، لەبەرئەوەی کە تا ئێستا نازانێت کە مافی نەتەوەیەکی پێشلکردووە و بەزۆر خۆی کردۆتە خاوەنی، ئەگەر ئێمە گفتوگۆی لەگەڵ بکەین ئەوا ئەو زەوکەرە بۆی دەردەکەوێت کە هەتا ئێستا کارێکی نامرۆیی دەکات و زوو داوای لێبوردن دەکات و مافەکان دەگەڕێنێتەوە... 
سەیرە کە جارێکی تر ئەوەیان لەبیر نەماوە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لەگەک یەکتر لەنێو خۆیاندا لەسەر دەستکەوت و بەرژەوەندی کەسێتی خۆیان شەڕێکیان بەرپاکرد دەیان هەزار مرۆڤی کوردیان تیادا بە کوشتدا و بە هیچ جۆرێک ئامادەی ''حیوار و گفتوگۆ'' نەبوون لەگەڵ یەکتر. تا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە زۆر کۆیکردنەوە و بە زۆر شەڕی پێڕاگرتن، ڤیدیۆکانی کەناڵی تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن بەڵگەیە. ئەی باشە چۆن ئێوەی ئاستبەرزی مرۆڤی سەردەم کە ناتوانن لەگەڵ یەکتر گفتۆگۆ بکەن؛ لەگەڵ دوژمن و داگیرکەردا دەتوانن گفتوگۆ بکەن؟ 
پاشان بێ هیچ هەڵوێستەیەک لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن بەفەرمی، بەردەوام دەبیت و دەڵێیت
''من پێموایە''
!
 ئایا دەکرێت بەپێوابوونی کەسێتی (کەسێتییەکی فرە کەسێتی/ناجێگیر) بڕیار بدرێت لەسەر داهاتووی نەتەوەیەک؟ نەک داهاتوویەک کە تەنیا پەیوەندی بەم کوردەی ئەمڕۆوە هەبێت؛ بەڵکو پەیوەندی بە نەوەکانی داهاتوو و، داهاتوو ... وەوە هەیە. 
پاشان ئەو شیوازە باسکردنەی شاری کەرکوک لەلایەن ئەم سیاسەت کەرانەوە بە روونی دەستکەوتی کاتی و پارەی نەوت و مفت خواردن دەردەخات، نەک بەشێک لە خاکی داگیرکراوی کوردستان، هەروەها خەڵکی کەرکوک لە ئامڕازێکی بەکارهێنان زیاتر هیچیتر نین لە روانگە و تێگەیشتنی ئەم سیاسەت کەرانەوە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەر هەڵوێست و کردارەکانی خۆیان دەیسەلمێنێت کە لە ناوەڕاست و کۆتایی ساڵانی نەوەدەکاندا، هەندێک لە ئاوارەکانی کەرکوک گەیشتبوونە سلێمانی، ئەم بەڕێزانە لەو کاتەدا توڕە بووبوون و دەیانگوت:
''ئەم کەرکوکیانە چییان دەوێت، ئێمە کوخێکمان بۆ خۆمان دروستکردووە دەیانەوێت لێمان تێکبدەن''

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە