یه‌كبونی سروشت و خودا
Sunday, 09/07/2023, 20:00
گفتوگۆی نێوان دوو کەس:
کەسی یەکەم؛
خودا دروستكه‌ری هه‌موو بونێكه و، هه‌موو شتێك به‌خواستی ئه‌و ڕووده‌دات! ئارام وه‌ک منداڵک ئه‌مه‌ی پێ گوترابوو. هه‌ر له‌منداڵیه‌وه فێردهکرا كه نابێت كاری خراپ بكات. چۆنكه له‌لایه‌ن خوداوه توشی لێپرسینه‌وه ده‌بێ و، سزا ده‌درێت!
كه‌چووه قوتابخانه‌ش له‌گه‌ڵ فێربونی وانه‌كان، لەلایەن فێرکەرەکانەوە ئه‌م باسه‌ی زیاتر لەلا نوێ ده‌بووه‌وه... گه‌لێک جار له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا باسی به‌توانایی خودایان ده‌كرد و، له‌كاتی پێویستیدا لێیدهپاڕانهوه. هه‌روه‌ك زۆربه‌ی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی به تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌م قسانه زیاتر و زیاتر ده‌بوونه بڕوای ئارام...
کەسی دووەم:
بڕوا به‌رهه‌می ئه‌قڵه و، لە ئه‌ندێشه و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. ئه‌مه‌ش پێده‌چێت له‌شوێن و كاتی جیاوازدا بەپێی هەلومەرجەکانی به شێوه‌یه‌كی سروشتی ڕووبدات. هەر لەبەرئەوەیە کە بڕوای جیاواز دێته ئاراوه، به‌تێپه‌ڕبوونی كات جێگیر ده‌بێت و په‌ره‌ده‌سه‌نێت، کە ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی ژیان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا...
خۆ هەر لە مێژەوە مرۆڤ به‌م شێوه‌یه بووه، مه‌گه‌ر ژیانی مرۆڤ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا پێویستی به ڕێنیشاندان و چاودێری و کۆنتڕۆڵ كردن نییه؟ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ش پێویستی به هێزە، ده‌توانرێت بڕوا وه‌ك هێزێكی نەبڕاوە به‌كار بهێنرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كه‌سه‌كان، ته‌نانه‌ت زۆرجار كۆنتڕۆڵ كردنی فكری كه‌سانێك...
کەسی یەکەم؛
بێگومان ئه‌مه له ڕوویه‌كه‌وه ڕاسته و، ئاوها کاردەکات. به‌ڵام له‌ڕووی تێگه‌یشتن و وه‌رگێڕانی شتە هه‌ستپێكراوه‌كان و، رووداوەکانی دەورووبەرمان؛ له‌لایه‌ن ئه‌قڵه‌وه فێردەبین چۆن ژیان بهسهربەرین. ئاشکرایە مرۆڤ به‌رده‌وام به‌شوێن وه‌ڵامی پرسەکانیدا ده‌گه‌ڕێت و، گرنگیش نییە سەرچاوەی وەڵامەکە چییە و لە کوێوە پێیدەگات؛ گرنگ ئەوەیە زۆرینە لەگەڵ وەڵامەکەدا گونجابێت و لەگەڵیدابێت.
مرۆڤ توانیوێتی لە قۆناخێکدا فێری بەکارهێنانی لۆجیک ببێت، کە وەڵامە کۆنەکان جارێکی‌تر لەسەر رووداوەکان و دیاردەکان بخاتەوە ژێر پرسیار، هەروەها ئه‌و پرسانه‌ی به‌تایبه‌تی له‌ڕێی هه‌سته‌كانه‌وه دروست ده‌بێت هه‌ندێجار لهكاتێکی دیاریكراودا به شێوه‌یه‌كیی زانستی ناتوانرێت وه‌ڵامی بدرێتەوە.
سەرنج بدە، ئارامێکی منداڵ له‌لایه‌ن كه‌سانێكی بە تەمەن کە له‌خۆی زاناتر بوون! پێی گوترابوو خودا دروستكه‌ری هه‌موو بوونێكه! جا ئه‌و كه‌سانه، دایك و باوكی، یان مامۆستای ئارام بن؛ ئایا له‌ڕووی زانستییەوە لەسروشت و، مێژووی داهێنانی خودا، چه‌ند ده‌زانن؟ ئارامیش له‌و ته‌مه‌نه كهمهیدا کە تێکەڵی منداڵەکانیتر دەبێت ئه‌و ووتانهیان پێدەڵێت کە بیستویەتی!! لێره‌دا ئارام وه‌ك ڕاسپارده وه‌ڵامێك ده‌گه‌ێنێته هاوڕێكانی، كه له‌وانه‌یه پرسیان له‌سه‌ر نه‌كردبێت. هه‌ر وه‌ك چۆن خۆی پرسی له‌سه‌ر نه‌كردووه و وه‌ك منداڵێك هه‌رگیز دروستكه‌ری لامه‌به‌ست نه‌بووه. ئه‌و هەر لە منداڵییەوە وه‌ڵامی پرسیارێكی پێده‌درایه‌وه كه هێشتا ئه‌ندێشه‌ی لە خودی پرسیارەکە نه‌ده‌كرد. ئایا لە کاتێکی ئاوهادا جیاوازی له‌نێوان ئارام و كه‌سوكار و مامۆستایانی ئارام‌دا هه‌یه؟، ئایا ئه‌وان زیاتر له ئارام ده‌زانن؟ یان ئه‌وه‌ی كه ده‌یزانن به‌رهه‌می تاقیكردنه‌وه و، لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان و، پرسە فه‌لسه‌فییه‌كان بووە؟
کەسی دووەم:
ئێمه باسی كۆنتڕۆڵمان كرد و زانیمان هێز ده‌توانێت كۆنتڕۆڵ بكات؛ هێزی فیزیكی و، هێزی بڕوا. هەرچەندە له كۆندا ئه‌و كه‌سه‌ی هێزی ماسولكی زۆر بوایه و شەڕکەرێکی بەتوانا بووایە ده‌یتوانی ئه‌وانی تر ببه‌زێنێت، زۆرجار دەبووە سەرۆک یان ده‌كرایه سه‌رۆك...
هه‌روه‌ها هێزی یه‌كگرتوویی گروپێكی بچوك، به‌تواناتره له‌هێزی گروپێكی چه‌ندین جار گه‌وره‌تری ناڕێكی په‌رشوبڵاو. كۆكردنه‌وه و یه‌كخستنی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ڕێی بڕواوه و، یه‌كبونی بیروباوه‌ڕیان ده‌توانێت ببێته هێزێك نه‌ك سڵ له‌هێزی تر ناكاته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێته هه‌ڕه‌شه و ترساندنی هێزه‌كانی تریش... دین ئه‌و بڕوایه ده‌چێنیت و، له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رهه‌می دێنێت. مه‌گه‌ر ئه‌مه دەسکەوت و سه‌ركه‌وتن نییه؟...
دەگوترێت دین په‌یامێكی خوداییه و له‌لایه‌ن كه‌سێكی هه‌ڵبژێردراوی خۆیه‌وه پێمانی گه‌یاندووه و مرۆڤیش ده‌بێت بڕوای پێبێنێت ئه‌و بڕوایه‌ش كۆیدهكاتهوه و ده‌یكاته هێزێكی به‌توانا ...
کەسی یەکەم؛
زۆر باشه؛ ئێستا ده‌توانین بێینه سه‌ر باسی مه‌به‌ست (خودا) و (سروشت). خودا چییه؟ ئارام فێركرا کە خودا هێزێکە یان، شتێکە لەسەروو هەموو هێز و شتەکانی ترەوەیە؛ بە هیچ شێوەیەک جێگەی پرسیاری لەسەر نییە، خۆی دروستكهرە و خاوەنی هه‌موو بونێكە، هەر لەسەرەتاوە بڕیاری لەسەر هەموو رووداوەکان داوە.
به‌م شێوه‌یه ئارام ده‌یڕوانییه ده‌وروبه‌ری؛ له‌یه‌ك ڕوانگه‌وه شته‌كانی دەبینی و له‌یه‌ك بڵۆنگهوه ده‌نگه‌كانی ده‌بیست. ئه‌مه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی و، ئەگەر شتێکی نوێش فێرببێت دەیلکێنێتەوە بە بڕواکەیەوە. ئارام لەو کاتەوە بیرکردنەوە و ئه‌قڵی دیل ده‌بێت،! تا ماوه‌ی دیل بوونی درێژتر بێت جیهانی ئه‌ندێشه‌كانی زیاتر سه‌قامگیر ده‌بێت و نه‌ك نایه‌وێت ئازاد بێت، به‌ڵكو له ئازادی سڵ ده‌كاته‌وه و بەشتێکی ترسناک دەیبینێت...
كاتێك كه‌سێك فكری ئازاد نه‌بێت، نه‌توانێت یان ڕێگەی نه‌بێت له‌گۆشه جیاوازه‌كانه‌وه نیگای هه‌مان دیمه‌ن بكات و، گوێی له ده‌نگه جیاوازه‌كان نەبێت!؛ چۆن ده‌توانێت پرس له‌سه‌ر بڕوایه‌كی ڕه‌گ داكوتاو له فكریدا دروست بكات؟.
پرسكردن له‌سه‌ر خودا هه‌ر له‌مێژه‌وه پڕۆسه‌یه‌كی ئه‌قڵانیی بووە و، فكری ئازاد و، لە ژینگەیەکی لەباردا ده‌توانێت كاری له‌سه‌ر بكات، (پێویسته ئهوەشمان له‌بیربێت، كه مرۆڤی دیل ده‌شێت ئازاد بێت و نه‌خۆشیش پێده‌چێت ته‌ندروست بێته‌وه). كه‌واته هه‌وڵدان بۆ ئازادكردنی تاك له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت ببێتە كاری هه‌ره گرنگی ده‌ستپێكردن، ئەم کارەگرنگەش پێویستی به فەیلەسوف ده‌بێت، هەروەها پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی ده‌بێت، لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستی بە شۆڕشی کولتوری و کۆمەڵایەتی دەبێت.
گه‌ربێتو خودا هەبێت و، ئەو خودایە دروستكهربێت؛ خۆ ده‌بێت بوونه‌وه‌رێكی ئه‌قڵانی بێت. بوونی نائه‌قڵانی شتەکان دروست ناكات، بەڵکو شته‌كانی لێ پێكدێت، یان دەبێته به‌شێك له‌پێكهاته‌ی شتەکان...
دروستكه‌ر یان دروسكهرهكان هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تای بن، له‌ڕێی ئه‌قڵه‌وه نه‌خشه ده‌كێشن بۆ ئەو شتەی کە دروستی دەکەن. دروستكراوەکانیان مۆری دروستكه‌رێكی ئه‌قڵانی له‌سه‌ر جێدەهێڵن، شته‌كان كۆپی دهكەنەوه، لێكچوون له دروستكراوه‌كاندا به‌دی ده‌كرێن و، هۆكاری دروستكردنیان هه‌ست پێده‌كرێت.
بەڵام پێکهاتەکان بە شێوەیەکی سروشتی دێنە ئاراوە، یەک لە هۆکان (کار و کاردانەوە)یە. هەروەها گۆڕانكاریه بایۆلۆجییه‌كان له زینده‌وه‌راندا، له‌ئه‌نجامی كاریگه‌ری گۆڕان لە دەوروبەردا و، به‌هۆی (گۆڕانی سروشتییه‌وه) به‌تێپه‌ڕبوونی كاتێکی زۆر روودەدات، ئەم پيۆسەیەیە کە مرۆڤی سه‌ره‌تایی دێنێتە ئاراوە. بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م زینده‌وه‌ره لاوازه له‌ڕووی پێكهاته‌ی له‌شییه‌وه و له ڕووی كه‌متوانایی فیزیكییه‌وه؛ كه بتوانێت خۆی بپارێزێت لە له‌ناوچوون ده‌بێت میكانیزمێكیتری تێدا گه‌شه بكات! بێگومان گه‌وره‌بوونی قه‌باره‌ی مێشك بە (بەروارد لەگەڵ لەشدا) و جێبوونەوەی زیاتر لە بیرەوەی لەناویدا و، گۆڕانكاری له شێوه‌ی بیركردنه‌وه و داهێناندا، بوو بە سه‌ركه‌وتنێك بۆ مانه‌وه و، توانینی خۆپاراستنی. زۆر له‌سه‌ره‌تاوه فێربوو كه به به‌كارهێنانی کەرەستە كاره‌كانی ئاسان ده‌كات. به‌ردی به‌كارهێنا بۆ شكاندنی ناوكه ڕه‌قه‌كان و كوشتنی ئاژه‌ڵ.
پێویستی كرد چه‌كی لێ دروست بكات و له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵی بگرێت، به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بۆ په‌یداكردنی خواردن و خۆپاراستن له مەترسی ژیان له‌سروشتدا له ئه‌نجامی ئەزموون و لەبیربوونی رابوردووی، به تێپه‌ڕبوونی كات داهێنانی زیاتری دەكات و په‌ره‌ی پێدهسهنێت و باشتری ده‌کات... تا ئه‌وكاته‌ی فێربوو به‌كۆمه‌ڵ ژیانکردن به‌هێزتری ده‌كات له ڕاوكردنی ئاژه‌ڵه گه‌وره‌كان و ده‌یپارێزێت له ئاژه‌ڵه ڕاوكه‌ره‌كان...
کەسی دووەم:
جا كه‌سێكی وه‌ك ئارام چۆن بتوانێت په‌ی به‌مه به‌رێت؛ كاتێك ئه‌و فكری دیل بێت و بڕواكانی بووبێتە سه‌رچاوه‌ی ژیان؛! ئایا ده‌توانێت ئه‌قڵ به‌رداری ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بێت.؟؟
کەسی یەکەم؛
هه‌موو پڕۆسه‌یه‌ك كاتی خۆی دەوێت.! گه‌ر ئازارمان هه‌بێت پێویستمان به‌ده‌رمانه بۆ سڕكردنی ئازاره‌كه ئه‌م پڕۆسه‌یه پێویستی به كاته بۆ كاریگه‌ری. هەروەها بۆ چاره‌سه‌ركردنی هۆكاری ئازاره‌كه پێویستی به‌كاتی زیاتر ده‌بێت و به‌و جۆره....
مه‌رجیش نییه ئازاره‌كه یان نه‌خۆشییه‌كه به‌ته‌واوی بنبڕ ببێت، له به‌راوردكردنی پڕۆسه هه‌ستییه‌كان و فكرییه‌كان ڕووبه‌ڕووی جیاوازییه‌كی زۆر ده‌بین، پێكهاته ئۆرگانییه‌كان، ئهنزیمییهكان و، ماده كیمیاویه‌كان كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیان هه‌یه له‌سه‌ر هه‌سته‌كان، كه ئه‌و كاریگه‌رییه یان په‌یوه‌ندییه، جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ فكردا. پڕۆسه فكرییه‌كان له ئه‌نجامی ئەزمون و بڕوا پێكدێت. له‌به‌رئه‌وه ئارام ناتوانێت بێ ماندووبون فكری ئازاد بێت. ئه‌و هێزانەی پێشتر باسكرا كه له‌ئه‌نجامدا ده‌بێته ده‌سه‌ڵات، كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت بۆ ڕێگا گرتن، یان رێگە خۆشكردن له به‌رده‌م ئارام‌دا.
کەسی دووەم:
كه‌واته ده‌سه‌ڵات بڕیار له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌مان ده‌دات و بڕوامان تێدا ده‌چێنێت! جا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵگه‌بێت، پێویستی به‌و جۆره ڕێخستنه ده‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردن و، وه‌ك میكانیزمێك بۆ به‌رده‌وام بوونی مانه‌وه‌ی خۆیشی.
کەسی یەکەم؛
جۆر و شێوازی دەسەڵات زۆره؛ ده‌سه‌ڵاتێكی ئاسای و سروشتی له‌كۆی هێزی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵێك له‌زینده‌وه‌ر سه‌ر به ڕه‌گه‌ز و پۆلێكی تایبه‌تی، بۆ پارێزگاری مانه‌وه‌ی له هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییه‌كان و هاوكاری كردنی یه‌كتر بۆ به‌ده‌ستهێنانی ووزه‌ی پێویست، به‌به‌كارهێنانی كه‌مترین ووزه، ده‌بێته كۆمه‌ڵێكی سه‌ركه‌وتوو و ژیانێكی درێژخایه‌ن، كه دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌دا. ئەم کۆمەڵە پێکەوە دەبنە دەسەڵاتێک لەو ژینگە و دەورووبەرەی تێیدا دەژین.
کە مرۆڤ په‌ره‌ده‌سه‌نێت و، به‌پێی ئاڵۆزی ژیانی، فكری ئاڵۆزتر ده‌بێت. به‌تایبه‌تی له‌ڕووی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه. ئەرکەکانیان دابەش دەبێت، پسپۆڕی لە بوارە جیاکاندا دەبێتە پێویستی، بە نیازی بەڕێوەبردن و چاودێریکردن و پاراستنی گشتی، دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت و دەیکاتە هێز. ئەم هێزەش بۆ بەردەوامبوونی خۆی؛ خۆی دەداتە پاڵ هێزێکی خەیاڵی سەروو هەموو هێزێکی ترەوە و دەیکاتە درووستکەر و بڕیاردەی هەموو شتێکی‌تر.
گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت له‌و هێزه پێکهێنەرە سه‌ره‌كییه بگه‌ین؛ وه‌ك ئه‌وه وایه كه بمانه‌وێت ژماره‌ی كۆتایمان ده‌ستبكه‌وێت! و گه‌شته‌كه‌مان بێ ئه‌نجام ده‌بێت. كه‌واته پێویسته له خودی بوون بگه‌ڕێین؛ دوو جۆر بوون ده‌بینین، دروستكراو و پێكهاتوو.
دروستكراوه‌كان به‌رهه‌می بوونهوهرێکە کە ئه‌قڵی هەبێت؛ مانای زینده‌وه‌ره‌كان... پێكهاته به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه له‌ئه‌نجامی تێكه‌ڵبوون، ئاوێته‌بوون، گۆڕڕانی فشار، تیشكه ڕادوێیییهكان، (کارلێکردنی كیمیایی)، و ... هتد. پێكدێت. ئه‌م پێكهاتانه شێوه و قه‌باره و سیفه‌تی جیاوازیان ده‌بێت؛ كه یان خۆی ده‌گوونجێنێت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر یان، ده‌وروبه‌ر له‌گه‌ڵ خۆی ده‌گونجێنێت... گه‌ر ئه‌و گونجاندنه ڕوونه‌دات، ئه‌وە پێكهاته‌كه جێگیر نابێت یان ده‌بێته پێكهاتهیهكیتر...
با بزانین خوداوهندەکان له‌ڕێی پهیامنێرهكانیانهوه چیمان فێر ده‌كەن؟ خودا گه‌ردوون درووست ده‌كات! به شه‌ش ڕۆژ و، كۆتایی پێدێنێت.! بەڵم زانست پێمان ده‌ڵێت گه‌ردوون له‌ئه‌نجامی (ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كه) ده‌ستی به‌پێكهاتن كرد، کە زیاتر له 13،7 ملیارد ساڵ له‌مه‌وبه‌ر روویدا، كه به‌رده‌وام له‌فراوان بوون و پێکهاتندایە و، پێكهاته‌كانی گه‌ردوون خۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌گونجێنن، ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه ناگوونجێن، ده‌گۆردرێن یان ده‌بنه گۆڕینی پێكهاتهكانیتر.
ئه‌مه پرۆسێسێكی سروشتییه له‌ئه‌نجامی كار و كاردانه‌وه فیزیكییه‌كان (كارگهرێتی)، وه‌ك قه‌باره، دوور و نزیكی، ناجێگیری، فشاری هێزی راکێشان و هێزی پاڵنان ...هتد. كه‌هه‌موو ئه‌م هۆكارانه له‌به‌ر دووباره نه‌بوونه‌وه‌یان بە هەمان شێوە ده‌كرێت به ئەگەرییەكانی خودی سروشت بناسرێن.
کەسی دووەم:
مانای هه‌مان تیۆری به‌سه‌ر زینده‌وه‌ریشدا ده‌سه‌پێت! ئه‌وسا جگه له هه‌سته‌كان ئه‌قڵیش پێكهاته‌یه‌كی سروشتی ده‌بێت و، به‌رهه‌می ئه‌قڵ كه فكره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان سه‌رچاوه.!
کەسی یەکەم؛
با بزانین ئارام چی فێر بوو! خودا پاش دروستكردنی گه‌ردوون و بوونه‌وه‌ره‌كانی تر، ئاده‌م ی دروستكرد و كردی به‌سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی ئاده‌میزاده‌كان. زۆر له‌پێش وه‌ختدا نه‌خشه‌ی ته‌واوی هه‌موو ڕووداوه‌كان و به‌سه‌رهاته‌كانی داڕشتووه. مانای بێجگه له سه‌ره‌تا و كۆتایی؛ وەک رۆمانێک ووشه به ووشه‌ی به‌مه‌ست یان بێمه‌به‌ست ئاماژه پێكراوه. دەرکەوتە و چۆنییه‌تی شوێنەکان و، ده‌ووری هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان دیاری كراون، نه‌ك ته‌نیا چیده‌كه‌ن و چیان به‌سه‌ر دێت، به‌ڵكو چۆن هه‌ست ده‌كه‌ن و چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وسا بوون و هه‌ست و فكری ئارام بوونی نییه و، ته‌نیا خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی ڕۆمان نووسهكهیه ، خودا. ...!
زانست له‌ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه فێرمان ده‌كات، پێكهاته‌ی ئاوێته‌كان و تێكهڵبووهكان بریتییه له‌چی و سیفاتیان چییه. چۆن هێزی كارگهرێتی ده‌وری هه‌یه؛ لهخێراكردن و هێواشكردنی ئه‌و پڕۆسانه‌دا.
بوونی ئاده‌م ناتوانرێت بسه‌لمێنرێت! زانستی (مۆرفۆلۆجی، بایۆلۆجی، ئاركۆلۆجی) چه‌ند قۆناغێك لهگۆڕانكارییهكان کە به‌سه‌ر مرۆڤدا هاتووە ڕوونی ده‌كاته‌وه به‌م جۆره: مرۆڤی عه‌مه‌لی (هومۆ هابیلیز) كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی 1،8 تا 2،5 ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مرۆڤی كاركه‌ر (هومۆ ئێرگاسته‌ر) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی 1،4 تا 1،9 ملیون ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مرۆڤی له‌سه‌رپێ وه‌ستاو (هومۆ ئێرێكتهس) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی 1،0 تا 1،4 ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مرۆڤی دۆزه‌ره‌وه/گه‌ڕۆك (هومۆ ئهنتێسسهر)؛ ده‌كرێن به چه‌ند به‌شێكه‌وه مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی 850 تا 250 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، (هومۆ هایدهلبهرجێنسس) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی 600 تا 250 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ، مرۆڤی نێنده‌رتاڵ (هومۆ نێندهرتاڵیانسیس) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی 230 تا 29 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، تا ده‌گاته مرۆڤی سه‌رده‌م.
هه‌موو ئه‌م ماوه درێژ و كاته زۆره و، گۆڕانكارییانه‌ی له ژینگه‌دا ڕووده‌ده‌ن، ده‌بێته گۆڕانكارییه‌كان له شێوازی ژیانی مرۆڤدا و، پێویستییه‌كانی ژیان ده‌گۆڕێت و، ده‌بێت بیر له‌داهێنان بكاته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی، به‌م شێوه‌یه توانای ئه‌قڵ فراوانتر ده‌بێت. مرۆڤ ده‌توانێت داهێنان بكات! ده‌توانێت هه‌ڵبژاردن بكات و بڕیاربدات بۆ ئه‌نجامدانی یان ئه‌نجامنه‌دانی كارێك. ده‌توانێت ده‌وروبه‌ر و سروشت به‌ڕاده‌یه‌ك بگۆڕێت.! كه‌واته ناكرێت پێشوه‌خت بڕیار له‌سه‌ر ژیان و كاره‌كانی درابێت..
زینده‌وه‌رانی سه‌ر زه‌وی جیاوازییان زۆره له‌ڕووی شێوه و قه‌باره‌یان. هه‌رچه‌ندە هه‌موویان له شتێك‌دا هاوبه‌شن، ئه‌ویش پێكهاته كیمیاوییهكهیانه. گه‌ر پێكهاته‌ی زینده‌وه‌ران شیته‌ڵ بكه‌ین هه‌مان جۆر ( ئه‌له‌مێنت)\توخممان به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ده‌ست ده‌كه‌وێت. وه‌ك : كاربۆن، ئۆكسجین، هایدرۆجین و نایترۆجین. له‌هه‌موو ئه‌م ئهلهمێنتانه كاربۆن یه‌كێكه له گرنگترینیان! ...
توخمی كاربۆن ده‌توانێت یه‌كبگرێت له‌گه‌ڵ زۆر لهتوخمهكانیتر و ئاوێته‌ی مۆڵۆکیوڵی جیاواز پێكبێنێت. هه‌ندێك له‌م ئاوێتانه گه‌وره‌ن وه‌ك پڕۆتینه‌كان، پڕۆتینه‌كان پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی زینده‌وه‌رانن... كاتێك توخمه‌كان پێكهاتووی سرووشتبن و، سرووشتیان لێپێكهاتبێت؛ كه‌واته زینده‌وه‌رانیش پێكهاته‌ی سرووشتن.
هه‌سته‌كان له‌لایه‌ن ئه‌قله‌وه لێکدانەوەیان بۆ ده‌كرێت، ئه‌قڵ (پڕۆگرامی به‌كارخستن)ی ئه‌ندامه جیاوازه‌كان و (پڕۆسە فكرییه‌كان)ه کە له‌مێشکدا بە بەردەوامی لهپێكهاتندایه و په‌ره‌ده‌سێنێت.
كاتێك مێشک پێكهاته‌ی سرووشت بێت! ئه‌وه‌ی لهمێشکیشدا (میمۆرایز) ده‌كرێت ده‌بێته فه‌رزێكی سرووشتی.
کەسی دووەم:
هێشتا ناتوانین هۆكاری خودی ژیان بسه‌لمێنین. ئهیههموو ئه‌م بوونانه بۆچی؟
کەسی یەکەم؛
زانست وه‌ڵامی دووجۆر پرس ده‌داته‌وه چۆن؟ و كه‌ی؟ كاتی ڕوودان و چۆنێتی ڕوودان. هێزی سه‌روو سروشتە ( مێتافیزیك/ ئایین ) وه‌ڵامی پرسی بۆچی؟ ده‌داته‌وه ...
(مێراكهڵ) بڕیاری خوداوه‌نده و هۆكاری ڕووداوه‌كه سه‌لماندنی بوونی ئه‌و هێزه مێتافیزیكییهیه، واته وه‌ڵام بۆ كات و چۆنێتی ڕووداوه‌كه نادرێت!
(فێنۆمێن) ڕووداوی سه‌رسوڕهێنه‌ر/بێوه‌ڵام؛ له هەندێ كاتێكی دیاریكراودا زانست ناتوانێت وه‌ڵامی راستەوخۆی بۆی هه‌بێت.
له‌ڕوانگه‌ی دینه‌وه ڕووداوه‌كان (مێراكهل)ه ، هه‌موو وه‌ڵامه‌كان لای خودایه؛ باران بارین و نه‌بارین، بومه‌له‌رزه، بوركان، لافاو، تۆفان، مانگگیران، خۆرگیران، منداڵ بوون، نه‌خۆشی، مردن، ... هتد؛ ده‌بێت مرۆڤ بڕوای بۆ توانای خودا پێ به‌هێز بكات...! پاشان په‌یامنێر و نوێنه‌رانی ئه‌و هێزه سهرووسروشته، فێرمان ده‌كه‌ن به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت بژین و له‌ژیاندا چی بكه‌ین. ده‌بێت (شه‌ریعه‌ت) ی بڕیاردراوی پێشوه‌خت له‌لایه‌ن خوداوه جێبه‌جی بكه‌ین. ! ئه‌و شه‌ریعه‌ته له‌لایه‌ن توانایه‌كه‌وه بڕیاری له‌سه‌ردراوه كه‌هیچ كات مرۆڤ ناتوانێت پێیبگات...
زانست به تاقیكردنه‌وه وه‌ڵاممان پێده‌دات. ڕووداوێكی نه‌سه‌لمێندراو وه‌ك (فێنۆمێن) ده‌بینێت و كارده‌كات بۆ پێكهێنانی ئامڕاز؛ بۆ تاقیكردنه‌وه و وه‌ڵام دانه‌وه‌ی كات و چۆنێتی ڕووداوه‌كه. ئه‌و (موعجیزانه‌ی) له‌سه‌ره‌وه ناومان بردن، له‌كۆندا (فێنۆمێن) بوون له ڕوانگه‌ی زانسته‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی وه‌ڵاممان ده‌ست كه‌وت...
ئه‌مڕۆ زۆر ڕوون و ئاشكرایه له چكاتێكدا مانگگیران و ڕۆژگیران ڕووده‌دات و چۆنێتی ڕووداوه‌كه ده‌زانین. به‌م جۆره فێنۆمێن ده‌بێته وه‌ڵامێكی ژیربێژی و سه‌لمێندراو.
با بڵێین ئارام چۆن له‌هۆكاری ژیان ده‌گات؟ ئه‌و ده‌زانێت کە ده‌بێت ملكه‌چی فه‌رمانی خودا بێت، بێئه‌وه‌ی بتوانێت هیچ یه‌كێك له فه‌رمانه‌كان بخاته ژێر پرس. ئه‌و دروست كراوه بۆ ئەوەی بپەرستێت. ئه‌و كۆیله‌ی خودایه.!! هۆكاری ژیانی ئارام پێشوه‌خت به‌و شێوه‌یه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه.!
پرس له‌سه‌ر هۆكاری ژیان، كارێكی سه‌ختی ئه‌قڵانییه. گه‌ر مه‌به‌ست له‌ژیان كه‌م یان زۆر بریتیبێت له‌سه‌ره‌تایه‌ك و كۆتاییه‌ك، ئه‌وسا ده‌بێت له‌و نێوانه‌دا ئه‌نجامێكی ماناداری هه‌بێت بۆ خودی زینده‌وه‌ره‌كه.! ژیانی ئاژه‌ڵ چ ئه‌نجامێكی مانابه‌خشی هه‌یه؟ زینده‌وه‌ر به‌شێك له گه‌ردوون پێكدێنێت (به‌فه‌رامۆشكردنی قهبارەکانیان). گه‌ردوون به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه گونجانێكی سرووشتییه، ئەگه‌ر بوونی گاڵاكسییهك یان گاڵاكسییهكان ئه‌و پێكهاته سروشتییهبن و كاریگهریییان له بوونی یهكتردابێت! ئه‌وسا زینده‌وه‌ریش كاریگه‌ری له وێنه گه‌وره‌كه‌دا ده‌بێت. ژیانی ئاژه‌ڵێك كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ژیانی زیندهوهرانیتر ، به‌هه‌مان شێوه ژیانی منیش! گه‌ربێتو ژیانی من له‌به‌ر كاریگه‌رییه‌كی تایبه‌ت له‌ده‌ورووبه‌ر و له‌سه‌ر زیندهوهرهكانیتر بێت كه‌واته ژیان بۆ خودیخۆم هیچ مانایه‌كی نامێنێت.!
من له‌ماوه‌ی ژیانمدا ده‌بێت ووزه به‌ده‌ست بێنم له‌ڕێی زینده‌وه‌ر و توخم و مادده جیاوازه‌كانی تره‌وه. من بومه كاریگه‌ر له‌گۆڕینی پێكهاته و شێوه‌ی به‌شێك له گه‌ردوون. كه‌واته توانیم له‌پڕۆسه‌ی گه‌شه‌كردن و له‌ناوبردنی ژیان، و پێكهێنان و تێكدانی بوونه‌كانی تردا كاریگه‌ر بم. له‌هه‌ندێ باردا ئه‌و پڕۆسه‌یه خێرا یان، هێواشی ده‌كه‌م. له‌هه‌ردوو شێوازه‌كه‌دا كاریگه‌رێتی به‌جێدێڵم... ئه‌مه چیم فێرده‌كات؟ بوونی من، گوڵێك، پشیله‌یه‌ك و، ئه‌ستێره‌یه‌ك پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵێك توخم و ئاوێته‌ی پێكهاتووی سرووشته و، له‌گه‌ڵ بوونه‌كانی تر ده‌گونجێت له‌كاتی تایبه‌تدا. ئه‌و هێزه پێكهێنهرهیە کە ده‌بێته هێزی دروستكه‌ر له ڕوانگه‌ی دینه‌كانه‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست