کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆڕشی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و چه‌ند سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێك

Sunday, 25/09/2022, 16:02


له‌ شۆڕشی ژنانه‌وه‌ تا شۆڕشی مان و نه‌مان

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رووده‌دات به‌شێكی به‌رچاوی شۆڕشێكه‌ به‌ پێشه‌نگی ژنان و به‌ ره‌نگی ژنان و داواكاری ژنان، كه‌ قوربانیانێكی سه‌ره‌كین له‌ مێژووی ده‌سه‌ڵاتداری كۆماری ئیسلامی ئێراندا .
بابه‌ته‌كه‌ هه‌ر حیجاب نییه‌، هه‌ر زه‌وت كردنی مافه‌كانیان و جیاكاری نییه‌، كۆماری ئیسلامی له‌ رێگه‌ی ئه‌و سته‌مه‌ ره‌گه‌زیه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی ملكه‌چ كردنی ژنانه‌وه‌، كۆی كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌مۆ ده‌كات.
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ پیاوسالاره‌، مه‌رگهێن و مه‌رگدۆسته‌دا كه‌ پته‌وترین قه‌ڵاكه‌ی زیندانه‌، ئاساییه‌ سێ وشه‌ی ساده‌ و ساكار به‌ڵام قوڵ و پڕناوه‌رۆكی "ژن، ژیان، ئازادی" ببێته‌ دروشمی سه‌ره‌كی نه‌ك هه‌ر ژنان، به‌ڵكوو پیاوانیش.
وازیان له‌ زۆره‌ملییه‌كه‌ی هێناوه‌ و به‌ حیجابه‌وه‌ لكاون
لێره‌و له‌وێ سوتاندنی هێمایینی له‌چك، بووه‌ته‌ پاساوێك بۆ سه‌ركۆنه‌ی ده‌نگی ناڕازی ژنان و پیاوانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئه‌و شۆڕشه‌ به‌ خواستێك بۆ "به‌ڕه‌ڵایی" ناوده‌برێت.
جارێ نه‌ك حیجاب، ئاویش كه‌ بۆ ژیان پێویستترینه‌، ئه‌گه‌ر به‌ زۆره‌ملێ ده‌رخواردی كه‌سێك بدرێت، تفی ئه‌كاته‌وه‌! خۆشه‌ویستیش ئه‌گه‌ر زۆره‌ملێی تێدابێت رێك ئه‌نجامه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌بێت!
ئه‌نجا ره‌تكردنه‌وه‌ی حیجابه‌ زۆره‌ملیه‌كه‌، ته‌نیا ره‌مه‌زێكه‌، له‌ راستیدا وه‌ك له‌سه‌دا 10 و كه‌متریش له‌ كۆی داواكارییه‌كان پێكناهێنێت!
نه‌ك هه‌ر تمه‌ن، تاك و كۆمه‌ڵگا و  ژینگه‌شی سوك و ریسوا كردووه‌
"ریسوابوونی تمه‌ن" له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ده‌رچه‌یه‌كه‌ بۆ تێگه‌یشن له‌ كاره‌ساته‌ی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئه‌و وڵاته‌یدا هێناوه‌. 
خومه‌ینی له‌ یه‌كه‌م ساته‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران له‌ دوای شۆڕشی 1979 مزگێنی ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵكدا كه‌ "دین و دنیا"كه‌یان به‌ره‌و به‌رزترین ئاست هه‌ڵده‌كشێنن، به‌ڵام رێك پێچه‌وانه‌كه‌ی كرا. 
ئایین، ئه‌خلاق، ئابوری، ژینگه‌، سیاسه‌ت، شكۆی تاك و .. هیچ شتێك نه‌ماوه‌ كۆماری ئیسلامی ریسوا و سوكی نه‌كردبێت. سامانی ئه‌و وڵاته‌ی تاڵان كردووه‌ و له‌ ناوچه‌ و جیهاندا خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی خراپه‌كاری، توندوتیژی و كاولكارییه‌.
سه‌یری یه‌مه‌ن، سوریا، كه‌رتی غه‌زه‌، لوبنانی بوكی جارانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق بكه‌ن، له‌ كوێ ده‌ستی كۆماری ئیسلامی پێی گه‌یشتبێت ماڵوێرانی و شه‌ڕ و كوشتار و تیرۆر و ئاژاوه‌ی لێیه‌، تێچووی هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ سه‌ر حیسابی سامانی گه‌لان و وڵاتی ئێرانه‌. 
یه‌كسانكردنی كۆماری ئیسلامی به‌ نوێنه‌ری خودا و ئیسلام!
هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ كه‌ هه‌ندێك بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ شۆڕشی ئێران و رۆژهه‌ڵات تووشی ده‌بن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وانه‌ی هاتوونه‌ته‌ شه‌قام كافر و دژه‌ ئایینن و كۆی شۆڕشه‌كه‌ له‌ پێناو كفر و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ خودایه‌.
 ئه‌م خوێندنه‌وه‌ ته‌نیا كاتێك راسته‌، كه‌ تۆ پێت وابێت كۆماری ئیسلامی یه‌كسانه‌ به‌ نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وییه‌ یا خود ئه‌وه‌ی كه‌ ئیسلامی راسته‌قینه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵێ مافی خۆته‌ پێت وابێت دژایه‌تی كۆماری ئیسلامی به‌ واتای وه‌ستانه‌وه‌ی دژی خودا و ئایین بێت!
به‌شێك له‌وانه‌ی زۆر به‌تۆخی دژی ئه‌م شۆڕشه‌ی ئێران و رۆژهه‌ڵات ده‌وه‌ستنه‌وه‌، له‌ راستیدا خه‌ونی باڵایان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی هاوشێوه‌ی كۆماری ئیسلامی دابمه‌زرێنن، جا له‌ باشوری كوردستان بێت یان هه‌ر شوێنێكی تر! بۆیه‌ رووخانیشی به‌ له‌باربردن یان په‌ككه‌وتنی هاتنه‌دی ئه‌و خواست و خه‌ونه‌یان ده‌بیین.
شۆڕشی مان و نه‌مان
بۆ هه‌ر دوو به‌ره‌ی خه‌ڵكی ناڕازی و كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌م شۆڕشه‌ به‌ واتای مان و نه‌مانه‌. 
كۆماری ئیسلامی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی درێژه‌ بكێشێت و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی له‌ چوار سوچی ئه‌و وڵاته‌وه‌ لێی راپه‌ڕیون و هیچ ره‌وایه‌تیه‌كی نه‌ماوه‌ نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و نه‌ له‌ ناوخۆ، به‌ تاكتیك و ستراتیژه‌كانیدا ده‌چێته‌وه‌.
له‌ رووی تاكتیكه‌وه‌ تا بتوانێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی بینرا، له‌سه‌ر هه‌ڵخڕاندنی دوو هه‌ستی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی كار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كپ بكات و له‌ پاڵ مه‌كینه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كه‌ی به‌شێك له‌ خه‌ڵك، بێنێته‌ سه‌ر جاده‌ له‌ دژی گوایه‌ "سوتاندنی قورئان، مزگه‌وت و ئاڵا".
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ ده‌ستپێكردنی تۆپباران بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم و زه‌قكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی جیاخوازی ریزه‌كانی خۆپیشانده‌ران په‌رت بكات و هه‌ستی ناسیۆناڵیستی ئێرانییه‌كان دژی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تر تیژ بكات.
هه‌روه‌ها دوور نییه‌ وه‌ك به‌ به‌هێزی هێشتنه‌وه‌ی گۆپاڵی سه‌ركوت، له‌مه‌ودوا زیاتر له‌ئێستا ده‌رگای گه‌نده‌ڵی و رانت و تاڵانكاری بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی له‌ سه‌روویانه‌وه‌ سوپای پاسداران بكاته‌وه‌، سامانی گه‌ل بخاته‌ خزمه‌تی داپڵۆسینی گه‌ل. 
له‌ رووی ستراتیژیشه‌وه‌، وه‌ك نزیكترین نمونه‌ی هاوشێوه‌ی كۆماری ئیسلامی كه‌ كۆریای باكوره‌ و زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ له‌ سایه‌ی بوونی بۆمبی ئه‌تۆم درێژه‌ به‌ خۆپه‌سه‌پێنی ده‌دات، تارانیش هه‌نگاوه‌كانه‌كانی به‌ره‌و به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی خێرا تر بكات، چونكه‌ له‌وه‌ها ئه‌گه‌رێكدا به‌ هه‌ڵچنینی دیوارێكی پۆڵایین به‌ ده‌وری خۆیدا، به‌ بێ گوێدان بۆ كاردانه‌وه‌كان زۆر بێ به‌زه‌ییانه‌تر له‌ ئێستا هه‌موو چه‌شنه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك سه‌ركوت ده‌كات. 
بۆیه‌ بۆ گه‌لانی راپه‌ڕیوی ئێران و هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ی خوازیاری ئه‌وه‌ نین كه‌ ئێران ئه‌و خه‌ونه‌ی بێنێته‌ دی، ئه‌مه‌ دوا ده‌رفه‌ته‌، به‌ بێ ئه‌نجام كۆتاییهاتنی شۆڕشی ئه‌م جاره‌، به‌ واتای درێژبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌، ئه‌مه‌ش به‌خشینی ده‌رفه‌تێكی زێڕینه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ كار بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ شومه‌ و هه‌میشه‌ییكردنی ده‌سه‌ڵاتیان بكه‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە