پەیامێك لە پەرلەمانتارێكى كۆنەوە بۆ پەرلەمانتارە (نوێ) كان
Tuesday, 08/09/2009, 12:00
بەڕێزان : وەك هەموولایەك دەزانن ماوەى چوار ساڵ و نەختێكیش لاماندا لە ماوەى خۆمان و ئەو كورسىیە گەرم و نەرمانەمان بۆ بەڕێزتان بە زەحمەت چۆڵ كرد،لێ بڕواتان بێت ئێوەش بوونایە هەر واتان دەكرد.
كورسى یەكان ئەوى لە سەرى دانیشێت (خەو) ئەیبات بۆ دنیایەكى دى ...دنیایەك لە دۆلار و ڤێلا و باخى جوان جوان بە قەدپاڵى چیا سەر بڵندەكانى
كوردستانەوە.هەندێ جار بۆ بەئاگابوون و بۆ ئەوەى خەومان لێ نەكەوێت, خۆمان خەریك ئەكرد بە وێنەكردن و مۆبایلەكانمانەوە . بەڕێزان : حەز ئەكەم پێتان ڕاگەیەنم كە ئێمە هەندێ تایبەتمەندى خۆمان هەبوو كە تەنها و تەنیا ئێمەى پەرلەمانتارانى كوردستان هەمان بوو كە: تەبابوون و برایەتى نێوانمان و ڕە زامەند بوون و دەست بەرزكردنەوە بوو بۆ هەموو بڕیارەكان بە پێچەوانەى پەرلەمانە دواكەوتووەكانى وڵاتانى جیهان كە هەردەم گفت وگۆ وجیاوازییەكانى نێوانیان دەگەیشتە جنێو و شەڕە كورسى , ئێمە لە خوا بەزیاد بێت بەدووربووین لەو جۆرە شتانە ,نەمان ئەهێشت نە (شیش بسووتێ و نە كەباب) , كەسمان بێ ئەوى دى هیچ شتێكمان پەسەند نەدەكرد و هەر هەمووشمان بێ گەڕانەوە بۆ سەرووى خۆمان كە (دیوەخانى حیزب) بوو پەنجەمان بە ئاودا نەدەكرد... ئاخر چۆن بێ (مەرجەع) كارى سەربەخۆ بكەین ؟! بەڕێزان : ئێمە خۆمان دەزانین هەندێ ناحەز لەم لاو ئەولا ئەیانگووت :پەرلەمان هیچى نەكردووە ... ئەدى كێ بوو بڕیارى قەدەغەكردنى جگەرە كێشانى لە ناو هۆڵەكانى پەرلەمان دەركرد ..؟!كەستان بینى لە ناو دانیشتنەكانى پەرلەمان جگەرە بكێشێ.؟؟ كێ بوو یاساى سزادانى خراپ بەكارهێنانى (مۆبایل)ى دەركرد ؟! ئەمانە ئەگەر هەمووى دەستكەوت نین ئەدى چین؟؟ زۆربەى كۆبوونەوەكانى پەرلەمان هەبووە گشتمان ئامادە نەبووین لەبەرئەوەى هاوكارەكانى خۆمان (مخەوەل)كردووە. ڕۆژێك لە ڕۆژان گوێتان لێ بوو ئێمە داوابكەین (وەزیرێك) یان لێپرسراوێكى (حكومى) بانگهێشتى پەرلەمان بكەین بۆ لێپرسینەوە, یان كەسێكى باڵادەست و حیزب بانگهێشت بكەین سەروەت و سامانى كە بە ڕەنجى شانى خۆى پەیداى كردووە بۆ ئێمەى ئاشكرا بكات؟ ئێران و توركیاى دراوسێ و دۆستى دێرینمان ناو بە ناو گوند و ناوچە سنوورى یەكانیان بۆردومان دەكرد, هەمووى لە پێناوى بەرژەوەندى ئێمە دەیانكرد , تا ڕامان بهێنن چى دى لە زرم و هوڕى تۆپ و بۆمبا نامۆ نەبین...ئیتر بۆ ئێمە ئەو كارانە ئیدانە بكەین ؟! كەى كارى ئێمەیە...؟؟!! بەرلەمانتارە بەڕێزەكان : لە كۆتاییدا پێتان ڕادەگەیەنم ئەو ڕێنماییانەى سەرەوەى ئێمە بگرن ,تا چوار ساڵى خۆتان سەركەوتووانە تەواو بكەن و جگە لەو ئیمتیازاتانەى لەو ماوەیەدا دەستتان دەكەوێت , بەمووچەیەكى هاكەزایى (50) گەڵایى بچنەوە ناو ماڵ ومناڵى خۆتان ولە كۆتاییشدا هیواى سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.... بژى گەل بژى دیموكراسى ... بژى پەرلەمانى نوێ
\سلێمانى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست