ئیسلام چۆن گەیشتە كوردستان
Monday, 26/06/2023, 14:44
بۆچی ئیسلام بە دنیادا بڵاو بووەوە؟ چونكە بەدیلگرتنی ژنان ئازاد بوو. جەنگاوەرانی ئیسلام كە پەلاماری وڵاتێكیان دەدا، ژنانی ئەو وڵاتەیان بە دیل دەگرت و دەیانهێنانەوە بۆ شام و حیجاز دەیانفرۆشتن. ئەو ژنانە دەكران بە كەنیزە، ئیدی خاوەنی ئەو كەنیزانە، هەم وەك كۆیلە ئیشیان پێ دەكردن، هەم سواریان دەبوون. سواریان دەبوون، دەربڕینێكی عەرەبییە، ئاخر عەرەب لە باشترین حاڵەتدا، وەك حوشتر سەرنجی ژنیان دەدا. خەلیفەی موسوڵمانان:
عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان (٦٤٦ - ٧٠٥) كە قوڕەیشی بووەو لەمەدینە لەدایك بووە، دەڵێت: "ئەگەر كەنیزەت بۆ ئەوە دەوێت، چێژی سێكسیی لێ وەربگرێت، با بەربەر بێت، ئەگەر بۆ ئەوەت دەوێت، كوڕێكت لێی ببێت، با فارس بێت، بەڵام ئەگەر بۆ ئەوەت دەوێت، خزمەتت بكات، با ڕۆم بێت." (جلال الدين السيوطي، تأريخ الخلفاء، باب عبدالملك بن مروان)
كۆشكەكانی عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان، تژیبوون لە كەنیزەی جوان، لە هەموو جۆر و ڕەنگێك، ئەمیان بۆ تێركردنی ئارەزووی سێكسیی خەلیفە، ئەویان بۆ ئەوەی گۆرانیی بۆ بڵیت و ئەوی تریان بۆ ئەوەی سەمای بۆ بكات. وەك لە كتێبی (سەرەتا و كۆتایی)ی (ئیبن كەسیر)دا هاتووە، "خەلیفە شێت و شەیدای ژنانی ئەمازیگ بوو، چونكە باڵابڵند، بەژنزراڤ، ڕووخساربازنەیی، چاوگەورە و گەش و بە كل، دەمبچووك، لێوسوور، ددانپاكژ، كەپووڕێك نەك قولاپی. ژنانی ئەمازیگ ڕۆژانە بۆ جوانڕاگرتنی قژیشیان، خەنە و مێخەك وڕۆنی زەیتوونیان بەكار دەهێنا و جۆرە خاڵێكیشیان دەكوتا كە جوانتری دەكردن." (ئەبوو زەیدی قەیرەوانی)یش لە كتێبی: (پەیام)دا دەنووسێت: "عەقەبەی كوڕی نافیع ئەوەندە بە جوانیی ژنانی ئەمازیگ سەرسام بوو، دەیگوت: لە دنیادا لە وێنەیان نییە. هەشتا هەزاری لێ بە دیل گرتبوون، ڕەوانەی دیمەشقی كردن، تا ببن بە كەنیزەی خەلیفە"
ئیبن كەسیر لە كتێبی (تەواوی مێژوو)دا دەنووسێت: "مووسای كوڕی نەسیر كە مەغریبی فەتح كرد، سێ سەد هەزار ژنی بە دیل گرت، هەرە جوانەكانیانی كە شەست هەزار دەبوون، لێ هەڵبژاردن و بۆ خەلیفە عەبدولمەلیكی كوڕی مەروانی ناردن. كە هیشامی كوڕی عەبدولمەلیك (٦٩١ - ٧٤٣) جێی باوكی گرتەوە، لەباوكی هەوەسبازتربوو." یەكەمین كاری خەلیفەی نوێ ئەوە بوو، نامەیەكی بۆ نوێنەرەكەی لە ئەمازیگستان نارد، تێیدا داوای لێكردبوو، سەبایای زیاتری ئەمازیگ بۆ دیمەشق ڕەوانە بكات. لەنامەكەیدا داوای ژنی (فوول مواسەفات)ی كردبوو، لە پاژنەی پێیانەوە تا تەپڵی سەریان، بە شوێنە هەستناكەكانیشیانەوە، بە درێژی باسی كردبوو، كام ژنانەی دەوێت. كە لێشاوی سەبایا دەگەیشت، خەلیفە جوانترینەكانی بۆ خۆی گل دەدانەوە و ئەوانی تریانی بۆ بازاڕەكانی ژنفرۆشتن دەنارد." (ئیبن كەسیر، سەرەتا و كۆتایی، بەشی حەوتەم، لا١٥٤) تەبەری دەڵێت: "سەد هەزار كچ لەشەقامەكانی شامدا، بۆ فرۆشتن نمایشكرابوون." (مێژووی پەیامهێنان و پاشایان، بەشی سێ، لا٣٢٤)
كە ٢٠١٤ داعش دەوڵەتەكەی خۆی لەعێراق و شام دامەزراند، هەمان ڕێی گرتەوەبەر و ئەو كەلەپوورەی ئیسلامی زیندوو كردەوە. مێژووی كۆن و نوێی ئیسلام پێمان دەڵێت: فەتح بە پلەی یەكەم، بۆ تاڵانی و بۆ دەستدرێژیكردنە سەر ژنانی گەلانی پەلاماردراو بووە و خەڵكانێكی دەروونناساغی هەوەسباز سەركردایەتییان كردووە. ئیسلام چۆن بە باكووری ئەفریكادا بڵاو بووەوە، بە هەمان شێوەیش گەیشتە كوردستان، وەك چۆن ژنانی تورك و فارس و ئەمازیگ لای سەرانی ئیسلام كەنیزە بوون و بازرگانییان پێوە كراوە، ژنانی كوردیش هەمان چارەنووسیان هەبووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست