سێ کوچکەی پیلانی سەربەخۆیی باشوری کوردستان
Sunday, 12/09/2021, 18:53
ئەم بابەتە پێش ریفراندۆمی باشوور نووسراوە. بە داخەوە زۆرینەی پێشبینییەکانم راست دەرچوون. جا هەر بە درۆ و دروشمی پاڵەوانانی کوردایەتیی باشوور هەڵپەڕین.
بەرژوەندی دەولەتانی ناوچەیە کە شکل و نێوەرۆکی سیاسەتەکانیان دیاری دەکات.
ڕێفڕاندۆمی باشور فڕی بە سەربەخۆییەوە نیە. پڕۆژەیێکی هاوبەشی تورکیا، دەوڵەتی ئێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمە لە سەر لاشەی خەڵکی باشوری کوردستان بەڕێوە دەچێت. ئەم پڕۆژەیە بەرژوەندی هەرسێک لایەن دابین دەکات. لێرەدا هۆکارەکانی بە جیاواز شڕۆڤە دەکەین.
تورکیا و دەوڵەتی بە ناو سەربەخۆی باشوری کودستان
بەم هۆکارانەی خوارەوە تورکیا زۆرترین بەرژوەندی لەم پرۆژەیە دایە:
- لایەنی ئابوری کە بریتیە لە بە تاڵان بردنی سامانی نەوت و گاز و دابین کردنی بازاڕێکی هەمیشەیی بۆ فرۆشتنی کەل و پەلی تورکی.
- لایەنی ئەمنی و سەربازی کە دەتوانی کاراتر لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو قەندیل گەمارۆ بدا و لە گەڵ دەوڵەتە وەهمیەکەی باشور گورزی هاوبەش لە پ.ک.ک بدات. گەمارۆی ئابوری سەر ڕۆژئاوای کوردستان توندتر بکات و شەڕی باشوری کوردستان لە دژی ڕۆژئاوا هەڵگرسێنێت.
ئێراق و دەوڵەتی سەربەخۆی باشور
دەوڵەتی ناوەندی ئێراق باش دەزانێ کە سێ پارێزگای دهۆک،هەولێر و سلێمانی هەرچەند لە ژێر نێوی هەرێمی فیدڕالی کوردستانیش بێت، بە کردەوە گەییشتونە ئاستێکی سەربەخۆیی و ئیتر ئومێدی زیندوکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بە سەر هەرێمی لە دەست داوە. بەڵام چاوی بڕیوەتە ناوچە جێناکۆکەکان کە نزیک بە ٥٠٪ی باشوری کورستان دەگرێتەوە. دەیهەوێ لەئەنجامی سەربەخۆییەکەی بارزانی کەرکوک، ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای نەینەوا، شەنگال و خانەقین وەک ئەمری واقیع بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە. دەسەلاتدارانی باشوریش بەم کارە ڕازی دەبن. چونکە دەوڵەتی ئێراق هەست بە دۆڕان ناکات و دژی سەربەخۆییەکەی باشور کاردانەوەی جدی نابێت.
دەسەڵاتدارانی باشور و دەوڵەتی سەربەخۆ
ئامانجی بارزانی ئەوەیە لە ژێر دروشم و تەپ و تۆزی سەربەخۆیی کوردستان ئاغایەتی ویراسی و هەتاهەتایی بە سەر پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و ئەگەر بۆیان بکرێ سلێمانیش مسۆگەر بکەن.ئەوەی وەدی دێت دەوڵەتێکی بە ڕواڵەت سەربەخۆ بەڵام لە ناوەرۆکدا میرنشینێکی کوردی سونی سەر بە دەوڵەتی تورک دەبێت. کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەشێک نابن لەم دەوڵەتە . بارزانی لەم ناوچانە کەمترین پێگەی جەماوەری هەیە. لە ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ سەر کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا دەنگەکانی لە ٢٠٪ تێپەڕ ناکات و لە ئاکامدا خەونی میرنشینی هەتاهەتایی بنەماڵە توشی ناکامی دەبێت.
کوردانی باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات
ستراتژی دەوڵەتی سەربەخۆی باشور بەرانبەر بە کوردەکانی ئەم سێ پارچەیە هەر وەک لە کارنامەی ٦٠ ساڵەیان دایە ڕوون و ئاشکرایە، کە بریتیە لە سەرکوت و کوشتار و هاوکاری ڕاستەوخۆی دەوڵەتەکانیان بۆ لەناوبردنی هەر هێز و جوڵانەوەیێکی ئەم دەڤەرانە. تەنانەت ئەنەکەسەی سوریە و حیزبە کلاسیکە ڕۆژهەڵاتیانیش سەرەڕای هەمو خۆشخزمەتیەکانیان بۆ دەسەلاتدارانی ئێستای باشور ئەمنیەتیان دەکەوێتە خەتەری گەورە. ئەگەر بیانهەوێ خۆیان لە چارەنوسی کەمپنشینی ڕزگار بکەن دەکرێنە بەهای مەعامەلەیێک لەو نەوعەی کە لە گەڵ کاک سولەیمانی موعینی وخەباتکارانی ١٩٦٨-١٩٦٧ی ڕۆژهەڵات کرا.
لایەنەکانی براوەی سەربەخۆییەکە
دەوڵەتەکانی تورکیا، ئێراق، ئێران،سوریا، بنەماڵەی بارزانی، سەرانی خاوەن بیرە نەوت و کۆمپانی یەکیەتی براوەی یەکەم دەبن.
بازاڕی ئەم تاقمانەش گەرم دەبێ: کۆنە مستەشار،قەڵەمفرۆش،مێژوو فرۆش،حیزب فرۆش، گەلفرۆش، دینفرۆش، لۆتی و شایەری دیوەخان، لۆمپەن و نان بە نرخی ڕۆژخۆرەکانی کوردستان.
لایەنە زەرەرمەندەکانی سەربەخۆییەکەی باشور
١- کوردەکانی نیشتەجێی ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەت کەرکوک، نەینەوا، شەنگال و خانەقین و... کە نزیکەی ٥٠٪ی خاک و خەڵکی باشور پێک دێنن، زەرەرمەندی یەکەم دەبن.بۆ هەتاهەتایە دەخرێنە ژێر چەپۆکی عەرەب و دەکرێنە بەهای جودابونەوەی دو یان سێ پارێزگای ئێستای هەریم.
٢- پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر لە ژێر نێوی بریقەداری دەوڵەتی سەربەخۆیی دا خۆیان لە میرنشینێکی سونی دواکەوتوی بنەماڵەیی بەستراو بە تورکیا دەبیننەوە.
٣- ڕوناکبیران، سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ، حیزبە پێشکەوتنخوازەکان، کۆمەڵگای مەدەنی، ژنان و گەنجان، ڕۆژنامەنوسانی بوێر و سەربەخۆ، چینی مامناوەند و هەژاری باشور توشی زیان و کارەسات دەبن.
پارێزگای سلێمانی و چارەنوسی نادیار
چارەنوسی پارێزگای سلێمانی نادیارە.گریمانە دەکری وشیاری کۆمەڵایەتی و بەهێزبونی نەیارانی پرۆژەکە لەم دەڤەرە ببیتە هۆکار کە نە تەسلیمی میرنشینی کوردستان بێت و نە چارەنوسی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ داگیرکاری دەوڵەتی ناوەند قەبوڵ کات. پێشبینی دەکرێ وەک هەرێمێکی فیدراڵ و خۆسەر لە چوارچێوەی ئێراقدا بمێنێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست