بە هەر روویەکەوە خۆتان دەربخەن، ئاشکرایە ئێوە کێن!
Sunday, 12/02/2023, 11:07
۱- کابرای فاشیست دەزانێ سی-چڵ ساڵ لەوە پێش، ئێوە لە هەورامان، بە چ چەکێک یەکترتان کوشتوە، قابیلە نەزانێ «ناوەندی هاوکاری» تەنیا دوو حزبن؟! لە دەرەوەی ئەوان، چەند حزبی دیکە هەیە کە ئەگەر زیاتر لەو دوو حزبە دەوریان نەبێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەدڵنیاییەوە کەمتر نییە. ئەوکاتەش خەریکی بنکۆڵ کردنی لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵات بوونە لە لای ئەو فاشیستانە، تەنیا خۆتان سووک کردووە.
۲- لە بوونی پەیوەندی تاکلایەنەی ئێوە لەگەڵ ئێرانشارییەکان، دەوری کارتێک کاتی دەبینن بەدەستی ئەوانەوە بۆ ئەوە بتوانن جارێکی دیکە رۆژهەڵاتی کوردستان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. ئەوان لە نەبوونی یەکڕیزی گەلی کورد، زۆرترین قازانج دەکەن. تکایە دەوری حەسەن خەیر نەبینن لە رۆژهەڵات.
۳- پێش یەکخستنی ناو ماڵی کورد و رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵات، لەم قۆناغەدا هەرجۆرە دان و ستانێک لەگەڵ ئەوانە، زەرەری زۆر لە قازانجی زیاترە. کێ فارسیەکەی باشە، کێ کۆت و شەڵوار و کەراوەتەکەی جوان لەبەر دەکات و دەبەستێت، تەنیا دەتوانێ ئێحساسی سەرەتایی کەسانێکی تازە پیاکەفتگ تێر بکات. کورد لەو قۆناغەدا دەبێ خاوەن پرۆژە و دیسکۆرسی خۆی بێت و بە کۆدەنگی بۆ دابین کردنیان، تێبکۆشێت.
۴- خەریکە رێبازە سەقەت و ناشیرینەکەی باشووری کوردستان کاری پێدەکرێت!! گەندەڵترین سیستەم دابمەزرێنە و جار جارەش باسی ئاڵا و کوردایەتییان بۆ بکە. لە رۆژهەڵاتیش بکەوە خزمەت پرۆژە و پلانی ئێران شارییەکان و جار جارەش بڵێ ژن ژیان ئازادی!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست