کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


ناسیۆنالیزمی سۆرانی-سوننی و بەرگریکارانی

Thursday, 31/03/2022, 7:59


مێژووی حاشا کردن لە فرەرەنگی و فرەچەشنی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژی هەیە. زۆر ئیدئۆلۆژی، فکر و دنیابینی، هەوڵیان داوە لە ژێر ناوی جۆراجۆردا ئەم فرە رەنگی و فرە چەشنییە بە قازانجی یەکێک لەو رەنگ و چەشنانە بسڕنەوە، بەڵام سەرەنجام هەموویان فەشەلیان هێناوە و لە یەکەم دەرفەتی لەبار و گونجاودا ئەم فرەچەشنییە خۆی دەرخستوە.
١- ئیسلامییەکان تێدەکۆشن لە ژێر ناوی ئۆمەتی ئیسلامیدا حاشا لە فرەنگیی و فرە پێکهاتەیی کۆمەڵگاکان بکەن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە رێگای رزگاری و بەختەوەی ئەم دنیا و ئەو دنیاش، لێکردنەوەی هەموو ئینتماکانە لە خۆت و ئیمان هاوردنە بە ئیسلام. لە پێناو ئەم مەبەستەشدا، دنیایەک تاوان ئەنجام دراوە و بە سەدان ملیۆن مرۆڤ بوونەتە قوربانی، کەچی شوناسخوازی لە ناو گەلاندا وەکوو خۆی هەر ماوەتەوە و بەهێزتر بوە.
٢- چەپی کلاسیک، لە ژێر ناوی شرۆڤەی چینایەتی (تحلیل طبقاتی)، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە رەوتی بەرەوپێش چوونی خۆیدا، سەرەنجام پولاریزە دەبێت. هەموو چین و توێژەکانی کەم رەنگ و لە ناو دەچن و کۆمەڵگا دابەش دەبێت بە سەر چینی بۆرژوا و پرۆلتاریادا. دواتر پرۆلتاریا شۆڕش دەکات و سەرمایەداری دروخێنێت، لە رێگەی دیکتاتۆری پرۆلتاریاوە سۆسیالیزم دادەمەزرێت و لە نیهایەتدا کۆمۆنیزم دادەمەزرێت!!! بینیمان کە ئەم بۆچونە نادروست دەرچوو. لە ئوروپای گەشە کردوی سەرمایەداری و سەنعەتیدا فاشیزمی هیتلر سەری هەڵدا و دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتیش، هەموو ئەو فرە رەنگی و فرەچەشنییە کە حاشای لێدەکرا، سەریان هەڵدایەوە و شێلگیرانە بۆ ژیاندنەوەی شوناسی خۆیان هاتنە مەیدان و لە ئێستادا دنیا تابلۆیەکە لە ملیۆنانە رەنگ و دەنگ و چەشن. لەو شوێنانەش کە زەخت و زۆر زیاتر بوە، بەرەوڕوو بوونەوەکانیش توندتر بوە. 
٣- لە کوردستان، داگیرکەران بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد، لە ئامرازەکانی شەڕی نەرم و شەڕی رەق، کەڵکیان وەرگرتوە. لە بەرامبەردا گەلی کورد نە تەنیا دەستی لە شوناسی خۆی هەڵنەگرتوە، بەڵکوو لە ئێستادا گەلی کورد، بەرگری لە بچوکترین ناسنامەی خۆشی دەکات و بۆ ژیاندنەوەی هەزینەی مرۆیی و مادی بۆ دەدات. 
لەمبارەیەوە دەکرێ باسی سەدان و هەزاران نمونەی دیکە بکەین، بەڵام بۆ ئەوە بابەتەکە دور و درێژ نەبێت، من دێمە سەر خاڵی کۆتایی و ئەویش بەرگریکارانی ناسیۆنالیزمی سۆرانی-سونی-یە.
بەرگیریکارانی ئەو هێڵە، لە خاڵێکی جەوهەریدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی یەک دەگرنەوە. ئەویش حاشا کردن لە شوناسی پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت بەشی کەلهوڕ و لەکستان و لوڕستان و هەروەها دژایەتی پژاک کە بۆچی هەوڵ دەدات گەلی ئێمە وشیار بێتەوە لە سەر ناسنامەی خۆی. ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەراحەتەوە وتویانە ئێستا کێشەی سەرەکی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەگەڵ پژاکە. بە دوو هۆکار، یەکەم، تا پێش دامەزراندی پژاک، کوردایەتی و شۆڕش لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەتا کامیاران بوو، بەڵام پژاک جوغرافیای ئەو شۆڕشەی بەرفراوانتر کردۆتەوە و کرماشان و ئیلام و لوڕستانی کردۆتە ناوەندی چالاکی خۆی، هاوکات لەگەڵ ئەوە لە شوێنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بوونی هەیە. دووهەم، پارتەکانی دیکە، لە رێگەی پرسە سیاسییەکانەوە، دەیانەوێ پرسە فەرهەنگی، کولتوری و هونەری و ... چارەسەر بکەن، بەڵام پژاک بە پێجەوانە. ئەمە توانیویە ئەنگیزە بدات بە خەڵک و جوڵەیەکی لەو ناوچانە دروست کردوە کە لە مێژوودا بێ وێنەیە.
بەرگریکارانی ئەو رەوتە، هاوشێوەی ئەوانی دیکە کە حاشا لە پێکهاتەکانی دیکە دەکەن، ئەمانیش لە ژێر ناوی مەترسی پارچە کردنی کۆمەڵگای کوردستان، و نەتەوە وا دروست نابێت و ئەمە بە دڵی کۆماری ئیسلامییە و کۆمەڵێک لەم قسە پڕو پووچ و بێ مانایانە، دەیانەوێ درێژە بەو غەدرە مێژوویە بدەن. غەدرێک کە بۆچی دەبێ من ئێستا بزانم مێژووی ئەدەبیاتی نوسراوەیی (کتبی)کەلهۆڕ، سەدان ساڵ کۆنترە لە مێژووی ئەدەبیاتی نوسراوەیی سۆرانی و ... و.... و....هەورامی با لەو لاوە بوەستێ.
ئەم بلیمەتانە!!! کاتێک کۆمیتەی باوەڕی و ئایینەکانی کۆدار یان کەجەکە، بە بۆنەی تاسۆعا و عاشوراوە راگەیاند دەردەکات، زیڕەیان لێهەڵدەستێ، بەڵام کاتێک حدکا یەکێتی مامۆستایانی ئایینی (سونی) بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دادەمەزرێنێت، شاگەشکە دەبن!!! زمانحاڵی ئەو رەوتە خالد عەزیزیە کە دەبینین چۆن بە سوکایەتییەوە باسی شوناسخوازی پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات!!! بەفەرمی بەرگری لە هێڵێکی فاشیستی دەکات.
تۆ ناتوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر ناوی پاراستنی یەکڕیزی گەلی کورد، بەناوەندێتی سۆرانی-سونی بانگەشەی دڵسۆزی بۆ گەلی کورد بکەیت. ناتوانی بە کەمینەیەک ناوەندێتی ساز بکەیت و داوا بکەیت زۆرینە پەیوەست ببن پێتەوە!!! تۆ ناتوانی بەشی هەرزۆری رۆژهەڵاتی کوردستان بخەیتە دەرەوەی بازنەی تێکۆشان و بە بوونی چەند کەسێک پێت وابێت شاکارت کردوە. لە کۆتاییشدا لەوە ئەحمەقانەتر نییە کە بانگەشەی ئەوە بکەیت رژیم ئەمەی پێ خۆشە، لە کاتێکدا ئەمە لە رەگ و ریشەی رژیم دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە