درۆن و جیکڵاس
Monday, 17/04/2023, 19:26
جاران کێشەی دزەکانمان هەبوو، ئێستا کیشەی شەڕی دزەکان. دزییەکە وەکو خۆی ماوەو شەڕەکەشی هاتۆتە سەر. مەسرەفی دزیی گرانەو مەسرەفی شەڕ گرانتر، هەردوکیشی لە گیرفان و لە میزاجی خەڵک ئەڕوات.
شەڕی دزەکان دۆخێکی دروستکردوە، کە بە ئاشتی دزەکان بیژەنین، ئێستا ئیتر مەسەلەکە ئەوەنیە کە لە گەندەڵییەوە بپەڕینەوە بۆ دژایەتی گەندەڵی، بەڵکو پرسەکە بۆتە ئەوەی، چۆن لەسەردەمی شەڕی گەندەڵەکانەوە بچینەوە، بۆ سەردەمی تەبایی گەندەڵەکان. ئەزموونیکیش، سەردەمە زێڕینەکەی، سەردەمی ئاشتی دزەکانی بووبێ، ئەزموونی ڕزگاریی ئەو میلەتە نیەو ئەبێ میلەت سەرەتا خۆی لەوە ڕزگار بکات.
هێشتا لە شەڕ و دزیی باوکانی شۆڕش ڕزگارمان نەبووە، و شەڕو دزیی مناڵەکانی هاتەسەر. قۆناغی گواستنەوە، لە مێژووی هەموو گەلاندا هەیەو ئاساییە، ئەوەی ئێمە دوای سی ساڵ، هێشتا نەبووە بە قۆناغی گواستنەوە، بەڵکو هەر لە قۆناغی دەسگیرانداریی جەلالی و مەلاییدایە.
ئیزدیحامی ڕاگەیاندن و مایک، یەکسانە بە ئیزدیحامی درۆ، لە باران مەترسن، لەو دەڤەرە بەس لافاوی درۆ هەڵئەستێ. ئینجا لە نێوان جیکڵاسی کچەمۆدێل و هامەری کوڕە مەسول و درۆنی عوسمانی و ساروخی سەفەوی، خۆت لادە با نەبی بەژێرەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست