ناشتنی نەورۆز
Tuesday, 21/03/2023, 16:55
تاکە شتێک بۆ ئێمەی کورد، کە چەتری کۆبوونەوەی هەمووان بێت، جەژنی نەورۆزە. ئێمە لە شتەکانی تردا هەزار لەت بین، لەوەدا یەک پارچەین، کە زۆربەمان هەمان هەست و خۆشی و ئینتیمامان هەیە بۆ ئەم جەژنە، کە ئەوە هەوێنێکی باشە بۆ یەکێتی نەتەوەیی.
پرسیارەکەی من سادەیە و هەر ئەوەیە، چۆن کۆمەڵگا ئەدرێتە دەست ئەوانەی کە تاکە خاڵی کۆکەرەوەی ئێمە بە کوفرو حەرام بزانن؟
دین و مەزهەب و بڕواکان ئەبێ ئازادبن، بەڵام خاڵی هاوبەش و خەتی سووریش هەر هەیەو ئەگەر وانەبێ ئازادی مانای نامێنێ و هەرکەس ئەتوانێ پێشێلی بکات. پرسیارەکەی من ئەوەیە، شتێک کە ئومێدی ئازادی ئێمەبێت، چۆن ئەبێ کەسانێک ئازادبن لە حەرامکردنی؟
گەلێک کە چواردەوری بە دوژمن گیرابێ، چۆن ڕێگا بە خۆی ئەدا، لە خاڵی هێزی خۆی بدات؟ خاڵی هێزی ئێمە، ئەو شتانەیە کە کۆمان ئەکاتەوە. دەی ئێمە جگە لە نەورۆز چیترمان هەیە کۆمانکاتەوە، وا بێخەمین لە حەرامکردن و نابووتکردنی؟
هەڵبەتە خەتای سەلەفییەکان نیە، خەتای ئەوانەیە کە دەرگای کۆمەڵگایان بۆ ئەخەنە سەر پشت. ئەوانەی سامانی وڵات دە دزن و دەیدەن بە و داگیرکەرانە، هەر بەوە نەوەستاون، سیاسەت و فیکر و بیروباوەڕی خەڵکیان بردووە بە لای سەلەفیەکاندا، کە بێگومان دەستێکی نائەمینە بۆ ئەو ئەمانەتە.
خەڵکی ئێمە زۆری لە مەسول و مناڵە مەسول قبوڵ کرد، ئیتر بەسەو حەق نیە ئەوەیان لێ قبوڵ بکەین، کە ڕەمزە نەتەوەییەکانیش بە دەردی نەوتەکە ببرێ. نەوتەکە لە جامانەی شۆڕشدا نێژرا، حەقە نەیەڵین نەورۆز لە ڕیشی سەلەفیەتدا بنێژرێ.
وەزارەت و بەڕێوەبەرێتییەکانی ڕۆشنبیری، ئیشیان هەر ئەوەنیە ئاگر بکەنەوەو کولتووری مادو پیرەمێرد زیندو ڕاگرن، ئەرکیشیانە لە رێگەی حکومەت و پەرلەمان و پرۆژە یاساوە، دژایەتیکردنی نەورۆز، قەدەغەو یاساغ بکەن، ناکرێ تاکە چەتری کۆکەرەوەمان لێ ی بدرێ بە بەرچاومانەوەو هیچ نەکرێت.
کورد ناتوانێ داهاتووی هەبێت، ئەگەر لە دەوری چیرۆکەکانی خۆی کۆنەبێتەوە. ئێمە بەوە کوردین کە هەموومان نەورۆز ئەکەین، ئەگەر وردە وردە نیوەمان بکشێینەوەو نەیکەین، ئیتر نیوەگیان ئەبین، چونکە نەورۆز گیانمانەو نابێ بیەڵین ئەو گیانە دەرچێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست