بەڵێ بۆ عیلمانییەت
Monday, 23/08/2021, 19:05
عیلمانییەت ئازادی ئیمان و بیرو باوەڕت ئەداتێ و بڕوات بە هەر دین و خودایەك هەبێت، شتەکە بۆ دڵ و ناخ و دەروونی خۆتە. بەڵام دینەکان و بەتایبەت ئسیلام، ئازادییت زەوت ئەکاو شتەکە بە زۆر ئەسەپێنێت.
ئیلحادو عیلمانییەت نایەتە ناو ژیانی تایبەتی کەسەکان و لێیان ئەگەڕێ بە دڵ و ئازادی خۆیان ڕێگا جیاوازەکان هەڵبژێرن و تاقیبکەنەوە. بەڵام ئیسلام بە توندوتیژی و شمشێرو بە پێشێلکردنی ژیانی شەخسی و بە سەپاندنی جلوبەرگێكی تایبەت و شێوەژیانی تایبەت خۆی فەرز ئەکات.
ئیسلام لەبری ئەوەی پەروەردەی ڕۆحیت بکاو لە تاوانی دزیی پاشگەزت بکاتەوە، دێت دەستت ئەبڕێت، کە لێرەدا تۆ جگە لەوەی ڕۆحت چارەسەر نەبووە، جەستەشت ئەشێوێ و دەروونیشت خراپتر ئەبێت. بەڵام عیلمانیەت لێتئەگەڕێ بۆ یاساو دادگاو سزا، کە ئامانجی چاکسازیی تاوانبارە، نەك ئازاردانی تاوانبار.
ئەگەر تاکو سەدەکانی ناوەڕەست، کەنیسەش سوپاو شەڕو دەسەڵاتی هەبووبێ و باوەڕی بە سەپاندنی دین هەبووبێ، بەڵام لە دوای ئەوەوە، عیلمانیەت سنوری بۆ دائەنێ و شۆڕشی ڕۆشنگەری ڕووئەداو ئیتر کەنیسەش ئەچێتەوە بۆ دۆخی ڕۆحی و ئاشتیخوازیی. بەڵام ئیسلام توانای گۆڕان و بەخۆداچوونەوەی نیەو هێشتا لە قۆناغی شەڕو توندوتیژی و سەپاندنی دەسەڵات و دامەزراندنی خیلافەتدایە!
لە دنیای ڕۆژئاواداو لەسایەی عیلمانیەتدا، تەواو هەست بە ژیانێکی ئاسایی و یەکسانی ژن و پیاو ئەکەیت و ئەوان گەیشتوون بە قۆناغی مرۆیی. بەڵام کۆمەڵگای ئیسلامی هیشتا لە قۆناغی جیاکاریی ڕەگەزی و پلە دوویی ژندایە، کە ئەمە قۆناغێکی تەواو وەحشیانەو نائینسانییەو ڕۆژانە تاوانی گەورەی لێئەکەوێتەوە دەرهەق بە ژنان و ماف و ئازادییەکانیان!
لە دنیای عیلمانیدا مەسەلەی فرەژنییمان نیە، چونکە ژن و پیاو یەکسانن و بە ئازادی زەواج و پەیوەندی خۆیان دروستئەکەن و بە ئازادی کۆتایی پێئەهێنن. بەڵام لە ئیسلامدا فرەژنیی بابەتێکی باوە، کە ئەمە جۆرێکە لە کۆیلەکردن و بە موڵک کردنی ژن و عەیبەیە بۆ ئینسانییەت، کە هێشتا لەو ئاستە نزمەی هۆشیاریدابێت، کە ژن وەکو موڵك سەیربکرێ و وەکو هەموو کەل و پەل و شتە مادییەکان پیاو بتوانێ چەن دانەیەکی هەبێت!
لە ئیسلامدا سزای دینگۆڕین، کوشتنە. بەڵام لە عیلمانییەتدا، گۆڕینی بیرو باوەڕ، ماف و ئازادی ئینسانە خۆیەتی و کەس بۆی نیە لەسەر ئەوە سزای بداو لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات. کە ئەمەش جۆرێکە لە مرۆڤدۆستی و ئازادی و ڕیزگرتنی بڕیاری مرۆڤەکان.
کۆمەڵگا ئیسلامییەکان گیرۆدەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرو گەندەڵن و نەیانتوانیوە دەسەڵاتێکی دادپەروەرو ژیانێکی بەختەوەر دابین بکەین، بەڵام کۆمەڵگا عیلمانییەکان توانیویانە دەسەڵاتێکی دیموکرات و عادل و کۆمەڵگایەکی بەختەوەرو سەروەریی یاساو مافی مرۆڤ دابین بکەن!
کۆمەڵگا موسوڵمانەکان ئەوانەن کە خەڵك لێیان ڕا ئەکات و پەنا ئەهێنن بۆ کۆمەڵگا عیلمانییەکان. کە ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی جیاوازی ئەم دوو کۆمەڵگایەیە. عیلمانی و بێدینەکان باوەش بۆ پەنابەری موسوڵمان ئەکەنەوە. کەچی موسوڵمانەکان خۆیان باوەش بۆ یەکتری ناکەنەوەو تۆ ناتوانی لە مەکەو مەدینە پەنابەربیت. کە ئەمەش نیشانەی پەروەدەی سەقەتی دینی و پەروەردەی دروستی نادینییە.
جا ئەگەر لەملاوە دین ئەمەی ئێمەی بەرهەمهێنابێ و لەوڵاشەوە بێ دینی و عیلمانییەت ئەوەی ئەوانی بەرهەمهێنابێ، من بە شانازییەوە ڕایئەگەیەنم بەڵێ بۆ عیلمانییەت و دینیش مەسەلەیەک نیە لام. چونکە ئەوەی ئەوان ئاشتی و ئازادی و هاوکاریکردنی یەکترییە، ئەوەی ئێمەش شەڕو یەکترکوشتن و کۆیلایەتی و دواکەتوتووییە. هیوادارم هەرکەسیش ئەم وتارەم ئەخوێنێتەوە، ئەویش واز لە ئەفکاری دینی شەڕەنگێز بهێنێ و لەناو عیلمانییەتدا ئاشتی و پێکەوەژیان بدۆزێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست