دیاردەی ئاین لە کۆمەڵگای کوردیدا
Thursday, 17/11/2022, 19:40
بەشێوەیەکی گشتی دیاردەی ئاینەکان لەڕۆژئاوا وزۆرێك لەوڵاتانی پێشکەوتو کاڵبوەتەوە وەئەکرێ بڵێین لەنەماندایە، بەنمونە کەپەیوەندی خۆشەویستی نێوان کوڕوکچێك دروست ئەبێت یان گرێبەستی هاوسەرگیری پێکدێنن هیچ کات جیاوازی بیروباوەڕ یان ئاین ومەزهەب نابێتە ڕێگر لەنێوانیاندا، هۆکاری ئەم یەکسانیەش ئەگەڕێتەوە بۆئەوەی کەهەردوو ڕەگەز بەمەبەستی باش ناسینی یەکتر بۆماوەیەکی زۆر لەکاتی پەیوەندی خۆشەویستیاندا پێکەوە ئەژین بەبێ ئەوەی ترسیان هەبێت لەعورف وعاداتی کۆن یان کەلتور یان جیاوازی ڕەگەز وئاین، بۆیە دەرئەنجام بەشێوەیەکی تەندروست بڕیاری هاوسەرگیری ئەدەن.
هەموو ئەم جۆرە پێشکەوتن وپەرەسەندنی یەکسانیە لەڕۆژئاوە بەنمونە ئەگەڕێتەوە بۆپەروەردەیەکی تەندروست کەدەسەڵات بەسیستەمێكی پوخت لەکۆمەڵگادا فەراهەمی دەکات، هاوکات تەواو پێچەوانەی سیستەمی پەردوەردە وبەڕێوەبردنی دەسەڵاتدارانە لەڕۆژهەڵات کە ئاین ومەزهەب زۆرجاریش کەلتور زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا، هەندێ جاریش دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان ئەم چەشنە دیاردە کۆنانە وەك ئاین وکەلتور بەکاردێنن بۆچەواشەکردن ومانەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات، هەربۆیە زۆرێك لەتاوانەکان وەك ژن کوشتن ڕۆژ لەداوی ڕۆژ لەپەرەسەندندایە، کەبێگومان هۆکاری سەرەکی ئەم چەشنە تاوانانە ئەگەڕێتەوە بۆجیاوازی ئاین وبیروڕا.
مەبەستمە لێرەدا پەنجە بخەمەسەر کەیسێكی شاراوە کەدیاردەیەکی ناشارستانیە ولەساڵی ٢٠١٩ لەناوچەی بادینان ڕویدا وبوبەهۆی کوژرانی کچە یەزیدیەك بەناوی نادیە شەمۆ حەسۆ، کەتەنها تاوانی نادیە ئەوەبوە پەیوەندی خۆشەویستی هەبوە لەگەڵ کوڕە موسوڵمانێك بەناوی زێرەڤان ئەحمەد عومەر، پاشئەوەی شەمۆ باوکی نادیە بەم پەیوەندیە ئەزانێت دڕندانە کچە ٢٤ ساڵەکەی بەفیشەك ئەکوژێت، زێرەڤانیش لەتاو کوشتن هەڵدێ وڕوو لەمەنفا ئەکات.
ئەوەی مایەی شەرمەزاریە بۆدەسەڵاتدارانی کوردی لەهەرێمی کوردستان گوێپێنەدان وکەمتەرخەمیە بەئەمجۆرە دیاردانە کەدینسالارەکان وپیاوسالارەکان تییدا پاڵەوانن، هاوکات لەبری چەسپاندنی یاسا وڕێگاچارەیەك بۆکەیسەکە بەپێچەوانەوە لەدوای تێپەڕبونی ٣ ساڵ بەسەرتاوانەکەدا کەچی لەسەرەتای مانگی ١١ی ئەمساڵدا ئاسایشی زاخۆ هەڵیان کوتاوەتە سەرماڵی باوکی زێرەڤان وبراگەورەکەی بەناوی نەزیر دەستبەسەرکردوە بەبیانوی ڕادەستکردنی زێرەڤان.
پەرەسەندنی ئەم دیاردە قێزەوەنە ناشارستانیانە کەلەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێ ئەوەمان پێدەڵێت کەحوکومڕانیەکی بێ بنەما وبێدەستوریە ودورە لەبەهاکانی مافی مرۆڤ، بۆیە ئەرکی ئێمەی ڕۆژنامەڤانە ئەمجۆرە دیاردە قێزەوەنانە بخەینە ڕوو وشەرمەزاری بکەین، بۆئەوەی هەموو کورد ودنیا بزانن لەسەردەمی ئێستادا چی کارەساتێ ئەگوزەرێ لەهەرێمی کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست