تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە کورد
Tuesday, 06/09/2022, 23:33
ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی بەرانبەر بەکوردانی ناوچە دابڕاوەکان ئەیکات مەگەر حزبی بەعسی گۆڕبەگۆڕ ئەنجامی دابێت، هاوکات کردەوەکانی حەشد ئەیسەڵمێنێ کە ئەم ڕێکخراوە دامەزراوە بۆدژایەتیکردنی میلەتی کورد لەعیراق بەتایبەت ناوچەکانی کەرکوك ودوزخورمات وناوچەکانیتری کێشە لەسەرەکان، بەپێی سەرژمێرە بەرایەکان لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە تاکو ئێستا زیاد لە ٤٥٠٠ ئینسانی کورد بەهۆکاری جیاجیا بەدەستی گروپی تاوانباری حەشدی شەعبی کوژراون و٢٢٠٠٠ کوردیش ماڵوحاڵی خۆیان بەجێهێشتوە، هاوکات ٢٦٥٠ ماڵ وموڵکی هاوڵاتیانی بێتاوانی کورد تەقێنراوەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە نەحکومەتی مەرکەزی ونەحکومەتی کوردیش دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی ئەم گروپەیان نیە، تەنانەت بەپێی یاساش دەسەڵاتی ئەوەیان نیە تاوانباران ڕوبەڕوی دادگابکەنەوە، بۆیە کوردانی دانیشتوانی جێناکۆکە لەسەرەکان هیچ چارێکیان نیە جگە لەسەردگەردانی وبەجێهێشتنی دەڤەرەکانیان.
ئەوەی لەناوەڕاستی مانگی ٧/٢٠٢٢ لەشاری کەرکوك لەگەڕەکی ڕەحیم ئاوا لەماڵی هاوڵاتی (علی امین فەرەج) ڕویدا، بەهیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵکردن نیە کەبەڕۆژی نیوەڕۆ بەبەرچاوی هاوڵاتیانەوە چەند مەفرەزەیەکی چاکداری حەشدی شەعبی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو هەردوو کوڕەکەیان بەناوی جمیل وجلیل قۆڵبەست کردوە ڕفاندویانە، تاکو نەسینی ئەم هەواڵە بێسەوشوێنن وکەس نازانێ چیان بەسەرهێناون، ئەم گروپە دژ بەمرۆفانە بەوەشەوە نەوەستاون بەڵکو لەهەمان کاتدا بەبەرچاوی خاوەن ماڵەوە هەمان کات خانوەکەشیان ڕوخاندوە، بەپێی ووتەی خاوەن ماڵ وهاوکات باوکی دوو کوڕە ڕفێنراوەکە گوایە حەشدی شەعبی دوو جار جمیل وجلیل ی ئاگادارکردوەتەوە کەئەبێ پەیوەندی بەحەشدەوە بکەن ئەگەرنا خراپیان بەسەردێنن، کوڕەکانی علیش ڕەدیانکردوەتەوە کەپەیوەندیان پێوەبکەن.
ئەم دیاردە قێزەوەنانەی حەشدی شەعبی کەیسی( احمد محمود امین) مان بیردەخاتەوە کەلەساڵی ٢٠١٧ کوڕەکەیان بەناوی ڕێبوار کوشت وخانوەکەیان تەقاندەوە وپاش دوو ڕۆژ احمد واتە باوکی ڕێبواریشیان کوشت، بەوەشەوە نەوەستان ویستیان کوڕەکەیتریش بەناوی شاهۆ بگرن، بەڵام شاهۆ شانسی هەڵاتنی بۆڕەخسا وخۆی گەیاندە دەرەوەی ووڵات.
ماوەتەوە بڵێم نەمیدیای کوردی ونەعەرەبیش بەهەند ئەم جۆرە تاوانانە وەرناگرن، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەبێ کێ بەرپرسیاربێت لەم تاوانانە کەدەرحەق بەکوردی بێتاوانی ناوچەدابڕاوەکان ئەکرێت؟، ئەگر حکومەتێك هەیە بەناوی حکومەتی عیراق یان حکومەتی هەریمی کوردستان بۆڕێگری لەم جۆرە تاوانانە ناگرن؟.
لەم سۆنگەیەوە داوا لەهەموو میدیاکارانی عیراقی بەکورد وعەرەب وهاوکات هەموو ڕۆژنامە وگۆڤارە ئازادی خوازەکان ودەزگاکانی مافی مرۆڤ ئەکەم، کەبەیەك دەنگ ئەم دیاردە نامرۆڤانە ئیدانە بکەن وبەیاننامەیەکی ناڕەزایی هاوبەش دەربکەن وبیگەیەننە سەرۆکایەتی هەردوو دەسەڵاتی عیراقی وکوردی.
پاراستنی سەروسامانی هاوڵاتیانی کوردی جێناکۆکەکان ئەرکی سەرشانی هەمووانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست