نووسەرەکان خوڵقهێنەرن

Wednesday, 05/04/2023, 16:09


کۆمەڵگای باشووری کوردستان،بەتایبەت دوای رووخانی حیزبی بەعس،بە دەست چەند بابەتی گرینگەوە دەناڵێنێ.یەک لەو بابەتانە ئەودەسەڵاتەی کە لە ئاستی داگیرکاریدا تەنیا جیاوازییەک  دەگەڵ سەددام هەیەتی ئەوەیانە سەددام عەڕەب وئەوانە خۆیان خزاندۆتە پەنای سەروو دوو ئاڵا و نیشتمان و شەهیدوخۆیان بە کورد و ئازادیخوازدەزانن.
سێ دەیە زیاترلە داگیرکاریی ئەو دوو بنەماڵەیە تێدەپەرێ. لەوماوەیەدا جگە لە بەد بەختی وهەژاری وزیندان وشکەنجە هیچیان بۆ کورد نەکردوە. لەناوئەو گشتە نەهامەتیەدا خراپترین ئاکاڕێکی کە لە سای بنەماڵەی بارزانی سەری هەڵداوە بە کوێلە کردنی تاقمێک رووناکبیر و نووسەر و مامۆستای زانکۆیە. پارەی دزیەتی ئەو چەتانە دەستی تەماحی کەسانێکی نەفس نزم و کۆیلەی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە. بە واتایەکی دیکە، پێنووس فرۆشەکانی سەربەو دەسەڵاتە، مێژووی دەیان ساڵەی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبچە وهەزاران شەهیدی دیکە ئەو خاکەیان کردە قوربانیی نووکی پێنووسی خۆیان بۆ ئەوە ژیانی تایبەتی خۆیان مسۆگەربکەن.
یەکێک لەو کەسانەی کە ئەورۆژانە خۆی گەیاندەوە بەر دەرگای بنەماڵەی بارزانی ونەتەوەیەکی بە سووک وچروک پێناسە کرد بۆئەوەی بنەماڵەی بارزانی لە بیری نەکەن، کەسێکی لۆمپەنە بە ناوی حەمە سەعید حەسەن، کە گۆیا لە رابوردووشدا کۆنە کومونیست بووە وخەریکی رزگارکردنی چینی رەنجدەر بووە.
هەڵکەوت زاهیر، حەمەسەعید حەسەن، فوئاد مەجید میسری
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی نووسەر و رووناکبیرهزری بوێری وهەستی خوڵقاندنی ئەو راستیانەیە کە داوێنی کۆمەڵگا دەگرێتەوە. لە هیچ کوێی دونیادا نووسەرو رووناکبیرپاکانە بۆ دەسەڵاتێك ناکا کە لە دوژمن، دوژمنترە بۆ خەڵک و نیشتمانی خۆی.
کەسانی وەک حەمەسەعید حەسەن، درێژەدەری ئەو تڕاژیدیایەن کە ناومان نابووئەنفال. هەموومان لە بیرمانە ئەنفال چی بەسەر کورددا هێنا، بەڵام ئەوەی کە ئەنفالی کردین خۆ کورد نەبووە. لە کۆمکوژیی ئەنفالدا خاک وگیان و جوغڕافیا وهەست و نەستی کورد بۆ فەرماندەرانی ئەنفال رەوا بینرابوو.
ئەوەی کە لە ئەنفالی دوژمن بۆ داهاتووی نەتەوەیەک مەترسیدارترە، کوشتن وئەنفالکردنی هزر و مێشک وباوەڕییەکانی نەتەوەیەکە، کە وڵاتی کێمیاباران کراو و ئەنفالکراوی پێ ئاوەدان دەکرێتەوە. نەتەوەی هوشیار ئەگەر دەیان جار بکەوێ خۆی راست ئەکاتەوە.
حەمەسەعید حەسەن و حەمەسەعید حەسەنەکان، مێشک وهزروهوشیاریی نەتەوەیەک وەها دەخەسێنن کە ساڵانێکی دوور و درێژی دەوێت تا کۆمەڵگا لە چەنگ ئەو پێنووس بە دەستانە رزگاری بێت. ئەوانە خوڵقهێنەری رۆژگارێكن کە دەسەڵات رێگایان بۆ خۆش دەکات وئەوانیش بۆ بژیوی ژیانی خۆیان ملکەچی ئەو دەسەڵاتە دەبن کە لە داگیرکەرمەترسیدارترە. سرووشتی راستەقینەی نووسەرێکی بوێرخوڵقاندنی راستیەکانە. سروشتی نووسەری ترسنۆک وبێ ویژدانیش چەواشە کردنی راستیەکانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە