سیاسەت پەروەردەکردنی ئەسپ نییە

Thursday, 29/12/2022, 18:49


مەلا محەممەد فایق شارەزووری دەڵێ: نێوان پەنجەکانی پێغەمبەر وەک بەلوعە ئاوی پێدا دەهات! سی هەزار جەنگاوەر لەو ئاوەیان خواردۆتەوە!


گومان لەوەدا نییە هەر ئێستێ پێغەمبەر زیندوو بێتەوە و گوێی لە قسەی ئەو مەلایە بێت لەوانەیە شەرم دایبگرێ. رەنگیشە بە پێچەوانەوە بێ چەپلەی بۆ لێداودەستی بەشانیدا بێنێ و بیکاتە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خۆی. گومانم نییە ئەوکات پێغەمبەر و جێگرەکانیان کەسانێک بوون  تارادەیەکی باش کۆمەڵگایان ناسیوە و توانیویانە بەسەریدا زاڵ بن. فەرمو چاو لە لایەنگرەکانی شێخ نێهرۆ  بکەن! خۆ ئێستێ ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییە، چۆن بە غاردان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنەکانی دیکە دێن و دەست و قاچی ئەو شێخە ماچ دەکەن، چۆن دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد و سەوز خۆیانیان لێ نزیک دەکەنەوە تا لە ڕێگای ئەوانەوە دەنگ بۆ خۆیان وەربگرن!
لەسەردەمی هێرشی عەڕەبەکان بۆ ئێڕان بە فەرماندەی عومەر کوڕی خیتاب،کاتێک لەشکری ئیسلام دەگاتە ئێران لە سەردەمی ساسانییەکاندا بەسەر کتێب و کتیبخانەکانی ئەو سەردەمدا دەکەون ونازانن چییان لێبکەن. پەیام دەدەنە عومەر و پێی دەڵێن: چی لەو هەمووە کتێبە بکەین؟
عومەریش زۆر زیرەکانە دەزانێ ناوەرۆکی ئەو کتێىانە زەرەریی بۆ ئەوان هەیە و خەڵك هوشیار دەکاتەوە. بۆیە بە لەشکرەکانی ئیسلام دەڵێ: بزانن ئایا ئەو کتێىانە دژی ئیسلامن، ئەگەر وابوو، بیانسووتینن، ئەگەر دژی ئیسلامیش نەبون هەر بیانسووتینن، ئەوە نییە قوڕعانمان هەیە، ئیتر ئەو کتێىانە زیادەن و دەبێ لەناو بچن. بۆیە دەستکرا بە سووتاندنی کتێب. لەو سەردەمدا بووە، کە کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێک ڕۆیشت کە ئەو ڕۆکە کەسێکی وەک مەلا محەممەد فایق شارەزووری بە رۆژی رووناک خەڵكی پێ دەگەوجێنێت.
محەممەدی پێغەمبەر  وەک ئێمە مرۆڤ بووە. چۆن نێوان پەنجەکانی مرۆڤێک وەک بەلوعە ئاوی پێدادێ و سی هەزار جەنگاوەریش ئاوی لێدەخواتەوە! ئەمڕۆ بۆ ئەوەی نەتەوەیەک پشت گوێ بخرێ و سیاسییە فێلبازەکانیش کۆماڵگا بە دواکەوتوویی رابگرن، پەنا بۆ ئەو جۆرە قسانە دەبەن. بێگومان لە پشتی سەری ئەو دواکەوتوییە دەوڵەتانی زلهێز و  خاوەن بەرژەوەندیخواز ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.
دەسەڵاتیش لە باشووری کوردستان وەک کەری ناوجۆگە قازانج لە هەر دوولا دەبینێ. لە چەند ساڵی رابوردوودا بەتایبەت دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار هیچێان لەبارادا پێنەماوە، بۆیە پەنایان برۆدۆتە بەر تاقمێك مەلای دەسترۆشتووکە لە هەندەرانڕا خەتیان دەدرێتێ. زۆری ناخایەنێ کە باشووری کوردستان پێش تالیبانی دەسەڵاتدار لە ئەفغانستان بکەوێ.
سیاسەت و ئەو بارودۆخە:
سیاسەت پەروەردەکردنی ئەسپ نییە. مرۆڤی کارامە و شارەزا و خۆنەویستیی دەوێ. دواکەوتوویی کۆمەڵگا پێنجە نییە کە قاچی مرۆڤ لەسەر پلەی یەک یان دوودا بێ، ئەگەر سەرکەوتی شانازیی پێوە بکەی. دواکەوتیی جار جار سنوور دەبەزێنێ. مەلا مستەفا دوو دەمنەی هەبووە کە پەیتا پەیتا جگارەی پێ دەکێشا! چەکدارەکانی هاتبوونە سەر ئەو باوەڕە یەکێک لە مۆدنەکانی / دەمنە / بۆ جگارە کێشان نییە و دژە تانکە!
تا ئایین وەک کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بۆ دەسەڵات لە باشووری کوردستان کاری پێ بکرێ و ئەو دوو بنەماڵەیەش رێخۆشکەر بن باشووڕی کوردستان جگە لە دەستدانی ژێرخان و سەرخانی ئابووری، مێشکی چەقبەستووی مرۆڤەکان رۆژ لە رۆژ زیاتر بەرەو چەقبەستوویی هەنگاودەنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە