سەلاحەدین بەهائەدین (قعقاع)ی كوردكوژەكەی ئێستا
Tuesday, 16/04/2013, 12:00
یەكێك لە بەدبەختییەكانی گەلی كورد بوونی ئەو كەسانەیە تەنانەت یەك خولەكی ژیانیشیان لە بەرژەوەندیی گەلەكەی سەرف نەكردووە و یەك دڵۆپە عارەقەیان نەڕشتووە و بڕواشی بەوە نییە لە پێناو سەربەرزیی وڵاتەكەی دڵۆپە خوێنێكیش بڕێژێن، بەڵام لە هەمان كاتدا ئامادەن بۆ لاوازكردنی وڵاتەكەیان هەموو شتێك بكەن. ئامادەن بۆ تێكشكاندنی ئیرادەی گەلەكەیان هەموو دەرگەیەك بكوتن و چاوساغی بۆ هەموو نەیار و دوژمنێكی كورد بكەن. مێژووی گەلی ستەمدیدەی كورد پڕە لەو نموونانە.
بوونی ئەو جۆرە خەڵكە نە بە ڕێكەوتە و نەیش دەستی قەدەر بە سەر گەلی كورد دا سەپاندوویەتی بەڵكو لەدایكبووی پلانی نەیارانی گەلی كوردە بۆ ئەوەی كوسپ بۆ خەون و ئامانجە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دابنێن هەتا لەسەر پێی خۆی نەوەستێت و كورنیش بۆ بێگانە ببات. ئەمینداری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی سەلاحەدین بەهائەدین لەو تەرزە كەسانەیە دوژمن و ناحەزانی گەلی كورد هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچنیوە. ئەو ئامانجەی نەیارانی گەلەكەمان نەیانتوانی بە ئەنفاڵ و قڕكردن و كیمیاباران و تەعریب و جینۆساید بهێننە دی بە دروست كردنی بەهائەدین و هاوشێوەكانی بەهائەدین بپێكن. سەلاحەدینەكانی ئیمڕۆی كوردستان ئەو دەستتانەن كار بۆ لەگۆڕنانی هەتاهەتایی خەونە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دەكەن. ئەو كەسانەن تۆزقاڵێك بڕوایان بە كەرامەت و سەربەخۆیی میللەتی كورد نییە.ئەو هزرەی بەهائەدینەكان لە پێناوی كار دەكەن درێژكردنەوەی ژێردەستەیی و پاشكۆبوونی گەلی كوردە بۆ ئەو هێزانەی سەدان ساڵە بەنیازن گەلی كورد بكەنە كۆیلەی خۆیان.
ئەو ڤایرۆسەی ئێستاكە بەربووەتە گیانی وڵاتەكەمان و لەژێر پەردەی دین دەیەوێت گەلی كورد لەهەموو سەربەرزی و كەرامەتێك دوور بكاتەوە زۆر مەترسیدارترە لە چەكی كیمیاوی و جینۆساید. چونكە ئەگەر دوژمن ڕۆڵەكانی ئێمەی شەهید كردبێت بەڵام نەیتوانیوە ئیرادە و ئامانجەكانمان لێ بستێنێت. ئەوەی سەلاحەدین بەهائەدین دەیكات هەوڵدانە بۆ ئەوەی پیرۆزی و ئامانج و ئیرادەی تاكی كورد بشێوێنێت. هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئینسانی كورد بەرانبەر مێژوو و شانازی و داهاتووی گەلەكەی نامۆ ببێت.
بەلای بەهائەدیننەوە زمان و دابونەریتی كوردەواری هیچ مانایەكی نییە. مێژوو و سەروەرییەكان و قوربانیدان و كەڵەپیاوەكان هیچ شوێنێكی لە ئەدەبییاتییاندا نییە. كۆماری كوردستان و شۆڕشەكانی كورد و بارزانی و شیخ سەعیدی پیران و شێخی نەمر هیچ واتایەكیان نییە. داستان و قارەمان و شەهیدەكانمان بەلای بەهائەدین و قوتابخانەكەی نامۆ و بێ بەهان. بەها و مێژوو و بەرژەوەندیی داگیركارن و ناحەزانی گەلی كورد بەلای سەلاحەدینەوە ئەولەوییەتی یەكەمە. ڕقی لە خۆماڵیبوون و ڕەسەنایەتییە ڕقی لە كولتوور و جلوبەرگی كوردییە و چاوی بە ئاوەدانی و خۆشبەختیی كوردستان هەڵنایەت.
سەلاحەدین بەهائەدین و هاوشێوەكانی بچنە سەر كەشكەڵانی ڕۆژیش ناتوانن زەڕڕەیەك لە غیرەت و شەجاعەتی شێرەژنێكی كورد بگەن كە چۆن لە زیندانەكاندا بەڕووی جەلادەكانی بەعس دەهاتنەوە و گیانی خۆیان فیدای میللەتەكەیان دەكرد. لەلای سەلاحەدینەوە بەهای نامووسی ژنەكەی (بەنی قینقاع)ـی مەدینە زۆر زیاترە لە گیانی پاكی شەهید لەیلا قاسم. سەلاح پاوەیی و شوێنكەوتووانی هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ (قعقاع)ـێ خوێنڕێژ نییە كە هێمای دڕندەیی فتوحات و داگیركاریی سەرزەمینی بابوباپیرانمان بووە. جاران قعقاع وڵاتمانی داگیر دەكرد و ژن و منداڵی كوردی لەتوپەت دەكرد. دوێنێ سەدام ئەنفالی دەكردین ئێستاكەیش سەلاحەدین و شوێنكەوتووانی بەنیازن وڵاتە ڕەنگینەكەمان بكەنە پاوانی قعقاعەكانی سەردەم كە وەك دێوێكی ڕووگرژ لە مسر و قەتەر و سعودییەوە بۆ تاڵانكردنی وڵاتەكەم ددان تیژ دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست