بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


ئاوێنە بچکۆلەکان

Wednesday, 26/06/2024, 23:12


ئاوێنەگەلێکی بچووکن، کە گۆشەیەک لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە دەخنە بەرچاوی بەشێک، یان کەسانێک لە نەتەوەکەمان، بە مەبەستی پیشاندان و ڕوونکردنەوە و پێشنیازکردنی چارەسەرگەلێکی لۆجیکی گونجاو لەگەڵ قۆناغ و بارودۆخە هەستیارەکاندا، جاروبار تیشکەکانیان لە گۆشەیەکی ترەوە ڕوو لە پانتایی بیرکردنەوەی (تۆ) دەکەن، بە مەبەستی بزواندی بیر و گفتوگۆکردن و پێت دەڵێن: ئەم مەسەلەیە دەشێ بەم جۆرەش لێک بدرێتەوە...بە واتایەکی تر وشە بەرانبەر وشە، بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤ بوونمان...

ئاوێنەی یەکەم:

زۆربوونی ناولێنانی عەرەبی - ئیسلامی لە منداڵانی کورد لە باشووری نیشتماندا
لە پێش پیاغەمبەری موسڵمانەکاندا لە جزیرەی عەرەبی وەک ناوی یەکەم هیچ کەسێک نەبووە ناوی محمد بێت، سریانییەکان (محمدا) یان بەکار هێناوە کە مانای زۆر ستایشکراو دەدات، ئەوەش وەک نازناو بەکار هاتووە نەک ناوی یەکەم، وشەی محەمەد لە سریانییەوە پەرێوەتەوە بۆ ناو زمانی عەرەبی و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زانایانی زمانی عەرەبی، ئەم وشەیە عەرەبی نییە و وەک وتم بەر لەوەی پێغەمبەری موسڵمانەکان ناوی خۆی بگۆڕێت و ئەم ناوە لە خۆی بنێت کە لە بنەڕەتدا خۆی ناوی (قثم) بووە کە مامی عەبدول موتەلیب ناوی ناوە بە ناوی کوڕێکی خۆیەوە کە مردووە و زۆریش خۆشەویست بووە لەلای، لای عەربەکانی سارای عەرەبی ئەم ناوە نەبینراوە، ئەوەش زانراوە کە پیاغەمبەری موسڵمانان ساڵانێکی زۆر بەرلەوەی پیاغەمبەربوونی خۆی ڕابگەێنێ هاتووچۆی ئەو ناوچانەی کردووە وەک بازرگانێک کە سریانی نشین بوون و کلتوور و باوەڕیی ئاینیان کریستییان بووە.
ڕاستە خەڵک ئازادن لەوەدا کە چ ناوێک بۆ منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن بەڵام لەبەرباری تایبەتی نەتەوەکەی ئێمە، کە بەر هێرشی لە ناوبردن کەتووە لەلایەن، چوار لەشکری دڕ، چوار ئابووری گەورە و سێ کلتووری ڕەگەزپەرستەوە و ئەو هێرشی بە عەرەبکردنی بیر، کلتوور و شێوەی ژیانەی کوردەواری لە باشووردا، وا چاکترە کە بۆ مانەوەی کلتووری زیاتر لە پەنجا ملیۆن (خەڵکی خوا کە پێیان دەوترێت کورد) پارێزگاری لەو دیارییە جوانەی خوا بکەین کە زمانی کوردییە، منداڵەکانیشمان تاوانیان نیین، کە باوانیان بە ئارەزووی دڵی خۆیان ناوێکی عەرەبیان بۆ هەڵدەبژێرن، کە ڕەنگە لە تەمەنی گەورە بوونیاندا حەز بەو ناوە نەکەن. لە هیچ کتێبێکی خوداشدا نەهاتووە کە دەبێت ناوی منداڵەکانتان ناوێکی (ئیسلامی عەرەبی) بێت، ئەوە قسەی مەلاکانە و قسەی زۆرینەی مەلاکانی ئەمڕۆش بستێ بڕ ناکات، چون زۆرینەیان دەیان فرسەق لە نەتەوەکە و خەمی نەتەوەکە دوورکەوتوونەتەوە و بە کلتووری نەتەوەکە نامۆن و زمانشڕ، جوێنفرۆش و ڕەزاقورسن، ئێمە جاران مەلاگەلێکمان بوو ڕۆحسووک، کوردمەشرەف، کوردستانپەروەر، خۆشەویستی خەڵک، داهێنەری ئەدەبیاتی کوردی، نووسەری بە ویقار، کەسایەتی کلتووریی باڵا، زمانزان، ئەستێرەناس، کۆمەڵناس و ماتماتیکزان بوون، پێشڕەوی سیاسەت و بزووتنەوەی ئازادی نەتەوەکە بوون و لەسەر وشەیەکی کوردی جەنگی مەغڵوبەیان بەرپادەکرد. خوێندەواری ممتاز و موزیکناس و تەنانەت داهێنەری بەستە و مەقامگەلی کوردیش بوون ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ناو هیچ پەیوەندی بەپلەی بڕواداربوونی کەسێکەوە نییە، محەمەدمان هەیە، ئەوەی خودا و مرۆڤایەتی پێی ناخۆشە دەیکات، محەمەدیشمان هەیە دەڵێی هەنگوینە.
بڕواش(کە دەبێت، مرۆڤەکەی گەیاندبێتە پلەی مرۆڤ بوون) پەیوەندی بە چاکەکارییەوە هەیە، چاکەکاریش هەمیشە لەگەڵ بڕوابووندا هاتووە، بۆ نموونە: من أمن و عمل صالحا….ئەم دوو وشییە لە زۆترین ئەو وشانەن کە لەپاش نووسینەوەیان لە کتێبەکانی خودادا لەگەڵ یەکدا هاتوون، خوا لە کەس ناپرسێتەوە کە بۆناوت محەمەد نەبوو؟ بەڵام بەپێی قسەی پیاغەمبەرەکان و ڕاسپاردەکانیان، لێی دەپرسێتەوە بۆ لەجیاتی ئەو خراپەیە و ئەو بەدییە کارێکی چاکت نەکرد؟!.
کلتووری چاکەکاریش، بەر لە هاتن و بڵاوکردنەوەی ئاینی موسڵمانێتی، لە وڵاتی ئێمەدا سەرمەشقی ژیانی خەڵک بووە و دروشمێکی سێ کوچکەیی ژیانیان بووە کە باس لە (بیری چاک، وتەی چاک و کرداری چاک) دەکات*.
زمانی کوردی وەک هەموو زمانەکانی تر دیاری خودایە بۆ کورد و بەنرخ و شایانی ڕێز لێ گرتنە و پشتگوێ خستنی وەک ناڕەزاییە بەو نیعمەتانەی کە خودا پێی داویت.
حەمەی کوردیش هیچ پەیوەندی بە محەمەدای سریانی و محەمەدی عەرەبییەوە نییە، بەڵکو وشەیەکی زمانی کوردی منداڵانی کوردە بۆ خۆشەویستی بەکاردێت و لەو وشەیەوە هاتووە کە دایکی کورد کاتێ خواردن دەدات بە منداڵەکەی بەکاری دێنێت کە وشەی(حەم)ە، لە ناوچەی سلێمانی بەهەر منداڵێک کە ناوی نەزانن، پێی دەڵێن: حەمەگیان.
وا شایانترە کە پارێزگاری لە کلتوور و زمانی خۆمان بکەین و برەوی پێ بدەین وەک خزمەتێک بە پەنجا ملیۆن خەلقی ستەمدیدەی خوا کە پێیان دەڵێن کورد و وەک سپاسگوزارییەک بۆ خوا کە نیعمەتی کورد بوون و زمانی کوردی بە ئێمە بەخشیووە.
شتێکی تر کە گرنگە ئێمە بیزانین: ئاین و بیروڕا نەتەوە نییە، مەزهەب و ئاین، بیرکردنەوەی مەعنەوی کەسێکە، بەڵام کوردبوون نەتەوەیە، ناتوانین نەتەوایەتی خۆمان لە خۆمان دابماڵین، بەڵام دەتوانین بیروڕامان بگۆڕین، کاک ئەحمەدی
موفتی زادە دەڵێت: "ئێمە بەر لەوەی موسڵمان بین کوردین، کوردبوون، بوونی ئێمەیە، موسڵمانێتی بڕوای مەعنەوی ئێمەیە".
کەواتە ئێمە وەک کورد لە دایک دەبین دوایی هەروەک باوانمان لەسەر هەمان بیرکردنەوەی مەعنەوی دەمێنینەوە و وەکی ئەوان بیردەکەینەوە، چ هەڵبژاردنێکمان لەبەردەستان نەبووە، کە خۆمان لێیان وردبینەوە و شەنوکەوی بکەین و بیبێژین و ئەوسا دەسچنێکی بیرکردنەوەی لێ بچنین و بۆ خۆمان بیکەین بە ڕێبازی مەعنەوی ژیانمان، هەرچی بووە بۆمان ماوەتەوە.
گرفتی زۆر لە کەڵەکەبوونی بارستاییەکی گەورەی هەزارساڵی لە لێکدانەوە جۆراوجۆرەکانی قورئاندا دروست بووە بۆ موسڵمانەکان، کە تووشی جەنگی خوێناوی گەورەی کردوون، مافیان بە خۆیان داوە کە هۆز و میللەتانی دی قڕ بکەن، فەیلەسوف و بیرمەندان بکوژن و حوکمی سووتاندنی کەسانێک بدەن کە وەک ئەوان بیری نەکردۆتەوە، میللەتەکەی ئێمە لەو میللەتانەیە کە دەیان جار تووشی فرمانی لە ناوبردنی سپای کۆن و سەردەمی موسڵمانەکان بۆتەوە، کە پاساوی جینۆسایدەکانیان بردۆتەوە سەر سوورەتەکانی قورئان و دروشمی هێرشەکانیان وشە و ئایەتی قورئان بووە، ئەو گرفتانە دەگەڕینەوە بۆ چەند بنەمایەکی چەوت لەوانە، کەسی موسڵمان پێی وایە کە:
1- ئاینەکەی ئەوان باڵادەستە و مافی پێشڕەویکردنی مرۆڤایەتی هەیە.
2- پاکیزەیی ئەوەی ئەوان بڕوایان پێیەتی ( دینی ئەوان)، ئەمەش مانای وایە ڕەخنە، قبوڵ ناکات و تەنیا ئاینەکەی خۆی پێ درووستە و هەموو بڕوایەکی تر ڕەت دەکاتەوە.
3- وەڵامی بۆهەموو پرسیارەکان هەیە.
4- دەڵیت ئاینەکەی بۆ هەموو سەردەم وهەموو جێگایەک گونجاو و درووستە.
5- هەمیشە وا بیردەکاتەوە کە هەموو دنیا دوژمنی ئاینی ئەوە و دەیانەوێ وێرانی بکەن.

----------

سەرنجەکان/

لە لێکۆڵینەوە نوێیەکاندا، کە هەم لێکۆڵەرە خۆریاواییەکان و هەم لێکۆڵەرە عەرەبەکان بەتایبەت بیرمەندانی میسری کردوویانە، ئەوە ڕوونبۆتەوە کە قورئان زۆر وشەی سریانی تێدایە، کە موفەسیرانی موسڵمان چوونکە شارەزای زمانی سریانی نەبوون، بە ئارەزووی دڵی خۆیان لێکدانەوەیان بۆ کردووە و موسڵمانەکانیان بۆ چەندین سەدە بە هەڵەدا بردووە، چوونکە ئێستا هێندەی کتێبەکانی موفەسیرەکان دەخوێنریتەوە و بایەخی پێدەدرێت، هێندە بایەخ بە قورئان نادرێت و قسەی ئەو موفەسیرانە، بۆتە قسەی خودا و بێ لێکدانەوە، شووێنکەوتووانی ئەم ئاینە جێبەجێی دەکەن و خۆیانی لە پێناودا بە کووشت دەدەن و بە سەدان هەزار خەڵقی خودای بێ تاوانیشیان لە پێناویدا کووشتووە.

سریانی عەرەبی

قریان قران ( ئەم وشەیە لە عەرەبیدا نییە کە مانای خوێندنەوە بدات)، لە سریانیدا مانی خوێندنەوە دەدات.
فرقانا فرقان ( ناوێکی ترە بۆ قورئان) لە سریانیدا بە مانای رزگاربوون دێت، خلاص
فاروقا فاروق، لە سریانیدا بە مانای ڕزگارکەر، بۆ مەسیح بەکاریان هێناوە
حور العین العنب الابیض، ترێی سپی، موفەسیرەکان، وتوویانە مەبەست ٧٢ پەری بەهەشتن (روخسار جوان و چاو گەورە)یە کە پێشکەش بە پیاوی موسڵمان دەکرێن، ئەو کەسەی بە پێوانەی ئیسلام، شەهید بێت، ٧٢ فریشتەی پێ دەدەن(هاندان بۆ کووشتن و خۆ بەکووشدان) و ئەو پیاوانەش کە بەهۆی ترەوە لە بەهەشتن کەمترینیان ٢ دانە پەرییان پێدەدەن، ئەمە ئەو گرفتەیە کە زەریای خوێنی دروستکردووە و دروستیشی دەکات.
سەرچاوە: بۆ کاریگەریی زمانی سریانی و ئارامی و ناسینەوەی وشە سریانییەکان لە ناو قورئاندا، گوێم لە ٦٥ بەرنامەی مامۆستا حامد عەبدولسەمەد گرت.
بۆ گوێگرتن و بینینی لێکدانەوەکانی مامۆستا د. حامد عبدالصمد، مامۆستای فەلسەفە و مێژووی ئاینەکان لە زانکۆی بەرلین، بڕوانە کەناڵی یووتیووبی مامۆستا بەم لینکە: Box OF Islam Hamed.Tv
*بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد سەبارەت بە وەرگەڕانی کورد لە ئاینی خۆی و قبوڵ کردنی موسڵمانەتی، دەڵیت: " یەکێک لە هۆکان ئەوە بوو کە مووبەد و مووغە زەردەشتییەکان، لە ڕاسپاردەکانی زەردەشت دوورکەوتنەوە " و پشتیان لێ کرد و ڕوویان کردە دنیاپەرستی و ئەرکە ئاینییەکانیان هێندە ئاڵۆزکان کە بوونە بارێکی گران بەسەر شانی خەڵکی ئاساییەوە، واتە خەڵک لە دەستی مووبەد و مووغەکان وەزارە هاتبوو ئەوەش زەمینەی قبوڵکردنی تا ڕادەیەک خۆشکرد کە بەشیک لە خەڵکی کورد ئەو ئاینە نوێیە پەسەند بکەن، ئەمە سەرەڕای سەرپەڕاندن، خوێنڕشتن، سووتاندن و فڕاندن، چوونکە سپای ئیسلام ئامانجی یەکەمی غەنیمەت و فڕاندنی ژنان بووە، لە چوونیشیاندا بۆ باکووری ئەفریقا مێژوو تراژیدیای قیبتییەکان، ئەمازیخییەکان و کەمینەکانی تری گێراوەتەوە. ژنان کە وەک کوێلە کابرای سارا نشین بۆتە خاوەنی و هەرچی حەزیی ئەهریمەنی دەروونی ناساغی ویستوویەتی بەو ژنە کوردانەیان کردووە، پاشان لە بازاڕی فرۆشتنی کۆیلانیشدا بەرووت و قووتی بەم و بەو فرۆشراونەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە