ئەوە نەتەوەیە کە دەبێت خۆی ڕوون بکاتەوە!

Friday, 07/06/2024, 20:54

3471 بینراوە


پاشکۆی یەکەم بۆ زنجیرە وتاری فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن

ئەم پاشکۆیانە کە دوای هەندێ لە وتارە سەرەکییەکان، دەیان نووسم، بۆوەیە کە زیاتر ڕوونکردنەوە بدەم، چوونکە وتارە سەرەکییەکان، جێگای ئەم لق و پۆپانەی تێدانابێتەوە، لەوێدا مەبەستم لێکۆڵینەوە لە بنەما بەڕەتی و کۆنکریتییەکانە کە هێڵە بنەڕەتییەکانی فۆڕمی بەرێوەبردنەکە ڕۆشن دەکەمەوە. لەم پاشکۆیانەدا ئەو باسانە دەخەمە بەرچاوان کە لەناو کۆمەڵگەکەی ئێمەدا دەبنە باسی ڕۆژ و پەیوەندییان بە خێڵ - حیزبەکان و ڕەفتارەکانی ئەوانەوە هەیە، کە ئەوەش پەیوەندی بەو ئەرگومێنتانەوە هەیە کە لە وتارە سەرەکییەکاندا دەیانهێنمەوە، سەبارەت بە بەسەرچوونی ڕۆڵی سەرکردەیەتی خێڵ - حیزبەکان و حیزبەکان.
ئەگەر بمانەوێت ڕۆڵی کەسێک، گرووپێک و هەڵوێستێک نەهێڵین، پشتگوێخستن یەکێک لە ئامڕازەکانە کە سەرەتای پووکاندنەوە و سنووردارکردن تاڕادەی نەهێشتنی ڕۆڵی ئەو کەسە، گرووپ و هەڵوێستەیە. لایەنە بەرانبەرەکەی ئەم ئامڕازەش پێچەوانەکەیەتی کە بریتییە لە بایەخپێدان، باسکردن و خستنە بەرچاوی کەسێک، گرووپێک و هەڵوێستێک. ئەم هاوکێشەیە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت و سەبارەت بە ڕۆڵی حیزبەکان لە بزووتنەوە نەتەوەییەکەدا، چارەنووس سازە.
لەو بڕوایەدام تاکو ئێستا بۆ زۆرینەی نەتەوەکە ، ئەوە ڕۆشن بۆتەوە کە حیزبەکانی چین، کێن، چیان کرد و دەشیانەوێ چی بکەن!! دڵنیاشم کە زۆرینەی نەتەوەکە دەرکیان بەوە کردووە کە حیزبە کوردییەکانی بە تایبەت ڕۆژهەڵات و باشوور، ئیتر لە لێوار و ڕۆخی نابوتبوونی خۆیان نزیک بوونەتەوە و هەر ڕۆژێکیش کە تێدەپەڕێ نزیکتر و نزیکتر دەبنەوە، بەڵام هێشتا زمانیان لە ناو دەمیاندا دەگەڕێ و سەرکردەیەتییەکانیان بە سەر زیندوون و هاتووچۆیان ماوە و خەیاڵی بڵاویشیان قسەی سەیر و سەمەرە و هەڵوێستی وایان پێدەگرێت کە هێشتا بەناوی نەتەوەکەوە لێدوان و قسان بکەن!!.
وا پێدەچێت بەم جۆرە ڕەفتارکردن بوێرییەک بێت کە پشتیوانییەکی دێرینی هەبێت، ئەو پشتیوانییە تەنیا لە هاوکاری نەتەوەکەوە نایەت، یا لەو بڕواییەوە نایەت کە نەتەوەکە بە حیزبەکانی خۆی هەبێت، بەڵکو بە پلەی یەکەم لە هەڵوێستی نەشیاوی نەتەوەکەوە دێت بەرانبەر بە حیزبەکانی، ئەو هەڵوێستە نەشیاوە کامەیە کە نەتەوەکە نەدەبوو ملی بۆ بدات؟!
ئێمە بەلایەنی کەمەوە هەشتا ساڵە حیزب و گرووپی چەکدارمان هەیە، ئەگەر تێکڕایەکیش وەرگرین لەتەمەنی حیزبەکان، ئەوە جگە لە پژاک لە ڕۆژهەڵات..و یەک دوو وردە دەستەی تر نەبێت، دەتوانیین 45– 50 ساڵ بە تەمەنی تێکڕایی حیزب و گرووپە چەکدارەکانی کوردستان وەربگرین. ئەم تەمەنەش بەسە بۆ ئەوەی کە نەتەوەکە بیتوانیبایە هێڵێکی دیاریکراوی بۆ هەڵوێستەکانی خۆی بەرانبەر بەو گرووپ و حیزبانە نیشان بکردبایە، کەواتە نەبوونی هێڵیکی دیاریکراو کە بیرکردنەوەی نەتەوەکە پیشان بدات و سنوورە سوورەکانی نەتەوەکە دیاری بکات، بۆ هەڵوێستی تاک، گرووپ و حیزبەکان، ئەو پشتیوان و هاوکارییەیە کە ماوەیەکی درێژە نەتەوەکە پێشکەش بە حیزبەکانی دەکات. لەم لێکۆڵینەوەیەی مندا لەمەر فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن، مەسەلەی سەرکردەیەتی گرووپەکان و دەستە سیاسی و بنەماڵە خاوەن حیزبەکان، پانتاییەکی فراوان داگیر دەگات، بەتەریبی لەگەڵ هەوڵدانمدا بۆ بنیاتنانی بیرێکی ئازادیی شێوەی بەڕێوەبردنێک کە هەموو گەل تێیدا هاوبەش و هەموو کەس نوێنەری خۆی بێت، دەبێت ئەوەش ڕوون بکەمەوە، کە بۆچی ئەو ڕێگا کلاسیکییە ئێدی ناتوانێت لە ئاست خواستەکانی نەتەوەی کورددا بێت، بۆیە ئەم پاشکۆیانە بەو ئەرکە هەڵدەستن، لە دوای هەر ئەڵقەیەکی بڵاوبۆوە لە لێکۆڵینەوەی (فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن)، ئەگەر پێویست بکات، بە پاشکۆیەک زیاتر ڕوونی دەکەمەوە.
- حیزبەکان کەمینەن.
- ئەوان نوێنەرایەتی کەمینەیەک دەکەن.
- ئەوەش گوومانی تێدا نییە گەل مۆڵەتی بەوان نەداوە بەناوی نەتەوەکەوە، لێدوان بدەن و گرێبەست واژۆ بکەن.
- لایەنی نایەتییان ( نەرێنییان) لە لایەنی ئایەتییان( ئەرێنییان) چەند پات زیاترە.
- سەرکردەیەتی ئەو خێڵ – حیزبانە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تاک و کۆمەڵگە.
- ڕێگرن لە پێشوەچوونی مەسەلە نەتەوەییەکەی کورددا.
- توانا و وزەیەکی زۆری نەتەوەکەیان بەفیرۆ دا و بە کێشە ناوەکی، دەروونی حیزبیی و گفتوگۆی بێهوودەوە سەرگەرمیان کرد کە....هتد!!.
لەبەر ئەوەی ئەم سەرکردەیەتییەی خێڵ-حیزب، وەک تێکڕاییەکەم وەرگرت زیاتر لە پەنجا ساڵە ژیانی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەی بەڕێگایەکدا بردووە کە ڕێگای نەتەوەکە نەبووە، کاریگەری نایەتی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی نەتەوەکە
بووە، چوونکە لە ئاسمانەوە دانەبەزییوە، لە تاکی نەتەوەکە خۆی پێکهاتووە، بۆیە کاریگەرییەکەی زیاتر و ئاکامی ڕەفتارەکانی بەسوێترە.
کاتێک بەشێک لە تاکەکانی نەتەوەکەش بە ئامانجی ئازادیی، ڕزگاریی نیشتمان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادی- یەکسان، خۆیان لە ژێر چەتری ڕێبەرێتی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبێدا ڕێکخستووە، هەموو متمانەیەکیان بەو سەرکردەیەتییە بەخشییوە، ئەوان لە ڕاستیدا متمانەیان دابوو بەو درووشم و بەرنامانەی کە ڕووخسارێکی جوانیان هەبوو، بەڵام لە هیچ قۆناغێکدا جێبەجێیان نەکرد، دەبێ ئەوەشتان بیر بخەمەوە، کە زۆرینەی بەرنامەی حیزبەکان کۆپی بەرنامەی یەکتر بوون، لە هیچ بەرنامەیەکیاندا، لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ لە کۆمەڵگەی کوردی نەکراوە و مێژووی تێکشکاندنە زۆرەکانی بە چاوی ڕەخنە و دەرس لێوەرگرتنەوە تەماشای نەکراوە، چوونکە هەر سەرکردەیەتییەکی ئەو حیزبانەی باشوور و ڕۆژهەڵات ئەم کارە بە جدی بکەن، یەکەم جار خۆیان تاوانبار دەبن، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە یەک لە دوای یەک هەمان ڕەفتاریان دووپاتکردۆتەوە، بە ناوی جودا، کە ناویش هیچ لە ناوەرۆک ناگۆڕیت. ئێستا دوای هەموو تێکشاکندنەکان و ئاشبەتاڵ و دەسەڵاتی سی و چوارساڵەیی، دوو خێڵ- حیزبی بنەماڵەیی، ئێدی کاتی ئەوە هاتووە، کە نەتەوەکە خۆی ڕوون بکاتەوە و لە خۆی ببێتە خاوەن. لە خواست و داواکاریی و مەسەلەکەی خۆی ببێتە خاوەن و ئەو بەرپرسیارێتییە خۆی لە ئەستۆی بگرێت، بەجێی نەهێڵێت بۆ سەرکردەیەتی حیزب و کاتی خۆی بە قسەی پووچی فشنبیرەکانی سەر بە دەسەڵاتە و سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبەوە نەکوژێت، کە هەر قۆناغە کورسییەکانی خۆیان لەو ڕێڕەوەدا دادەنێن کە ڕوویان لە دەسەڵات و خەزنە داگیرکراوەکەی نەتەوەکە بێت، کە سەرکردەیەتی خێڵ لە کەوڵی حیزبدا داگیری کردووە، تا بەڵکو بەشێکیان پێ ببڕێت!!! ئەرکی فشنبیرانی حیزبیی، خولاندنەوەی نەتەوەکەیە لە بازنەیەکی بەتاڵدا کە ئەگەر کەس ئەم بازنەیە نەناسێت، نەتەوەکە باشی دەناسێت چوونکە خولاوەی ناو ئەو بازنە بەتاڵە نەتەوەکە خۆی بووە.... .
یەکێک لە نیشانە هەر گرنگ و باڵا و شارستانەتییەکان، داوای لێبووردنە ئەگەر کەسێک، دەستەیەک، لایەنێک و پارتێک هەڵەیەکی کرد. ئایا تۆ نەتەوەی دابەش و نیشتمان کۆڵۆنی کراو، لەهیچ بوار، قۆناغی خەبات و بەرخۆدانتدا، گوێت لە سەرکردەیەتی تاقم، دەستە، لایەن وخێڵ-حیزبێک بوو، کە داوای لێبووردنت لێ بکەن، لە کاتێکدا کە زۆرینەیان دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانی تۆ سوورە؟!
ئیتر لە پای چیدا و بەتەمای کام چاکبوونە و کام گۆڕڕانە، بەدیار تراویلکەی سەرکردەیەتی خێڵ -حیزبەوە، خوێنی جگەری خۆت دەخۆیتەوە؟!! هێندە لێیان بووردی، هێندە چاوەڕوانیان بوویت، هێندە وتت قەیناکە با دەرفەتیان پێ بدەم، تا بوویتە گاڵتەجاریی نەوە و نەتیجە و ژن و دۆست و دارودەستەکانیان، لەم خەمەوە بۆ خەمێکی نوێت دەبەن و تۆ پێی ڕادێیت، لەم پرسەیەوە بۆ پرسەیەکی نوێت دەبەن و تۆ شیوەنگێڕییان بۆ دەکەی، ئەمڕۆی بەئازارت دەدەنە دەم سبەینێی کڵۆڵییەوە و سبەینێی کڵۆڵیت دەنە دەست چارەنووسی نادیارتەوە و تۆ بە تەمای وەفایان خۆت دەخۆیتەوە...!!!
دوو ڕێگەت لەبەردەمدا واڵایە، یا هەموو تاوانەکانی سەرکردەیەتی دەستە، تاقم و خێڵ- حیزبەکان، بە کۆڵتدا بدە و بە کێوی سەختی چارەنووسێکی نادیاردا هەڵگەڕێ و وەک دەڵێن: تا دەگەیتە سەر لوتکەی کێوەکە و جارێکی تر خلۆربەرەوە بەرە و داوێنی هەمان کێو، ئایا تۆ شارەزای ئەم یارییەی قارەمانەکانی خۆتی و لێت دێت و خۆشەبووی بەم گەمەیە بۆیە بێدەنگی؟!!
یا نەخێر، بە وشیاریی نەتەوەیەکی بە مەرام و خاون پڕۆژەی جدی ئازادیی و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانەوە، هێزی خۆت ڕێک دەخەیت و بێبەری بوون، تووڕەبوون، چیتر قبووڵ نەکردن و ئامانجی ڕوونی خۆت بۆ دنیای شارستانییەت ڕادەگەێنی و لە خۆت دەبیتە خاوەن و چارەنووسی خۆت بە خۆت دەسپێریی و تۆ لە من باشتر دەزانی، کە بای ئەوە هێز و توانا و دڵسۆزیت تێدایە کە هێڵی نێوان خۆت و سەرکردەیەتی خێڵ – حیزب ڕوون و ئاشکرا، یەکەم جار بۆ خۆت، دووەم جار بۆ سەرکردەیەتی خێڵ – حیزب لەهەر بەرگ و ئایدیۆلۆجیا و ئاین و مەرامێکدا بێت، سێیەم جار بۆ هەموو مرۆڤە شارستانەتییەکان ڕوون و ئاشکرا بڵاو دەکەیتەوە و کۆتایی بەم گەمە قێزەوون و بەم قۆناغە پەنجاساڵییە دێنیت و کار خۆت و بکەر خۆت و بڕیار خۆت و بڕیاردەر خۆت دەبیت....تۆ هیچ چارەیەکی دیت نییە جگە لەوەی کە ئەوە تۆیت وەک نەتەوە دەبێت خۆت ڕوونبکەیتەوە، تا بتوانی هەنگاو بنێیت.... .
دەست دانان لەسەر برینەکانت، ئەرکی لە پێشینەی ئازادیخوازانی دڵسۆزتە و پیشاندانی وێنەکەت وەک قوربانی و کاڵایەک بۆ بەزەیی پێداهاتنەوە، کاری سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکانت و بازرگانانی سیاسیتە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە