فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن( بەشی شەشەم)

Monday, 03/06/2024, 20:08

2910 بینراوە


لە بەشی پێنجەمدا باسم لە بناغە گرنگ و سروشتییەکەی تاک و کۆمەڵ کرد کە ئازادییە و کێبەرکێی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و نێوان تاک و کۆمەڵگەکەی و نووسیم:
بۆیە ئەو کێبەرکێیەی کە لەسەرەتای بەشی یەکەمی ئەم نووسینەوە باسم کرد و هەر لەسەرەتای خواستی یەکەمجاری کەسەکەوە، سەرنجی ئەوی بۆ ڕادەکێشرێت، (کێبەرکێیەکی بنیاتنەرە) و یەکێک لە پێویستییەکانی بزووتن و نوێبوونەوەی بەردەوامی بەرێوەبەرێتییەکەیە کە دەبێت هەمیشە و لە هەموو بوارەکاندا بوونی هەبێت. لێرەدا و لەم کێبەرکێیەدا کە خەسڵەتەکانی بریتین لە: خواستی ئازاد، داوا کردنی ئازاد و ویستی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئازاد، گرفت دروست نابێت و بەرپرسیارێتی نابێتە کێشمەکێشێک کە هەموو بەها ڕەوشتییەکان و نیشتمانییەکانی بۆ ژێرپێ بخرێت، بەڵکو دەبێتە ڕەوشێکی بنیاتنەرانەی ئازاد لە نێوان تاکەکاندا بۆ ئەنجامدان و بەرهەمهێنانی باشتر بۆ کۆمەڵگە، کێشمەکێشی دوور لە ئاکاری مرۆڤبوون دەگۆڕڕێت بۆ قبووڵکردنی تاک بۆ تواناکانی خۆی، واتە کێبەرکێ دەبێتە لایەنێکی ئاکاریی بەرز لە تاکدا کە خۆی لە ڕاژەی باشتر بە کوالیتی باشتر و داهێنانی نوێتر بۆ ڕاژەکردن بە کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە، نەک سوودی مادی زیاتر و ئیمتیازی باشتر تەنیا بۆ خۆی و خێزانەکەی!!!.
ئازادیی کۆمەڵگە
کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست( لە ناو ئەواندا کوردیش) لەسەر بناغەی هۆز، خێڵ، بنەماڵە، لەم دوایانەشدا بنەماڵە و خێڵ لە کەوڵی(حیزب)دا، دامەزراوە کە لەوێدا هێز ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، لەگەڵ هەبوونی ڕووکەشێکی یاسایی و داموودەزگەکانی کە زۆر بە سانایی سنوورەکانی دەشکێنرێت و بەرتیل و گەندەڵی تێیدا فراوانە.
بۆ نەتەوەکەی ئێمە کە لە هەوڵداندایە بۆ مانەوە و نەفەوتان، (بنیاتنانی هێزێکی کوردستانی) لە پێویستییە هەرە گرنگەکەی داخوازییە نەتەوەییەکەیەتی، کە ئەمڕۆ ئەو هێزە دابەشکراوە بەسەر خێڵ و خێڵ- بنەماڵە لە کەوڵی حیزبدا، ئەمەش بە مانای دابەشکردنی نەتەوەکەیە بەسەر گرووپی گەورە و بچووکدا، کە لە زۆر سات و جێگا و قۆناغدا بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بەریەک دەکەوون/ کەوتوون و کارەساتیان دروستکردووە/ دەکەن. 
لەبەر ئەوەی ئێستا تاکی کۆمەڵگەکان خۆیان گەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە وشیاریی کۆمەڵایەتی و ژیرییەتی شارستانەتی کە خۆیان بەڕێوەبەری خۆیان بن، بۆیە حیزبگەلێک کە بنەماکەیان خێڵ، خێزان، عەشیرەت و خێڵ لە کەوڵی حیزبدا بێت، کە چەکدارن و لە بنجی بیرکردنەوەیاندا، ئەوە هەبێت کە بە (زۆر و بەکارهێنانی هێز) ململانییەکانیان چارەسەر بکەن، ئەوانە ناتوانن بەرێوەبەری کۆمەڵگە بن، یا پرۆژەی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازادییان هەبێت، ئاسایشیی نەتەوەیی تاک و کۆمەڵ دەخەنە مەترسییەکی بەردەوامەوە، کە کاریگەری لەسەر ڕەوتی پێشوەچوونی کۆمەڵگە دەبێت، چوونکە نە تاک نە کۆمەڵگە دڵنیا نین لەوەی کە لە ئایندەیەکی نزیک یان دووردا چ کارەساتێک چاوەڕوانیان دەکات. لەم حاڵەتەدا هەموو بەرنامەیەک کاتی دەبێت و تاکەکان کە دەیانەوێ ژیانێک بۆ خۆیان پێکەوە بنێن، ڕەو دەکەن و هەڵدێن و هەندێک جار نائومێدییەکە هێندە قووڵ دەبێتەوە کە هەڵاتن و ڕەوی بە کۆمەڵیش بەرهەم دێنێ. ئەمەی من باسی دەکەم نموونەکەی لە واقعی ئێستای باشووری کوردستاندا هەموو ڕۆژێک دووپات دەبێتەوە، چوونکە ئەوێ نموونەیەکی زیندووی بەرچاوە کە لە ماوەی سی و چوار ساڵدا، دەسەڵاتی کوردیی دامەزراو لەسەر بیرکردنەوەی هۆز، عەشیرەت، خێڵ و بنەماڵە لە کەوڵی حیزبدا، ئەو: ترس، دڵەڕاوکێ، نائومێدییە قووڵ و خواستی هەڵاتنەی بەرهەم هێنا، کە گەنجێکی وێران داخوازییەکی ئاوای لە دەسەڵاتدارانی سەرەک خێڵی لە کەوڵی حیزبدا هەبێت: 
کەسێک بێت ڕێگای مەقادیشۆم پیشان بدات!!!. نائومێدییەکە بە ئەندازەی ماوەی نێوان کوردستان و مەقادیشۆ* بە قوڵای ناخی ئەم گەنجەدا ڕۆچووە.   
ئەو جۆرە دەسەڵاتانە هەموو بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز بە مەترسی دەزانن لەسەر دەسەڵاتەکەیان، بۆیە هەوڵ دەدەن کە چرۆی بیرکردنەوەی لەو جۆرە لە تاک و لە کۆمەڵگەدا بەرلەوەی گوڵ بکات وشک بکەن و ببنە بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی بیریی وادا بە هەموو ئامڕازەکانی سەرکووتکردن تا ڕادەی تیرۆری سایکۆلۆژیی و فیزیکی تاکەکە.
شارستانەتی ئێستای مرۆڤ، کە هەڵبەتە ڕەفتار و هەڵوێستی مرۆڤ بەرانبەر بە هاوڕەگەز و ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژی کارەکتەری یەکەمینی ئەو شارستانەتەیە و ئەوە مرۆڤە کە شارستانەت دروست دەکات، دەنا ئەوەی لە قاڵبی بیردا بمێنێتەوە ئەبستراکتە و شتەکانی تریش لە دەرەوەی بوونی مرۆڤدان، ئەو شارستانەتە پاش دوو هەزار و بیست و چوارساڵ، ئەگەر ئەو بەروارە بە سەرەتای شارستانەت دابنێم( کە من بازم داوە بەسەر هەزاران ساڵی بەر لەم بەروارەدا)، ئەو شارستانەتە، ڕووگەلی وا دزێووی هەیە کە مرۆڤ ڕەنگە حەز نەکات، پێی بڵین مرۆڤی سەردەمی ئەو بەروارەیە. 
ئەوەی تاکو ئێستا مرۆڤ پێی گەیشتووە و شارستانەتەکەی پێک دەهێنێت، بەرهەمێکی (ڕەق) ە واتە بەر مرۆڤ بکەوێت زامداری دەکات، لە ناویشی دەبات و ژینگەکەشی وێران دەکات، دەبینین هەر بەرهەمی شارستانەتی مرۆڤ خۆی لە هەمانکاتدا دەبێتە مایەی وێرانکردنی شارستانەتەکەی خۆی، ئەمە پێمان دەڵیت:
- ئەوەی شتەکان دەبزوێنێ، تەنیا بیرکردنەوەیەکی شارستانی سەر بە مرۆڤبوون نییە.
- خودی شارستانەتەکە خۆی لەسەر بنجی بیرکردنەوە لە هەموو مرۆڤ گەشەی نەکردووە.
- ئاڵۆزترە لەوەی کە تاک بەتەنیا بتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بۆیە پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی پێگەیشتوو، ئازاد و هەڵگری بەرپرسیارێتییە بەرانبەر بە هەموو تاکەکان، کە کۆمەڵگەی واش پێویستی بە بوونی تاکی پێگەیشتوو و هەڵگری بەرپرسیارێتییە بەرانبەر بە هەموو کۆمەڵگە. 
ئەو میللەتەی (وەک کورد) کە تا ئێستا مانەوەی، بەهۆی بیرێکی نەخۆشەوە و پشتبەستن بە شارستانەتی مرۆڤ، لە مەترسی لە ناوچووندایە، بەر لەهەر کۆمەڵگەیەکی تر پێویستی بە لەسەرخۆکردنەوە هەیە، لەهەر بوارێکدا کە دێتە بەردەم ژیانەکەی، دەبێت خاوەنی ئەو چەکی لەسەرخۆکردنەوەیە بێت. جا بڕوانە ئەو ئەرکە قورسەی کە ئەو میللەتانە لە ئەستۆیانە، ئەرکی وا پێویستی بە خۆ پێ بەخشین، خۆ بۆ ئامادەکردن، لە خۆگەیاندن و دۆزینەوەی هەموو کورتە ڕێگاکانە کە لە ئەنجامدا کەمترین زیان لە بەرهەمەکە و دروستکەر و پارێزەری بەرهەمەکە بدات، کە تاک و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانە. 
بۆچی سەرکردەیەتی حیزبی کلاسیک و دروستکردنی حیزبی نوێ مەترسین بۆسەر نەتەوەی کورد؟!
حیزب یان پارتی، دەستەی ڕێکخراو لە ڕووی سیاسییەوە، بەرهەمی پێگەیشتنی شارستانەتی مرۆڤە، کە جێگرەوەی دەسەڵاتی پاشا، سوڵتان، میر، والی، فیۆدال و ئاغا و بەگ و .... هتد لە قاڵبی حوکوومەتدا. بەپێی پێگەیشتنی شارستانی، لە ڕووی  ژیرێتی (خوێندنەوە بۆ پەیوەندییەکانی مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و گەردوون) و لە ڕووی ڕۆحیی و مەعنەوییەوە ( تێگەیشتن لەوەی کە جگە لە مرۆڤەکە خۆی کۆمەڵگای دیش هەن کە ئەم دەبێت لەگەڵیاندا مامەڵە بکات)، بە پێی ئەو پێگەیشتنە شارستانەتییە، مرۆڤ بەو قۆناغە گەیشت، کە تاکەکانی کۆمەڵگە دەتوانن، لە گرووپی ڕیکخراوی خاوەن بەرنامەی دیاری کراودا کۆمەڵگەکەی خۆیان لە ناوخۆدا و پەیوەندی کۆمەڵگەکەی خۆیان سەبارەت بە دەرەوە بەرێوەبەرن، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو گرووپانەی کە ناونران پارتی سیاسی، کە دەزانین لە کۆمەڵگە شارستانەتییە پلە بەرزەکاندا لە ڕێگای هەڵبژاردن و دەنگدانەوە، بەرێوەبەرێتی کۆمەڵگاکانی خۆیان بەدەستەوە دەگرن و بە زۆریی بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە بردنەوەی هەڵبژاردنەکە دووجار بە دوای یەکدا دەتوانن لەسەر بەڕێوەبردنەکە بەردەوام بن. 
ئەوەی لە پەرەگرافەکەی سەرەوەدا نووسیم، پوختەیەکی زۆر کورتکراوەیە سەبارەت بە تاک و حیزب لەو کۆمەڵگە شارستانەتیانەدا کە تاک و کۆمەڵ پێکەوە لە گەشەیەکی چەند سەدساڵیدا، بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن، تاک وەک چاودێرێکی ژیر لەسەر بەرێوەبەریەتییەکە و بەرێوەبەرێتییەکەش وەک دروستکەری ژینەگەیەکی ئارام بۆ ژیانی تاک.
وەک دەزانین، زاراوەی پارت یان بیرکردنەوە لە دامەزراندنی دەستەی سیاسی، لە زەمانێکدا گەیشتە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەو ناوچانە ماندوو و لێکترازاو و دابەشکراوبوون بەسەر براوەکانی جەنگە جیهانییەکاندا و دەرکەوتنی جەمسەری هێزی نوێ، لە جیهانی نوێدا، کە هەژموونییان هەبوو لە سەر بیرکردنەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاشکرایە کە نەتەوەکان هەمیشە بیریی ئازادبوون و سەربەخۆییان هەبووە و لە پێوانەی بچووک و گەورەدا ئەم خواستەیان ئەزموواندووە، هەندێکیان سەرکەوتوو بوون، بە هۆی لەباربوونی باروو دۆخەکەوە و بوونی ئامڕازەکانی یارمەتی سەربەخۆیی داون، زۆرینەشیان تێکشکاون و بۆ ماوەی کورت و مامناوەندی سەربەخۆییان بەدەست هێناوە، بەڵام بۆیان نەپارێزراوە، نەتەوەی کورد لەم بەشەی دواییان بووە.
ئەو حیزبانەی کەلەم قۆناغ و سەردەمانەدا دەرکەوتوون، کاریگەری بیری ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتیان لەسەر بووە و ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ وابەستەبوون بەو گۆڕانکاریانەوە کە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات (بەرەی سۆڤییەت و بەرەی دەوڵەتانی سەر بە ئەمێریکا کە زۆرینەی دەوڵەتانی ئەورووپا دەگرێتەوە) ڕوویانداوە، بەڵام مەبەستی من ئەو وڵاتانەیە و ئەو پارتانەی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراون.
هەژموونێکی زۆر کاریگەری تر کە سێبەرەکەی هەمیشە بیرکردنەوەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داپۆشیبوو هەژموونی ئاین بووە، ئاین بۆ جارێک نووسرایەوە، لە زەمانی ئەمەوی و عەباسییەکاندا و ئێدی خوێندنەوەی بۆ نەکرا، بەم نووسینەوەیەی ئەو بزووتنەوە مەعنەوییە بووە جەستەیەکی مرد و درا بەکۆڵ کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەرژەوەندییە کورت- و درێژخایەنەکانی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتیش، بەپێی پێویستی بەرژەوەندییەکە سوودیان لەم قاڵبە بێ گیانە وەرگرت و سەردەمانێک تیژیان کردۆتەوە و گەشانویانەتەوە و سەردەمانێک خامۆشیان کردۆتەوە. بەڵام سێبەرە خەستەکەی ئاین، هەمیشە باڵی بەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکاندا کێشاوە و لە بزووتنی خستووە، چوونکە قسەگەل و حوکمی داتاشراوی وای بۆ هەڵبەستراوە کە ڕێگە دەگرێت لەهەر بزووتنێک، بۆ نموونە: لای سەلەفییەکان هەر بزووتنێک بەرانبەر بە فەرمانڕانیی سەردەم قەدەغە و لە ڕیزی(نابێت)ەکانە، کە ئەمەش مانای بێدەنگ بوون وخۆدانە دەست هەموو ستەم وفەرمانێکی فەرمانڕانی سەردەمە!!!. تا ئەم دواییانە کە کەسانێک پەیدا بوون، ئەو کتێبانەیان وەلا نا و خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ ئاین کرد(باش یا خراپ) مەبەستی ئەم لێکۆڵێنەوەی من نییە، چوونکە لەم فۆڕمە نوێیەدا، ئاین کار و کردەوەیەکی کەسێتی و تایبەتە و چوونکە لەناو ئەم فۆرمەدا پارت و دەستەش بوونی نییە، پیاوانی ئاینیش ناتوانن، وەک گرۆپ و دەستە، خۆیان لە بەڕێوەبەرێتی کۆمەڵگە هەڵقورتێنن، ئەوان وەک مرۆڤێکی ئازاد، لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکساندا، هەموو ماف و ئەرکەکان وەک هەموو تاکێکی ئازادی تر دەیان گرێتەوە. وەک وتم لەم ساڵانەی دوایدا کەسانێک هاتن خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ ئاین کرد(کە بەزۆری عەرەب)ن ڕوو بە خەڵکی خۆیان، واتە باسیان لەو سەردەمە کرد یا ئاینیان وا لێکدایەوە کە لە ئاستی ئەو تێگەیشتن و پێویستییانەدا بێت کە مرۆڤی شارستانەتی ئەم سەردەمە پێیان گەیشتووە.   
لەوەی کە باسم کرد بۆ چاوی وردبین، نیگارێک(پاترۆن/مۆدێل Pattern) بەرجەستە دەکات کە دەتوانین وەک ئەنجامگیریی پێوانەیەکی لێ هەڵهێنجین بۆ ئەو ناونیشانەی سەرەوە: بۆچی سەرکردەیەتی حیزبی کلاسیک و دروستکردنی حیزبی نوێ مەترسین بۆسەر نەتەوەی کورد؟! ئەنجام گییریی و پێوانەکە بە خاڵ باس دەکەم.
هەموو تیۆرییەک تا نەچێتە بواری پراکتیکەوە، وەک تیۆری دەمێنێتەوە و هەموو ئەنجامگیرییەکانی لە مەیدانی کاردا نادیار و کاریگەرییەکانی شاراوەن، واتە مەترسییەکانی و دەرهاویشتەکانی بەرانبەر تاک و کۆمەڵ، ناتوانین دەستنیشان بکەین. سەرکردەیەتی پارتی کوردی کە بە درێژی باسم لە سەرهەڵدان و چۆنێتی سەرهەڵدانیان کرد، پاش ئەوەی چوونە بواری پراکتیکییەوە ئەم دەرهاویشتانەیان بۆ نەتەوەکە بەرهەم هێنا:
- پیشاندانی چەند ڕێگای جیاواز، کە نەتەوەکەی تووشی وەیلانی کرد.
- لە بنجی بیرکردنەوەی نەتەوەکەدا، بیرێکی هاوبەشی ڕێکنەخراو هەبوو کە نەتەوەکەی لەیەک نزیک دەکردەوە و وەک خەزنەیەکی نەدۆزراوە، دەتوانرا لە دەرفەتی لەبار و رەخساودا ڕێکبخرێت و نەتەوەکەی لە دەور کۆبکرێتەوە، ئەویش کوردبوون، ئازادی نیشتمان و خواستی سەربەخۆیی بوون.
- ئەم بیرە پێنەگەیشتوو بوو، خەمڵاندن، ڕێکخستن و خوێندنەوەیەکی کوردستانی دەویست.
- سەرکردەیەتی پارتەکان، بە بەکارهێنانی دێوجامەی کورد، کوردستان و کوردایەتی، ئەو میوە پێنەگەیشتووەیان، بە کاڵی دەرخواردی لاوانی نەتەوەکە دا و بیریان ئاڵۆسکاند، نەخۆشیان خست، سەریان لێ شێواند و تووشی سەرگەردانییان کرد.
- وێنەکردنی خواستی دەروونی سەرکردەیەتییەکان، وەک کێشەی نەتەوەکە و خۆکردنەخاوەنی مەسەلەکان، بە  گەورەکردنی ناکۆکییە بچووکەکانی ناو کۆمەڵگە و پۆشاندنیان بە بەرگێکی سیاسی کە نەتەوەکەی کردە چەند بەرەی پێکهەڵپژاو. 
- تا ئەوە چوونە پێشەوە، کە کوردیان بەدەستی کورد دا بەکوشت.
- خوێنی ڕۆڵەی کوردییان، بەدەستی خۆیان ڕشت، گوڵلەبارانیان کردن و تەرمەکەیان فرۆشتەوە، بە دوژمنی کورد. 
- پەروەردەکردنی تاکی کوردی سەر بەخۆیان تا ئەو ڕادەیە دڕ، کە گوێ و لووتی مرۆڤی کورد ببڕێت و وەک دیاری بۆ هاوڕێکەی خۆی بەرێتەوە!!!.
- خواستە بنەڕەتییەکە و داخوازییە سروشتییەکەی نەتەوەکەیان گۆڕی بۆ خواستی لەناوبردنی کورد بە کورد.
- ئاشبەتاڵیان بە شۆڕشی کورد کرد و بوونە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەری کورد بۆ کوشتنی تاکی کورد.
- کە دەسەڵاتشیان گرتە دەست، کاری نەکردەی دوژمنانی کوردیان تەواکرد بەرانبەر بە نەتەوەکە.
- چەندین جار ئەو ئەڵقە لاوازەی سەرکردەیەتی حیزب، ئاسایشی تاک و نەتەوەکەیان تا قەراغی مەرگ بردووە، چوونکە هەمیشە ئەڵقە لاوازەکەی نەتەوەکە ئەو ئەڵقە لاوازەی سەرکردەیەتی حیزبەکانی نەتەوەکە بوون. 
ئەمانە دڵۆپێک بوون لەو ڕووباری خوێن و لیستە درێژەی کە کارنامەی سەرکردەیەتی حیزبی کوردی بە نەتەوەکەیان پیشان داوە. 
لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم، کە من زۆرینەی ئەندامانی ئەو پارتە خێڵەکیانەی لەکەوڵی حیزبدا، خەڵکیان بەناوی کورد و کوردستانەوە لە خۆیان کۆکردۆتەوە، جودا دەکەمەوە، چوونکە من پارتەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات، وەک کۆمپانیایەکی ڕەواجدار دەبینم کە سەرکردەیەتییەکانیان بەڕێوەبەری گشتی ئەو کۆمپانیایانەن، کە هیوادارم ئەندامەکانییان تا ئێستا بەو وشیارییە گەیشتبن کە ئەوان دەبێت بەرگریی لە نەتەوەکەی خۆیان بکەن، لە قاڵبی لە شکرێکی کوردستانیدا، کە ئەمڕۆ بناغەکەی لە قەندیل و ڕۆژئاوا دامەزراوە و ئەزموونەکان ئەوەمان پێدەڵین کە ئەو دابەش بوونە وەک چەکداری خێڵ-حیزب، زیانێکی گەورەی لە یەکێتی نەتەوەیی ئێمەداوە و ژمارەیەکی زۆر هەڤاڵ و هاوڕێکانی ئێوە، لە شەڕی خواستی دەروونی سەرکردەیەتییەکاندا، بوونە قوربانی.
بۆیە حیزب لەو شێوەیەدا کە لە هەناوی یەکتر لە دایک بوون و لەگەڵ حیزبی دایکدا بە ئەلفێک و بێیەک جودا دەکرێنەوە، ئێدی ناتوانێک وەڵامدەرەوەی پێویستییە شارستانەتییەکانی تاک و کۆمەڵگا بێت، هەر بۆیە هەتاکو دێت ماوەی نێوان ئەو خێڵ-حیزبانە و خەڵک زیاتر و زیاتر دەبێت، ئێستا بۆتە دوو تێگەیشتن و دوو داخوازیی و دوو ڕوانین.
لەم فۆڕمە نوێیەدا بۆ بەڕیوەبردن، تاکی کورد چەک هەڵگری سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب یا عەشیرەت لە کەوڵی حیزبدا نابێت، بەڵکو بەرگریکار و بنیاتنەرێکی لێهاتووی ئازادی سەر بەنەتەوەکەی دەبێت، کە لە هەموو بوارەکانی شارستانەتدا داهێنەر و ڕاژەکاری نەتەوەکەی خۆی دەبێت و چەندین دەرفەت و شێوازی خزمەتگوزاریی بە نەتەوەکەی بۆ دەڕەخسێت کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا، ئەو جۆری کارە ئەنجام بدات کە توانایە تێیدا، بەم هۆیەشەوە هەم خۆی گەشە دەکات و هەم ئەبێتە هۆی گەشەی ئەوانی تریش. 
..........

سەرنج

*مەقادیشۆ- پایتەختی وڵاتی سۆماڵە، سۆماڵیش پێویستی بە پێناسەی من نییە تا خوێنەران بیناسن، بەڵام دەبێت گەنجێکی کورد لە ساڵی ٢٠٢٤ دا، چ ئازارێک بە ڕۆحی گەیشتبێت و چەندە نائومێد بووبێت لە دەسەڵاتی کوردی، کە ڕزگار بوون لەو دەم وچاوە بڵحە هەزاران جار دووپاتبووانە، وای لێکردبێ کە ئاسایشی کەمی ژیان لە سۆماڵدا بدۆزێتەوە نەک نیشتمانە جوان و دەوڵەمەندەکەی کوردستان، کە بەر لە هاتنەوەی ئەو ستەمکارانەی کورد، ئامادە بوو گیانی ببەخشێ بۆ ڕزگاریی ئەو نیشتمانە؟!!!...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە