تۆ ئەویت
Friday, 06/10/2023, 14:29
ڕاوەستە، دە ڕاوەستە
با منیش شتێ بڵێم
- تۆ ئەو ژنە نیت
کە لە شیعرەکاندا باسکراوی
زوڵف چین چین
برۆ شمشێر
چاو نێرگزی
غەدار؟!
بە خوا
تۆ ئەویت
-----
گەوجە
- بەخوا تۆشێتی
- دەی ئەوەی
تۆ ببینێ و
شێت نەبێ
گەوجە
------
گوڵئەندام
گوڵی هەناری لێوەکانت
قسەی دەکرد
سەعاتەکەی دەستم
زریکاندی
تەماشام کرد، هەموو ترپەکانی دڵم فڕی بوون
کەچی دەڵێن
هەر زەوی و مانگ توانای کێشکردنیان هەیە!!
-----
تۆ
لێی پرسیم
- شیعر چییە؟!
ڕامابووم
لە ناو چاویا
پیاسەم ئەکرد
- تۆ خۆت شیعری!!.
سپاس
وەختەبوو
بەلادا بێم و
بکەوم
گۆشەی چاوەکانت
گرتمییەوە
سپاس بۆ نێرگزی چاوەکانت.
----
کەی بوو
لێی پرسیم
- کەی بوو هەستت کرد
خۆشت دەوێم؟!
- کە مەستوورە کۆچی کرد
بۆ سلێمانی
دڵی من لە کۆچدا بوو
بەرەو سنە
-----
وشەکانی دڵ
وتی زمان لووس و
زۆرزانی
وتم گێژێکی سەرگەردان بووم
لاڵەپەتە
کە تۆم ناسی
زمانم پژا و
فێری وتنی وشەکانی
دڵ بووم
-------
بینین
وتی چیت لە مندا بینیوە
وا شێتم بوویت؟!
وتم:
تۆ.....
دەنگوباس
وتی: هێندە بەسادەیی باسم دەکەی
من توانای مەلەم نییە
لەو زەریا قووڵەدا
- ئەی ناشرین گیان
بۆ قەت لە منت نەپرسی
کەی بوو خنکای؟!
------------------
سەرنج:
* بەیادی گوڵەکانی گوڵزاری نالی، مەحوی، وەفای و مەولەوی و....
ئێستا ژنی کورد سەروەری بەرخۆدانێکی کوردستانی وایە کە هەموو پێوانەکانی سەروبنکردن و خوشکەکانمان لە قەندیل و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤا بوونەتە هەناسە و ترپەی دڵی نەتەوەکە و مانای بەرزی مرۆڤ بوون. هەموو جوانییەکانی ژنانی کورد لەناو ئەواندا بەرجەستە بوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست