پشتیوانی لە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات، ئەرکێکی کوردستانییە.

Tuesday, 25/07/2023, 20:48


بیرمەندی کورد، مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:
“لەگەڵ ئەم ڕاستییە تفتوتاڵەشدا (دەوروبەر) ی کوردەواری پێم دەسەلمێنێ دوعاگۆ و ئاواتەخوازی ئەو پێشمەرگانە بم کە خەریکن بە خوێنی خۆیان دەماری کورد، هەڵدەبڕنەوە
“تامەزرۆم، بمخوێندایەوە لە جیاتی ئەوەی سپای نادرشای ئەفشار وڵاتەکەمان پێشێل بکات سپای کورد، ڕاووتەراتێنەی لە دەوروبەری ئەسفەهان و تاران بکردایە. کاشکی مێژووی ئێمەش وەکوو هی میللەتانی دیکە ڕووڕەش بوایە بەکاری دەسەڵاتدارانە و لە خۆبایی بووانە”.
هاوبیر، هەڤاڵ و هاوڕێ کوردستانییەکانم، دوژمنی کۆلۆنیالیست، ڕەگەزپەرست و دەستەکانی جلخواری باشووری نیشتمان لە پلان داناندان بۆ ڕووخاندن و زەوتکردنی ئیرادەی نەتەوەکەمان و دروستکردنی بەربەست وگومان لە کوردبوون و توانای بەدەست هێنانی ئازادیی و ڕزگاریی نیشتمانەکەمان، ئەمڕۆ بە پەلامارێکی چەندلایەنی دوژمنانی دەرەکی و سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبی باشووری و عێراقی فیدراڵ و تورکیا، دەیانەوێت پێشمەرگانی ڕۆژهەڵات چەک بکەن و ئیرادەیان خاو و سست بکەنەوە.
ئەو هەڤاڵە کوردانەی ڕۆژهەڵاتی ئێمە بە زۆر هۆ، توانای بزووتن و  چالاکییان سنووردارکراوە و گەف و هەڕەشەی بێشەرمانەیان لێدەکرێت.
کوردبوونت کە ئەرکێکی ئەزەلیی بوونی تۆیە، ڕێگات پێ نادات، تەماشاچی ئەم شەرمەزاری و سووکایەتیی پێکردنە بیت بە نەتەوەکەت، بە بەشێکی گرنگ و هێژای نەتەوەکەت. ئەوان ( کچان و کوڕان)ێکن کە گیانی خۆیان بەخشیوە بە ڕزگاریی و ئازادیی ئێمە، لەوان ببە بە خاوەن و کاردانەوەی خۆت پیشان بدە و پشتیوانی خۆت ڕابگەێنە، بەهەرجۆرێک کە دەتوانی و گونجاوە، هەموو کاردانەوەیەک گرنگ و کاریگەرە:
بچۆ بۆ لایان و سەردانیان بکە.
هەواڵیان بپرسە و لەگەڵیان بدوێ.
بانگیان بکە بۆ چا خواردنەوەیەک پێکەوە.
کە دەیان بینی لە جاران زیاتر بەرەوپیریان بچۆ.
لەوەی هەتە (بەشە کوردستانییە) کەی ئەوان بەرە بۆیان.
خاڵە جوتیارەکانی کورد ئەو ڕەنجدەرانەی لەبەر سیاسەتی قڕێژی سەرکردەیەتی سەرمایەداری کۆمپانیاکانیی خێڵ- حیزبەکانی باشوور، بەرو بوومەکانیان بۆ ساغ نابێتەوە و فڕێی دەدەنە سەرشەقامەکان لە دژی سیاسەتی کشتوکاڵی خێڵ -حیزب، هانیان بدە کە بەڕێزەوە ئەو زێڕە کوردەوارییە بەرن بۆ خێزانی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات.
خۆت و خەڵکی تر، هان بدە کە بایکۆتی کاڵای هاوردەکراوی ژاراوی و کلتووری ئێرانی و تورکی بکەن.
ئەگەر لە بازاڕدا کاسپی دەکەیت، لەسەر جامخانەی دوکانەکەت بنووسە، سڵاوێکی کوردستانی بۆ تۆ ئەی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتم.
ئەگەر قەڵمت هەیە و توانای نووسینت هەیە، لە ئەکاونتەکەی خۆتدا، پشتیوانی خۆت لە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات دەرببڕە.
وێنەی شەهیدێکی ڕۆژهەڵات، بخە سەر پرۆفایلەکەت.
گرنگ ئەوەیە کارێک بکەیت، کاردانەوەیەک پیشان بدەیت.
ئەوە بکە کە دڵی دوژمنی دێرینەت و جلخواری باشوور دەتەقێنێ و فێنکایی کوردبوون و کوردەواری دەبەخشێ، بە دڵی پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتەکەت.
هەرچی بکەیت بۆ پشتیوانی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات، لە دەفتەری سەروەریی کوردبوونتدا تۆمار دەکرێت ودەبێتە خشتێک بۆ هەڵنانی قەڵای نیشتمانی کورد. دەچێتە خەزنەی ڕاپەڕینی لە کوردەوە بۆ کورد ومنداڵەکانت شانازی بەو دایک و باوکەوە دەکەن، کە هاوبەشی ڕاپەڕینی لە کوردەوە بۆ کورد بوون. تۆش شایان بەم شانازییە نەتەوەییەت، من دڵنیام.
دەستت بدە دەستم، پێکەوە بۆ دەربڕینی پشتیوانی و خۆشەویستیمان بۆ پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە