چەند پرسیارێک لە هەڤاڵانی ( کەجەکە)؟!

Saturday, 22/07/2023, 21:02


ڕاگەێندراوەکەی ( کەجەکە) سەبارەت بە موحەرەم، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کوردی تاساند و خستتیە بەرەدەم پرسیارگەلی زۆرەوە، چوونکە ئەوەی ئەم تێکستەی نووسییوە، کەسێک، دەزگایەک یا لایەنێکی فەرمی نییە، بەڵکو لێپرسراوی بزووتنەوەی ڕزگاریی خوازیی نەتەوەیەکی دابەشکرا و خاکێکی بە کۆڵۆنی کراوە، کە یەکێک لەو دەسەڵاتە فاشییە کۆلۆنیالیستانەی بەشێکی گرنگ و پڕ لە ژیانی کلتووریی نزیکەی پازدە ملێۆن کوردی ڕۆژهەڵاتمی وێران و بە سووتماک کردووە و ڕۆژ نییە کچان و کوڕانی ئەو بەشە فرە گرنگ و ئازیزەی نیشتمانەکەمان شەهید نەکات، کتومت و بە شانازییەوە باسی ئەو محەڕەم و حسەین و سەربووردە پڕ لە خورافاتە دەکات کە بە داخێکی زۆرەوە لەو ڕاگەێندراوەی (کەجەکە) دا هاتووە!.
هەموومان دەزانین و ( کەجەکە) لەهەموومان باشتر دەزانێت، کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد، بزووتنەوەی نەتەوەیەکی دابەشکراوە کە ٢٥٠٠ ساڵە لە دەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەژی و هیچ کات ڕێگەی پێنەدرا کە بێتەوە ناو مێژووی مرۆڤایەتی، بەڵام سەرەڕای قەبوڵنەکردنی لەلایەن سیستەمی سەرمایەی جیهانی و ئەو هێزە ناوچەییانەوە کە نوێنەرایەتی دەکەن و بەشێک لە خاکی نیشتمانی کوردیان داگیرکردووە، خەبات و بەرخۆدان و تێکۆشانی نەتەوەکە، کە تێکۆشانی باکووری نیشتمان و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ڕووە گەشەکەی ئەم تێکۆشانە نەتەوەییەن و هەڵگری هەموو بنەما ڕزگاریخوازییەکەی تێکۆشانی ئەم سەدساڵەی کۆتایی نەتەوەکەن، بە خەباتی بێووچان و خۆبەخشینی هەزاران کچ و ژنی کورد، تابۆی ئەو لەدەرەوەبوونەی کوردیان شکاند و نەتەوەکەیان بەگوڕوتینێکی جیهانییەوە هێنایەوە ناو ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی و ئەوان بوونە سەربووردەی سیمبۆلی خەباتی نەتەوەیەکی زیندوو کە لەدڵی مێژووەوە بە هەموو ئاکارە مرۆییە بەرزەکانەوە گەڕانەوە و بووشن بە رێبەری بزووتنەوە جیهانییەکەی مرۆڤ، بەتایبەت دژ بەو ستەمە هەزاران ساڵییەی لە ژنان دەکرێت.
بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد، بەشێک نییە لە هیچ بزووتنەوەیەکی تر، بەڵکو ڕێبەر و ئایدیاڵی بزووتنەوەی ئەو گەلانەیە کە لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و داپەروەریدا خەبات دەکەن. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان، جگە لە ئامانجی هاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی تردا تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لە خەباتی گەلانی تر ناچێت لەوانە:
- نیشتمانی ئێمە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە، کە کردوویەتییە کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی و خەباتی ئێمە بۆ ڕزگاریی مرۆڤی کورد و ئازادی نیشتمانەکەی و ئاشتییە، لە کاتێکدا کە خەباتی هێزە بەرهەڵستکارەکانی ناو ئەو گەلانەی دی، بۆ گۆڕینی دەسەڵات و گەیشتنی خۆیانە بە دەسەڵات، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا، ڕوانینیان بۆ مەسەلەی نەتەوەیی کورد، لەگەڵ ڕوانینی ئەو دەسەڵاتەی لەگەڵیدا ناکۆکن، یەکدەگرێتەوە.
- بێدەنگی ئەو گەلانەی کە دەسەڵاتەکەیان نەتەوەی کورد پاکتاو دەکات و خاکەکەی دەکات بە سووتماک، بەتایبەت لە چینی ڕۆشنبیریاندا، بەدەیان پرسیار و گومان دروست دەکات، ئەو گەلانە لەبەردەم بەرپرسیاریدان و بێدەنگیان لەو ستەمەی لەنەتەوەی کورد دەکرێت، بیانەوێ یان نەیانەوێ دەیانکاتە هاوبەش و پشتیوانی دەسەڵاتە ستەمکارەکانیان.
- ئێمە وەک نەتەوەی کورد ئەزموونی تاڵمان هەیە، لەگەڵ دەستبڕین و درۆ و ڕشتنی فرمێسکی درۆزنانە.
وا گونجاوترە بۆ هەڤاڵانی (کەجەکە) وەڵامی ڕوون و ئاشکرا بەم پرسیارانە بدەنەوە:
١/ بە پێی کام پێوانەی تێکۆشان و مەسەلەی گەلان بۆ ڕزگاری نەتەوەکەیان، سەربووردەیەکی ١٣٠٠ ساڵی ئەو ئایدیا و هێمایە پیشانی نەتەوەیەکی دابەشکراو دەدات، کە بزووتنەوەکەی بە بەشێک لەو ئاشووبەی نێوان دوو دەسەڵات بزانێت، لە کاتێکدا ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بەرەنگاری ستەمی بێ ئامان و نامرۆڤانە و فاشیانەی سێ دەزگای داپڵۆسێنەر دەبینەوە، کە هیچ مانایەکیان بۆ مرۆڤ بوونی خۆیان، نەهێشتۆتەوە¬؟!!
٢/ لە پێناوی چیدا چارەنووسی بزووتنەوەی نەتەوەیەکی ستەمدیدە، بە سەربووردەیەکی ئەفسانەیی تێکەڵکراو بە سیاسەتێکی قڕێژی مرۆڤ کوژ، ڕاڤە بکرێت، نەک بە خۆیی و سەربووردەی ئازادیخوازیی خۆی؟!!
٣/ هەڤاڵانی (کەجەکە) بەپێی کام پەسەندکراوە لۆژیکی و کام ڕوانینە دووربین و ستراتیجیە، بەم ئاکامە گەیشتن تا بڕیاری وا مەترسیدار و غەمگین و تا ڕادەیەکی زۆر پشێوی بەرهەمهێن لەناو گەلدا، بدەن، کە ئێمە ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە نزیکبوونەوەیە لەیەکتر، بەتایبەت پەیوەندی نەتەوەکە بە قەندیلەوە؟!! 
من، وەک نووسەرێکی ئازادیخوازی کوردستانی، هێمای تێکۆشان و خەباتی کوردستانیم: بێریتان، ژینا، شیرین عەلەم کوهی، زەینەب جەلالیان، زارا محەمەدی، ئاسیای کۆبانێ و هەزاران شەهیدی منداڵ و ژن و گوڵ و ژینگە و خاکی نێشتمانە بە سووتماک کراوەکەمە، لەماوەی ئەم سەد ساڵ هێرشی دڕندانەی چوار سپای دڕندە، چوار کلتووری هێرشبەر، چوار ئابووریی ستەمزا، چوار نەتەوەی سەردەستی خۆ گێلکردوو لەو ستەمەی لە نەتەوەکەی من دەکرێت و ئەوان بێدەنگن. من دڵنیام، ئێستا ئەو هەزاران هەزار کوردەی دڵیان وا لە قەندیل و بەو تێکۆشانە دەژین کە (سپای ڕزگاری کوردستان لە قەندیل) دژ بە جەندرمە و خێڵی خیانەت و جلخواری ناو کورد لە بەرخۆداندایە، بە خوێندنەوەی ئەم ڕاگەێندراوە، غەمگین، بێزار و تەنانەت توڕەشن.   
ئێمە دەتوانین خەباتی دبلۆماسی خۆمان بەو سەدان ڕێگایە بەرینە پێشەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ هێڵی سەرەکی تێکۆشانماندا و ئازادیمان لێ زەوت نەکات، دەنا کارەسات هێن و بەرهەمهێنی بێ ئومێدیە و  بۆچوونی لەم جۆرەی لێدەکەوێتەوە. 
بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد، بزووتنەوەیەکی مرۆیی، یەکسانی خوازییە کە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازادی دادپەروەر خەبات و تێکۆشان دەکات، هەموو ئاین و ئاینزا و بیروباوەڕە مەعنەوییەکان بەرێزن و لە شوێن و کات و بۆنەکانی خۆیاندا بە ئازادی بۆ بەجێگەیاندنیان پشتیوان و چاودێریانە و تێکەڵ بە سیستەمی بەڕێوەبەری کۆمەڵگایان ناکات و خۆی بە نوێنەر و بڕیاردەر و لایەنگری تایبەتی هیچ بیر و ڕایەکی مەعنەوی نازانێت، تا یەکێکیان زەق بکاتەوە و ئیمتیازی بۆ قایل بێت، یان بکەوێتە بەرەیەکی ناکۆکییەوە و لە بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازیی کوردستانییەوە ببێت بە لێکدەرەوە و بانگەشەکەری مەزهەبێک و ڕێبازێکی مەعنەوی دیاری کراو.  من دڵنیام کە قەندیل وا بیرناکەتەوە، هیوادارم هەڵەی داڕشتن بێت.
سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و مرۆڤدۆستانەی نەتەوەکەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە