کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مردن و ژیانی تاڵەبانی

Monday, 23/07/2012, 12:00







مردن و ژیانی تاڵەبانی بووە بە بابەتێک ماوە ماوە زۆرینەی خەڵکی کوردستان سەرقاڵ دەکات بەخۆیەوە. میدیاکان بازاڕگەرمییەکی باش بەم بابەتەوە دەکەن. نەیارەکانی ئەم مامە پیرەیە زوو زوو ڕقی موریدەکانی دەوروژێنن . موریدەکان گێلانە نەفامی و دواکەوتوویی و تەنگەتاوی خۆیان پیشان دەدەن. دیارە ژیانی مام جەلال لە مێژویەک پێک هاتوە سەراپا سیاسەت و ململانێ بۆ دەسەڵات. دەسەڵات لە هەموو قۆناغەکاندا، وەک قوتابی دواتر وەک سیاسییەک لە حیزبەکاندا، پاشان وەک ڕابەرایەتی و سەرۆکایەتی و سکرتێرایەتی و ئەو شتانە، وە دەکرێت بڵێین کابرایەکی سەرکەوتووبوە لەو لایەنەدا و شوێنە هەستیارەکانی دەسەڵاتدارێتی بینیوە.
لێرەدا من نە خوازیارم ئەو مامە پیرەیە بمرێ و نە ژیانیشی هیچ واتایەکی هەیە بۆ من. بۆیە تەنها باس لەو بابەتە دەکەم کە لەم چەمکەدا لەلای من بوە بە گرێ و پێم وایە پەیوەندی بە زۆر لایەنی تری ژیانی کۆمەڵایەتی و شارستانی ئێمەوە هەیە، ئەویش " لادانە لە ڕێرەوە فکرییەکان، ناهۆشیارییە لەبەرامبەر ئەو ئەرکانەی مرۆڤەکان لەئەستۆیاندایە، مامەڵەکردنی نابەرپرسانەیە بەرامبەر بەو متمانە بەدەستهاتوانەی مرۆڤەکان هەڵسوکەوتی پێوە دەکەن". پێش هەموو شتێک بەبڕوای من گرنگ نیە بەشان و باڵی مرۆڤەکاندا هەڵدەین لەبەر ئەوەی کاری باش دەکەن، چونکە مرۆڤی باش مەحکومە بەوەی کاری باش بکات. بەگوێرەی ڕیزبوونی پلە و پایەکان لە ڕووی عەقڵ و توانا و هەست و نەستەوە، ئەرکی مرۆڤەکان جیاوازی هەیە و هەرکەسە و بەجۆرێ بەرپرسیارە لەو چوارچێوەیەدا کە توانای بەسەریدا هەیە، هەرکەسە بەڕێژەیەک مەحکومە بەوەی چاک بێت. ئیتر گرنگ نیە مام جەلال لە مەجلیسی حوکمدا کە وەک مێزێکی قومارخانە چارەنوسی بەهاکانی تێدا تەخشان و پەخشان دەکرا، نەخشەی کوردستانیبونی کوردستانی زەمانی عوسمانییەکان پیشانی چەند سەرکردیەک بات کە بەڕاستی هیچ بەهایەکی نەبوو لەوێدا. ئەی ئەگەر ئەوەی نەکردایە دەبوو چیتر بکات؟ بەڕاستی نە ئەوە بە ئازایەتی دەزانم بۆ مێژووی سەرکردەیەک کە لەتەنیشت ئەوەدا دەیان دەستکەوتی تری زیندەبەچاڵ کردوە، وە نە ڕەوایە ئەو گرتە ڤیدۆیەی ئەوە پیشان دەدات ئێستا دەبێتە چەکە قورسەکەی نەوەی نوێی پارتەکەی و شوێنکەوتوانی و لافی پێوە لێدەدەن. لەبەر ئەوە ئەرکی ڕەخنەگر نیە باس لە شتی باش بکات. نەخێر ! ڕەخنەگری ڕاستەقینە تەنها لەسەر شتە خراپەکان دەدوێت و هۆشداری دەدات و ئەرکی هۆشیارکردنەوە دەبینێت، کە لەکۆتاییدا دەبێتە گرانترین ئەرکێک کەمرۆڤێک بیەوێت بەڕاستی پێی هەستێت.
شکستی فکر لە میتۆدەکەی تاڵەبانیدا:
ئاشکرایە هەر لەسەرەتاوە خودی تاڵەبانی و بزوێنەرەکەشی کە(برایم ئەحمەد)ی خەزوریەتی، بە عەقڵێکی عەلمانی و مۆدێرن و شارستانییەوە کەوتنە ململانێوە لەگەڵ (مەلا مستەفا) دا. بەو پێوەرەی کە مەلا مستەفا مەلا و پیاوی ئاین بوو، وە سەرۆک عەشیرەتی بارزانیەکان بوو، هاتن ئەو چەمکەی جوداخوازیەکەیان پتەوکردەوە کە "دژایەتیکردنی مەلا مستەفا دژایەتیکردنی دواکەوتن ودەسەڵاتی خێڵایەتی و ناڕۆشنبیری و نەزانییە". مام بانگەشەی بۆ ژیانێکی مۆدێرن و شارستانی و عەلمانی دەکرد و خۆی بەشۆڕەسوار و قارەمانی ئەو فکرە نیشاندا. بێگومان بۆ ئەو سەردەمە ئایدیاکەی کاری کرد و دواتر لەدوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٤ توانی زۆرینەی زۆری چەپ و ڕاست و بێلایەنەکان کە دەیکردە زۆرینەی خەڵک لەخۆی ڕازیبکات و کۆبکاتەوە و بە دامەزراندنی پارتێکی مۆدێرنی وەک (یەکێتی) سەرکەوتنی لە شەڕەکەیدا ڕاگەیاند.
ئێستا دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ بانگەشە بۆ مۆدێرنیتەکردن و بە شارستانیکردنی ژیان و سیستمەکانی بەڕێوەبردن و باری کۆمەڵایەتی خەڵک، دەبینین تاڵەبانی پیرێکی نەخۆشە و بەڕێگای نەخۆشخانەکانی جیهانەوەیە. ئەوەی دەبێت باسی بکەین لێرەدا پیربوون و نەخۆشکەوتنی ئەو بیر و میتۆدەیە کە ڕۆژانێک بانگەشەی بۆدەکرد. ئێستا ئەم مامە پیرەیە هەر ڕۆژە شیوەن بۆ دیکتاتۆرێک دەکات و هەر ڕۆژە لەسەر بەرماڵی ئەم مەزهەب نوێژدەکات و هەر ڕۆژە بە ڕێگای ئەو مەزهەبی تر دەستنوێژ دەگرێت. ئێستا ئەم مامە پیرەیە خۆی و حیزبەکەی لەخەیاڵی ساڵانی شەستەکاندا قایمکردوە و ئەوەی فڕی پێوە نەماوە مۆدێرنە و پێشوەچون و شارستانییە. ئێستا ئەوەی زیاتر لە ماڵی مەلا مستەفا بارزانی مورید و شوێن کەوتوی هەیە لە کوردستاندا، مامجەلالی تاڵەبانییە و ڕۆژانە دەیان شێخ و مەلا نوشتەی ساغلەمی بۆ دەپێچنەوە. ڕۆژانە سەدان گەنجی خوێنگەرمی قۆز خۆیان بە قوربانی دەکەن و بە دوعاکاندا تەمەنی خۆیانی بۆ دەنێرن، ڕۆژانە دەیانی تر لە خاوەن بڕوانامە و ڕۆشنبیر و خوێندەوارەکانی حیزبەکەی لە سۆشیال میدیاکاندا شەڕ بەخەڵک دەفرۆشن لەسەر ژیانی تاڵەبانی و جوابی جنێوی نەیارەکانی تاڵەبانی دەدەنەوە و بەرپەرچی دوعای دژەکانی دەدەنەوە. هەتا کار گەیشتە ئەوەی لەم دواییانەدا، (نەجمەدین کەریم) ی مۆدێرن و دکتۆری پەروەدەکراو لە ئەمریکا و یەکێک لە کەسایەتییە خاوەن عەقڵەکانی کوردستانی ئێستا بڵێت (تاڵەبانی هەرگیز نامرێت)
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی نە مام جەلال توانی خەڵک بەشارستانی بکات و نە یەکێتییەکان توانیان ئەو مێژوەی خۆیان شانازی پێوە دەکەن دەستپێوە بگرن و بە ئێمە بڵێن مام جەلال توانی شارستانی و مۆدێرنیتە لەناوماندا بچێنێت، ببینن ئەوە ئێمەین حوکمی خێڵایەتی و بنەماڵەپەرستی و مرۆڤ پەرستی وەلا دەنێین.
لەڕاستیدا دەبوایە مامە پیرە بۆخۆی بڕیاری بدایە دەست لە دەسەڵاتەکان هەڵبگرێت و وەک ڕێزگرتنێک لە تێزەکەی خۆی کە پێش زیاتر لە ٤٠ ساڵ پێشکەشی کرد، ڕێگای بۆ نەوەی نوێی یان هەر هیچ نەبێت هاوڕێ پیرەکانی خۆی کە تامەزرۆی یەک دەقەی کورسیەکەی ئەون بەدرێژایی ئەو مێژوە چۆڵبکردایە و دەستبەرداری کورسیەکانی بوایە. دەبوایە گەنجانی یەکێتی ئەوەی بۆیان گرنگ نەبوایە ژیان و مانی مام جەلال بوایە و بوێرانە باسیان لە دوای تاڵەبانی و ڕێگەدانان بۆ درێژەدان بە میتۆدەکەی و ئەو ئەرکانەی جێبەجێ نەکراون بکردایە. کەچی مامە ئەمەی نەکرد و ئاغا بوونی بۆ ئەبەد هەڵبژارد و نەوەی نوێی حیزبەکەی پیاوانی ئاغایان بەخۆیان ڕەوا بینی و هەموو فکر و تێز و تەڕەماشەکەیان تێکوپێک دا. ئێستا گەنجانی یەکێتی لە پێناوی تاڵەبانیدا پیاو دەکوژن و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن. ئێستا ئازایانە چاو لە خەڵک سور دەکەنەوە و قەڵەم لە نەیارانی دەسون و هەر ڕۆژە بە یەکێکدا هەڵدەشاخێن لەسەر جنێوێک کە بەو پیاوە پیرە دەگوترێت.
بەبڕوای من ئەم شکستە لە میتۆد و فکردا تەنها وابەستە نیە بە تاڵەبانی و حیزبەکەیەوە. کۆمەڵگای کوردی لەسەر ئەم دیوارە تێکشکاوە بنیات نراوە و هۆکاری هەرەگەورەی شکست و گرفتەکان ئەو لادانەیە لە ڕێرەوەکان. کۆمەڵگای کوردی هەرگیز نەیتوانیەوە بە تەندروستی هیچ ڕێڕەوێکی فکری یان سیستمی بەڕێوەبردنی ژیان کارپێبکات و وەک ئۆرگەنایزەیشن ێک بۆ ڕێکخستنی ژیان سودی لێببینێت. ئەوە فکرەکان نین کە خراپن و ژیان دەشێوێنن، بەڵکودەسەڵاتدار و سیاسی و ڕۆشنبیرانن بە ویستی نابەرپرسانەی خۆیان ژمارەکان پاشوپێش دەخەن.
نمونە:
لە کۆمەڵگای ئێمەدا کۆنسەرڤاتیڤ و نەتەوە پەرستەکان هەر لە چوارچێوەی شار و گوند و شاشەی تیڤییە ناوخۆییەکانەوە باس لە کوردستان و کوردبون و دەوڵەت دەکەن، هەر پێدەنێنە وڵاتێکی دراوسێ وەک نەوەکانی بارزانی گەورەترین مێژوو تۆمار دەکەن لە تەنازول و خۆبچوککردنەوە و ناونەهێنانی کوردستان و نەتەوە و ئاڵا.
چەپەکان هەتا ئەوکاتە چەپن و پشتو پەنای ڕنجدەر و کرێکارانن کە پارەیان نیە، هەر بوون بەخاوەنی پارە و سەروەتوسامان، خەڵک دەچەوسێننەوە و باس لە بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی ئابوری دەکان.(فاروقی مەلا مستەفا) ی کۆنە شیوعی وەک نمونەیەکی دیار. کە بەدڵنیایەوە تەنها بە پڕۆژەی وەبەرهێنان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ هەژاران، دەتوانێت هەژاری لە سلێمانیدا نەهێڵێت.
جاران زۆربەی بازرگان و کاڵا فرۆشەکان حاجیبوون و بە گوێرەی ئاینەکەیان نابێت بەقەد گەردێک فێڵ لە خەڵک بکەن، کەچی بینیمان شەکری پڕ لە ئارد و ئاردی پڕ لە تەختە و داو دەرمان و کاڵای بەسەرچوو هەر لەڕێگەی حاجیانەوە ساغ دەکرایەوە لەبازاڕانەکاندا.. بە ئێستاشەوە.
ئەمانە هەموو بەرهەمی خراپ بەکارهێنانی فکر و سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی ژیانن. ئیتر سەیر نیە تاڵەبانی دەبێتە شێخل عەشیرە و گەنجە مۆدێرنەکانی" قوتابخانەی مەدەنیەتی مەلا بەختیار" دەبنە پیاوانی عەشرەت و قوربانیی ژیان و مانی تاڵەبانی. لە دیدی منەوە یەکێتی ئێستا هیچ نیە جگە لە کۆپییەکی پارتی لەسەردەمی مەلا مستەفای بارزانیدا، واتا یەکێتی زیاتر لە تەمەنی خۆی بۆ دواوە گەڕاوەتەوە و لەو سەردەماندا دەژیی. بەداخەوە خەڵکی کوردستانیش بە ناچاری دەبێت باجی ئەم هەموو هەڵە و شکستە گەورانە بدەن.
٢١/٧/٢٠١٢
ساڵیادی شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە