بارزانی
Thursday, 03/03/2011, 12:00
بارزانی گەڕایەوە بۆ کوردستان، پێدەچێت نوێنەری خۆپیشاندەران ببینێت، پێدەچێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان گۆڕانیش بانگ بکات. زۆر گرنگە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران مل بۆ داواکارییەکی لەوشێوەیە نەدەن، زۆر جێگای خۆیەتی ئەمجارە گۆڕان نەچێتە کۆبونەوەکانی بارزانی، زۆر گەورەییە داواکارییەکانی خەڵک، توڕەبوونی جەماوەری ناڕازی، خوێنی شەهیدە مێردمنداڵەکانی کوردستان، هەموو قوربانییانی ڕاپەڕینەکانی دوای ١٧ی شوبات، لە بارزانی و هەموو دەسەڵاتدارەکان گەورەتر ببینرێت و بخەمڵێنرێت، دیارە بەو مانایە نا خەڵک گفتوگۆ ڕەتبکاتەوە، بەڵکو با ئەو نامەیەی داخوازییەکانی خەڵکی تێدایە ئەو ئەرکە بگەیەنێت، نەک چەند کەسێک بەناوی هەموو خەڵکە نارازییەکەوە بچن بۆ دیداری بارزانی و وەک خاوەنی شتەکان داواکاری لێبکرێت.
ئومێد دەکەم ڕاگەیاندنەکان و بەیاننامە و نامەی داواکارییەکانی خەڵک تاکە نوێنەر بن لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا، ئەو دەسەڵاتدارەی خەمی کێشەی هاوڵاتیانی ناڕازی هەیە، با لە ڕاگەیاندنەکانەوە نامەکان ببینن و دەستبکەن بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان.
پێویستە میدیا بە هۆشیارانە لە پێشهاتەکان بروانن، هەوڵ نەدرێت بارزانی خاوەنی پارتێکی گەنج و منداڵ کوژ، بکرێت بە فریادڕەس و وەک دەمسپییەک قسەی لێوەربگیرێت. پێویستە وەک تۆمەتبارێک و خاونی پارتی داوای ڕوونکردنەوە و ساغکردنەوەی لێبکرێت لەو کارەساتەی پارتەکەی بۆ کوردستانی ناوەتەوە، لەو ڕەشەکوژی و ڕەشبگیری و گوللەبارانکردنەی سەرانی پارتەکەی دژ بە خەڵکێکی ناڕازی ئەنجامیانداوە و ئەنجامی دەدەن. پێویستە نیەت و پلانی خۆی و پارتەکەی ئاشکرا بکات، ئایا باوەڕیان بە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی هەیە؟ یان لە داواکردن و سوربوونی خەڵک لەسەر چۆڵکردنی کورسیەکانیان کوردستان دەکەن بە گۆمی خوێن!!!
گرنگە هۆشیارانە لە هەوڵەکانی دەزگای پاراستن و نوسەر و میدیاکارە بێویژدانەکانیان بڕوانین، هەتا بە پڕوپاگەندە و بە بەکارهێنانی سەرمایەی وڵات ڕوویەکی جوان بە تاوانەکانیان نەبەخشن و هەوڵ نەدەن پارتەکەیان ئەم بارگرانییەی لەکۆڵ بێتەوە. پارتی وەک حیزب تاوانبارە بە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و گەنجان و مێردمنداڵانی کوردستان، ئومێد دەکەم ئەم کێشەیە لە دادگایەکدا یەکلایی بکرێتەوە. نەک لەژێر پەردەی ڕێکەوتن و بەڵێن و هەندێک هەنگاوی سادەی دەسەڵاتدا هاوسەنگییەکان بشێوێنرێت
هیچکەس مافی ئەوەی نیە نوێنەرایەتی خوێنی هیچ مرۆڤێک بکات، پیاوکوژان و تاوانباران یاسا سزاکانیان دیاری دەکات. پارتی لەپێش هەر لایەنێک دەبێت کێشەی تاوانەکانی لە دادگایەکدا یەکلایی بکرێتەوە، پاشان ووتوێژ بۆ داواکارییەکانی خەڵک لەگەڵ سەرۆک و دەسەڵاتدارانی ئەوپارتەدا جێگای ڕازیبوونە. ئەگەر ویستێک هەبوو بۆ هەنگاوێکی لەو جۆرە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست