دکتۆر فه‌رهاد پیرباڵ، ئێستا و ڕابردوو
Thursday, 20/08/2009, 12:00
ساڵانێک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و کاته‌ی دکتۆر فه‌رهاد پیرباڵ له وانه‌بێژی له زانکۆی سه‌لاحه‌دین فه‌سڵ کرابوو، به گڕووتینێکی به‌جۆش و تووڕه له و ده‌سه‌ڵاته سه‌پێنراوه، بابه‌تێکم نووسی که ته‌نها پشتگیرییه‌ک بوو له هه‌ڵوێسته ئازایانه‌که‌ی ئه‌و. به‌داخه‌وه ئێستا هه‌ر بۆ ئه‌و پیاوه، چه‌ند سه‌رنجێک ده‌نووسم که مه‌ودایه‌کی دوور له نێوان بۆچوونی هه‌ردوو بابه‌ته‌که‌دا ده‌بینرێت. به‌ڵام ئه‌وکاته جه‌نابیان له ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵ ڕاپه‌ڕیبوون، ئێستا له گردێکی هین، ئه‌وسا له پێشه‌وه‌ی خوێندکارانی هه‌ژاردا و ئێستا له پشته‌وه‌ی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ. ئه‌وسا له پێناوی هێنانه‌دی هیواو داواکاریی هه‌ژاران، ئێستا بۆ به‌ده‌ست هێنانی نازناوێکی بێبایه‌خ و کورت مه‌ودا... .
پێش هه‌موو شتێک هیچ بیانوویه‌ک نییه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕووی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌ژده‌ساڵه میلله‌تێکی له مه‌ینه‌تییه‌کاندا گه‌مارۆ داوه. که دووبه‌ره‌کییه‌کی قوڵ و تواوه‌ی له ناخی مرۆڤه‌کاندا خوڵقاند، ده‌سه‌ڵاتێک ده‌ستی چووبێته خوێنی هاوزمان و هاونیشتیمانانی، ده‌سه‌ڵاتێک سیاسه‌تی خه‌ڵک هه‌ژارکردن و خه‌ڵک بێ‌ئاگاکردن به‌رهه‌م بهێنێت، گه‌نج هه‌راسانکردن و ناچارکردنیان بۆ به‌جێهێشتنی وڵات دابهێنێت، ده‌سه‌ڵاتێک تۆمه‌تبار به دزینی سه‌روه‌ت وسامانی خه‌ڵکی هه‌ژار، به نانبڕینی موچه‌خۆران، به خه‌ساندنی ڕۆشنبیران، به فرۆشتنی ماف و خاک و ئاو و په‌ترۆلی وڵات بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تی و تاکه‌که‌سی و حیزبییه‌کان. .
بێگومان ڕابه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، مه‌سعود بارزانییه. ئه‌و پیاوه‌ی جه‌نابتان بانگه‌شه‌تان بۆ کرد و شانازی پێوه‌ده‌که‌ن و کاریزمای ئه‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌یه بۆ ئێوه، وادیاره ده‌تانه‌وێت به ماته‌ریالێکی جیاواز له ده‌سه‌ڵاتی هه‌نووکه‌یی، پێشانمانی بده‌یت.
لیستی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا نین ئه‌وانه‌ی له‌م ووتاره‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ریان هه‌ڵبده‌م و وه‌ڵامی تۆی پێبده‌مه‌وه، نه‌خێر.. به‌ڵکو " خاک، هه‌ڵوێست، توانا و پشوودرێژی، یاخیبوون." وه هه‌ندێک شتی تر سه‌رچاوه و وێستگه‌گه‌لێکن که ده‌بێت له نێوان ئێستا و ساڵانی پێشووی تۆدا ئیستیان له‌سه‌ر بکه‌ین.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاکی کوردستانی ئێمه، پیرۆزترین مادده‌یه‌که که من هه‌مه له ژیاندا، بۆیه ده‌مه‌وێت ئه‌و جنێوه ناشایسته و قێزه‌ونه‌ت یاد بهێنمه‌وه که به هه‌زاران بستی خاکه‌که‌ی خۆتت دا(گردێکی حیز). ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی ئێوه ڕێگا خۆشکه‌ره بۆ داهێنانی چه‌ندان جنێوی هاوشێوه و گۆڕینه‌وه‌یان له نێوان زاری ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی وه‌ک خۆتانن یان فانی ئێوه‌ن و پێیان ئاساییه خاکی وڵاته‌که‌یان جنێوباران بکه‌ن، ئیتر له‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌دا جه‌نابتان ده‌بنه‌وه سه‌رقافڵه‌ی باوێکی نوێ که ئه‌ویش جنێودانه به‌خاک و بێنرخی و بێڕێزییه به ئه‌رزی یه‌کتر له نێوان هاونیشتیماناندا. ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێست و وانه‌ی یه‌که‌مجاری ئێوه نییه، به‌ڵکو پێشتریش به " شێخ مه‌حمودی حه‌فید" تان ووتبوو عه‌شایه‌ر و دواکه‌وتوو... . دواتر ئه‌وانه‌ی بۆ قسه‌کانت پێده‌که‌نن ناونه‌تۆره‌ی " خوله‌قۆپچه" یان دایه پاڵ شێخ مه‌حمود.
ئه‌وه‌ی ڕوون و ئاشکرایه له ووتاره‌که‌تدا پیاهه‌ڵدانی سه‌رۆک بارزانی و شکاندن و ڕیسواکردن و بێڕێزی وهه‌رزانکردنی نه‌وشیروان و گرده‌که و گرووپه‌که‌یه‌تی. به بڕوای من له سێ هۆکاری جیاوازدا خۆیان ده‌بیننه‌وه:
یه‌که‌م: فریاکه‌وتنی سه‌رۆک و پارت و لیسته‌که‌ی که له په‌شێوییه‌کی هه‌راساندا بوون له کۆتایی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا. ئه‌مه وایکرد منه‌تێک بفرۆشیت به ده‌سه‌ڵات و ڕوویه‌کی جوانیش بۆ خۆت درووست بکه‌یت له‌لای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ساڵانێکه له به‌ره‌ی لاوان و هه‌ژارانه‌وه له دژیی یاخیی بوویت.
دووه‌م: دڵنیا بوویت چیتر ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌ی ساڵانێکه خه‌ون بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌بینیت و ئاوات بۆ پێشڕه‌وی کردنی ئه‌و کاروانه ده‌خوازیت له مه‌ودای تۆ دوورکه‌وتۆته‌وه. چیتر گه‌نجان و هه‌ژاران متمانه‌یان له وێستگه‌یه‌کی تر خستووه و خۆری په‌یامه‌که‌ت به ڕۆژێکی ته‌واو کورت‌دا تێپه‌ڕی. لێ هێشتا دیار نییه ئه‌و وێستگه‌یه‌ش ڕێگا ڕاسته‌که‌یه بۆ گه‌یشتن به سه‌رزه‌مینی ژیانه نوێیه‌که یان نا!
سێهه‌م: سلێمانی سلێمانی سلێمانی ... بۆ ده‌بێت هه‌موو هه‌ڵقوڵان و هه‌موو ته‌قینه‌وه و هه‌موو تازه‌گه‌ریی و هه‌موو گۆڕانێک له‌م شاره‌وه ڕوو بدات؟؟؟ ئه‌مه‌ش یه‌کێکی تر له‌و هۆکارانه‌ی یاخیبوونی ئه‌مجاره‌ی جه‌نابتان له دژی خه‌ڵکی هه‌ژار و گه‌نجان و که‌سوکاری قوربانییانه.
ئه‌و هه‌موو دوو فاقی و دژه بۆچوونانه له ووتاره‌که‌تدان سه‌ر لێشێواوی جه‌نابت پێشان ده‌ده‌ن و کاڵوکرچی ده‌ده‌ن به بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانت، وه‌ک" هیوای هاتنه‌دی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له ژێر ده‌ستی سه‌رۆک بارزانیدا و جنێودان به خاکه‌که‌ی. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک بارزانی و ڕه‌فزکردنه‌وه‌ی به‌رنامه و لیست و پلانه‌کانی. " پێشانمان ده‌ده‌ن بۆچوونه‌کانت هه‌ڵقوڵاوی هۆش و هه‌ستێکی ساغ نین.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و ئه‌سه‌فه لێره‌دا: پشتگیری کردنی مه‌سعود بارزانییه بۆ سه‌رۆکایه‌تی کردنی هه‌رێم، له کاتێکدا ته‌نها سیازده‌ساڵ تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر خیانه‌ت و هێنانه‌وه‌ی جه‌للاده‌کانی به‌عس بۆ سه‌ر خه‌ڵک و ماڵ و شه‌قامه‌کانی شاره‌که‌ی خۆت، هه‌ولێر له ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦. ڕێگادان به شه‌ڕی ناوخۆ. چه‌قبه‌ستنی هه‌موو مافه‌کان له مه‌ودایه‌کی قه‌تیسماودا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رۆکه‌دا.
بریا وه‌ک هه‌ندێ له ڕۆشنبیران و خه‌ڵکانی بێهیوا، لیستیی ده‌نگدانه‌که‌ت به سپێتی له سندوقه‌کان بهاویشتایه. ئه‌گه‌ر پێتان وابوو که‌سی شیاو له مه‌یدانه‌که‌دا نه‌بوو.
به‌م هه‌ڵوێسته، جه‌نابتان له ڕیزی ڕۆشنبیره فرۆشراوه‌کاندا جێگاتان بوویه‌وه. ئێستا ده‌توانیت له ته‌نیشت " حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن و مهاباد قه‌ره‌داغیدا" هه‌میشه ئه‌ستێره‌یه‌ک بیت. ئه‌وانه‌ی ساڵانێک بوو ڕۆژانه توانستیان ده‌بینران له هه‌موو وێستگه‌کانه‌وه، پاشان کڕران و خه‌سێنران. . . ئێستا له ساڵان و له مانگان چه‌ند دێڕێک له هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌یان نابینرێن ، ئه‌وانه‌ی به په‌نابردن بۆ شیعر و ئه‌ده‌ب په‌شیماننامه‌یان نووسی، ئه‌وانه‌ی چیتر تا هه‌تایه ڕووناک‌بیری ڕاسته‌قینه گوێیان لێ ناگرن.
لیستی گۆڕان و نه‌وشیروان، باڵێکی جیابووه‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانن، ئه‌مه جێگای نیگه‌رانی زۆرێکی تر له ڕۆشنبیرانی کورد بوو له تاراوگه. ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌کرد جه‌نابت و زۆرێکی تر له یاخییه ڕۆشنفکره‌کانی شاره‌که‌ی ئێوه به عه‌شقه‌وه به‌ره‌وپیری ئه‌و بزوتن و جوڵانه‌وه سروشتییه هه‌نگاو بنێن و ئه‌و سنوره ببه‌زێنن و گۆڕان له باڵی حیزبێکه‌وه بکه‌ن به په‌یکه‌ری میلله‌تێکی یاخی و به هه‌موولایه‌ک ڕه‌وته‌که بگه‌یه‌نین به لووتکه. ئه‌وه‌ی زیاتر نیگه‌رانی کردین ئه‌و خوێندنه‌وه پڕ له ئیره‌ییه‌ی جه‌نابتانه بۆ بارودۆخه‌که.
هاوڕێکانت زووربه‌ی ئه‌وانه‌ی ناویانت هێناوه به پشتگیری‌یان هه‌وڵی به باڵی حیزبێک کردنی ڕه‌وته‌که‌یان لاواز کرد، د.جه‌مال نه‌به‌ز، به‌ختیار عه‌لی، د.بورهان یاسین، ئاراس فه‌تاح، هیوا قادر، ڕێبین هه‌ردی، ئاسۆس هه‌ردی، مه‌ریوانی وریا قانع، نه‌به‌ز گۆران، که‌مال ڕه‌ئووف، وه چه‌ندانی تر له ڕۆشنبیرانی بێلایه‌ن به ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ پشتگیری‌یان بۆ گۆڕان ده‌ربڕی. وه ڕێژه‌یه‌کی زۆری ئه‌و ده‌نگانه‌ی که لیستی گۆڕان خاوه‌نێتی له ده‌ستو په‌نجه‌ی ئه‌و که‌ڵه پیاوانه و ڕۆشنبیرانی بێلان ده‌ناسرێت و هاوڕێیانی گرده‌که‌ش ناتوانن نکوڵی له‌م ڕاستییه بکه‌ن.
به‌بڕوای من هه‌تا ئێستا هه‌موو هه‌وڵه‌کان له چوارچێوه‌ی خۆزگه و هیواکاندا په‌نگیان خواردۆته‌وه و هه‌موو لایه‌ک به چاوێکی پڕ ته‌مه‌نناوه له داهاتووی وڵاته‌که‌مان ده‌ڕوانین، به تایبه‌تی له‌دوای ئێستا که ئۆپۆزیسیۆن و یاخیبوون بووه به واقیع. ئه‌گه‌ر ئه‌م خۆزگه‌و هیوایانه‌ش تێکشکان، وه ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه متمانه‌ی خۆی له‌ده‌ست دا لای جه‌ماوه‌ر، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه هێشتا تواناکان هه‌مووی نه تواونه‌ته‌وه و سه‌رهه‌ڵدان و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ژیانێکی نوێ هه‌ر له نوێبوونه‌وه‌دایه.
www.hemnrauf.kurdblogger.com
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست