کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەساڵی تر سەرۆکەکان خۆیان خۆیان دیاریدەکەن

Wednesday, 11/07/2012, 12:00




به‌بۆنه‌وه‌ی کردنی بارزانیه‌کی تر به‌ سه‌رۆکی ده‌زگایه‌کی تری هه‌رێم،  ئەم پێشبینیانە دەخەینە ڕوو
دەساڵی تر لە کوردستان یاسایەک دەردەچێت کە چیتر هەڵبژاردن بۆ سەرۆکەکان نایەتە کردن. لە دوای پەسەندکردنی یاساکە بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمان، ئیتر خەڵک نوێنەرەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ جێگری سەرۆکەکان!! ئیتر هەڵبژاردن تەنها بۆ ئەندام پەرلەمانی داماو و وەزیری گێژ و بەڕێوەبەری گێل دێتە ئەنجامدان. دەساڵی تر خانەوادەی بارزانی بۆ هەمیشە دەبنە سەرۆکمان . ئەوان دەبنە سەرۆکی هەموو شتەکانمان . سەرۆکی هەرێم سەرۆکی حکومەت سەرۆکی دەزگا سەرۆکی کۆمپانی سەرۆکی عەشرەت سەرۆکی سەندیکا و ڕێکخراو کەناڵ و وێستگە و فڕۆکەخانە و مۆڵەکان و سەرۆکی شار و شارەوانی سەرۆکی گوند و ناحیە و گەڕەک و تیپی دوگۆڵی و مۆسیقا و شانۆ...
دەساڵی تر وانەیەک دەوترێتەوە لە خوێندنگا سەرەتاییەکاندا باس لە سەرۆکەکان دەکات، باس لەو منداڵانە دەکات کە دوای باڵق بوون دەبنە سەرۆک باس لەو کۆرپانە دەکات کە چۆن ئامادەدەکرێن بۆ سەرۆکایەتی . وانەیەک باس لە دەستڕاستی سەرۆکەکان دەکات لە هەڵماتێندا، باس لە تیژ لێخوڕینی ترومبێلەکان دەکات کاتێک هێشتا دوازدە ساڵە تەمەنی سەرۆک، وانەیەک باس لە گوێڕایەلی گەل و هاونیشتیمانیانی بەشەرەف دەکات بۆ توڕەبوونەکانی سەرۆک کە پازدە ساڵەو پێدەگات.
دوای دەساڵی تر کەس بۆی نیە باسی مێژوو بکات، سەرۆکەکان فەرمان دەردەکەن بە سوتاندنی هەموو ئەو کتێبانەی باسی ئاشبەتاڵی 1974 دەکەن، هەموو ئەو مەقالانە دەسڕێتەوە بۆ 31 ی ئاب نوسراون. هەموو شیعرە ناسکەکان قەدەغە دەکەن کەبۆ سەردەشتو سۆران و ڕێژوانەکان نوسران . 17 ی شوبات کەس بۆی نیە لەخەو هەستێت. دەساڵی تر پڕۆژەی سڕینەوەی وشەی مێژوو لە میتۆدی پەروەردەی زمانی کوردیدا گەڵاڵە دەکرێت.
دەساڵی تر ڕووی مزگەوتەکان دەکرێتە بارزان.. کەعبەی کوردان دەگوازرێتەوە بۆ گوندەکەی بارزان و تەوافی گڵکۆی نەمران دەبێتە نەریتێکی کوردەواری. دەساڵی تر نوێژ دەبێت بە کوردی و هەموو بۆ باپیرەگەورەی کوردان نوێژ دەکەین. منداڵەکانمان دەکەینە قوربانی بۆ ئەو مەشایخە پیرۆزانە.
دە ساڵی تر فەیسبوک دەبێت بە کوردی و سەرۆکەکەی بارزانییەکی خنجیلە و یاساکانی بەئارەزوی خۆی دادەنێت. ئەوکات منداڵەکانیش دەتوانن ببنە خاوەنی ئەکاونتی خۆیان تەنها بەومەرجەی هەموو لایکی پەیجەکەی سەرۆک بکەن. دەساڵی تر ئەدڤەرتایز و ڕیکلامکردن لەفەیسبوکا نامێنێ، لای ڕاست لای هەموو بەندەیەک دەبێت بە پەیجی سەرۆک و کوڕی سەرۆک و ئامۆزا و برازا و کوڕەزا و خوارزای سەرۆکی هێژا.
دەساڵی تر ئەم سەرۆکە ئاومان دەدات، گەر ئەو نەبێ هەموو لە تینوا دەخنکێین. ئەو سەرۆکە قوتی ئێمە دابین دەکات ئەگەر ڕۆژێ ئەمر نەکا هەموو بێ شێو ئێوارە سەر ئەنێینەوە، ئەوی تر نەبێ هەموومان لە سەرمان ڕەق دەبینەوە، ئەم هاوینە سەرۆک نەبێت کەس سپلیتێکی بۆ ناکڕێت خوا دەست بەباڵیەوە بگرێت.
دەساڵی تر زۆر شتی تریش ڕوودەدات. هەموو دەبین بە کرێچی و سەرۆک بە خاوەنی ماڵ و خاوەن باخ و خاوەن نەوت و خاوەن بانک و خاوەن هەموو شتەکانمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە