کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


باران (کورته‌ چیرۆک)

Tuesday, 23/01/2024, 22:54


ڕۆژه‌کانی کۆتایی ساڵی خوێندن بوو. یه‌که‌م ساڵی زانکۆی به‌ره‌و کۆتا ده‌چوو. هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کی بۆ گه‌شته‌که‌ی‌ ته‌واوکردبوو. نیازی نه‌بوو چاوه‌ڕێ بکا تا کاتی ده‌ستپێکردنی خوێندن له‌ مانگی ئۆگه‌ستی دا، به‌ڵکو دوارۆژی خوێندنی کردبۆوه‌ ڕۆژی گه‌شته‌که‌ی... 
خه‌می گه‌وره‌ی باران، خوشکه‌ بچکۆله‌که‌ی بوو. نه‌یده‌زانی به‌ چ شێوه‌یه‌ک ئه‌م پلانه‌ی خۆی بۆ ئاشکرابکا!‌ 
ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌روه‌ک هه‌موو ڕۆژه‌کانی تر به‌ مه‌به‌ستی چوون بۆ زانکۆ که‌وته‌ ڕێگا، لە دوای ئه‌وه‌ی کەمێک له‌ ماڵ دوورکه‌وته‌وه‌ مه‌سجێکی بۆ خوشکه‌که‌ی نارد، که‌ له‌باخچه‌ی قوتابخانه‌ چاوه‌ڕوانی بکا...
کاتێک باران به‌ ده‌وروبه‌ر و ژینگەی خۆی ئاشنابوو، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پڕ له‌ جوانی‌ بوو. له‌ باخچه‌ داده‌کانی خۆشیانده‌ویست و هاوڕێی زۆربوو. له‌ دنیای باخچه‌دا وه‌ک په‌پووله‌ بێخه‌م ده‌فڕی...
هاوکات دنیای قوتابخانه وەک باخچە نەبوو، جیاوازبوو... له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونی ته‌مه‌نیدا، دنیای قوتابخانه‌ی بچوکترده‌بۆوه‌. ئەوکاتەش گه‌یشته‌ زانکۆ ئیتر به‌ ته‌واوی سنووره‌کان به‌ دڕک ته‌نران. ‌کاتێک په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌نگی تووڕه‌ و وشه‌ی ڕه‌ق به‌ره‌وڕووی ده‌نێردرا ڕقێکی ئه‌ستوور له‌ ناخیدا ڕه‌گی داده‌کوتا. 
هه‌ندێجار نه‌فره‌تی له‌و سروشته‌ ده‌کرد که‌ ئه‌می وه‌ک کچ دروستکردبوو. زۆرجار مانای ژیان مێشکی داگیرده‌کرد و له‌سه‌ر واتا‌ی ژیان ململانێی بوو. ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ خۆیان بڕیار له‌سه‌ر به‌کۆتاهاتنی ژیانیان ده‌ده‌ن گه‌ڕان، به‌ دوای واتا‌ی ژیاندا سه‌ر قاڵیکردبێتن و که‌ بێئومێد ده‌بن له‌ دۆزینه‌وه‌ی واتاکه‌ی ئه‌و کات بڕیاری خۆیان بده‌ن! ده‌بێ چه‌ند هه‌ستێکی گه‌وره‌ و هاوکاتیش ترسێنه‌ر بێ...
 ‌بیرێتی که‌ مناڵ بوو، هه‌ندێجار ده‌یبیست که‌ ژنه‌ دراوسێیه‌ک یا کچێکی ناسیاو خۆی سووتاندوه‌. له‌ منداڵیدا کاتێک ئه‌و هه‌واڵانه‌ی به‌رگوێ ده‌که‌وت له‌ دایکی ده‌پرسی" بۆچی خۆیان ده‌سوتێنن، بۆچی حه‌زده‌که‌ن بمرن! خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شمرن ده‌موچاویان ناشرین ده‌بێ..." 
"ئێستاش بیرمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ زۆر مناڵ بووم، ڕۆژێکیان دایکم له‌گه‌ڵ خۆی بردمی بۆ پرسه‌یه‌ک. ماڵێکی زۆر قه‌ره‌باڵخ بوو. ژنێکی زۆر کۆببۆوه‌. یه‌کێک له‌ ژنه‌کان که‌ ته‌مه‌نی هه‌بوو زۆر ده‌گریا و ده‌یلاوانده‌وه‌ و به‌ده‌مگریانه‌وه‌ ده‌یوت
- ئاخر کچم وه‌کو دڵت به‌ من نه‌سوتا، به‌زه‌ییه‌کت به‌و دوو مناڵه‌تدا بهاتایه‌وه‌ و بۆچی بێدایکت کردن؟ 
دایکیشم له‌ پرسه‌که‌دا زۆر ده‌گریا".
که‌ باران‌ پرسیاری له‌ دایکی کرد، دایکی بێوه‌ڵام بوو، نه‌یده‌زانی چۆن وه‌ڵامی پرسیاره‌ بێوه‌ڵامه‌کانی کچه‌که‌ی بداته‌وه‌. گه‌ر پێیبڵێ ئه‌و دایکانه‌ که‌ خۆیان ده‌سوتێنن له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌س گوێ له‌ هاواریان ناگرێ، که‌ که‌س هه‌ست به‌ بونیان ناکا. هیچ کات که‌س لێیان ناپرسێ که‌ خه‌ون و ئاواته‌کانیان چین. گه‌ر ئه‌مانه‌ به‌ کچه‌ مناڵه‌که‌ی بڵێ، ده‌ترسێ کچه‌ نازداره‌که‌ی به‌و قسانه‌ له‌ دنیای گه‌ش و بێگه‌ردی مناڵی بێزار بکا... ده‌ترسێ که‌ کچه‌ بچکۆله‌که‌ی به‌ دنیای گه‌وره‌ساڵی نامۆ بێ و هه‌رگیز نه‌یه‌وێت گه‌وره ‌ببێ.
ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات هه‌ستی توانای لێسه‌ندنی هه‌موو شتێک و هه‌موو کاڵایه‌ک به ‌مافی خۆی ده‌زانێت. ده‌ڵێن‌ "ده‌سه‌ڵات کوێره‌" و هه‌ستی ناسک نابینێ و دنیا به‌بێگه‌ردی نابینێ.‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌ چاویلکه‌ی ده‌سه‌ڵات دنیا ده‌بینێ.  هه‌ر بۆیه‌ به‌ درێژایی مێژوو ئه‌م هه‌موو شه‌ڕو وێرانکاریه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و "ده‌سه‌ڵاتانه‌" وه‌ دروستووه‌...  هه‌ر بۆ به‌ده‌ستهینان و زه‌وتکردنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر هه‌زاران هه‌زار ژیان زینده‌به‌چاڵکراوه‌. ده‌ڵێن بۆچوونه‌کان و سیاسه‌ته‌کانی تاڵه‌بانه‌کانی ئه‌فغانستان به‌رامبه‌ر ژنان نه‌فره‌تلێکراون‌ و قێزه‌و‌نن‌. ته‌نانه‌ت کاتێک ده‌سه‌ڵاتیان داگیرکرد پێکه‌نینیشیان له‌ ژنان قه‌ده‌غه‌ کرد. 
کاتێک باران گه‌یشته‌ باخچه‌ی قوتابخانه‌، زریانی خوشکی چاوه‌روانی بوو. 
دەستیکردە ملی باران و وتی:
- هیوادارم شتێکی گرنگت پێبێ وا نه‌توانی تا ئێواره‌ چاوه‌ڕوان بی، چونکه‌ ئێستا من ناچار بووم وانه‌که‌م به‌جێبهێڵم. 
- به‌داخه‌وه‌ زریان گیان ئێواره‌ ناتوانی بمبینی! ‌ ئه‌و کاته‌ من ئاسمانی سویدیشم به‌جێهێشتووه‌. 
زریان بێده‌نگ وه‌ستابوو، سه‌یری باران ی خوشکی ده‌کرد. سه‌رسام بوو...هیچ تێنەدەگەیشت... 
- گوێبگره‌، من ئه‌مڕۆ ستۆکهۆڵم‌ به‌جێدێڵم ده‌چم له‌ زانکۆیه‌کی دیکە له‌ ئوسترالیا ده‌خوێنم. ساڵی داهاتووش که‌ تۆ ئاماده‌ییت ته‌واوکرد، وه‌ره‌ بۆ لای خۆم... ‌ 
- بۆ ئوسترالیا، که‌ی و چۆن؟ 
خۆشی نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێ! 
- باشه‌ بۆچی ده‌بێ ئه‌م ساڵ بڕۆی؟ بۆچی ده‌بێ ئه‌مڕۆ بڕۆی؟ 
- ها.. ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌ڕۆم بروا ناکه‌م ئیتر بوارێکی دیکەم بۆ هه‌ڵبکه‌وێ. خۆت ئه‌زانی‌ ئه‌م هاوینه‌ باوکم چ پلانێکی بۆ داناوم! ‌ 
دوای ئه‌وه‌ تا ڕۆژێک زووتر لێره‌ بڕۆم بۆ هه‌ردووکمان باشتره‌.
باران ده‌ستکرده‌ ملی زریانی خوشکی، فرمێسک به‌رچاوی لێڵ کردبوو. 
پاشان به‌خێرایی باخچه‌ی قوتابخانه‌که‌ی به‌جێهێشت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە