خۆزگە راستیەکان هیندە تاڵ نەدەبوون
Tuesday, 02/05/2023, 19:59
لە پێشەکی کتێبی خۆزگە راسیەکان هێندە تاڵ نەدەبوون، وەرگیراوە:
"لەگەڵ تواندنەوەی بەفری چیاکان و راپەرینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ وێنهی مناڵه نوستووه بێنازهکانی سهرشۆستهکانی ههڵهبجه، وێنهی دایکه ڕۆڵهونبووهکان، وێنهی نهنک و باپیره بهجێماوهکان، وێنهی چاوپڕ له هاوارهکان، زیندانه گهورهکهی دیکتاتۆری ئێراقیان بهجێهێشت و گەیشتنە نێو ژووری کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، کە تا ئەوکاتە لە ئاست هەموو تاوانەکانی رژێمی ئێراقدا چاویان نوقاندبوو.
ئەنفال و هەڵەبجە بوونە ناسنامەی نەتەوەیەک کە تەنیا هەر چیاکان دۆستی بوو.
لەگەڵ ئەو هەموو تراژیدیای نێو مێژوومان، سەرباری کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و وێرانکردنی هەزاران گوند و شارۆچکە، تەنانەت لەگەڵ ئامادەبوونی ئەو هەموو قوربانیانەی نەوە دوای نەوە، بە بەخشینی لاوێتی و ژیانی خۆیان، کەچی رێبەرێک لەدایک نەبوو کە پرسی ئەم نەتەوەگەورەیە بکاتە پرسێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی.
رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری ئێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەوڵەتە، هاوکاتیش ترس و هەرەشەکانی دەوڵەتانی دراوسێ، کۆمەڵێک پرس و کێشەی نوێی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم گۆرانکاریانە پێوسیتی بە شیکردنەوە و چارەسەری ژیرانە هەبوو. لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا گەلی کورد پێویستی بە رابەرایەتی پارت و رێبەرێک بوو کە بتوانێت لەنێو شەپۆلە توورەکانی ناوچەکەدا و لەم کاتەدا بیگەیەنێتە کەنارێکی ئارام.
کاتێکش دیکتاتۆر سەدام حسەین لەبەردەم دادگادابوو، دەسەڵاتدارانی عەرەب هەموو جۆرە رێگەییەکیان گرتەبەر، تا کوشتنی زۆر بەپەلەش، تا سەدام حسەین بە تاوانی کۆمەڵکوژی کورد و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بەرانبەر ئەم نەتەوەیە، سزانەدرێت. پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش هیچ کارێکی وایان نەکرد کە دادگایی کردنی سەدام بەردەوام بێت و بە هۆکاری جینۆسایدی کورد و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی سەدام حسەین بخرێتە بەردەم دادگایەکی نێونەتەوەیی تا راستیە تاڵەکان خۆیان بدوێن. هاوکاتیش ئەم دادگاییە بۆ سوودی پرسی گەلی کورد بەکاربهێنرێت. یەکێک لە کاریگەرترین هۆکار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەدوای شەری دووەمی جیهان بەکارهێنانی ژیرانەی جینۆسایدی شەش ملیۆن خەڵکی جولەکە بوو. تائەمرۆش هەر تاوانبارێکی سەردەمی نازییەکان بدۆرێتەوە، گەر تەمەنی سەدساڵیش بێت، راپێچی دادگا دەکرێت.
نزیکەی ١٩ساڵ تێپەریوە بەسەر رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری ئێراقدا، تا ئێستاش دەوڵەتی ئێراق، بەهۆکاری ئەو هەموو تاوانانەی کە بەرانبەر ئەم نەتەوەیە کراوە، داوای لێبووردنی لە گەلی کورد نەکردوە.
وڵاتانی وەکو ئەفەریکای باشوور و رواندا و نێجریا بۆ نموونە کە بەهۆکاری سیاسەتی وڵاتەکەیانەوە، چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی و کارەساتیی مرۆیی گەورە تیایاندا روویداوە، چەندین جۆر کۆمیسۆنی ئاشتەوایی و کۆمیسۆنی راستیەکانیان دروستکردوە تا راستیەکان بەدەربکەون و بخرێنە بەر تیشکی رۆژ و قوربانیەکان لەزاری تاوانبارانەوە گوێبیستی راستیەکان بن. پرۆسەی ئاشتەوایی سەرەتایەکە بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشیتیانە. لەم کتێبەدا هەوڵمداوە بە چەند وتارێک کاری ئەو کۆمەڵگەیانە بۆ لێخۆشبوون و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بخەمەڕوو.
دەوڵەتێک ئامادەنەبێت داوای لێبووردن لەو گەلانە بکات کە بە هۆکاری سیاسەتی ئەو دەوڵەتەوە، توشی کۆمەڵکوژی و کارەساتی مرۆیی هاتوون، دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە مەحاڵ نیە.
هەرێمی کوردستان دەکرا ببێتە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر و ئاوەدان، نەک کۆمەڵگەیەکی تەنیا بەکاربەر و ببێتە بازارێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی دراوسێ و ئابوورییەکەشی پابەندی سیاسەتی تورکیا و ئێران بێت، ئەوانیش بە ویستی خۆیان کەی بیانەوێ قەیرانی ئابووری لەسەر ئەم هەرێمە دروستبکەن.
لەدوای شەری یەکەمی جیهانەوە، گوند و شاروشارۆچکەی کوردستان بە عەرەب دەکرێن. سنووری جوگرافیای باشووری کوردستان بە بەردەوام تەسکتر دەبێتەوە. ئەو ناوچانەشی کە رژێمی سەدام حسەین فریای بە عەرەبکردنی نەکەوت، لە دوای رووخاندنی رژێمەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، بەهۆکاری سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتی حکومەتی کوردستانەوە، زۆر بە ئاسانی بەعەرەب دەکرێت.
ئەمەش یەکێک دەبێت لەو کێشە گەورانەی کە بۆ نەوەی داهاتووی کوردستانی بەجێدەهێڵین.
کتێبی خۆزگە راستیەکان هێندە تاڵ نەدەبوون، کۆکراوەی ئەو وتارانەن کە زۆرینەیان لە دوای رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری ئێراق، واتە ساڵی ٢٠٠٣ دا نوسیومن، ئەوکاتانەی کە تۆوی خۆزگە و هیواو ئاواتەکانمان بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی چاندبوو، لە چاوەروانی دەرکەوتنی خونچە و گوڵەکاندا هەنگاومان بۆ پێشەوە دەنا.
وتارەکان لە کاتی خۆیدا لە هەندێ لە رۆژنامەکانی باشووری کوردستان، کوردستانی نوێ، ئاوێنە و هاوڵاتیدا بڵاوکراونەتەوە.
بەداخەوە تا ئەمرۆش، ساڵی ٢٠٢١، ئەو کێشانەی کە لە دوای رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری ئێراقەوە رووبەرووی هەرێمی کوردستان ببونەوە، نەک هەر بێ چارەسەر ماونەتەوە، بەڵکو بەهۆکاری بێتوانایی لە بەرێوەبردنی ئەم هەرێمەدا، کێشەکان ئاڵۆزتریش بوون.
بەو هیوایەی مێژووی ئێمە دوارۆژی نەوەکانمان نەبێت.
راستیەتاڵەکان شاهێدی مێژووی خوێناوی نەتەوەی کوردن."
خۆزگە راستیەکان هیندە تاڵ نەدەبوون
نوسینی: سروە نوری ئەزیز
چاپ و پەخشی سەردەم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست