کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


سوپای ده‌وڵه‌تی عێراق و ٦ ی کانونی دووەم

Thursday, 05/01/2023, 0:04


هه‌ندێ یاده‌وه‌ری تاڵی ساڵانی شه‌سته‌کان، جارجار وه‌ک خه‌ونێک یا فرێکڤینسی فیلمێک به‌ خێرایی تێده‌په‌رێ. هاوینی ساڵی 1963، له‌ یه‌كێک له‌ رۆژه‌ ڕه‌شه‌کانی حوزه‌‌یرانی ئه‌و ساڵه‌، ته‌مه‌نم ته‌نیا چوارساڵانێک دەبوو، ئێستاش لەبیرمه‌ که‌ سه‌ربازی سوپای ئێراق له‌ حه‌وشه‌که‌مان له‌ گه‌ره‌کی سه‌رشه‌قام، لە شاری سلێمانی وه‌ستابوون و ڕووی چه‌که‌کانیان له‌ دایکم و باپیرم و نه‌نکم و ئێمه‌ی مناڵان بوو، له‌ کاتێکا که‌ به‌ وشه ‌زبره‌کانیان هاواریان له‌ باوکم و مامم ده‌کرد، زوو خۆیان ئاماده‌بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیانبه‌ن و بیانگرن. 
هه‌ر ساڵانی شه‌سته‌کان بوو، ڕۆژێک ئامۆژنم به‌ بێده‌نگ له‌ ماڵی ئێمه‌ ده‌گریا، هێنده‌ تێگه‌یشتم که‌ مامم شه‌هیدکرابوو. له‌گه‌ڵ یانزه‌ پێشمه‌رگه‌ی تردا ته‌رمه‌کانیان هێنابوونه‌وه‌ له‌به‌رده‌رکی سه‌را دایاننابوون، هه‌رچی بچوایه‌ خۆی بکردایه‌ به‌ خاوه‌نی ئه‌و شه‌هیدانه‌، ده‌یانگرتن. ئامۆژنم له‌ ترسی سوپای ئێراق نه‌یتوانی پرسه‌ش بۆ مامم دابنێ.  
ساڵانی حه‌فتاکانیش هه‌میشه‌ له‌ ترسی سوپاکه‌ی سه‌دام خه‌ونی شیرین له‌ چاومان دەتۆرا. کاتێکت ده‌زانی، بێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگا بده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی داوای مۆڵه‌تی هاتنه‌ژووره‌وه‌ بکه‌ن، له‌ نێو ماڵ و له‌ژووری دانیشتن و له‌ چێشتخانه‌ و له‌ هه‌موو کونجێکی ماڵه‌که‌دا ترس و نائارامی و نادڵنیاییان بڵاودەکردەوە...  خەون و خەیاڵیان لە ئێمه‌ی مناڵان و گه‌نجانیش زەوتدەکرد.  کاتێک بێده‌نگی باوکانمان ده‌بیست وڕووی زه‌رد و خه‌ماوی دایکانمان ده‌بینی  زیاتر ڕق له‌ دڵماندا به‌رانبه‌ر ئه‌و سوپا دڕنده‌یه‌ چه‌که‌ره‌ی ده‌کرد. 
بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی ئێراق سوپای ئەم دەوڵەتە، لە شارەکانی باشووری کوردستاندا، سیمبۆڵی ترس و تۆقاندن و کوشتن بوو. له‌ شاری سلێمانی که‌س نه‌یده‌وێرا و نه‌یده‌توانی  به‌ به‌رده‌می (فیرقه‌) دا بڕوا، به‌رامبه‌ر فیرقه‌ش ئه‌من بوو،  سوپا ئه‌و شه‌قامه‌ جوانه‌ی له‌ خه‌ڵکی شار داگیرکردبوو. گوزه‌رانی شاره‌کانی تری کوردستانیش به‌ده‌ست سوپای ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه‌ له‌ سلێمانی باشتر نه‌بوو. 
ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دام به‌ یارمه‌تی و هاوکاری سوپاکه‌ی، تاوانی به‌جینۆسایدکردنی نه‌ته‌وه‌ی کوردی کرده‌ ڕاستیه‌کی تاڵ. لە‌ کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵی ژن و مناڵ و باپیره‌ و داپیره‌ی کوردا، له‌ وێرانکردنی ٤٥٠٠ گوند و شارۆچکه‌ی کوردستاندا، به‌ جارێک ٣٠٠٠٠٠ سه‌ربازی سوپاکه‌ی به‌شداردەبوون. ئه‌نفالی گه‌لی کورد و مین رێژکردنی کوردستان و وێرانکردنی شاروشارۆچەکەکان به‌ به‌شداری سوپای ئێراق به‌ ئه‌نجام گه‌یه‌نرا‌. 
بە پێی دەنگوباسەکانی دوارۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە کوردستانەوە، بەتایبەتییش بە هۆکاری ئەو سیاسەتەی تورکیا و ئێران بەرانبەر باشووری کوردستان پەیرەوی دەکەن، حکومەتی ئێراق بریاری دامەزراندنی چەندین هەزار "پاسەوانی سنووری" لە نێوان سنوورەکانی باشوور- رۆژهەڵات و باشوور- باکووری کوردستاندا داوە... ئەمەش دیاردەیەکی مەترسیدارە کە سوپای ئێراق زۆر بە خشکەیی و بەبێدەنگ لە نێو باشووری کوردستاندا مۆڵگەکانیان دابمەزرێننەوە، هاوکاتیش هەبوونی ئەو هەموو عەرەبەی کە ئەمرۆ لە کوردستاندا دەژین دەبنە پشتگیرییەکی گەورەش بۆ ئەم سوپایە، جارێکی تر سوپای داگیرکەر...  ئەمرۆ بە ئاشکرا دەبینرێ کە حەشدی شەعبی و هەموو ئەو گروپانەی دیکە کە لە ژێر چەتری ئەم سوپایەدان لە کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی دیکە، چۆن هەر هەمان مێتودی سوپاکەی سەدام بەرامبەر بە خەڵکی کورد پەیرەو دەکەن.
لە دوای رووخانی رژێمی ئێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، یەکێک لە گەورەترین هەڵە لە مێژووی کورد دا، دەتوانم بڵێم تا رادەی تاوان، هاوکاری کورد بوو لە دروستکردنەوەی، نەک هەر دەوڵەتی رووخاوی ئێراق بەڵکو دروستکردنەوەی سوپای ئەم دەوڵەتەشدا.
رۆژی ٦ کانونی دووه‌می هه‌موو ساڵێک ده‌بوایه‌ له‌ کوردستان یادی رۆژه ‌ره‌شه‌کان و کاره‌ساته‌ خوێناوییه‌کانی نێو مێژوومان بوایە و نه‌فره‌ت له‌و سوپایه‌ بکرایه‌ که‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ی به‌ به‌رگی مێژووی ئێمه‌ بڕی‌. ده‌بوایه‌ رۆژی ٦ ی کانونی دووه‌م رۆژی ‌ یادکردنه‌وه‌ی ئازاره‌کان و خه‌مه‌کانی دایکه‌ رۆڵه‌کوژراوه‌کانی کوردستان بوایه‌ که‌ به‌ ده‌ستی سوپای ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ خه‌ونه‌کانیان هه‌ر به‌ زیندوویی له‌ چاڵنرا.‌ سوپای ئێراق له‌ ڕۆژی دروستبوونیه‌وه‌، له‌ ٦ کانونی دووه‌می ساڵی ١٩٢١ وە سوپایه‌ک بووه‌ دامه‌زراوه‌ بۆ له‌ناوبردن و کوشتنی خه‌ڵکی کوردستان و وێرانکردنی خاکی کوردستان. 
له‌ وڵاتی سوید، سوپا هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵک دایه‌. له‌کاتی روودانی کاره‌ساتێکی سروشتیدا ده‌وڵه‌ت سوپاکەی بۆ یارمه‌تیدان و هاوکاری هاوڵاتیانی بەکاردەهێنێ. سوپای ده‌وڵه‌تی سوید پارێزگاری له‌ هاوڵاتی وڵاته‌که‌ی خۆی، به‌رامبه‌ر هه‌ر مه‌ترسیه‌ک جا کاره‌ساتی سروشتی بێ یا مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌ی لایه‌نێکی ده‌ره‌کی بێ، دەکا. هیچ رۆژێکی تایبه‌تیش له‌ مێژووی وڵاتدا نیه‌ بۆ به‌رزراگرتنی ئه‌و سوپایه‌. 
با رۆژی ٦ ی کانونی دووەم ببێتە ڕێگرتن لە هاتنی سوپای ئێراق بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان... با ڕۆژی ٦ ی کانونی دووه‌م  ببێته‌ ڕۆژی یادکردنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌ خوێناوییه‌کان و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ و باسکردن و گێرانه‌وه‌ی رۆژه‌ تاڵه‌کانی نێو مێژوومان که‌ له‌ سێبه‌ری ڕه‌شی ئه‌م سوپایه‌دا به‌سه‌ر ئێمه‌ی کورد دا هاتووه‌. ته‌نیا به‌ فێربوون و سوودوه‌رگرتن له‌ رووداوەکانی مێژوو ده‌توانین به‌ چاوێکی کراوه‌ و بیرێکی ورده‌وه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی گه‌ش هه‌نگاوبنێین... 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە