کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕانکارییەکانى وەزارەتى ناوخۆ باڵۆنی هەڵبژاردنە

Friday, 10/04/2009, 12:00


سەرەتا ئەمەوێ ناوەرۆکى ئەم بابەتەى من بەڕاستى دوور بێت لەجەمسەرگیرى و سۆزدارى بۆ ئەم کووتلە و ئەو کووتلە ، بەڵکە لەناخەوە وەک هەموو تاکێکى مووچەخۆرى وەزارەتى ناوخۆ هەوڵدەدەم راستییەکان وەک خۆى بێ چەواشەکارى بخەمەڕوو ، لەبەرئەوەى مەرج نیە مرۆڤ پێویست بێت سەر بەکووتلەیەکى دیاریکراو بێت تاکو بتوانێت بابەتیانە قسەبکات و بیربکاتەوە ، هەڵبەتە خەڵکانێک هەن هێشتا بارگاوى نەبووى کووتلەکانن ، پاشتر بابەتى پەیوەست بەپیشەوە لەبنەڕەتەوە خۆى ئەبێت پەیوەست نەبێت بە حیزبایەتییەوە بەوجۆرەى ئیستا سیخناخ بووە تیایدا بەئاراستەى گەندەڵیەکى بێشوومار .
پاش دەستلەکارکێشانەوەى کاک عوسمانى حاجى مەحموود و دیاریکردنى مامۆستا جەلال بە بریکارى وەزارەتى ناوخۆ بۆجارى دووەم لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە ، بەڕاستى ئەم هەنگاوە چەند دڵخۆشکاربوو بۆ خەڵکە نزیکەکانى مامۆستا تاکو ئەوانیش بۆ جارى دووەم لەتەڕ بخۆن و بدزن و لە وشکیش لێى بتۆپن ، هەزارهێندە کارەسات بوو بۆ نەیارەکانى ، چونکە بەڕاستى تاکە یەک مرۆڤ نیە لەسەرئاستى وەزارەتى ناوخۆى سلێمانیدا لەدووریشەوە زاتى ئەوە بکات کە چۆن پێشتر کووتلەچێتى و دەستەگەرێتى وەک مۆرانە دابووى لەجەستەى گەورە و بچوکى وەزارەتى ناوخۆ بەئاراستەى شەخس پەرستى و دەروێشى نەک بیروباوەڕ ، ئێ باشە خۆ مەعلوومە کە زۆرینەى خەڵکە بێدەسەڵاتە داماوەکە لەگەڵ گۆڕان و ریفۆرمدان لەدام و دەزگا حیزبیەکاندا ، بەتایبەتى ئەگەر کەسێکى دەست و داوێنپاکى وەک کاک نەوشیروان رابەرایەتى بزووتنەوەیەکى لەمجۆرە بکات ، بەڵام یادى بەخێربێت ئەوەى عوسمانى حاجى مەحموود پەیڕەوى ئەکرد بەردى ئەهێنایە حەیران ووتن ، ئەو پیاوە تەواوى وەزارەتى ناوخۆى دابەشى ژمارە دوو کردبوو بۆ بەرژەوەندى نفوزى خۆى نەک کووتلە و دەستە ، سیاسەتەکەى جۆرج بۆشى پراکتیزەدەکرد کاتێ دەیگووت : ئەوەى لەگەڵم نەبێ ئەوا دژمە ، ئەفسەرەکانى وەزارەتى ناوخۆ لەبرى بەیانى باش مۆڕەیان لەیەکتر دەکرد و ددانیان لەیەکتر تیژ دەکردەوە ، بارودۆخێکى سەیر بوو ، ئەفسەر هەبوو وەک عقید ئاوات لەگەڵ عوسمانى حاجى مەحموود لەیەک سەنگەردا دەیان سەروەرى تۆمارکردبوو ، کەچى خاڵە عوسمان چاوى کوێر بووایە و ئەوى نەبینیبا ، بەڵام هەرزەکارێکى لووت بەرزى رەوشت ئێکسپایەرى وێنەى عەقید وشیار و عەمیدە پەڕۆکەى کۆلێژى پۆلیس و کۆنە زیندانیەکەى بەزمەکەى نادى چراخان[ کە ئیستا بۆ نەشتەرگەرى مایەسیرى چۆتە ئەڵمانیا بە دۆلارى تاڵانبراوى وەزارەتى ناوخۆ] ، لەسایەیى کاکە عوسماندا بکوژ و ببڕ هەر خۆیان بوون بەشاهیدى هەموو لایەک .
بەهەرحاڵ ئیستا مامۆستا جەلال رۆژى واهەیە پەنجــا تەلەفوون بۆ بەرزانى ئەحمەد کووردە دەکات بۆ پرس و راپێکردنى بۆ داشەگۆڕینەى ئەم بە ئەو بەناوى گۆڕانکارییەوە لەوەزارەتدا ، بەڵێ ئیستا مامۆستا هەفتەى دوو سێ جار لەگەڵ حاکم قادرى شەڕواڵ پیس دەچنە مەڵبەند و وانیشانى دەدەن کە ئەوان بێ پرسى مەڵبەند و کۆمیتە گۆڕانکارى ناکەن خۆیان بەجەلالى سێ لەسێ لەقەڵەم دەدەن، ئەگەر تەماشاى گۆڕانکارییەکانیش بکەیت هەرزوو بۆت ئاشکرا دەبێت بەیت و بالوورەى حەسەن کەچەڵ .. کەچەڵ حەسەنە و هیچى تر ، تەماشاکەن عەمید ئاراسى بەڕێوبەرى رەگەزنامە کە تەنها بۆ خانووکردنەکەى دوو دەفتەر دۆلارى لە سکرتاریەت وەرگرتبوو و چەند رۆژێک بەرلەئیستا خەڵاتى [بلەى] نموونەیشى وەرگرت ، ئەمانە بێ لەوەى پیاوێکى هێندە ترسنۆکە تا خاڵە عوسمان لەپۆستا مابوو مەڵبەند و کۆمیتەى لێ بوو بوو بە رەبایەیى پڕ لەمین و نەیدەوێرا توخنى بکەوێت نەبا بەهۆى هاتوچۆیەوە بۆ ئەوێ پۆستە چەورەکەى لەدەست بدات ، کــــــەچى ئیستا عەمید ئاراس پێیەکى لە مەڵبەندە لاى جەمال تاڵەبانى و بەرزان ، پێکەى تریشى لەکۆمیتەیە ، بـــــــۆ ؟؟؟؟ لەبەرئەوەى کراوە بە بەڕێوبەرى پۆلیسى سلێمانى لەشوێنى لیوا رزگار ، هەرچەندە خۆى باش دەزانێت زۆر لەوە لاوازترە کە بتوانێت تاکە یەک فەرماندەى کەرتى دەستپیس لەشوێنەکەى لاببات ، تەنها مەگەر ئەم لەوێ بۆ ئەوێیان پێبکات واتە داش بەداش ، مامۆستا و بەرزان هەر لەبەر ناوبانگى خۆیان ویستیان عەقید وشیار لەبەڕێوبەرى فریاکەوتن لابەرن کە چوار ساڵە ئەم فەرمانگەیە لەسایەیى رەوشتى وشیارەوە بووە بە مەیانى بەرسینەماکە ، بەڵام عەقید وشیار خێرا رایکردبووە ماڵى خاڵە عوسمان و کوردۆ قاسم و کەوتبوو بەسەر پێڵاوەکانیانا تاکو لەوێ بیهێڵنەوە ، ئەمە لەکاتێکدا بڕیارە هەموو ئەفسەرێکى سەربازى وەک ئەو لە وەزارەتى ناوخۆدا نەمێنێت بەتایبەتى ئەگەر وەک وشیار بە رەفتارە گەنەکانى بۆڕى ملازم موحسنى بەدناوى جارانى دابێتەوە .
ئەو هاش و هوشەى مەڵبەندى رێخستن و مامۆستا جەلال ناویانەتەوە و گوایا لە وەزارەتى ناوخۆدا بەرد بەسەر دارەوە ناهێڵن تەنها ئەم باڵۆنە فشەڵە ساختەکاریى و پڕچەواشەیە بوو کە ناگاتە ئاستى بڵقى سەرئاویش ، تەنها مەبەستى راستەقینەش لەپشتیەوە ریکلامێکى هەرزان و بێنرخى هەڵبژاردنە چاوەنواڕکراوەکەیە بۆ جەماعەتە تێرەکە ، ئەو هەڵبژاردنەى زۆر کەس و لایەن زەندەقى لێى چووە ، تاکو بڵێن ئەها کوڕینە ئێمە گۆڕانکارى دەکەین ، لەکۆتایشدا چاودێرى سادە لەمەڕ ئەم گاڵتەجاڕییە با بۆخۆى حوکم بدات .
مامۆستا ئاوات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە