برسیکردن و ترساندنی خەڵک
Thursday, 23/06/2022, 12:15
دەسەڵاتی کوردی شێوەیەکە لەشێوەکانی دەسەڵاتێکی نادیموکراتی خۆسەپێن کە دوو خێزان و بنەماڵە پاوانی دەسەڵاتیان کردووە، تەواوی سێکتەرەکانی سیستەمی حوکمڕانیان خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. سەرجەم بڕیار و فەرمانەکان لەلای ئەوانەوە دەدرێن و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو دەم و دەزگاکانی حکومەت، بەدادگاکانیشەوە هەیە.
ئاشکرایە برسیکردن و هەژارکردنی خەڵک، سیاسەتی ترساندن و سەرکوتکردن، هەروەها لەناوبردنی فیزیکی نەیارەکان، شێواندنی کەسایەتی نموونە دیارەکانی کۆمەڵگە، لەگرنگترین ئەو کارانەن کە دەسەڵاتە نادیموکراتی و تاکڕەوەکان دەیگرنەبەر بۆ درێژەدان بەحوکم و دەسەڵاتیان.
ئەگەر لەدۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و لەدۆخی سیاسی و ئازادییەکانی تاک لەهەرێمی کوردستان بڕوانین. ئەوە تێبینی ئەوە دەکەین، دەسەڵاتدارانی کورد هەمان سیاسەتی دیکتاتۆرەکانی دنیا پەیڕەو دەکەن بۆ مانەوە و درێژەدان بەدەسەڵاتی تاکڕەوانەی خۆیان. بڕوانە گوزەرانی خەڵک چەند خراپە، بەڕاستی لەحاڵێکی ئێجگار قورسدا دەژین، بەدەست بێ مووچەی و بێ کارەبای و بێ ئاوی و بێ سوتەمەنی و بێ خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. هەروەها دۆخی سیاسی و ئازادییەکانی تاک لەوپەڕی خراپیدایە، هەر گردبوونەوە و ناڕەزاییەک نەک بۆ ئازادی، بەڵکو بۆ پێداویستییەکانی ژیان لەهەر کوچە و کۆڵانێکی ئەم هەرێمەدا درووست بێت، بەزەبری هێز سەرکووت دەکرێت، ئەنجامدەرانی ناڕەزایەتییەکەش دەگیرێن و ڕاپێچی زیندان دەکرێن. دەیان و سەدان ئازادیخواز و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دژە گەندەڵی و نادادی لەکونجەکانی زیندان تووند کراون، بەتۆمەتی سیخووری و ناپاکی دادگایی کراون و دەکرێن.
سەرەڕای ئەوانە سامان و داهاتی هەرێم لەخزمەتی گشتییەوە، خراوەتە خزمەتی تایبەت و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە. کوڕ و کچی دەسەڵاتداران، هاوشێوەی کوڕ و کچەکانی حوسنی موبارەک و موعەمەر قەزافی و هاوشێوەکانیان دەژین، خاوەنی کۆمپانیا و کارگە و زانکۆ و باڵەخانەی بەرز و دەیان و سەدان ملیۆن دۆلارن، لەکاتێکدا ئەمانە نەک فیشەک، بەڵکو تەرەقەشیان بۆ کورد و کودایەتی نەتەقاندووە. لەولاشەوە بەرئەنجامی ئەو سیاسەتی برسیکردن و سەرکووتکردنە، تاکێکی بێکار و برسی، شەکەت و ماندوو، پەست و توڕە، مکوڕ و یاخی درووست بووە، کە هیچی نییە تا لەدەستی بدات. بەڕاستی ئەم دوو بنەماڵەیە بۆنی دەسەڵات و پارە مەستی کردوون، دەیانەوێت تا قیامەت حوکمڕان بن و درێژە بەدەسەڵاتیان بدەن. سەرنجتانداوە ئێستا لەمەراسیمە حکومییەکاندا، نەک کوڕ و کچ، بەڵکو نەوەکانیشیان بەشداری پێ دەکەن، بەرپرسە ڕیبات لەملەکانیش لەپشتیانەوە دەڕۆن. بەڕاستی گەمژەی ئەم تاکڕەوانە لەوەدایە کە هەمان کاری حوسنی موبارەک و موعەمەر قەزافی و هاوشێوەکانیان دووبارە دەکەنەوە، بەنیازن ئەنجامێکی جیاوازتریان لەوەی ئەوان دەست بکەوێت.
لەکۆتایدا ئەگەر دەسەڵاتداران بێباک بن و لەسەر سیاسەتی برسیکردنی و ترساندنی خەڵک بەردەوامبن، بەگاڵتەجارییەوە لەحاڵ و گوزەرانی هەژاران و نەداران بڕوانن، ئەوە دواجار چارەنووسێکی تراژیدییان دەبێت، لەژێر ڕقی خەڵکی بەش مەینەتدا پاداشتی گوێنەگرتنیان وەردەگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست