فریای خانەقین بکەون با حەشدی شەعبی، ئەوێشمان لەدەست دەرنەکات
Thursday, 24/06/2021, 23:15
بەفەتوای دیفاع کفائی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان سوپایەک لەگەنجانی شیعە مەزهەب پێکهێنرا، لەپەرلەمانی عێراقیش یاسای ژمارە (٩١) بۆ دامەزراندنی دەزگای حەشدی شەعبی لە (٢٤) فیبریوەری (٢٠١٦) دەرکرا، تێیدا ئەم هێزە بە بەشێک لەسیستەمی بەرگری دەوڵەت هەژمارکرا، لەبودجەی دەوڵەتدا، بەشە بودجەی زەبەلاحی بۆ دانرا و بەباشترین چەکی ئەمریکی پرچەکران. ئەم هێزە لەچەندین گروپی جۆراوجۆر پێکهاتوون و عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبوڵای عێراقی و سەرایای خوراسانی و کەتائیبی ئیمام عەلی لەهەرە گروپە تووندڕەوەکانی ناو ئەم میلیشیا نانیزامیەن.
ئەم میلیشیا مەزهەبییە، ئیتڵاعاتی ئێرانی و خودی قاسمی سولەیمانی ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان هەبووە لەپێکهێنانیدا، بۆیە بە برا بچووکی سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت، لەڕووی ستراتیژ و ئامانجەوە، ئەم هێزە کار بۆ فراوانکردنی هەژموونی شیعە دەکات لەناوچەکەدا، دەستەی نهێنیان هەیە، چەتەگەرین و بەنهێنی کاردەکەن، بۆ نانەوەی بشێوی و درووستکردنی نائارامی لەناوچە ناشیعییەکاندا، هەروەها لەناوبردنی نەیارەکانیان لەکۆمەڵگەدا. لەئێستادا حەشدی شەعبی لەڕووی چەک و ژمارەی سەربازەوە (ژمارەیان خۆی لە ١٥٠ هەزار کەس دەدات) ململانێی سوپا دەکات، چەندین جار گروپەکانیان بەئاشکرا مانۆڕی سەربازییان لە بەغدای پایتەختدا ئەنجامداوە، هەڕەشەی گوێبڕینیان لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کردووە، لەماوەی پێشوودا بینیمان قاسم موسڵیح فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار لەلایەن حکومەتەوە دەستگیر کرا، کە تۆمەتبار بوو بەهێرش کردنەسەر سەربازانی ئەمریکی لەعێراق، چەند گروپێکی حەشدی شەعبی لەمانۆڕێکی سەربازیدا، هەڕەشەی هەڵتەکاندنی حکومەتی عێراقیان لە مستەفا کازمی کرد، بۆیە ناچار پاش چەند ڕۆژێک حکومەت قاسم موسڵیحی ئازاد کرد.
ئەم میلیشیا نانیزامییە، بەهۆی هەڵەی نابلیمەتەکانی دەسەڵاتی کوردی و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی، لە (١٦) ئوکتۆبەری (٢٠١٧) دا، ناوچە کێشە لەسەرەکانیان داگیر کرد، لەوکاتەوە تا ئێستا حوکمی ناوچەی (١٤٠) دەکەن، لەو ڕۆژەوە کە هاتوون بە بەرنامە و بەپلان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە تەواوی دەسەڵاتی خۆیان لەپانتاییەکی بەرفراواندا بچەسپێنن و بتوانن لەڕێگەیەوە ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ خۆیان یەکلای بکەنەوە، بۆ ئەمەش چەندین ڕێگەی جۆراوجۆریان گرتووەتەبەر، بە هەڕەشە و ترساندنی کورد، درووستکردنی کەشێکی نائارام و ناسەقامگیر و ڕفاندن و شوێن بزرکردنی گوندنشینان و ئازادکردنی هەندێکیان بەرامبەر بە پارەیەکی زۆر، لەهەندێ حاڵەتدا دوای وەرگرتنی پارەکەش کەسەکەیان کوشتووە، بەم ڕێگە و شێوازە کە جۆرێکی نوێی تەعریبە، توانیویانە لە (٤٨) گوندی کوردنشینی ناحیەی مەندەلی، (٤٧) گوند بە کورد چۆڵ بکەن، تەنها گوندی شەهید تالیب مەحمود ماوە، هەروەها لە (٧١) گوندی سەربە قەزای خانەقین کە (٣٦) گوندی کورد نشینە، هەر (٣٦) گوندە کوردییەکە دانیشتوانەکەی ناچار بەچۆڵکردن کراون، ئەمە جگە لەوەی کە چەند گوندێک تێکەڵن لەکورد و عەرەب، خێزانە کوردەکان لەو گوندانە ناچار کراون کە گوندەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمە لەسەر ئاستی گوند و ناوچە گوندنشینەکان، لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەش ئەم میلیشیا بەربەرییە بە بەرنامە و قۆناغ بە قۆناغ کاری لەسەر ئیهمالکردنی گەڕەکە کوردییەکان کردووە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، بەردەوام لەهەوڵی نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ئەو گەڕەکانەدا بووە، لەڕێگەی هەڕەشە و ترساندن و تیرۆرکردنی کەسە دیارەکانی کوردەوە، بەرپرسانی کوردیان (ئەوانی کە پۆستی حکومییان هەیە) ناچار بەوازهێنان و جێهێشتنی پۆستەکەنیان و هەروەها گواستنەوەی ماڵەکانیان کراون بۆ شار و شارۆچکەکانی سەربە هەرێمی کوردستان، بەرئەنجامی ئەم کارانەیان، بووەتەهۆی ئەوەی ڕێژەی کورد لە ناحیەی مەندەلی بۆ (١٥٪) کەمبێتەوە، لە ناحیەی جەلەولا ڕێژەی کورد کەمبووەتەوە بۆ (٥٪)، ئەمە جگە لەوەی لە (٤١) گوندی جەلەولا، (١٨) گوند لەگەڵ ئەرزدا تەخت کراوە، لەوە خراپتر لەناحیەی سەعدیە کەپایتەختی مەحمود پاشای جاف بووە، ڕێژەی کورد دابەزیوە بۆ (٣٪)، ئەو ئامارانەی سەرەوە ئەوەمان پێ دەڵێن کە خەریکە حەشدی شەعبی پێ بە پێ و قۆناغ بە قۆناغ ئامانجەکانیان لەگۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دێننەدی.
هەموومان دەزانین گروپەکانی سەربە حەشدی شەعبی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییان لەتەواوی قەزای خانەقین بە ناحیە و گوندەکانییەوە بێ کاریگەر کردووە، لەواقعدا ئەو گروپە میلیشیاییانە حوکمی شارەکە دەکەن، ڕۆژانە چەندین تاوان و کاری قێزەون بەرامبەر کورد ئەنجام دەدەن، دەشزانین کە دەسەڵاتی کورد لەئاست هاوار و نەهامەتی و کێشەکانی کوردا نییە، بەرپرسانی کورد ڕاناچەڵەکێن و بەئاگانایەنەوە تا هەست بەوە بکەن، ناوچەی (١٤٠) لەبەردەم مەترسی و چارەنووسێکی نادیار و تاریکدایە، بۆیە ئەرکی خەڵکی کورد ئەوەیە چیتر ئەو چەوساندنەوە و ئەتککردنە قبوڵ نەکەن، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دژی حەشدی شەعبی ئەنجام بدەن، نەک لەخانەقین و دەووروبەری، بەڵکو لەتەواوی ناوچەی (١٤٠)، بەدەرکردنیان بدەن. پاشان ڕوو بکەنە بەغدا بۆ پارێزگاری لە ئاسایش و سەرو ماڵی خۆتان، بەهاوکاری حکومەتی عێراق هێزێکی هاوبەش لەتەواوی ناوچەی (١٤٠)، هەر لە شەنگال و گوێرەوە بۆ کەرکوک داقوق، تاوەکو خانەقین و جەلەولا و مەندەلی، لەخەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، بەهاوکاری حکومەت پێکبهێنن، بەپێی ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکان لەشار و شارۆچکەکانی ناوچەکە، بۆ نموونە ڕێژەی کورد لە خانەقین (٧٥٪) ە، هێزەکە لەچوار بەش، سێ بەشی کورد بێت، لەقەزای حەویجە کە ڕێژەی عەرەبی سوننە (٨٠٪)، هێزەکە لە دە بەش هەشت بەشی عەرەبی سوننە بێت، واتە نەتەوە و پێکهاتەکان لەناوچەی (١٤٠)، بەپێی ژمارە و ڕێژەی خۆیان لەپێکهێنانی هێزەکەدا بەشدارییان پێ بکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست