کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌قامی عێراقی و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌

Thursday, 01/10/2020, 10:58


هه‌ڵبژاردنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی عێراق كه‌وا بڕیاره‌ له‌ 6 حوزه‌یرانی 2021 بكرێت، چه‌نده‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت كه‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی عێراق بكات، ئه‌وه‌نده‌ش مه‌ترسی هێنانه‌ ئارای كێشه‌ی سیاسی و ئیداری لێ ده‌كرێت، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ واقعی سیاسی  عێراق ناكۆكه‌، پێشبینی ده‌كرێت ململانێی گه‌وره‌ بهێنێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی دروست بكات كه‌ هیچ نه‌بێت لانی كه‌می داواكارییه‌كانی شه‌قام بهێنێته‌دی.

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بخشـێنین، به‌تایبه‌ت ئه‌م شێوازه‌ی ئێسـتا كه‌ فره‌بازنه‌ییه‌ له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا و ناحییه‌كان، ئه‌وه‌ ده‌توانین پێشبینی قوڵتربوونه‌وه‌ی ململانێ و كێشه‌كان بكه‌ین له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا،  به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ تێكه‌ڵه‌كان، چونكه‌ له‌م شێوازه‌دا ده‌نگی زۆرینه‌، كورسییه‌كه‌ ده‌بات و ده‌نگی كه‌مینه‌ی پێكهاته‌كانی تر له‌ناوده‌چن، بردنه‌وه‌ی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك له‌سه‌ر حسابی ده‌نگی پێكهاته‌كانی تر ده‌بێت.

 ئه‌گه‌ر سه‌رنجی شه‌قامی عێراقی بده‌ین بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، ئه‌وه‌ به‌ڕوونی ده‌بینین كه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شـبووه‌، به‌ره‌یه‌كیان قورسایی و هێزی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، تازه‌ پێده‌گه‌ن و له‌هه‌ڕه‌تی لاویدان، به‌ره‌ی دووه‌میان به‌ره‌و پیری ڕۆیشـتوون و خزم و لایه‌نگرانیان وورده‌ وورده‌ هه‌ڵده‌وه‌رن و ته‌نهـا په‌تی به‌رژه‌وه‌ندی مـاوه‌ له‌نێوان ئاراسته‌ و لایه‌نگره‌كانیاندا، به‌ره‌ی یه‌كه‌م بریتین له‌و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ به‌ش مه‌ینه‌تانه‌ی كه‌ خێریان له‌ گۆڕانكارییه‌كانی عێراق نه‌بینیوه‌، له‌ژێر ململانێ و شـه‌ڕ و شـۆڕ و  ته‌قینه‌وه‌ و ئاگری تایفی گه‌وره‌بوون و به‌جارێك شه‌كه‌ت بوونه‌ و ئه‌و وێنه‌ جوانه‌ی خه‌یاڵیه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ زیهنیاندا بۆی دروستكردبوون، به‌ته‌واوه‌تی كاڵبووه‌ته‌وه‌، به‌ره‌ی دووه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو پرۆسه‌ی حوكمڕانین به‌هه‌موو ناونیشانه‌كانیانه‌وه‌، ئه‌م به‌ره‌یه‌ پێی ناوه‌ته‌ قۆناغی  پیربوون و چه‌ندین ده‌رد و نه‌خۆشی سه‌ری تێكردوون، به‌ڵام پاره‌ و سه‌ربازیان له‌ده‌سته‌ و ده‌توانن كاربكه‌نه‌سه‌ر  پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.

شه‌قام هه‌ر چۆنێك بێت له‌ده‌رئه‌نجامدا یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ قورسایی ده‌دات به‌ هه‌ر یه‌ك له‌و دوو به‌ره‌یه‌، لێره‌دا پرسیارێك دێته‌كایه‌وه‌، ئایا یاساكه‌ خزمه‌ت به‌كام له‌و دوو به‌ره‌یه‌ ده‌كات ؟ ئایا كام له‌م دوو به‌ره‌یه‌ زۆینه‌ی كورسی په‌رله‌مان ده‌به‌نه‌وه‌ ؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایدا یاری هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ گیرفانیان پڕه‌ و چه‌كداری باشیان هه‌یه‌ و چه‌كی قورسیان له‌ده‌سته‌، ئه‌مانه‌ به‌ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌كه‌ن، ده‌نگی ده‌نگده‌ران ده‌كڕن، پاشان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی پیره‌ ناوچاو تاڵه‌كان ده‌كه‌ن، جارێكی تر خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هۆڵی په‌رله‌ماندا و ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌كۆبوونه‌وه‌كانیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، كه‌واته‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هیچ له‌واقعی سیاسی و ئیداریی له‌ عێراقدا ناگۆڕێت، به‌ڵكو ده‌رزییه‌كی موسه‌كین ده‌بێ بۆ لاشه‌ داڕزاو و پڕ له‌ برینه‌كه‌ی عێراق.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە