کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حوكمڕانی كورد له‌ به‌رگی ئیتڵاعات و میتدا

Sunday, 19/07/2020, 21:09


ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌و دوو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان،  له‌ڕێگه‌ی ئه‌و زنجیره‌ تیرۆرانه‌ی كه‌ له‌ناكاو و له‌شاره‌كاندا ڕوویان ده‌دا و ئه‌ندامانی حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردییه‌كانی ئێران و توركیای ده‌كرده‌ ئامانج، خۆیان نمایش کرد و بیانوی ئه‌م ده‌زگایانه‌ و ده‌وڵه‌ته‌كانیان ته‌نهـا حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردییه‌كان بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێسـتا سه‌رۆكی ئه‌ركانی سـوپای توركیا نه‌خشه‌ی توركیای نوێ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ تێیدا، له‌ولاشـه‌وه‌ عه‌مامه‌ به‌سـه‌ره‌كانی ئێران هه‌رێم به‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌یان ده‌زانن.
ئیتڵاعاتی ئێرانی  و میتی توركی له‌هه‌موو شوێنێكی ئه‌م هه‌رێمه‌دا پێگه‌ و باره‌گا و بنكه‌ی سیخوری خۆیان هه‌یه‌، له‌ شار و شارۆچكه‌وه‌ تاكو گونده‌ دووره‌ ده‌سته‌كان به‌ پیاوه‌كانی ئیتڵاعات و میت ته‌نراوه‌، ئیتڵاعات به‌هه‌موو كوچه‌ و كۆڵانێكی سلێمانی و كه‌ركوك و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیاندا و میتیش به‌ هه‌موو كوچه‌ و كۆڵانێكی هه‌ولێر و دهۆكدا  ته‌راتێن ده‌كه‌ن، كاری ئه‌مانه‌ دژایه‌تی كردنی حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردییه‌كان و لاواز كردنیانه‌، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ئافره‌تی له‌شفرۆش یان كڕینی ئه‌ندامانیان به‌ پاره‌، یاخوود ناردنی جاش كوردی سه‌ربه‌ خۆیان بۆ ناو ئه‌و حیزبانه‌، به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ دیار و ئه‌كتیڤه‌كانی ناو ئه‌و حیزبانه‌ و كارو چالاكیه‌كانیان، ئه‌مه‌ش بۆ ده‌سته‌مۆكردنیان یان تیرۆركردنیانه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌مانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ن و به‌بێ ئه‌وه‌ی سڵ له‌ پۆلیس و دادگای ئه‌م هه‌رێمه‌ بكه‌نه‌وه‌، چییان بوێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌م هه‌رێمـه‌ له‌ ئاست كرده‌وه‌كانیاندا نابینان، ئه‌مانه‌ ترسیان نییه‌ له‌وه‌ی بگیرێن یان ڕووبه‌ڕووی یاسا بكرێنه‌وه‌، ئیتڵاعات له‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ تاكو ئێسـتا زیاتر له‌ (300) كه‌سی له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌هه‌رێم تیرۆر كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا مـیـت (200) كه‌سی له‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ووڵاته‌كه‌ی تیرۆركردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ ده‌ستیشی له‌ هاوڵاتی مه‌ده‌نی ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌پاراستووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌نهـا له‌ماوه‌ی یه‌ك سـاڵدا مـیـت له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ر و سیخوڕه‌كانیه‌وه‌ زیاتر له‌ (30) هاوڵاتی مه‌ده‌نی ئه‌م هه‌رێمه‌یان كوشتووه‌.
        ئێران له‌ زۆنی سه‌وز و توركیا له‌ زۆنی زه‌رد باڵاده‌سته‌، هه‌ریه‌ك له‌ سلێمانی و هه‌ولێر له‌ژیر چه‌تری تاران و ئه‌نكه‌ره‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چن،  هه‌موو شتێك به‌ویست و بڕیاری ئه‌وان ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌، لاتان سه‌یر نه‌بێت كه‌ پار ساڵ به‌رپرسێكی حكومه‌تی توركیا وتی: كه‌ له‌ باكوری عیراقدا ته‌نها به‌رپرسه‌ مه‌ده‌نیه‌كان له‌فۆرمدا كوردن، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی حوكمڕانی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌رێمی باكوری عیراقه‌، توركیا و ئێرانن، هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ سه‌رانی كوردایه‌تی به‌درێژایی مێژوو شۆڕشگێر نه‌بوون، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك به‌كرێگیراوی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌ هه‌رێمیه‌كان بوون، ئه‌مانه‌ زۆربه‌ی شه‌لاتی و سه‌رسه‌ریه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بوون،  بوون به‌كه‌ڵه‌گا به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌، ئێسـته‌ش هه‌رچی چه‌قۆكێش و شه‌لاتی و پیاوكوژه‌ له‌ ڕیزه‌كانیاندا كردوویانه‌ به‌چه‌كدار بۆ پارێزگاری كردن له‌ ئاغا و سوڵتانه‌كانیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە