کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قوڕه‌به‌رازه‌ داستان بوو یان ماڵوێرانی و شکست

Monday, 04/05/2020, 0:47


کاتی پێویست بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌: نزیکه‌ی بیست خوله‌ک.
شه‌وی ۱۰/۹ی مانگی هه‌شتی ساڵی ۱۹۷۹ مه‌فره‌زه‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌، به‌ فه‌رمانده‌ی شه‌هید شه‌فیق زاهیر، هاتنه‌ ناو کۆیه‌ و گولـله‌ئاربیجییه‌کییان گرته‌ بنایه‌ی ئیستخبارات.
له‌ باری مه‌عنه‌ویه‌وه، ئه‌م چالاکییه‌ زۆر کاریگه‌ر بوو. سه‌لماندنی وجودی هێزی گه‌ل بوو و نیشانی به‌عسی چه‌په‌ڵی دا که‌ گڕی شۆڕشی نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌میشه‌ داخه‌ بۆ گیانی دوژمن.
زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کان گه‌نجی کۆیی بوون، له‌ شاریش سه‌رسامی قاره‌مانییه‌تی کاک شه‌فیق بوون و له‌ ئه‌مری ده‌رنه‌ده‌چوون. متمانه‌ی ته‌واوییان به‌ توانا و لێزانینی شه‌هید شه‌فیق هه‌بوو.
شه‌هید شه‌فیق پێشمه‌رگه‌یه‌کی لێهاتوو بوو، له‌ شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌ شازده‌ ساڵی چه‌ک له‌شان ده‌کا و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، ساڵی هه‌فتاوچواریش ده‌چێته‌ شاخ و ده‌کرێ به‌ سه‌رلق. چه‌نده‌ها چالاکی له‌ شاخ و ناوشار ئه‌نجام ده‌دا..
*
به‌ره‌بابی شه‌هید شفیقی زاهیری گۆده‌ی
له‌ خێڵی گۆدره‌نی عه‌شیره‌تی هه‌ماوه‌ند‌ن و له‌قه‌بی گۆده‌ش له‌م گۆدره‌نه‌وه‌ هاتووه‌.
به‌ چاونه‌ترس ناوییان ده‌رکرد بوو له‌ کۆیه‌ و خاوه‌نی چه‌نده‌ها شه‌هیدن..
زاهیری گۆده‌ی
پیاوێکی ره‌شید و به‌ده‌ست بوو. دوای جیابوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی، مه‌لایی و جه‌لالی په‌یدا بوون. کاک زاهیر به‌ خۆی و سێ کوڕیه‌وه‌ (شه‌فیق، ره‌فیق و تۆفیق) ده‌بنه‌ پێشمه‌رگه‌ی جه‌لالییه‌کان.
ساڵی ۱۹٦۸ یاسین ناوێ پێشمه‌رگه‌ی مه‌لاییه‌کان ده‌بی و دێته‌ ناو کۆیه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌کی جه‌لالی ده‌کوژێ و ده‌کشێته‌وه گوندی هه‌رمۆته‌. کاک زاهیر و کوڕه‌کانی له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌ک ده‌نێردرێنه‌ گونده‌که‌. جه‌لالی و عه‌سکه‌ر گونده‌که‌ ته‌وق ده‌که‌ن.
کاک یاسین خۆی له‌ناو ماڵێ عاسێ ده‌کا، پێشمه‌رگه‌یه‌کی جه‌لالییه‌کان ده‌کوژێ و دووانیش بریندار ده‌کا.
کاک زاهیر حه‌ماسه‌تی هه‌ڵده‌ستێ و‌ هێرش ده‌باته‌ سه‌ر کاک یاسین. هه‌ردووکییان پێشمه‌رگه‌ی کۆنن و هاوڕێی دێرینی یه‌کترن، یاسین هاواری کاک زاهیر ده‌کا که‌ چیتر نه‌چێته‌ پێشه‌وه‌، باس له‌ براده‌رایه‌تییه‌که‌یان ده‌کا که‌چی کاک زاهیر به‌ ته‌قه‌ لێی نزیک ده‌بێته‌وهو ‌ده‌یه‌وێ به‌ده‌ست بیگرێ.
کاک زاهیر شه‌هید ده‌بێ. دوای سه‌عاتونیوێ مقاوه‌مه‌، کاک یاسینیش شه‌هید ده‌بێ..
چه‌ند مانگێ دووای ئه‌م رووداوه‌ تۆفیقی کوڕی شه‌هید زاهیریش، له‌ ناوچه‌ی خه‌له‌کان له‌ شه‌ڕێکی براکوژی به‌ینی جه‌لالی و مه‌لاییه‌کان، شه‌هید ده‌بێ..
ره‌فیقی زاهیری گۆده‌ی ساڵی ١٩٧٢ له‌سه‌ر گرفتێ له‌لایه‌ن دادگای جنائییه‌وه‌ هه‌فت ساڵ حوکم ده‌درێ. شه‌و و رۆژی بۆ حساب ده‌کرێ و ساڵی ١٩٧٦ ئازاد ده‌کرێ، دوای چه‌ند مانگێ له‌گه‌ڵ شێروانی فه‌تاحی سمه‌ زریان ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان بوونو ئه‌وکاته‌ش پێشمه‌رگه‌ زۆر که‌م بوون.
شه‌وێکییان به‌دزی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ کۆیه‌. له‌ قه‌راخی شار له‌ ماڵی خاره‌ حه‌مید ده‌بن و ماڵی کاک ئه‌حمه‌دی مامی شێروانیش هاوسێیان ده‌بن.
کاک فه‌تاح و منداڵه‌کانی له‌سه‌ر شێروان، له‌ نوگره‌سه‌لمان به‌ندکرابوون.
ده‌گوترێ گوایا کاک ئه‌حمه‌دی سمه‌ زریان خه‌به‌ری لێ داون تا بگیرێن و فه‌تاحی برای ئازاد بکرێ.
عه‌زیزی پۆلیس، ناسراو به‌ عه‌زه‌ که‌چه‌ر، له‌گه‌ڵ چه‌ند پۆلیسێ به‌سه‌ریان دا دەده‌ن. له‌سه‌ر قسه‌ی عه‌زه‌ که‌چه‌ر، ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌ و بوارییان پێده‌درێ تا خۆییان قورتار بکه‌ن‌، شێروان ده‌رفه‌تی لێده‌بینێ و راده‌کا، به‌داخه‌وه‌ کاک ره‌فیق ده‌ربازی نابێ خۆیبه‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دا. خاره‌ حه‌مید و ‌دوو کوڕی ده‌گیرێن.
دوای چه‌ند مانگێ کوڕێکی خاره‌ حه‌مید له‌گه‌ڵ شه‌هید ره‌فیق له‌ به‌ندیخانه‌ی موسڵ ئیعدام ده‌کرێن.
شێروان خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی، شه‌هید دکتۆر خالید له‌ مه‌سه‌له‌که‌ ده‌کۆڵێته‌وه‌، که‌ ده‌زانێ به‌بێ فه‌رمانی لێپرسراوه‌کانییان و ته‌نها بۆ سه‌ردان چوونه‌ته‌وه‌ کۆیه‌. بێهوده‌ ژیانی خۆیانییان و ماڵی خاره‌ حه‌میدان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
له‌ شێروان توڕه‌ ده‌بێ و ماوه‌یه‌ک چه‌کی ده‌کا.
به‌ر له‌ کاره‌ساتی هاکاری به‌ دوو مانگێ، مه‌فره‌زه‌که‌ی شه‌هید دکتۆر له‌ گوندێکی سه‌ر سنووری ئێران ته‌وزیع ده‌بن، شێروان چه‌کی پێدراوه‌ته‌ و شه‌وه‌که‌ی کێشه‌یه‌ک ده‌نێته‌وه‌، دکتۆر خالید پێی ده‌زانێ و هه‌ر له‌وێ ده‌یکوژێ..
دوای کاره‌ساتی هاکاری، شه‌هید‌ شه‌فیق چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و ماوه‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی سۆشیالیست بوو، پاشان به‌ مه‌فره‌زه‌وه‌ چووه‌ ناو یه‌کییه‌تی و کرا به‌ فه‌رمانده‌ی قواتی ده‌شتی کۆیه‌.
شه‌وێکییان به‌سه‌ر ماڵی کاک ئه‌حمه‌دی سمه‌ زریانی دادا و ده‌ستڕێژێکی لێکردن، کاک ئه‌حمه‌د ده‌کوژێ و خێزانه‌که‌شی به‌ خەستی بریندار ده‌کا. به‌م جۆره‌ شه‌هید شفیق تۆڵه‌ی ره‌فیقی برای ده‌کاته‌وه‌...
شه‌وی ۱۰/۹هه‌مان شه‌وی چالاکییه‌که‌ی کۆیه‌، پێشمه‌رگه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بنکه‌که‌یان له‌ گوندی قوڕه‌به‌رازه‌.
گونده‌که‌ ‌ که‌وتۆته‌ ده‌شتی کۆیه‌ و له‌ ته‌ختایی دایه‌، له شاره‌کانی ته‌قته‌ق، کۆیه‌، چه‌مچه‌ماڵ و دوکان نزیکه، حکومه‌ت ده‌یتوانی به‌ نیوسه‌عاتێ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ بیگاتێ. هه‌ڵبژاردنی قوڕه‌به‌رازه‌‌، وه‌ک بنکه‌ و مه‌قه‌ر، جۆرێ بوو له‌ منه‌تنه‌زانین و ته‌حەدداکردنیحکومه‌ت، دڕکێ بوو رۆژانه‌ له‌ چاوی به‌عس ده‌چه‌قی..
شه‌هید شفیق شاره‌زایه‌ و ده‌زانێ که‌ حکومه‌ت تۆڵه‌ ده‌کاته‌وه‌. رۆژێ دوای چالاکییه‌که‌، هێزه‌که‌ی‌ دابه‌ش ده‌کاته‌ دوو به‌ش. هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌ به‌ ئاربیجییه‌که‌وه‌ ده‌نێرێته‌ سه‌ر ته‌پۆلکه‌یه‌کی نزیک ئاوایی، بیستودوو پێشمه‌رگه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێڵێته‌وه له‌ناودێیه‌که..
یه‌کێ له‌ پێشمه‌رگه‌کان ناوی کاک مه‌ولود ده‌بی، پیاوێکی به‌ساڵا چوو و خاوه‌ن ئه‌زمونی شه‌ڕ ده‌بێ، تکا له‌ شه‌هید شفیق ده‌کا که‌ هه‌رچی زووه‌ گونده‌که‌ به‌جێبهێڵن و ئینسحاب بکه‌ن. پێی ده‌ڵێ که‌ ئه‌گر بمینێنه‌وه‌ و شه‌ڕ بکه‌ن زه‌ره‌رییان زۆر ده‌بێ.
کاک شه‌فیق ئینسیحابی به‌ شکست داده‌نا و ترسی له‌ مردن نه‌بوو، بڕیار ده‌دا شه‌ڕ بکا.
کاک مه‌ولود هانا ده‌با بۆ کاک ئاودێر، رابه‌رسیاسی مه‌فره‌زه‌که‌.
کاک ئاودێر گه‌نجێکی روحسوک، کوردپه‌روه‌ر و سه‌نگین بوو، خه‌ریجی ئاماده‌یی کشتوکاڵ بوو و تاکه‌ پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ مه‌فره‌زه‌که‌ که‌ خوێندنی ته‌واو کردبێ. تکا له‌ کاک شه‌فیق ده‌کا که‌ بکشێنه‌وه‌، کاک شه‌فیق سوڕ ده‌بێ له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی و به‌ پێشمه‌رگه‌کان ده‌ڵیکه هه‌ر که‌سێ نایه‌وێ شه‌ڕ بکا با رابکا.
ته‌مه‌نی زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کان هه‌ر بیست ساڵێ ده‌بوو، هه‌ندێکییان چه‌ند مانگێ بوو چووبوونه‌ شاخ و شه‌ڕیان نه‌بینیبوو، چه‌که‌کانیشیان سوک بوون. که‌چی بڕیار ده‌ده‌ن رووبه‌رووی مه‌رگ ببنه‌وه و پشتی فه‌رمانده‌که‌یان به‌رنه‌ده‌ن. هه‌موویان ده‌مێننه‌وه‌ و خۆیان ئاماده‌ده‌که‌ن بۆ شه‌ڕ..
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی ۸/۱۱ قواتی حکومه‌ت به‌ره‌و قوڕه‌به‌رازه‌ به‌ڕێده‌که‌ون و به‌ گوندی بانه‌گوڵان ره‌ت ده‌بن. رۆژ له‌ شه‌به‌ق دایه‌ و سه‌ربازه‌کان له ‌سه‌ربانی خانی ماڵێکی گونده‌که بریسکه‌ بریسکێ ده‌بینن، ‌ئه‌فسه‌رێک و چه‌ند سه‌ربازێ به‌دوای داده‌چن و ده‌گه‌نه‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌کی خه‌وتوو، که‌لاشنیکۆفه‌که‌ی خستۆته‌ ژێرسه‌ری و لوله‌که‌ش له‌به‌ر تیشکی خۆر ده‌بریسکێته‌وه‌.
له‌ خه‌وێکی قوڵدایه‌ و ئاگای له‌ که‌س نییه‌. ئه‌فسه‌ره‌که‌ که‌لاشنیکۆفه‌که‌ی له ژێرسه‌ری ده‌رده‌هێنێ، پێشمه‌رگه‌که‌ به‌ئاگا دێ و یه‌کسه‌ر خۆی فڕێ ده‌داته‌ خواره‌وه‌، ده‌چێته‌ ناو خانه‌که‌.
ئه‌فسه‌ره‌که‌ ده‌یه‌وێ به‌ زیندویه‌تی بیگرێ تا زانیاری لێوه‌ربگرێ، ده‌شیویست بزانێ کێیه‌، خه‌ڵکی گونده‌که‌ پێی ده‌ڵێن که‌ ناوی قوباده‌.
مه‌لای گونده‌که‌ بانگ ده‌که‌ن تا قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکا به‌ڵکو خۆی ته‌سلیم ‌بکا.
قوبادیش له‌ته‌ گوێزانێک له‌ گیرفانی ده‌رده‌کا و هه‌وڵ ده‌دا سه‌ری خۆی ببڕێ، بۆڕی هه‌ناسه‌ی تا نیوه‌ی ده‌بڕێ و خوێن له‌به‌ری ده‌ڕوا، سه‌ربازه‌کان لێی به‌ژوور ده‌که‌ون و ده‌ستگیری ده‌که‌ن، ده‌یپشکنن و ده‌سته‌یه‌ک حه‌بی ڤالیوم له‌ گیرفانی ده‌رده‌هێنن. لرخه‌لرخیه‌تیو به‌که‌ڵکی پرسیار و وه‌ڵام نایه‌..
له‌وده‌چێ قوباد نه‌یزانیبێ که‌ بڕینی بۆڕی هه‌ناسه‌ گورج ناکوژێ و ده‌تواندرێ تا ماوه‌یه‌کی زۆر هه‌ناسه‌ بدرێ..
قوباد کوڕی مام فه‌تحوڵایه.
ساڵی هه‌فتاوپێنج که‌ شۆڕش شکستی پێهێندرا، حکومه‌ت عه‌فوی عامی ده‌رکرد و پێشمه‌رگه‌ش په‌یتا په‌یتا به‌ چه‌که‌وه‌ ته‌سلیم ده‌بوونه‌وه‌. له‌ حه‌وشی سه‌رای کۆیه‌ چه‌ک وه‌ک باره‌دار هه‌ڵدرابوونه‌وه‌.
قوباد گه‌نجێکی شازده‌ ساڵه‌ ده‌بێ، ناتوانێ هه‌زمی بکا‌ چۆن ده‌بێ شۆڕش به‌م ئاسانییه‌ کۆتایی پێبێ. براده‌رێکی هاوته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته‌ ناو سه‌را‌ و ده‌یانه‌وێ چه‌کوته‌قه‌مه‌نی بڕفێنن و بچنه‌ شاخ. ده‌گیرێن و قوباد تۆمه‌ته‌که‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی. دادگاییده‌کرێ و پێنج ساڵ حوکم ده‌درێ. موده‌ی سجنه‌که‌ی به‌سه‌ر ده‌با و ئازاد ده‌کرێ، مانگ و نیوێ له‌ شار ده‌مێنێته‌وه‌ و چالاکییه‌ک ئه‌نجام ده‌دا، ده‌چێته‌ شاخ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه.
ماوه‌یه‌ک له‌ مه‌فره‌زه‌که‌ی شه‌هید شه‌فق ده‌بێ، به ‌ته‌ما ده‌بێ سه‌رکردایه‌تی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی بده‌نێ و بیکه‌ن به‌ ئامیر مه‌فره‌زه‌. جیا ده‌بێته‌ و به‌ته‌نها له‌ ده‌شتی کۆیه‌ جه‌وله‌ ده‌کا.
شه‌وی ده‌ستگیرکردنه‌که‌ی هیلاک ده‌بێ و حه‌بێکی ڤالیوم ده‌خوا، بێخه‌م لێی ده‌خه‌وێ تا به‌یانییه‌که‌ی ئه‌فسه‌رێکی به‌عس خه‌به‌ری ده‌کاته‌وه‌.
پێشمه‌رگا‌یه‌تی له‌و ساڵانه‌د‌ به‌ هه‌موو که‌سێ نه‌ده‌کرا، به‌عس له‌وپه‌ڕی توانای دابوو و ناوچه‌ی ئازادکراویش که‌م بوون. برسیه‌تی، سه‌رماوگه‌رما، ترس، ماندوویه‌تی و بێمه‌کانی مێشکییانی هیلاک ده‌کرد. هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌ شه‌وان نه‌یانده‌توانی به‌ ئاسانی بخه‌ونو حه‌بی خه‌ویان ده‌خوارد..
حکومه‌ت له‌ هه‌موولایه‌که‌وه‌ هێرش ده‌باته‌ سه‌ر قوڕه‌به‌رازه‌ و هه‌لیکۆپته‌ریش به‌ ئاسمان ده‌خولانه‌وه‌، شه‌هید شفیق داوا له‌ که‌ریمی برابچوکی ده‌کا که‌ رابکا و خۆی بگه‌یه‌نێته‌ قه‌یمه‌. پێشمه‌رگه‌کانیش به‌سه‌ر نوقاتی مه‌یدانی شه‌ڕه‌که‌ دابه‌ش ده‌کا.
به‌ که‌لاشنیکۆف شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کۆپته‌رناکرێ و ئارپیجییه‌که‌شییان لای مه‌فره‌زه‌که‌ی تره‌. رێگای به‌ینیشییان بڕاوه‌ و کۆپته‌ر بوار ناده‌ن هه‌ر دوو مه‌فره‌زه‌ له‌یه‌ک بده‌نه‌وه‌.
شه‌هید شفیق به‌ ته‌پۆلکه‌‌که هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و ده‌یه‌وێ بچێ ئارپیجییه‌که‌ بهێنێ تا شه‌ڕی پێبکا. کۆپته‌رێ ده‌یبینێ و ده‌یداته‌ به‌ر گولـله‌دۆشکه‌، یه‌که‌م فیشه‌کی کوشنده‌ی ‌ئه‌م شه‌ڕه،‌ به‌ر هه‌ناوی شه‌هید شفیق ده‌که‌وێ.
وره‌ی خۆی به‌ر نادا و به‌ برینداری ده‌چێته‌ پاڵ به‌ردێ. تا ئاخیر گوله‌ به‌ که‌لاشنیکۆف ته‌قه‌ ده‌کا و دواییش هه‌وڵ ده‌دا به‌ ده‌مانچه‌ خۆی بکوژێ.
گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌ته‌قه‌یه، ‌کۆپته‌ریش له‌ بانه‌وه‌ زۆر بێباکانه‌ پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و ده‌شته‌ی کردۆته‌ نیشانه‌ و به‌ دۆشکه‌، چوارده‌ پێشمه‌رگه‌ی دیش شه‌هید ده‌کا.
شه‌هید ئاودێر، شه‌هید مارف، شه‌هید جه‌عفه‌ر و عه‌لی فارس گولـله‌یان پێنامێنێ و ده‌گیرێن.
ده‌ستییان ده‌به‌ستنه‌وه‌ و بۆ ئێواره‌که‌ی له‌گه‌ڵ ته‌رمی پێشمه‌رگه‌کان، به‌ سواری هه‌لیکۆپته‌ر، ره‌وانه‌ی کۆیه‌یان ده‌که‌ن..
که‌ریمی برای شه‌هید شه‌فیق هه‌ر زوو خۆی رزگار ده‌کا.
ئه‌حمه‌د برنه‌ویش رزگاری ده‌بێ و باسی لێده‌کرد که‌ دوای شه‌ڕه‌که‌ له‌ نزماییه‌ک، خۆی به‌ قه‌د ته‌ڵاشێ له‌ناو پنجه‌لوڕکێ ده‌شارێته‌وه‌‌، سه‌ربازێک به‌وناوه ده‌گه‌ڕێ و ده‌یبینێ، خه‌به‌ری لێنادا و به‌ عاره‌بی هاوار ده‌کا که‌ که‌سی لێنییه‌.
جا له‌وانه‌یه‌ عه‌سکه‌ره‌که‌ ترسابێ و حسابی خۆی کردبێ که‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگی بدا ئه‌وا ئیحتیمال هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌که‌ بیکوژێ. ئه‌گه‌ریشی هه‌یه‌ که‌ هه‌ستی مرۆڤایه‌تی، له‌و کاته‌دا، جولابێ و نه‌یویستبێ زیاتر خوێن بڕژێ.
له‌م شه‌ڕه‌دا هێزه‌کانی حکومه‌ت هیچ زیانێکییان پێنه‌گه‌یشت و نه‌ کوژراوییان هه‌بوو نه‌ بریندار...
ماته‌مینی خه‌ڵکی کۆیه‌ی داگرتبوو و که‌س به‌ ته‌واوه‌تی نه‌یده‌زانی چی روویداوه‌. ده‌زاندرا که‌ کاره‌ساتێ قه‌وماوه‌‌ و ده‌شزاندرا که‌ شه‌هیدیشمان هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌رگیز ته‌سه‌ور نه‌ده‌کرا که‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری پێشمه‌رگه‌کانی قوه‌ته‌که‌ شه‌هید کرابن..
ئێواره، ته‌رمی شه‌هیده‌کانیان بردران بۆ بنکه‌ی ئیستخباراتی شار له‌ناو بنایه‌ی دارولزیافه‌.
قوباد برینداره‌ و له‌سه‌ر مردنه‌، ده‌یبه‌نه‌ لای گیراوه‌کان و پێشیان ده‌ڵێن که‌ له‌ هه‌یئه‌ی که‌رکوکه‌وه‌ ئه‌مری فه‌وڕی کوشتنیان بۆ ده‌رچووه‌.
له‌ناکاو عه‌لی فارس به‌ده‌نگ دێ، ده‌ڵێ که‌ چه‌ند نهێنییه‌کی لایه و ده‌یه‌وێ بیاندرکێنێ.
جیای ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌یبه‌نه‌ ژورێ.
قاسه‌ کۆری جاشماکه‌ر له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ ئه‌فسه‌ری ئیستخبارات و چه‌ند نه‌فه‌رێکی دائیره‌ی ئه‌من‌ له‌ ژووره‌که‌دا ده‌بن.
عه‌لی فارس ده‌ڵی که‌ سه‌ر به‌ عه‌ریف یاسین تاڵه‌بانییه‌.
عه‌ریف یاسین تاڵه‌بانی، پیاوی حکومه‌ت بوو و سه‌ر به‌ ئیستخبارات بوو. له‌گه‌ڵ عه‌لی فارس بنئامۆزا بوون.
به‌ په‌له‌ په‌یوه‌ندی به‌ عه‌ریف یاسینه‌وه‌ ده‌که‌ن، عه‌ریفیش پێیان راده‌گه‌یه‌نێ که‌ بنئامۆزاکه‌ی خه‌تمایلی حکومه‌ته‌ و پیاوی خۆیه‌تی.
عه‌لی فارس ئازاد ده‌کرێ.
سعات یازده‌ی شه‌و گیراو‌ه‌کا‌ن شه‌هید ده‌کرێن، ته‌ر‌می ۱۹ شه‌هید به‌ سێ وه‌جبه و ‌به‌ هه‌مان پیکاب‌، ره‌وا‌نه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار ده‌کرێن..
ئه‌و شه‌وه‌ له‌ ته‌واوی شار و له‌ هه‌موو ماڵێ پرسه‌ بوو. به‌یانی زوو ده‌یه‌ها به‌ڵکو سه‌ده‌ها که‌س له‌ به‌رده‌رگای نه‌خۆشخانه‌ کۆببونه‌وه‌. گریان و شیوه‌ن بوو، براڕۆ و باوکه‌ڕۆ بوو، خه‌ڵکانێ‌ له‌ حه‌ره‌سه‌کانی خه‌سته‌خانه‌ ده‌پاڕانه‌وه‌ تا بیانکه‌نه‌ ژووره‌،منداڵ و هه‌رزه‌کار به‌ سه‌رلێشێواوی ده‌سوڕانه‌وه‌ و هه‌واڵییان له‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌برد، ئازیزمرده‌کان توانایان له‌ به‌ده‌ندا نه‌مابوو و به‌ چاوی پڕ له ‌فرمێسکه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی دیده‌نی ته‌رمی ئازیزه‌‌کانییان بوون.
خوێنی شه‌هیده‌ به توانا‌کانمان له‌ قاوشی نه‌خۆشخانه‌ سارد ببونه‌وه‌ که‌چی ئا له‌و ساتانه‌دا خوێنی ‌ بێتواناکانی شار، جۆشی ده‌دا. توانای ئه‌و بێتوانایانه‌ ئه‌ژنۆی پیاوه‌کانی به‌عسی چه‌په‌ڵی هێنابووه‌ له‌رزین.
به‌ حه‌په‌ساویی و به‌ دڵێکی پڕ له‌ ترسه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌کانییان خۆیان حه‌شار دابوو، سه‌به‌تانه‌ی تفه‌نگه‌کانییان له‌ خه‌ڵکه‌که‌ کردبوو و فه‌رمانییان بۆ هاتبوو که‌ له‌ حاله‌تێدا ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که‌ بته‌قێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێ بیانده‌نه‌ به‌ر گولـله‌..
دکتۆر ئاسۆ جه‌لیزاده‌ ئه‌وسا خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بوو و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی کۆیه‌ ته‌تبیقی ده‌کرد. له‌به‌ر ده‌رگای خه‌سته‌خانه‌ چاوی به‌ من که‌وت و ئیشاره‌تی بۆ کردم که‌ له‌گه‌ڵی بچمه‌ ژوره‌وه‌، له‌ قاوشێ ته‌رمی شه‌هید شفیق، شه‌هید ئاودێر، شه‌هید ئازاد و شه‌هیدمه‌ولود له‌ ناو کفندا له‌سه‌ر زه‌مین به‌ ته‌نیشت یه‌کتره‌وه‌ ریز کرابوون، به‌ قه‌له‌می جافی شین له‌ لای که‌مه‌ری چه‌پییان ناوی خۆیان و باوکییان به‌ بچوکی نووسرا بوو.
له‌ هه‌ورازتریش ته‌رمی هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ ده‌کران بۆ کفنکردن، برینی به‌ده‌نییان به‌ ئه‌ندازه‌ی بستێ ده‌بوو و به‌ڵگه‌نه‌ویست بوو که‌ به‌ گولـله‌دۆشکه‌ شه‌هید کراون.
چوونه ‌ژووره‌وه‌م هیچ مه‌ترسییه‌کی بۆ سه‌ر من نه‌بوو چونکه‌ ده‌متوانی بڵێم که‌ به‌دوای ته‌رمی خزم و ناسیاو ده‌گه‌ڕێم، به‌ڵام تا ئیمڕۆش ناتوانم تێی بگه‌م که‌ چۆن دکتۆر ئاسۆ جورئه‌تی ده‌کرد و خه‌ڵکی به‌ ژێر چاوه‌ زه‌قه‌ حیزه‌کانی ئه‌من و ئستخبارات، ره‌ت ده‌کردبۆ ناو نه‌خۆشخانه‌که‌.‌ هه‌رچه‌ند باشیشی ده‌زانی که‌ هه‌موو حه‌ره‌که‌یه‌کی، ده‌کرێ به‌ ته‌قریر و ده‌نێردرێ بۆ دائیره‌ی ئه‌من..
‌ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ توانیبوویان بچنه‌ ژووره‌وه‌ وته‌رمه‌کانییان بینیبوو، هه‌ر که‌ ده‌هاتنه‌ ده‌‌رەوە خه‌ڵکیان لێ کۆ ده‌بۆ‌وه‌ و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ پرسیار دوای پرسیاریان لێ ده‌کرد..
هه‌موو شه‌هیده‌کان ئاماده‌ کران بۆ ناشتن، به‌ حه‌فاره‌ چاڵێکی درێژ هه‌ڵکه‌ندرا و به‌ شانوبازوی گه‌نج و پیری شار، ته‌رمه‌ پیرۆزه‌کان شاردرانه‌وه‌..
هاوسه‌ری دووه‌می شه‌هید شه‌فیق به‌ کۆرپه‌یه‌کی ساواوه‌ له‌ قوڕه‌به‌رازه‌ ده‌بێ و ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی حکومه‌ت، کۆرپه‌که‌ی شه‌هید شه‌فیق کوڕه‌تاقانه‌ی بوو و ناوی نابوو شاخه‌وان. سجنییان ناکه‌ن و ده‌یان نێرنه‌ ماڵی شێخ جه‌نگی تاڵه‌بانی.
وا زاندراوه‌ که‌ شێخ جه‌نگی‌ برای جه‌لال تاڵه‌بانی ( مام جه‌لال) ه‌ که‌چی له‌ راستیدا زڕبرایه‌تی و ئامۆزای باوکیشیه‌تی.
شێخ بورهانی باوکی شێخ جه‌نگی مامی شێخ حوسامه‌دینه‌، شێخ بورهان ده‌کوژرێ و شێخ حوسامه‌دین ئامۆژنی خۆی ده‌خوازێ, مام جه‌لالییان ده‌بێ.
ساڵی هه‌فتاوچوار، شێخ جه‌نگی سه‌رۆکجاش بوو له‌ کۆیه‌، شێخ حه‌مه‌ساڵحی براشی له‌گه‌ڵ کوڕه‌ گه‌وره‌کانی به‌دوایه‌وه‌ چه‌کییان بۆ هه‌ڵگرتبوو.
دوای کاره‌ساتی شۆڕشی ئه‌یلول حکومه‌ت جاشه‌کانی چه‌ک کرد و شێخ جه‌نگی دانیشت. به‌ڵام په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌من و ئیستخبارات هه‌ر باش بوو و حسابییان بۆ ده‌کرد، متمانه‌یان پێده‌کرد و ژن و کۆرپه‌ ساوایه‌که‌یان به‌ ئه‌مانه‌ت پێسپارد.
شێخ جه‌نگی پیاوێکی ئه‌رباب و خۆیی بوو، خه‌ڵکی شاره‌که‌ش رێزیان لێ ده‌گرت.
ژن و کوڕه‌تاقانه‌که‌ی شه‌هید شه‌فیق ماوه‌یه‌ک له‌ ماڵی شێخ ده‌مێننه‌وه‌ و دواییش ده‌چنه‌ گونده‌کانی خۆشناوه‌تی...
کاره‌ساته‌که‌ ‌ شکستێکی گه‌وره‌ بوو و به‌ ناشتنی ته‌رمی شه‌هیده‌کان دراماکه‌ کۆتایی نه‌هات به‌ڵکو بوو به‌ هۆکاری چه‌نده‌ها کاره‌ساتی دی..
یه‌که‌م جار بوو له‌ شه‌ڕی پارتیزانی شۆڕشی نوێدا که حکومه‌ت هیچ زه‌ره‌رێکی نه‌بێ که‌چی پێسمه‌رگه‌ ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌ بدا. خه‌ڵک‌ ئه‌م شه‌ڕه‌یان به‌ شکست ده‌زانی و خه‌ریک بوو له‌ خه‌باتی چه‌کداری بێئومێد ببن..
به‌ نه‌مانی قوه‌ته‌که‌، ئه‌منه‌کانی کۆیه‌ فیزی سه‌رکه‌وتنییان به‌سه‌ر خه‌ڵکی شار لێده‌دا، چه‌کداره‌کانی قاسه‌ کۆری خوێڕی جاشیش له‌ خۆشیا کلکیان ره‌پ ده‌کرد و به‌ناوشار ده‌سوڕانه‌وه‌. چاوی خه‌ڵکییان ده‌شکاند و به‌ بێ ترس ته‌عه‌دایان ده‌کرد..
دوای نه‌مانی ئه‌و قوه‌ته‌ بۆشاییه‌کی عه‌سکه‌ری له‌ کۆیه‌ و ده‌وروبه‌ری درووست بوو، هه‌ندێ ئامیر مه‌فره‌زه‌ی عه‌شائیر که‌ سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تی بوون فرسه‌ته‌که‌یان قۆزته‌وه‌ و دابه‌زینه‌ ده‌شتی کۆیه‌. له‌ سه‌رکردایه‌تی دابڕان و کاری خراپه‌یان ده‌کرد، سومعه‌ی پێشمه‌رگه‌یانبه‌ ئانقه‌ست ده‌شکاند و له‌ گونده‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ راوڕووتییان ده‌کرد. دواییش ته‌سلیمی حکومه‌ت بوونه‌وه‌ و بوون به‌ جاش..
رێکخستنی ناو شار که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ قوه‌ته‌که‌وه‌ هه‌بوو، له‌ گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی داپچڕان و زۆربه‌یان وازیان هێنا....
جا ئه‌م کۆمه‌ڵکوژیه‌ش چه‌نده‌ها کوشتنی تریش و ماڵوێرانی به‌دوای خۆیه‌وه‌ راکێشا..
له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، هاوسه‌ری دووه‌می شه‌هید شه‌فیق و شاخه‌وانی تاقانه‌ له‌ خۆشناوه‌تی به‌ر ده‌سته‌ڕێژ ده‌درێن، هاوسه‌ره‌که‌ی بریندار ده‌بێ و شاخه‌وان ده‌کوژرێ..
کچێکی شه‌فیق، له‌ ژنی یه‌که‌می، به‌ده‌ستی که‌ریمی مامی ده‌کوژرێ..
که‌ریم چه‌ند گه‌نجێکی بێتاوانی کوشت و خۆشی کوژرایه‌وه‌، دوای چه‌ند مانگێ بکوژه‌که‌شی ده‌کوژرێ..
شه‌هید جه‌عفه‌ر ته‌نها دوو برای له‌ خۆی بچوکتری ده‌بێ و ساڵی هه‌شتاکان هه‌ردووکیان شه‌هید ده‌کرێن، دایکه‌ بێوه‌ژنه‌ ماڵوێرانه‌که‌یان به‌ر له‌ چه‌ند ساڵی به‌ جه‌رگسوتاوی ماڵئاوایی لێکردین..
مانگی هه‌شتی ساڵی ۱۹۸۱ قوه‌ی ده‌شتی کۆیه‌ و کۆسره‌ت, به‌ فه‌رمانده‌ی مامۆستا عه‌ز‌یز ره‌سول له‌ناو شاری کۆیه‌ چالاکییه‌کی بێهاوتایان ئه‌نجام دا، له‌م شه‌ڕدا ئه‌حمه‌د برنه‌و که‌ جێگری فه‌رمانده‌ی قوه‌ته‌که‌ بوو و له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تی مه‌جیدی ئامۆزای شه‌هید کران..
که‌سوکاری شه‌هیده‌کانی دیش دوای ئه‌م کاره‌ساته‌ شه‌هید و قوربانی تریان دا..
عه‌لی فارس کوژرا و له‌ میدیای یه‌کیه‌تی هه‌واڵه‌که‌ به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی شه‌هیدانی قوڕه‌به‌رازه‌ به‌ خه‌ڵک فرۆشرا. بکوژی عه‌لی فارس له‌ ماڵێکی سه‌ر سنووری ئێران شه‌هید ده‌کرێ و دوای ماوه‌یه‌ک خاوه‌نماڵه‌که‌ش ده‌کوژرێ.
پاش کوشتنی عه‌لی فارس به‌ ماوه‌یه‌ک، عه‌ریف یاسین سوێندی خوارد بوو که‌ بنئامۆزاکه‌ی خه‌تمایل نه‌بووه‌ و هیچ ئیتسالیشی پێوه‌ی‌ نه‌بووه‌..
لێره‌دا ده‌بێ تێبینی بکرێ که‌ له‌م بابه‌ته‌دا چه‌ند جار وشه‌کانی کوشتن و شه‌هید به‌کارهێندراون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە