ڕیشەی دوشمنایەتی دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان بەرامبەر پ ک ک
Monday, 26/04/2021, 21:05
پوختەی وتارەکە:
لە چوار پارچەی کوردستان دا دوو ڕێبازی جیاواز لە ململانیەکی توندی فکری، فەرهەنگی و سیاسی دان.
زۆرینەی حیزب و ڕێکخراوەکانی کورد لە یەکێک لە دوو بەرەی پ ک ک و دێموکڕاتەکان جێ دەگرن.
هەرچەند کە بەشێک لە هێزە کوردیەکان لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە دا دەبیندرێن، بەڵام مەیلیان بە لای یەکێکیاندا هەیە.
کۆمەڵگای کوردستان لە چین و توێژی جۆراوجۆر پێک هاتوە، کە بیر و بەرژوەندی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەکیان هەیە. حیزبە کوردیەکان نوێنەری ئەم چین و توێژانەن.
پ ک ک نوێنەری چینی ژێردەست و ڕووناکبیرانی چەپە و دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان نوێنەر و پارێزەری بەرژوەندی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردین.
چینی سەردەست پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵەتوێژێک کە ١٠٪ی جەماوەر پێک دێنن.
دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان "پ ک ک" بە خەتەرێکی گەورەتر لە دەوڵەتانی ناوچە بۆ سەر بەرژوەندی چینی سەردەستی کورد دەبینن.
شەڕی دێموکڕاتەکان بۆ دەسەڵاتە بە سەر کۆمەڵگای کورد دا. بەڵام ئامانجی پ ک ک گۆڕینی بنەڕەتی سیستمی ئابوری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیە.
لە دابەشکاری ڕێبازی سیاسی دا، دێموکڕاتەکان ڕاستی سوننەتی و پ ک ک چەپی سەردەم نوێنەرایەتی دەکەن.
خوێنەری بەڕێز، پێم خۆش بوو لە مەدحی برایەتی،یەکگرتویی و هاوخەباتی گشت حیزبە کوردیەکان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی بنوسم. ئەمە خەونی من، تۆ و ملیۆنان کوردە. بەڵام واقەعیەتەکانی سەر زەوی جیاواز لە حەز و ئارزۆکانی ئێمەن. منیش ناچارم خەونەکەم بۆ خۆم ڕاگرم؛ و وتارەکەم بکەمە ئاوێنەی ڕاستیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان. |
لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی نەتەویی کورد تا ئێستا دوو بیر و باوەڕی دژ بە یەکی ڕاست و چەپ لە ململانێی ناوخۆیی دابوون:
کورتە مێژووی سەد ساڵەی ململانێی ڕاست و چەپ لە کوردستان (٢٠٢١-١٩٢١)
١- دەورەی حکومەتی شێخ مەحمود
ساڵی ١٩٢١ حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود لە سلێمانی دروست دەبێت. لەم دەورەیە دا ئاغا و شێخ و مەلاکان، کە زۆربەیان دەستوپێوەندی شێخ مەحمودی بوون، دژایەتیی خوێندەوار و ڕووناکبیرەکانیان دەکرد. بە وتەى مێژوونووس تۆفیق وەھبی، شێخ و مەلاکان لیستێکیان دروستکردبوو کە تۆفیق وەھبیشی تێدابووە، ناویان نابوون (فەرمەسۆن) یان بۆینباخ لەملەکان، وەک کەسانی بێدین سەیر دەکران.
جەماڵ عیرفان، ڕووناکبیری دژە دەرەبەگی سلێمانی، یەکەم قوڕبانی بو کە ساڵی ١٩٢٢ لە لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرا.
٢- کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و کۆماری مەهاباد
ساڵی ١٩٤٣ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە لایەن ڕووناکبیران و کەسانی چینی مامناوەند و ژێردەستی مەهاباد و موکریان دامەزرا. بە پێی یاسای نێوخۆیی کۆمەڵە، سەرۆک عەشیرە، شێخ، ئاغاوات؛ و بە گشتی کەسانانی چینی سەردەست بە ئەندام قەبوڵ نەدەکران. بە دروستی پێشبینیان کردبو ئەگەر ئەم چینە بێنە ناو ڕێکخراوەکەیان، ڕێبەری دەگرنە دەست خۆیان و کۆمەڵە لە ڕێباز و ئامانجی بناغەدانەران دوور دەکەنەوە.
هاوینی ١٩٤٥ سێ ئەندامی سەرەکی کۆمەڵە بە ناوەکانی ڕەحمان زەبیحی، قاسم قادری و دڵشاد ڕەسوڵی، بە شێوەیێکی گوماناوی لە باڵانیشی ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی شا گیران.
لە غەیابی ئەمانەدا، قازی محەمەد بە ئەندامی کۆمەڵە وەرگیرا. بە دوای ئەو دا ڕێگا بۆ هاتنە ناوەوەی توێژی سەردەست کرایەوە. لە ژێر ڕێنوێنی باقرۆف سەرۆک کۆماری خودموختاری ئازەربایجان، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سەر پاشماوەی کۆمەڵە ساز کرا. لە دووی ڕێبەندانی ١٩٤٦ کۆماری مەهاباد بە ڕێبەری قازی محەمەد دامەزرا.
سێ گیراوەکەی کۆمەڵەی ژ.ک دوای دامەزرانی کۆمار ئازاد بون و هاتنەوە مەهاباد. بەڵام لە گەڵ باقی دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە حکومەتی قازی محەمەد پەراوێز خران.
لە ناو کابینەی قازی دا تەنیا یەک نەفەر لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە پۆستی وەزارەتی پێدرا (سەدیق حەیدەری).
دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ ک لە دەورەی یازدە مانگەی کۆمار دا سەرەڕای ناڕەزایەتی لە سیستمی حاکم، بە خاتری خزمەت بە خەونی گەورەی نەتەوایەتی، بە هەموو توانای خۆیان لە خزمەت کۆمار دا مانەوە. خۆشبەختانە لەم دەورەیە دا بێجگە لە ڕووناکبیری چەپ، غەفور مەحمودیان، هیچ کەس لە سەر جیابیری نەکوژرا.
٣- شۆڕشی ئەیلول(١٩٧٥-١٩٦١)
سێهەم ململانێ لە دەیەی شەستی سەدەی بیست لە نێوان مەلامستەفا و مەکتەبی سیاسی پارتی دێموکڕات(هەمزە عەبدوڵا،ئیبڕاهیم ئەحمەد و مام جەلال) دەستی پێکرد. مەلا مستەفا پارێزەری بیری ڕاستی سوننەتی و سیستمی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی بوو.
مەکتەبی سیاسی بەرەیێکی تێکەڵاو لە چەپ، خوێندەوار، ڕووناکبیر تا دەگاتە کەسانی مامناوەند و تەنانەت بەشێک لە چینی سەردەستی کۆمەڵگای کورد بوو.
ململانەی ئەم دوو جەمسەرە تا ئێستاش بە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. هەزاران کارەساتی خوڵقاندوە و و زیاتر لە دەهەزار قوڕبانی لێ کەوتۆتەوە.
٤- باڵی ڕاست و چەپی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە دەیەی شەستی سەدەی بیست.
باڵی ڕاست بەڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئیسحاقی(ئەحمەد تۆفیق) بە تەواوی لە خزمەت سیاسەتەکانی مەلا مستەفا دا بوو. مەلامستەفاش لە خزمەت شای ئێران. (مێژوو دوپات بۆتەوە گوڵم!!! دێموکڕاتەکانی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵات لە خزمەت کووڕ و نەوەکانی مەلا مستەفا دان؛ و ئەمانیش لە خزمەت تورکیا و ...). باڵی چەپ بە ڕێبەرایەتی سلێمان موعینی،سمایل شەریفزادە، مەلا ئاوارە، حەمەدەمینی سیڕاجی، کەریمی حیسامی و... کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕاتیان پێکهێنا.
باڵی چەپ کەوتنە بەر پەلاماری مەلا مستەفا. بە ناچاری بۆ پێشگیری لە کوژران و ڕادەستکرانەوە بە دەوڵەتی ئێران، لە ناوچەی دەسەڵاتی مەلا، هەڵاتن بۆ ڕۆژهەڵات و شۆڕشێکی چەکداری پێشوەختیان دەست پێکرد.
دەوڵەتی شای ئێران بە هاوکاری مەلا مستەفا، توانی لە ماوەی ساڵ و نیوێک دا زۆربەی ڕێبەرەکانیان بکوژێ و کۆتایی بەم شۆڕشە بێنێت.
مابەقی کادر و پێشمەرگەکان(١٢٠کەس) لە ترسی مەلا مستەفا پەنایان بردە مام جەلال لە بەکرەجۆی سڵێمانی. مامجەلالیش بەتالیۆنی قازی محەمەدی بۆ ساز کردن.
پێویستە خوێنەر بزانێ کە ساڵی ١٩٦٦ مەلا مستەفا بە نەهێنی فەرمانی کوشتنی ئەندامانی دەفتەری سیاسی دابوو. ئەم پیلانە ئاشکرا دەبێ و مامجەلال و هەڤاڵانی هەڵدێن و بە ناچاری پەناهەندەی دەوڵەتی ئێراق دەبن. مەلا نێوی جاشی ٦٦ی لە سەر دانابون.
٥- حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان
"کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان" لە بەهاری ١٩٧٩ لە لایەن بەشێک لە کادر و پێشمەگەکانی پێشووی حیزبی دێموکڕات کە زیندانی شا ئازاد کرابون، لە ژێر دروشمی " دایبڕێژین کۆشکی یەکسانی ژیان" دامەزرا. بەڵام هەر زوو کەوتنە بەر دوشمنایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران. لە مەولاناوای سەقز دێموکڕاتەکان هێرش دەکەنە سەریان. کەسێک بە ناوی حەسەن ئیقباڵی دەکوژن، چواری دیکەشیان دەستگیر دەکەن.
کۆمەڵەی یەکسانی لە تا ساڵی ١٩٩٧ درێژەی بە خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی دا.
٦- حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
لە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٤ کۆمەڵە و دێموکڕات لە لە ململانێکی توند دا بوون و لە هێندێک ناوچە شەڕی یەکتریان دەکرد و دوایە بە ئاگربەس کۆتایی دەهات. لە ١٩٨٤ دوای ئەوەی کۆمەڵە بە تۆڵەی کوژران و ئیعدامکرانی سێزدە پێشمەرگەیان لە نەوسودی پاوە، بیست پێشمەرگەی دێموکڕاتیان کوشت، حیزبی دێموکڕات شەڕی سەراسەری لە دژی کۆمەڵە ڕاگەیاند، کە تا دوای شەهید بونی دوکتور قاسملو(١٩٨٩) درێژەی کێشا. لەم شەڕانەدا هەشتسەد پێشمەرگەی هەر دولا بوونە قوڕبانی.
ململانێی دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان و پ ک ک
چۆنیەتی پەیدابوون و تەشەنەی ئەم ڕکابەریە لە هەر پارچەیێکی کوردستان: ئەلف- دێموکڕاتەکانی باشور بە ڕێبەری بنەماڵەی بارزانی
ساڵی ١٩٩٢ پارتی دێموكڕاتی کوردستانی ئێراق بۆ ئاغایەتی بە سەر باشوری کوردستاندا، دوو بەربەست لە پێش خۆی دەبینێت.. یەکیان یەکیەتی نیشتمانی بو، کە پێکەوە حکومەتی شەریکایەتیان پێک هێنابوو. دوهەمیان پ ک ک بوو کە لە قەندیل و چیا سەختەکانی نێوان باکور و باشوری کوردستان جێی گرتبو.
کۆمەڵەی ڕەنجدەران هەڵوەشابۆوە. بیری چەپ لە ناو یەکیەتی دا کز ببو. سەرکردایەتی یەکیەتی تامی سامان و دەسەڵاتیان چێشتبو. مەسعود بارزانی ساڵی ١٩٩٢ بە فەرمانی تورک توانی یەکیەتی نیشتمانی ڕاپێچی شەڕی هاوبەش لە دژی پ ک ک بکات. ڕێبەرایەتی یەکیەتی نیشتمانی کە زەمانێک ڕۆڵی هێزی پشتیوانی پارچەکانی دیکەی دەگێڕا، لە بەهاکانی پێشووی خۆی بەتاڵ بوو. _ دیتمان کە دۆستایەتی بنەماڵەی بارزانی زۆر لە دوشمنایەتیان خەتەرناکترە_
شەڕی پارتی لە دژی پ ک ک بە شێوەکانی جۆراوجۆر تا ئێستا درێژەی کێشاوە..
بێ- دێموکڕاتەکانی ڕۆژهەڵات و پ ک ک
ساڵی ١٩٩٩ دوای گیران و ڕادەستکرانەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، چواور پارچەی کوردستان کەوتە جۆش و خرۆش. کتێبەکانی عەبدوڵا ئوجەلان بوو بە میوانی زۆربەی ماڵان. پێگەی جەماوەری پ ک ک چەند قات زیادی کرد..
پ ک ک توانی لەم هەلە کەڵک وەرگرێ. ڕەگ و ڕێشەی خۆی لە گشت کوردستان داکوتا. تا ساڵی ٢٠٠٤ کۆپی حیزبی خۆی لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان دامەزراند.
دێموکڕاتەکانی ئێران کە لە پێشدا کۆمەڵەیان پێ تەحەمول نەدەکرا، ئەم جارە هێزێکی پتەوتر و خاوەن پڕۆژەی ئامەدەیان لە ڕۆژهەڵات دیت کە دەتوانێ خەونی هەر جۆرە ئاغایەتی و سەروەریەک بەتاڵ بکاتەوە.
تەنانەت بەشی موهتەدی و ئێلخانیزادەی کۆمەڵەکانیش ترسیان لێنیشت دەنگی خۆیان ڕەپاڵ دەنگی دێموکڕاتەکان خست.
دێموکڕاتەکان، بۆ ئەوەی پ ک ک لای جەماوەری ڕۆژهەڵات ناحەز بکەن، دەستیان کرد بە تەبلیغاتی ژاراوی.
بەڵام لەم مەیدانە دەست کورت بوون. نەیاندەزانی چی خراپی پێ ببەستن، بە ناچار پەنایان بردە بەر خۆراکی ئامادەی تەبلیغاتی میتی تورک و پاراستنی پارتی.
وتیان «پ ک ک مناڵ دەڕفێنێ، تیرۆریستە، جاشی ئێرانێیە، جاشی سوریەیە، کوردایەتی قەبوڵ نیە، عەبدوڵا ئۆجەلان شیعەیە و زمانی کوردیش نازانێ، بێدینن، لە باری سێکسی بێبەند و بارن، لە قەندیل هەزاران کاندۆم بیندراوەتەوە...»
دەیان شایەر، قەڵەمفرۆش،کۆنەسیاسی ماندوو و دۆڕاو، لۆمپەن، دەمشڕ و خۆفرۆشیان ڕەوانەی ئەم زێرابە بۆگەنە کرد. تا بتوانن بە کاوێژی پاشماوەی خۆراکی میتی تورک، لایەنگرانی خۆیان و خەڵکی ساویلکە لە پ ک ک دوور بکەنەوە.
پێ- دێموکڕاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان(ئ ن ک س)
تا ساڵی ٢٠١١ پارتی دێموکڕاتی کوردستانی سوریە زیاتر لە دە حیزب و ڕێکخراوی لێ جیا ببۆوە. بارزانی و تورکیا بۆ دوشمنایەتی پ ک ک، لە ژێر نێوی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریە(ئ ن ک س) لێکیان گرێ دانەوە. لە سەر حیسابی بودجەی باشوری کوردستان لەشکری ڕۆژیان بۆ ساز کردن. ئەم لەشکرە تا ئێستا فیشەکێکیان بەرەوڕووی داعش یان دوشمنێکی دیکەی کورد نەتەقاندوە. بەڵام دەیان گێچەڵیان بە پ ک ک و ڕۆژئاوا فرۆشتوە.
تێ- دێموکڕاتەکانی باکور
ساڵی ١٩٧١ تورکیا داوای کوشتنی ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا( پ د ک ت) لەمەلا مستەفا دەکات. مەلا نەیدەویست تەجروبەی ئابڕووبەرانەی کوشتنی ڕاستەوخۆی کاک سلێمانی موعینی و هەڤاڵانی(١٩٦٨) دوپات کاتەوە.دەسگای پاراستنی پارتی بە دەستوری مەلا مستەفا لە چوارچێوەی پیلانێک دا هەر دوو ڕێبەری پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا بەم شێوەی خوارەوە دەکوژێ:
چەکدارەکانی پاراستنی پارتی سەعید ئاڵچی تیرۆر دەکەن و دوایە دوکتور شڤان و دوو کادری پ د ک ت بە ناوەکانی چهکۆ و بروسک دەستگیر دەکەن و هەر سێکیان بە تاوانی درۆیینی کوشتنی سەعید ئاڵچی ئیعدام دەکەن.دوای ئەم زەربەیە، پ د ک ت بەرەو توانەوە چوو و نەیتوانی هەستێتەوە.
بنەماڵەی بارزانی بە یارمەتی دەوڵەتی تورک لە ٢٠١٣ پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیان ساز کردۆتەوە. ئەم پارتە بە تەواوی گوێ لە مستی بارزانیە و تا ئێستا نەیتوانیوە پێگەیێکی جەماوەری بە دەست بێنێ و لە گەمەی سیاسی باکوری کوردستان دا ڕۆڵێکی بەرچاوی نیە. لە گەڵ پارتەکەی ئەردۆغان(ئا ک پ) دژی هەدەپە هاوپەیمانە.
**************************
شڕۆڤەی دوشمنایەتی دێموکڕاتەکان بەرامبەر پ ک ک لە تەرازووی بەرژوەندی چینایەتیدا
کوردستان لە سەد ساڵەی ڕابردوو دا، بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکەی دونیا لە بوارەکانی ئابوری و پیشەسازیدا، پەرەسەندن و گەشەی تەبیعی کەمتری بەخۆیەوە دیوە.
لە ئاکامی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەکانی حاکم، هەڵکەوتەی جوگڕافیایی سەرسنور، دورەپەرێزمانەوە، شەڕ و نائارامی، سەرمایەداری بەرهەمهێنەری سەربەخۆ لە کوردستان پەرەی نەستاندوە.
لە جیاتی چینی سەرمایەداری بەرهەمهێنەر(بورژوازی)، ئەم کۆمەڵە توێژانەی خوارەوە بوونیان هەیە کە سەرجەم وەک چینیسەردەست پێناسە دەکرێن و ١٠٪ی کۆمەڵگای کوردی پێک دێنن:
توێژەکانی چینی سەردەستی کوردستان:
١- تاجرەکان- کاڵا بەرهەمهێنراوەکانی شارە گەورەکانی دەوڵەت-نەتەوەی حاکم هاوردەی کوردستان دەکەن و بەرهەمە کشت و کاڵی، ئاژەڵداری و مەعدەنیەکان هەناردە دەکەن.٢- ڕانتخۆرانی دەوڵەت - ڕەئیس،جێگر و کارمەندانی ساحەب پلە و پایەی بەرزی ئیدارەکان، نوێنەرانی مەجلیس، مەلا و شێخی بەشدار لە ڕانتی دین و دەوڵەت، قازی، وەکیل و...
٣- دەڵاڵ و سەوداگەران - لە هەر بەستێنێک قازانجی تێدابێ کار دەکەن وەک کڕین و فرۆشتنی زەوی نیشتەجێبونی شارەکان، قۆنتەراتچی پڕۆژەکانی ڕێگاو بان. هەناردە و هاوردەکردنی نایاسایی کاڵا و شتومەک بە شەریکایەتی لە گەڵ بەرپرسانی دەستڕۆییشتوی دەوڵەت(قاچاغچیەتی ڕانتی)
٤- بنەماڵە دەست ڕۆییشتوەکانی شار- پاشماوەی ئاغاوات و مڵکدارەکان، کەسانی خاوەن مڵکی ناو شار،پاساژ، دوکان، و خانووی زیادی بۆ کرێ و...
٥- سەرمایەداری بەرهەمهێنەری ناوخۆ (بورژوازی)- خاوەن کارگە و کارخانەکان، کەسانی خاوەن سازەی یارمەتیدەری بەرهەمی باغی و کشت و کاڵی وەک ساردخانەی سێو، کارگای دروست کردنی سیپە(جەعبە)ی میوە، کارخانەی قەند، ئارد، سیلۆ، جوجەخانە، کارگەی خۆراکی ئاژەڵ و پەلەوەر، کوشتارگای مریشک و...
سەرمایەداری بەرهەمهێنەری ناوخۆ بە هۆی بەرژوەندی ئابوری، سەرەڕای چەوساندنەوی چینی کرێکار، هێندێک تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی هەیە.
وەک گەشەی ئابوری، دروست کردنی هەلی کار، هەڵوەشاندنەوەی مڵکداری و پاشماوەکانی فیئۆداڵیزم، ئازادکردنی ژنان لە کۆت و بەندی بە میرات ماوی دەرەبەگایەتی و ژێردەستەیی بنەماڵە، سەروەری یاسا، پەرەپێدانی زانست، کز کردنی سوننەت و خوڕافات و...
بورژوازی کورد توێژێکی کەمینە و کزی ناو چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردستانە. ناتوانێ نوێنەرایەتی و ڕێبەری سیاسی ئەم چینە بگرێتە دەست. ناچارە بۆ مانەوەی خۆی گوێڕایەڵ و پاشکۆی زۆرینەی توێژە بێبەرهەمەکانی چینی سەردەستی کوردستان بێت. یان سەرمایەکەی لە پایتەخت و شارە گەورەکانی دەوڵەت نەتەوەی سەردەست وەگەڕ خات. (من ئاگادارم هێندێک سەرمایەداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارە ناوەندیەکانی ئێران بە تایبەت تاران سەرمایەگوزاریان کردوە)
بەرژوەندی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی لە مانەوەی پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی، پلەداری سامان و دەسەڵات، سوننەتگەرایی، داخراوی کۆمەڵگا و بنەماڵە، ژێردەستەیی ژنان، سات و سەودا لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست بۆ بەشداری لە ڕانتی دەوڵەتی، سەرکوت و چەوساندنەوەی چینی ژێردەستی کۆمەڵگای کوردی، سەرکوتی ئازادیخوازان، بەتایبەت ڕووناکبیران و هۆگرانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دایە.
مارکس دەڵێ: " کرێکاران نیشتمانیان نیە"
بەڵام منیش دەڵێم، کە لە کوردستان ئەوە چینی سەردەستی کۆمەڵگایە کە نیشتمانی نیە.
هەڵەیەکی مێژوویی کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ساڵەکانی هەشتای سەدەی بیستەم دا، کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دوای نەمانی کاک فوادی مستەفا سوڵتانی، لە فەقیری تیئۆری دا دەژیا. پەنای بۆ تێزەکانی مەنسوری حیکمەت برد. ڕابردووی خۆیان بە پوپولیسم ناودێر کرد و رەدیان کردەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان وەک کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری پێناسە کرد. لە گەڵ یەکیەتی تێکۆشەرانی کومونیست(اتحاد مبارزان کمونیست) لە سەر لەشی کۆمەڵە حیزبی کومونیستی ئێرانیان دامەزراند.
خۆیان وەک حیزبی کرێکاران(پڕۆلتاریا) و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئیران وەک حیزبی سەرمایەداری(بورژوازی) لە قەڵەم دا . لە حاڵێکدا نە کۆمەڵە نوێنەری پڕۆڵتاریا بو، نە دێموکڕات نوێنەری بورژوازی.
لە کۆمەڵگای کوردستان سەروەتمەندی تێدا بوو، بەڵام سەروەتمەندەکان سەرمایەدار نەبوون. ڕێبەرانی کۆمەڵە نەیاندەزنی کە سەرمایە و سەروەت(سەرمایەدار و سەروەتمەند) جیاوازن.
سەرمایە بریتیە لە پووڵ، کاڵا و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کە لە کەش و هەوایەکی لەبار دا گەشەی ئابوری، پیشەسازی، بە دامەزراوەیی کردنی کۆمەڵگا و سەروەری یاسا لە گەڵ خۆی دێنێ. بەڵام سەروەت لە زەوی دا چەقبەستوو دەمێنێتەوە، زاوو و زێی نیە، نابێتە هۆی گەشەی ئابوری،ئاوەدانی، زانست و ...
بۆ ناسینی جیاوازی نێوان سەروەتمەند و سەرمایەدار سرنج دەدەینە پێگە و ماهیەتی دوو توێژی جیاوازی چینی سەردەستی کۆمەڵگا :
ئەلف- خاوەن خانووی کرێ- لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەدان سەروەتمەندی تێدایە کە دەیان خانوی نێشتەجێبونیان هەیە. ئەم خانوانە بە کرێ دەدەن. بێ ئەوەی لە بەرهەمهێنانی ئابوری دا ڕۆڵێکیان هەبێ، داهاتێکی زۆریان هەیە.
بونەتە هۆی گرانبونی خانوو و زەوی. هەر یەک لەم کەسانە، تەنانەت ئەگەر خاوەنی هەزار خانوی کرێ بن، سەرمایەدار حیساب ناکرێن. بەڵکە تەنیا بە سەروەتمەند دەناسرێن.
پێناسەکردنی ئەم توێژە بە سەرمایەدار، وەک ئەوە وایە کە زوێروو، کرم و ئەسپێی ناو لەش بە بەشێک لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بزانی.
بێ- خاوەن کارگەی کەوش- کەسێک کارگایەکی بچکۆڵەی دروستکردنی کەوش و دو کرێکاری هەیە و گریمانەی ئەوەی لێدەکرێ کارگەکەی گەورەتر بکاتەوە، کەوشی زیاتر بەرهەم بێنێت و کرێکاری زیاتر دامەزرێنێت، سەرمایەدار حیساب دەکرێ و دەتوانێ لە پێشکەوتنی ئابوری، پیشەسازی و... ڕۆڵی باشی هەبێت.
بە داخەوە توێژی سەرمایەداری بەرهەمهێنەر لە نێو چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی دا زۆر کەمە و قورساییەکی نیە. دێموكڕاتەکان یان هیچ حیزبێکی دیکە نوێنەر یان پارێزەری مافی ئەم توێژە کز و لاوازە نین.
چینی سەردەستی کورد ئەگەر توێژی لاوازی بورژوازی لێدەرکەین، نە تەنیا لە بەرهەمهێنانی ئابوری کوردستان نەخشێکی نیە، بەڵکە بارێکی قورسە لە سەر شانی چینی ژێردەست. ژیانێکی ئەنگەلی هەیە. سوننەتی و کۆنەپارێزە. نایهەوێ بۆ وەدیهێنانی سیستمێکی پێشکەوتوو، بەرهەمهێنەر و دادپەروەر هەنگاو هەڵێنێ. چونکە بە قیمەتی نەمانی خۆی تەواو دەبێ. بەتاڵە لە هەر خەونێکی گەورەی ئینسانی.
شەڕی ئەم چینە لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی حاکم، کێشەی سەروەری و دەسەڵاتە بە سەر چینی ژێردەستی کوردستان(نزیک ٩٠٪ی جەماوەر)
گەورەترین ئاواتی ئەم چینە دروستکردنی قەوارەیێکی دەوڵەتی کوردیە لە پارچەیێکی خاکی کوردستان. بەڵام چونکە ئەم ئاواتە بە خەونێکی نەزۆک دەزانێ، ڕازیە بە ئیمارەتێکی کوردی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرێک. وەک ئیمارەتە فیئۆداڵیەکانی بابان و ئەردەڵانی ژێر دەستی ئێران و عوسمانی.
دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان بە گشتی نوێنەر و پارێزەری بەرژوەندی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردین.
ئاکار، بیر و بۆچونی سیاسیان نیشانی داوە بە پێچەوانەی ئەوەی خۆیان بە نوێنەری گشت چین و توێژێکی کوردستان ناساندوە، تەنیا لە چوارچێوەی بەرژوەندی چینی سەردەستی کورد هەنگاویان هەڵێناوە. ناسیۆناڵیسمەکەیان لە جۆری کوردایەتی دیوەخانە
چینی سەردەستی کورد لە ژێر ڕێبەری بنەماڵەی بارزانی، لەم شێست ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، دوو جار توانیویەتی بە هاوکاری ڕاستەوخۆی بێگانە و داگیرکەرانی کوردستان لە بەشێکی باشور بە ئاوات بگات و جەوهەر و ماهیەتی خۆی لە مەیدانی دەسەڵاتداری دا نیشان بدات:
١- ساڵی ١٩٦١ ئاغاوات و سەرۆک عەشیرەتەکانی باشور لە دژی ئیسلاحی زیراعی عەبدولکەریم قاسم (دابەشکرانی زەوی بە سەر جوتیاران) ڕاپەڕین. مەلامستەفا لە ژێر نێوی کوردایەتی و مافی نەتەوایەتی بو بە ڕێبەری ئەم شۆڕشە!!!
شای ئێران، ئامریکا و ئیسڕائیل بۆ کز کردن یان لەناوبردنی دەوڵەتی قاسم بونە پشتیوانی مەلا.
دەوڵەتی پێشکەوتنخوازی قاسم کە دوو ساڵ سەرقاڵی کوژانەوەی شۆڕشی فیئۆدال-عەشیرەیی مەلا مستەفا بوو، لە بەرابەر پیلانی بەعسی و نەتەوەپەرەستەکانی بەغدا غافڵگیر کرا و لە گەڵ پڕۆژە چاکسازی و دادپەروەیەکانی لەناو چو (١٩٦٣)
لە ئاکامی پیلانی ئامریکا، ئیسڕائیل، شای ئێران، مەلا مستەفا و نەتەوەپەرەستەکانی عەڕەب، بە گشتی تەواوی ئێراق و باشوری کوردستان لە بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و دێموکڕاسی بۆ سەد ساڵ دوا کەوت.
لە باشوری کوردستان، کەلتوری خێڵەکی و مەزهەبی، جێگای ڕەسەنایەتی و بەها مرۆڤیەکانی میراتی هەزاران ساڵەی کوردی گرتەوە.
شایی ڕەشبەڵەک حەرام کرا. ژن ڕەدوکەوتن کە عورفێکی لەمێژینەی کوردەواری بوو، بۆ مافی بەرابەری ژن و پیاو لە هەڵبژاردنی هاوژین و دەرباز بوون لە حوکمی نێرسالاری، قاچاغ کرا و حوکمی کوشتنی بۆ بڕایەوە. ئەم یاسایە بوو بە کەلتور و ئێستاش هەمو ڕۆژێ خوێنی لە سەر دەڕژێ.
حکومەتەکانی دوای عەبدولکەریم قاسم تەنازولی زۆریان بۆ مەلا مستەفا کرد. بە پێوەری ئەو زەمان خودموختاریەکی باشیان بۆ باشوری کوردستان قەبوڵ کرد. بەڵام مەلا مستەفا بە پیلانی ئامریکا، ئیسڕائیل و شای ئێران لە گەڵیان نەسازا.
دوای چاردە ساڵ لە نەتیجەی ڕێککەوتنی شا و سەدام کۆتایی بە شۆڕشی کوردایەتی! هێندرا (١٩٧٥)
٢- ساڵی ١٩٩١ دەوڵەتی ئێران بۆ پێشگیری لە سەرکوتی شیعەڕاپەڕیوەکانی باشوری ئێراق، سەردار مەسجیدی بەرپرسی سپای قودسی ئێرانی ڕاسپارد کە لە باشوری کوردستان ڕاپەڕین ساز بکات. ئەم ڕاپەڕینە لە سەر دەستی پێشمەرگە و جەماوەری یەکیەتی نیشتمانی بە ئەنجام گەییشت.
مەسعود بارزانی کە دەورێکی زۆر کەمی هەبو لە ڕاپەڕین دا، لە ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ شەڕێکی گەورەی بە سەر یەکیەتی دا سەپاند. بە هاوکاری ڕاستەوخۆی دەوڵەتانی ئێران، تورکیا و ئێراق توانی شکستی سەربازی بە سەر یەکیەتی دابێنێت و ٨٥٪ی سامان و دەسەڵاتی باشوری بۆ خۆی و بنەماڵەکەی قۆرغ بکات.
سەرانی یەکیەتی نیشتمانی بە شەرتی بەشداری لە ڕانت و گەندەڵی، ئیمارەتی بارزانیان قەبوڵ کرد. دوایە بزوتنەوەی گۆڕان کە بۆ چاکسازی، دادپەروەری و سەروەی یاسا دامەزرابو، دوای نەخۆشی و مەرگی نەوشیروان مستەفا، توشی چارەنوسی یەکیەتی بوو. هێز و کەسایەتیەکانی دیکەش وەک ئەوان ڕازی کران.
بەرەی پ ک ک ئۆپۆزیسیۆنی بەرەی دێموکڕاتەکان
دونیابینی و ئامانجەکانی پ ک ک بە هیچ جۆرێک لە گەڵ دێموکڕاتەکان یەک ناگرێتەوە. پ ک ک ئاکامی بە یەک گەییشتن و پێکەوە کوڵانی نیو سەدە سۆسیالیزم، ئاناڕشیسم و خەباتی نەتەوەییە.
خاوەن پڕۆژەی ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی دونیابینیەکەی دا. نمونەی بە کردەوە دەرهاتووی، ڕێکخستنی ڕۆژئاوای کوردستانە لە سەر مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دێموکڕاتیک دا.
ئەم سیستمە لە جوغڕافیایێکی نالەباری فرەنەتەوە و پڕکێشە کە گیرۆدەی گێچەڵەکانی تورکیا، ئیسلامیەکان و بارزانی بوە، توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە بە دەست بێنێ.
لەم دە ساڵەی دوایی دا، ئەنەکەسەکانی ڕۆژئاوا کە دێموکڕاتەکانی ئەم دەڤەرەن، لە گەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئیسلامی سوریە، نەتەوەپەرەستەکانی عەڕەب، دەوڵەتی تورکیا و بارزانی یەکگرتنی ئاشکرا و نەهێنیان هەبوە و هەیە بۆ لەناوبردنی ئەم سیستمە تازەیە.
بۆچی ئە نە کە سە (دێموکڕاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان) لە جیاتی هاوکاری و هاوخەباتی لە گەڵ براکانیان لە پارتی یەکیەتی دێموکڕاتیک( پ ی د)، بونە داردەستی تورکیا، ئۆپۆزیسیۆنی نەتەپەرەستی سوریە و ئیسلامیەکان؛ و لە هیچ پیلانێک بۆ لەناو بردنی سیستمی خۆسەری ڕۆژئاوا خۆیان نەپاراستوە؟
جوابی ئەم پرسیارە لە جەوهەر و ماهیەتی چینایەتی ئەم هێزە دایە. "ئە نە کە سە" وەک هەمو دێموکڕاتەکانی دیکە لە چوار پارچەی کوردستان نوێنەری بەرژوەندی چینی سەردەستی کوردن. دەیانهەوێ خۆیان و هاوچینەکانیان ئاغا و سەروەری زۆرینەی کورد بن.
کێشەیان لە گەڵ دەوڵەت نەتەوەی سوریە، یان ئۆپۆزیسیۆنی عەڕەبی سوری و هێزەکانی ناوچە تەنیا لەوەی دایە کە لە ئاغایەتی بە سەر کورد دا پشکی زیاتریان بەر بکەوێت.
پ ک ک شەڕ بۆ سەروەری و ئاغایەتی لە هیچ پارچەیێکی کوردستان ناکات. بە پێچەوانە دەیهەوێ ئاغایەتی و سەروەری لە ڕێشەوە هەڵوەشێنێتەوە. لە جیاتی گۆڕێنی ئاغا، خەڵک لە سیستمێک دا ڕێکخراو بکا کە جێگای هیچ جۆرە ئاغایەتیەک نابێتەوە.
لە سیستمی شوڕایی ڕۆژئاوا بە پێچەوانەی سیستمەکانی دیکە، دەسەڵات لە خوارەوی کۆمەڵگا سەرچاوە دەگرێ. دێموکڕاسی ڕاستەوخۆیە و هەلپەرەستان ناتوانن بیکەنە نەردیوانێک(پەیژە) بۆ گەییشتن بە پلە و پایە و سوار بوون بە سەر خەڵک و وەدەستخستنی سەروەت و سامان. ژن لە گەڵ پیاو یەکسانە و جیاوازی چینایەتی لە کەم کردنەوە دایە.
بۆچی دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان ڕق و کینەیێکی زۆریان بەرامبەر پ ک ک هەیە؟
بە شاهیدی کتێبەکەی دوکتور قاسملو و عەبدوڵای حەسەن زادە بە نێوی "خیانەتەکانی قیادەی موەقەت بە نەتەوەی کورد" پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق بە ڕێبەرایەتی بنەماڵەی بارزانی زۆرترین غەدر، جیانەت و کوشتاریان بەرانبەر بە ڕێبەران، ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ئەنجام داوە. بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە کرتە لەسەر وێنەی ئەو بەرگە بکە |
دێموکڕاتەکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات نەک هەر قسەیێکیان لە سەر ئاکارەکانی بارزانی نیە، بەڵکە وەک دوو لقی ڕۆژهەڵاتی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق هەڵس و کەوت دەکەن.
بە ئاوڕدانەوەیێک لە ماهیەتی دێموکڕاتەکان، جوابی پرسیارەکەمان بۆ ئاشکرا دەبێ؛
دێموکڕاتەکان نوێنەری چینی سەردەستی کۆمەڵگان. یەک نێوەرۆک و یەک ئامانجیان هەیە {هەر کامیان ئاغایەتی بە سەر خەڵکی پارچەیێک یان بەشێک لە پارچەیێکی کوردستان بۆ خۆی و چینی سەردەستی کورد بە دەست بێنێ)
پ ک ک هاتوە لە ناوچە و پارچەی ئەمانە حیزبی ساز کردوە و دەیهەوێ زۆرێک لە پیرۆزیەکانی! گەلی کورد(کوردایەتی دیوەخان) بخاتە ژێر پرسیار.
گەرەکیەتی لە ڕۆژی خۆی دا وەک ڕۆژئاوای کوردستان بە دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دێموکڕاتیک خەونی سەد ساڵەیان بۆ سەروەری بە سەر کۆمەڵگا بشێوێنێ.
خۆشباوەڕی پ ک ک
پ ک ک لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تا ئێستا کار لە سەر کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکات. بەڵام دەسکەوتێکی نەبوە. هۆیەکەی ئەوەیە کە هێزەکانی پارێزەری چینی سەردەستی کورد بەرژوەندی خۆیان لە گەڵ پ ک ک دا نابینن. بە پێچەوانە، بەرژوەندی ئەم چینە زیاتر لە گەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان یەک دەگرێتەوە تا پ ک ک یان هەر هێزێکی دیکە کە دژی بەرژوەندی چینایەتی چینی سەردەستی کورد بێت. بەرچاوترین نمونەی نوێنەری چینی سەردەستی کورد پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق بە ڕێبەرایەتی بنەماڵەی بارزانیە. ئەم ڕێکخراوە بە ڕوونی لە ماوەی شێست ساڵی ڕابردوو یەک ئیستڕاتژی نەگۆڕیان پەیڕەو کردوە کە ئەوەیە:
«هاوکاری داگیرکەران بۆ سەرکوتی شۆڕشگێڕانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە پێناو وەرگرتنی یارمەتی دارایی، سەربازی و سیاسی بۆ ئاغایەتی بە سەر بەشێک لە باشوری کوردستان»
ڕۆژێک جەنازەی سڵێمانی موعینیەکان ڕادەستی شا دەکەنەوە(١٩٦٨)؛ ڕۆژێک کارەساتی هەکاری دەقەومێنن(١٩٧٨)؛ ڕۆژێک ڕێبەرانی پ د ک ت( سەعید ئاڵچی و دوکتور شوان) دەکوژن(١٩٧١)؛ ڕۆژێک دەبنە قیادە موەقەت و دێموکڕات و کۆمەڵەی ئێران پاکسازی دەکەن(١٩٨٥-١٩٧٩)؛ ڕۆژێک دەبنە بەشێک لە سپای تورک بۆ پاکسازی قەندیل لە گریلا(١٩٩٨-١٩٩٢)؛ ڕۆژێک بە دەبابەی سەدام کارەساتی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دەقەومێنن؛ ڕۆژێک ١٥٠٠٠ پێشمەرگە لە شەنگال دەکێشنەوە تا داعش بە ٥٠٠ چەتە ئیزەدیەکان ئەنفال بکەن(٣ی ئابی ٢٠١٤)؛ ڕۆژێک پردی سیمالکا بە سەر ڕۆژئاوا دادەخەن. ڕۆژێک گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەهێنی ڕادەستکردنی نەو و گازی باشور بە نیوەی قیمەتی جەهانی لە گەڵ تورکیا دەبەستن ؛ڕۆژێک پارلمان دادەخەن؛ _ مێژوو پێمان دەڵێ تا بنەماڵەی بارزانی بمێنن، گەلی کورد ئەم ڕۆژە ڕەشانە دەبینێ_
هێزەکانی نێوان دوو بەرەی پ ک ک و دێموکڕاتەکان
ئەم هێزانە هەر لە ئێستاوە بە پێی دووری و نزیکی لە پ ک ک و دێموکڕاتەکان دەناسرێنەوە. تەنانەت حیزبێکی گەورەی خاوەن پێگەی جەماوەری وەک یەکیەتی نیشتمانی کوردستان نەیتوانیوە و ناتوانێ لەم دوو جەمسەرە سەربەخۆ بێت. بەشی زۆری ڕێبەران و دەستڕۆییشتوانی یەکیەتی کە لە تاڵانی سامانی باشور بونەتە ملشۆڕ و شەریکە دزی دەرەجە دووی بارزانی، بەرژوەندی خۆیان لە دۆستایەتی و سیستمی پارتی دا دەبیننەوە. جەماوەری خوارەوەی یەکیەتی کە لە گەندەڵی و ڕانتی کوردایەتی دەرەبەگی بێبەهرە ماونەوە، پ ک ک بە دۆستی خۆیان دەزانن.
لە نێو گۆڕانیش دا وەک یەکیەتی ئەم دیاردەیە دەبیندرێ. کێشەی حیزبە ئیسلامیەکانی باشوریش لە گەڵ بارزانی تەنیا بەشداری زیاتر لە سامان و دەسەڵات دایە.
ئیخوانیەکانی چوار چوارپارچەی کوردستان بەرژوەندیان لە گەڵ دێموکڕاتەکان و لە سەرەوەی هەمویان بنەماڵەی بارزانی دایە.
کۆمەڵەکانی عەبدۆڵا موهتەدی و عومەر ئیلخانیزادە لەم ٣٠ ساڵەی دوایی دا لە سفرەی دیوەخانی بارزانی نزیک بونەوە. کۆمەڵەی سەید برایم پ ک ک لە ئامانجەکانی خۆیان نزیک دەزانن.
نەتیجەگیری
دیکتاتۆڕی، هەڵاواردنی چینایەتی و ڕەگەزی، خوڕافات ،نابەرابەری و چەقبەستویی کۆمەڵگا، پێناسەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. گشت کوردستانیش بە خەستی گیرۆدەی ئەم نەخۆشیانەیە.
حیزب و هێزەکانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بە سەر دوو جەمسەر دابەش بوون.
جەمسەرێکیان دێموکڕاتەکانن کە لە گەڵ سیستمی زاڵ بە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کێشەیان نەیە. کێشەی ئەوانە وەک میرنشینە کوردەکانی ژێردەستی عوسمانی و ئێرانی سەدەکانی پێشویە: (پشکی زیاتر لە سەروەری و ئاغایەتی بە سەر زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان)
خاوەنی هیچ پڕۆژەیێک نین بۆ بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگای کوردستان. تەنانەت لە گەڵ گەشەی سیستمی سەرمایەداری بەرهەمهێنەریش نین.
نمونەکەی حکومەتە سی ساڵەکەی هەرێمە کە سەرەڕای داهاتێکی زۆری گومرک، نەوت، گاز و ... لە بەر گەندەڵی،دزی و تاڵانی سامانی باشور نەیانتوانیوە ژێرخانێکی ئابوری بونیاد بنێن. تەنانەت لە دابینکردنی ئاو و کارەبا دا ماونەوە. تەماتە و پەتاتەکەشیان لە تورکیا و ئێران بۆ هەناردە دەکرێ.
بورژوازی بەرهەمهێنەری کورد زۆر لاوازترە لە وەی حیزبی هەبێ. دێموکڕاتەکان نە نوێنەری توێژی بورژوازی کوردن، نە نوێنەری گشت پێکهاتەکانی کوردستان. تەنیا نوێنەری چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردن.
زانستی کۆمەڵناسی و مێژووی گەلانی دونیا نیشانی داوە، کە هیچ حیزبێک نەیتوانیوە و ناتوانێ نوێنەری بەرژوەندی گشت توێژ و چینی کۆمەڵگا بێ.
دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان بە ناحەق خۆیان وەک نەتەوەیی پێناسە کردوە. نەتەوەیی بون شەرت و مەرجی هەیە کە لە گەڵ ماهیەتی چینایەتی و سیاسی ئەوانە یەک ناگرێتەوە.
جەمسەری دوهەم پ ک ک و ڕێکخراوەکانی باوەڕمەند بە خەتی فکری عەبدوڵا ئۆجەلانن.
دژایەتی لە گەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزی، چینایەتی و نەتەوایەتی و سیستمی پلەداری(هیرارشی = سلسله مراتب قدرت و ثروت) پێناسەیەتی.
لە ئاکامی نیو سەدە تێکۆشانی سەخت،تاقیکاری وئیشتبا و بە خۆ داچونەوە، کەڵک وەرگرتن لە تەجروبەی وڵاتانی دیکە، بۆتە خاوەنی بەرهەمێکی فکری دەوڵەمەند، کە دەتوانێ لە کەمترین کات دا لە شوێنێکی وەک ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵانی خەڵک لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری دێموکڕاتیک سازمان بدات. شەڕی نەتەوەکان بگۆڕێ بۆ برایەتی گەلان لە پێناو بنیادنانی سیستمێکی یەکسان، دادپەروەر و پێشکەوتنخواز.
بەرژوەندی دێموکڕاتەکان لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەکانی حاکمی کوردستان زیاتر یەک دەگرێتەوە تا پ ک ک. هەر وەک ئێستا دەبینین کە دێموکڕاتەکانی باشور بە ڕێبەری بنەماڵەی بارزانی بە ئاشکرا دۆستی تورکیا و هاوبەشی سیاسی دەوڵەتی ئێراق و کۆنەدۆستی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. ئەوەش لە حاڵێک دایە دوشمنایەتی هەر شتێک دەکەن کە بۆنی پ ک کەی لێبێت.
دێموکڕاتەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان لە ڕابردووی بنەماڵەی بارزانی کوێر و کەڕ کردوە. هێندە بە ڕق و کینەوە باسی پ ک ک دەکەن هەر دەڵێی کاک سلێمانی موعینی و هاوڕێکانی، پ ک ک کوشتبێتیان! یان قیادە موەقەت هەمان پ ک ک بوبێتن کە دێموکڕاتەکانیان لە ورمێ، شنۆ و سەردەست راو ناوە!
دێموکڕاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان (ئ ن ک س) لە پێناو دوشمنایەتی پ ک ک، بونە خزمەتکاری تورکیا، ئیسلامیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی شۆڤێنی عەڕەبی سوریە.
هەمو ئەو ڕاستیە تاڵانە ئەم دەرسەمان پێئێژن کە لای دێموکڕاتەکانی نوێنەری چینی سەردەستی کورد، بەرژوەندی چینایەتی گرینگترە لە بەرژوەندی نەتەوەیی.
بیری نەتەوەیی و کوردایەتیەکەیان قۆناغی دەرەبەگی تێپەڕ نەکردوە و لە ماهیەتیان دا نیە ببنە نوێنەری ناسیۆناڵیسمی کوردی.
ئیخوانەکانی کوردستانیش وەک توێژێکی بێبەرهەم و مفتەخۆری ناو چینی سەردەستی کورد، هەمان ماهیەت و کێشەی دێموکڕاتەکانیان هەیە. هەرچەند ئیدئۆلۆژی جیاوازیان هەیە. بەڵام بە پێی بەرژوەندی چینایەتی دەکرێ ببنە هاوپەیمانی دێموکڕاتەکان.
کێشەی دێموکڕاتەکان لە گەڵ پ ک ک، درێژەی دوشمنایەتی ئاغا و شێخ و مەلاکانی دەستوپێوەندی شێخ مەحمودە، بەرانبەر خوێندەوار و ڕووناکبیرەکانی وەک جەماڵ عیرفان.(٢٠٢١_١٩٢١)
سەد ساڵ دوای تیرۆری جەماڵ عیرفان، دەبینین کە ڕواڵەتەکان گۆڕاون، بەڵام نێوەرۆکەکان وەک خۆیان ماون.
پەڕاوێز و واژە سەرەکیەکان:
- جەمال عیرفان
جەمال عیرفان کوڕی عەبدوڵا عیرفانی کوڕی مەلا ڕەسولی کاژاوییە. لە ساڵی ۱۸۸۱ لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە سلێمانی لە دایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی سەربازی، دواتر کۆلێژی سەربازیی لە ئەستەنبۆڵ تەواوکردوە.
لە ١٩٩٢١و کاتێک حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود دروست دەبێت لە سلێمانی، ململانێیەکی زۆر لەنێوان ڕووناکبیر و ئاغا و شێخ و مەلاکاندا دروست دەبێت، کە زۆربەیان دەستوپێوەندی شێخ مەحمودی بوون. ئەوانە بەردەوام دژایەتیی خوێندەوار و ڕۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمەیان دەکرد. بە وتەى مێژوونووس تۆفیق وەھبی، شێخ و مەلاکان لیستێکیان دروستکردبوو کە تۆفیق وەھبیشی تێدابووە، ناویان نابوون (فەرمەسۆن) یان بۆینباخ لەملەکان، وەک کەسانی بێدین سەیردەکران.
جەمال عیرفان کەسێکى ئەکادیمى و رووناکبیر و بە ئەزموون بوو و چەندین شاری گەورەى دونیاى ئەو سەردەمی بینبیوو خەمى پێشکەوتنى کۆمەڵگەى کوردستان و بە دامەزاروەیکردنى دام و دەزگاکانى حکومەتى لەو سەردەمەدا هەبوو. هەموو ئەوانە وایانکردبوو لە رۆژنامەکانى ئەو سەردەمەدا بابەتى دەنووسی و باسی لە پێشکەوتنخوازی دەکرد.
لەبارەی ڕۆژی تیرۆری جەمال عیرفانەوە، لە ژمارە ٥ی ڕۆژنامەی "رۆژی کوردستان"ی ڕۆژی ٢ی کانونی دووەمی ١٩٢٣ / ١١ی بەفرانبار نووسراوە "زیاعێکی گەورە: لە ئەزکیا و مونەوەرانی وەتەن عیرفان زادە جەمال بەگ، شەوی چوارشەممەی ڕابردوو ١٢ لەسەر ١٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٢، لەتەرەف ئەشخاسی مەجهوولەوە دەست رێژی لێ کراو و دوو گوللە ئیسابەتی کرد، پاش سێ سعات وەفاتی کرد".
لەو بارودۆخە پڕ لە ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا جەمال عیرفان لەماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرا. بەھۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئەو کاتەی حکومەتی شێخ مەحمود تیرۆرکردنەکە بە ناڕوونی مایەوە، بەڵام ڕای ھەرە باو ئەوەیە کە جەمال عیرفان بەدەستی تورکخوازەکان تیرۆر کرابێت کە ئەوکاتە هەژموون و دەسەڵاتێکی زۆریان ھەبووو و دەوری شێخ مەحمودیان دابوو، تا ئێستاش بەڕای زۆرێک لە نوسەران و مێژوونوسان، تیرۆری جەمال عیرفان، بە یەکەم تیرۆری ڕووناکبیران دادەنرێت کە لەژێر دەسەڵاتی کوردی ڕوویدابێت هیچ کەسێکیشی لەسەر سزا نەدرابێت. نوسینی( دڵشاد خۆشناو ) -
بە دیتنی لیستی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ.ک و کابینەی قازی محەمەد هیچ شکێک لەوە دا نامێنێتەوە چینی سەردەست(ئاغاوات وبنەماڵە دەوڵەمەندەکان) ڕێبەرایەتی بزوتنەوەی لە ڕووناکبیر و چینی ژێردەست دەرهێناوە.
دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ.ک ئەم کەسانە بوو.:
۱-عبدالرحمن ذبیحی
۲- حسین فروهـر
۳- عبـدالرحمن امامی
۴- عبدالقادر مدرسی
۵-نجم الدین توحیـدی
۶- محمـد نانوا زاده
۷- علـی محمـودی
۸- محمـد اصـحابی
۹- عبدالرحمن کیانی
۱۰- صدیق حیدری
۱۱-قاسم قادری
لیستی کابینەی کۆماری خورموختاری مەهاباد کە زۆرتر لە چینی سەردەست بون.( فیئۆداڵ، شێخ، مەلای دەسترۆییشتوو) :
۱- نخستوزیر: حاجیبابا شیخ
۲- وزیر جنگ: محمدحسین سیف قاضی
۳- وزیر داخلِ: محمدامین معینی
٤- وزیر بهداشت و سلامت: محمد ایوبیان
٥- وزیر مشاور: عبدالرحمن ایلخانی زاده
٦- وزیر راه و ترابری: اسماعیل ایلخانی زاده
۷- وزیر اقتصاد: احمد الهی
۸- وزیر پست و تلگراف: کریم احمدی
۹- وزیر بازرگانی: مصطفی داوودی
۱۰- وزیر فرهنگ: مناف کریمی
۱۱- وزیر کشاورزی: محمود ولی زاده
۱۲- وزیر تبلیغات: صدیق حیدری
۱۳- وزیر کار: خلیل خسروی
۱٤- وزیر دادگستری: ملا حسین مجدی
- کەریمی، عەلی- ژیان و بەسەرهاتی عەبدوڵڕەحمانی زەبیحی
- «من با عقاید تو مخالفم، ولی حاضرم تا پای جان از ابراز عقاید تو دفاع کنم» (ولتر جامعهشناس و فیلسوف عصر روشنگری فرانسه)
دموکراسی با تحمل نظر مخالف سنجیده میشود. طی حکومت یازدهماهه قاضی محمد، شخصی به نام غفور محمودیان ترور شد. وی یکی از برجستهترین روشنفکران چپ آن شهر بود و سالها در تهران اقامت داشته و تحصیلکرده بود.
* یکی از اصول علمی کارآگاهی در شناسایی آمر و عامل جرم چنین است:
«اگر قتلی اتفاق افتاد و قاتل شناسایی نشد، حاکم وقت در پشت آن قرار دارد»
آقای محمودیان حکومت قاضی محمد را فئودالی و عقبمانده میدانست. ولی اقدامی علیه آن به عمل نیاورده بود. تا پایان عمر جمهوری مهاباد هیچکسی بهعنوان عامل این قتل معرفی نشد.
* آقای یوسف رضوانی در کتاب زندگی و سرگذشت عبدالرحمان ذبیحی نوشته علی کریمی درباره این رویداد چنین نگاشته است: «به دستور شخص قاضی محمد در کوچه یهودیان مهاباد ترور شد... آقای کردستانی[محمد رسول کردپور پدر آقایان جعفر، مسعود و خسرو کردپور فعالین حقوق بشر و روزنامه نگار] اهل بوکان رئیس اطلاعات شهربانی جمهوری مهاباد بود. از خودش [محمد رسول کردپور] شنیدهام که میگفت برایم دستور آمد که مخفیانه محمودیان را بکشم. من آدمکش نبودم. دستور را اجرا نکردم و رفتم پیش قاضی محمد و گفتم این کار نا شرعی است و چگونه میشود که بدون سؤال و محاکمه وی را بکشم؟ فرمود دستور را باید اجرا کنی. من هم با عصبانیت رفتم بیرون و گفتم هرگز چنین کاری انجام نمیدهم. هرچه بادا باد... محمودیان ترور شد. قاتلان قادر باغچه بان و هاشم سعید بودند. بعد از شکست جمهوری مهاباد به عراق مهاجرت کردند. قادر در کویه و رانیه و هاشم در اربیل اقامت گزیدند»
دو فرد نامبرده از پیشمرگان بسیار قابلاعتماد قاضی بودند و تا دهه اول سال ۲۰۰۰ میلادی در قید حیات بودند و اولاد زیادی از خود در عراق بر جای گذاشتهاند.
* میرزا مصطفی خلیل پور آذر (بازنشسته اداره ثبتاسناد) که آن زمان از افسران جمهوری مهاباد بوده، واقعه را چنین تعریف کرده است: «قادر و هاشم به من گفتند برو خانه آقای محمودیان به او بگو قاضی محمد میخواهد شمارا ببیند. او را همراه خودت پیش قاضی ببر. من [مصطفی خلیل پور آذر] بیخبر از همهجا به خانه محمودیان رفتم گفتم بیا برویم پیش قاضی محمد. وی بیدرنگ همراه من به راه افتاد. درحالیکه شانهبهشانه همدیگر بهطرف خانه قاضی رهسپار بودیم، هنوز مسافت زیادی از خانه آنها دور نشده بودیم که آن دو پیشمرگ از پشت آقای محمودیان را هدف گلوله قراردادند. وی در کنار من به خاک افتاد و مرد. قادر و هاشم بهسرعت محل را ترک کردند.
قاضی محمد برای رد گم کردن، خود در مراسم ختم محمودیان شرکت کرد؛ و خانواده محمودیان مرا [مصطفی خلیل پور آذر] بهعنوان متهم اصلی میشناختند. سرانجام روزی یک قرآن را در بغل گرفته به خانه محمودیان وارد شدم و قرآن را در مقابل آنها بر زمین نهاده و روی آن دست گذاشته و سه بار قسم یادکردم که من از هیچچیزی اطلاع نداشتهام و شرح واقعه و نام آن دو پیشمرگ که مرا برای به دام انداختن مقتول واسطه کرده بودند به آنها گفتم. به این صورت من در نزد بازماندگان وی تبرئه شدم.»
- پێناسەیەکی کورتی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) بە ئامانجی دابینکردنی مافی بڕیاردانی گەلەکەمان لەسەر چارەنووسی خۆی و دامەزرندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و پێشکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی خۆی ڕاگەیاندووە. بەر لەو کاتە، بەشێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکسانی ساڵانێکی زۆر لەدوای کۆماری کوردستان و تا ساڵێک پێش ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران، لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا چالاکانە بەشدار بوونە و خەباتیان کردوە. جێی ئاماژەیە کە بەشێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یەکسانی ئەو کەسانە بوون کە دوای ڕیکەوتننامەی جەزایر و تێکچوونی شۆڕشی باشووری کوردستان لە ١٩٧٥ی زایینی، لە لایەن حیزبی بەعسەوە ڕادەستی ڕێژیمی شا کرانەوە و دوای ساڵانێک خۆڕاگریی لە زیندانەکانی ڕژیمی شای ئێران، لە هەلومەرجی ڕووخانی پێش ڕژیمی شا دا ئازاد دەبن و لەساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٨ی زایینی) لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە ڕووناکبیران و شۆڕشگێرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەژێر ناوی بنکەی بووژاندنەوەی فەرهەنگی کوردی درێژە بە خەبات دەدەن و ساڵیک دواتر (١٣٥٨ی هەتاوی ١٩٧٩ی زایینی)، لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا لە شاری سەقز، دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ڕادەگەیەنن.
- یەکێک لە بەهانەکانی حیزبی دێموکڕات بۆ داسەپاندنی شەڕی پێنج ساڵە(١٩٨٩-١٩٨٤) دژی کۆمەڵە ئەم تێزە بو. تەنانەت ناساندنی حیزبی دێموکڕات وەک هێزێکی شۆڕشگێر شەرتێکی بنەڕەتی دوکتور قاسملو بو بۆ ئاگربەست.
- کوردایەتی دیوەخان
چینی سەردەستی کوردانی سونی باشور و ڕۆژهەڵات کە تا ئێستا ڕێبەرایەتی جوڵانەوەی نەتەوایەتی ١٠٠ ساڵەی کوردی بۆ خۆی قۆرغ کردوە، لە بناغەڕا کوردایەتیەکی سەقەتی دیوەخانی بەرهەم هێناوە کە لە هەمو شتیک دەچی بە غەیری ناسیۆناڵیسم.
ئەم کوردایەتیە تا ئێستا پێنج دەورەی تێپەڕ کردوە:
١- دەوری ئەوەڵی کوردایەتیەکە لە دیوەخانی شێخ مەحمود دا سەری هەڵدا. ناوبراو هەم شێخ بو هەم مڵکدار. ئاسۆی فکری لە ئیمارەتێکی فیئۆداڵی ئیسلامی سەر ژێردەستی تورکیا یان زلهێزێکی دەرەوە زیاتر نەدەڕۆییشت.
٢- دەوری دوهەم لە دیوەخانی قازی محەمەد دا ساز بو کە ئەمیش گەورەترین مڵکدار، مەلا و قازی بو. کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردی هەڵوەشاندەوە و لە ژێر ڕێنوێنی یەکیەتی سۆڤیەت لە سەر لاشەی کۆمەڵەی ژ. کاف حیزبی دێموکڕاتی دامەزراند کە بە پێچەوانەی کۆمەڵەی ژ.ک نوێنەرایەتی چینی سەردەستی کۆمەڵگای دەکرد.
شێخ مەحمود لە بۆشایی دەسەڵاتی دوای شەڕی یەکەم و قازی لە بۆشایی شەڕی دوهەمی جیهانی سەریان هەڵدا.
٣- دەوری سێهەمی کوردایەتی دیوەخان بە ڕێبەڕایەتی مەلامستەفا کە باکگڕاوەندی(پاشخان) شێخایەتی، سەرۆک خێڵایەتی و ئاغایەتی هەبو؛ لە لایەن ساواکی شای ئێران و ئیسڕائیل کرا بە ڕێبەری ئاغا و مڵدارەکانی ناڕازی لە ئیسلاحی زیراعی و چاکسازیەکانی عەبدولکەریم قاسم (١٩٧٥- ١٩٦١).
٤- دەوری چوارەم یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ( ١٩٩١- ١٩٧٦) کە بیری چەپ تێیاندا بەهێز بو، هەرچەند لە کوردایەتی دیوەخان دور کەوتنەوە بەڵام بە تەواویی لێی ڕزگار نەبون.
٥- دەوری پێنجەم لە ١٩٩١ دەستی پێکرد و تا ئێستاش درێژەی هەیە. تایبەتمەندی ئەم دەورەیە گەڕانەوە بۆ دەورەی کوردایەتی دیوەخان، قەبوڵ کردنی سەروەری کوڕ و کوڕەزاکانی مەلا مستەفایە(پ.د.ک.ع) کە لە لایەن ئێران، تورکیا و ئێراق وەک هۆرەی ناوخۆیی بۆ سەرکوت و بە لاڕێدابردنی جوڵانەوەی کورد و هێزە پێشکەوتنخوازەکان بەهێز کرایەوە. ئەم کوردایەتیە خۆی گەورەترین کۆسپی ناسیۆناڵیسمی کوردیە. ئەوسارەکەی لە دەست دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دایە.
- بەرەی پ ک ک: گشت ئەو حیزب، ڕێکخراو و کەسانەی لە خەتی فکری عەبدوڵا ئۆجەلان دا جێ دەگرن. وەک پ ک ک، ه د پ ، پارتی یەکیەتی دێموکڕاتیک(پ ی د لە ڕۆژئاوا) پەژاک لە ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوەکانی لایەنگری پ ک ک لە باشور، ئوروپا و باقی وڵاتانی دونیا کە کوردی تێدا دەژین.
- دێموکڕاتەکان: تەواوی ئەم حیزبانەی لە چوار پارچەی کوردستان و هەندەران بە نێوی دێموکڕات خۆیان پێناسە کردوە. وەک پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێمەکڕاتی کوردستان، لقەکانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی سوریا لە ژێیر نێوی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریا( ئە نە کە سە)، پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا و گشت ڕێکخراو و کەسانی لایەنگری ئەم حیزبانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست