نامەیەكى كراوە
Tuesday, 12/07/2011, 12:00
هاوڵاتیهک
نامەیەكى كراوە بۆ
سەرۆكایەتی هەرێمى كوردستان
سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران كوردستان
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
وەزارەتى دارایى و ئابورى - بەتایبەت
دوابەدوا راپەڕینە سەرتاسەریە مەزنەكەی بەهارى ساڵى 1991 لە كوردستاندا كۆمەڵێك لە دەرچووانى زانكۆو پەیمانگاكان بەتایبەتی ئەوانەی كە دوای راپەڕین خوێندنیان تەواو كردو بوونە خاوەنى بڕوانامەى دبلۆمو بكالۆریۆس بەتایبەتی ئەوانەى كە لەزانكۆو پەیمانگاكانی ناوەڕاستو خواروی عێراقدا خوێندنیان تەواو كردبوو بەهۆی ئەو ئازادییەى لەكوردستاندا بەدەست هاتبوو نەچوونە ریزی سوپای عێراقیەوە(كەلەوكاتەدا هەربەتەواوكردنی خوێندن راستەوخۆ راپێچی ریزەكانی سوپا دەكران).
كەلەوكاتەدا ئەو سوپایە لە هێڵكەكانی بەریەككەوتندا لەدژى هێزی پێشمەرگەو گەلى كورد سەنگەریان گرتبوو، بەڵكو لەبەر پیرۆزی ناوو ئەركی سەرشانی پێشمەرگە، و بەهەموو باوەڕێكیانەوە چوونە ریزەكانی هێزى پێشمەرگەوە لەوبوارەدا خزمەتى باشیان كرد تەنانەت ئەوەبوو زۆربەیان شەڕی نەگریسی ناوخۆشیان پێ كردنو هەرەیەكە بەجۆرێك بەچەك یان لەرێگای دانانی پلان یان هۆشیار كردنەوەو رابەڕایەتیەوە دەورى كاریگەرو بەهێزیان بینیوە.
ئەمە لەكاتێكدا كە زۆرێك لەوانەی كە دەرچووى زانكۆو پەیمانگاكان بوون لەوكاتەداو هەربەتەواوكردنی خوێندنیان روویان كردەوە ناو سوپای عێراقی كەلەوكاتەدا ئەو سوپایە داردەستی حزبی بەعس بوو، ئەمەش لەوانەیە لەبەرئەوە بوو بێت كەلەو بڕوایەدا نەبوون كە حكومەتى ساوای كورد بتوانێت پێ بگرێتو بكەوێتە سەر پێی خۆی، بەڵكو چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد ئەو سوپایە جارێكی تر دەست بەسەر هەموو كوردستاندا بگرێتەوە یاخود لەوانەیە هەندێكیان هەروایان پێ باش بوبێت كە خزمەت بە سوپای عێراقی بكەن لە پێشمەرگە باشترە (كە دواتر بۆ ئەوان هەر بەباشتریش تەواوبوو).
كۆمەڵێكی تر لەدەرچووان توانیان لە رێگای پەیوەندیكردن بەڕیزەكانی رێكخراوە بیانیەكانى كە مەبەستی ئاوەدانكردنەوەو یارمەتى گەلى كورد هاتبونە كوردستان خزمەتێك بەمیللەتەكەیان بكەنو هەروەها لەوكاتەدا بۆ بژێوی ژیانیشیان زۆر بەچاكی سوودمەند بوونو دەیانتوانی ژیانیان مسۆگەر بكەن(ئەوەشمان لەیاد نەچێت لەوكاتەدا هێزەكانی پێشمەرگە بەمووچەیەكی زۆركەم خزمەتى دەكرد بەچەند مانگ جارێك مووچەى پێ دەدرا).
پاشانو بەتایبەتی دوای ساڵى (2003)و پرۆسەى ئازادى عێراق دڵنیا بوونی خەڵك لەنەمانی دوژمنە هەرە سەختەكەى كورد كە حزبی بەعس بوو هەروەها وردە وردە باش بوونی بارى گوزەرانی خەڵكانى عێراق زۆرینەی ئەوانەى كە دەرچووى زانكۆو پەیمانگاكان بوون شان بەشانی خەڵكانی ترى خوێندەوارو نەخوێندەوار روویان كردە فەرمانگە حكومیەكانو بڕیارى دامەزراندنیان لەكارى میریداداو بوونە فەرمانبەر پاشان بەچەند بڕیارێكی حكومەتى هەرێم كە بەڕاستى جێگەی دەست خۆشی كردنو سوپاسە وا بڕیاردرا ئەوانەی كە لە ریزەكانى رێكخراوەكانو سوپای عێراقو هێزى پێشمەرگەدا كاریان كردووە پێش دامەزراندنیان ماوەى كاركردنیان بەڕاژە ئەژمار بكرێتو دەتوانن ئەو خزمەتە بگێڕنەوە بۆ سەر خزمەتى فەرمانبەرایەتیان ئەمەش بەڕاستی شتێكى زۆر باش بوو.
بەڵام ئەوەى كە جێگەى سەرنج و سەرسوڕمانە ئەوەیە كە ئەژماركردنى ڕاژە بۆئەوانەى لە ڕێكخراوەكاندا كاریان دەكرد و هەروەها ئەوانەى لەڕیزەكانى سوپاى عێراقیدا هەر كات و ساتێك ئەگەر دواى ڕاپەڕینیش بوبێت ،ئەوا بۆهەموو مەبەستەكان ئەژمار كراوە واتە ئەو ماوەى كاركردنەیان ڕاستەوخۆ كارى هەبو لەسەر بەرز بونەوەى پلە و ستێپ و موچەكانیان و هەروەها خانەنشینیش .بەڵام ئەوانەى كەدواى بەهارى ساڵى1991 لەكۆلێج و پەیمانگاكان دەرچوون و دواتر چونەتە ڕیزەكانى هێزى پێشمەرگەوە ولەناو هێزى پێشمەرگەدا خزمەتكارى گەل و نیشتمانیان بە خامە و بیر و هۆش و تەنانەت بازوو چەكیش دەكرد ،كە ئەوەبوو تاساڵى (2003) ش ترسى ئەوەیان هەبوو سوپاى ێدام جارێكى تر بیەوێت هێرش بكاتە سەریان و هەوڵى داگیر كردنى بەشە ئازادكراوەكانى كوردستان بداتەوە ،ئەژماركردنى ڕاژەكەیان تەنها بۆمەبەستى خانەنشینى بۆئەژمار كرا، (ئەوەتە ئێستاش بڕێكى باش پارەشیان لێ دەستێنن بەناوى ڵبڕینى بەشە خانەنشینى بەڕێژەى 7% لەكاتێكدا كە دەبێت لەگەڵ موچەى پێشمەرگایەتیدا ئەو بڕە پارەیەى لێ بڕابێت ِِ).
لەكاتێكدا كە دەست خۆشى لە حكومەتى هەرێم دەكەم بۆئەو ئیشە باشەى كەكردى و ئەو یارمەتیە گەورەیەى كە پێشكەش بە دوو كۆمەڵى یەكەمى كرد كە بەڕاستى دەست گیرۆیى باش بوو بۆیان لەڕوى باشتر بونى بارى ژیانیان بە گۆڕانكارى موچەكانیان ،لەهەمان كاتیشدا دەڵێم دەبوایە سەرۆكایەتیەكانى هەرێم و حكومەت و پەرلەمانى كوردوستان بیریان لەوە بكردایەوە كە پاداشتى ئەوانەى كە بونەتە پێشمەرگە ئەگەر لەوانى تریش زیاتر نەبویایە با ئەوەندە كەمتر نەبویایەو هیچ نەبێت با ئەژماركردنى ڕاژەى پێشمەرگایەتى دواى ساڵى1991 تا ساڵى 2003وەك خزمەتى سەربازێكى عێراقى سەیرى بكردنایە.وەك چۆن دڵى ئەوانیان دایەوە بەهەمان شێوە دڵى ئەو هەموو پێشمەرگانەشیان بدایەوە كە چەند ساڵ شەڕى براكوژیان پىّكردن.
خۆئەگەر دەیانزانى لەپێشترى لەلاى سەرۆكایەتیەكانى كوردیش بۆئەوانەیە كە ڕاستەوخۆ دەچنە ڕیزەكانى سوپاى عێراقیەوە ئەوا ئەوانیش دەیانتوانى ئەوە بكەن و ببنە سەربازى عێراقى و لەبانى مقام لەگەڵ براعەرەبەكانیان دژ بەهێزى پێشمەرگە بچنە سەنگەرەوە .
وەئەگەر لەپێشى و ڕێزى زیاتر بۆئەوان نیە و ئەوانەى لەسوپاى عێراقى وڕێكخراوەكاندا كاریان دەكرد لەپێشترنین لەوانەى كە بونەتە پێشمەرگە ،داواكارین لەهەرسێ سەرۆكایەتیەكەى كوردستان كەچاوێك بەم مەسەلەیەدا بخشێنێتەوە وەئەوانەى كە ڕاژەى پێشمەرگایەتیان بە مەبەستى خانەنشینى بۆئەژمار كراوە با بە بڕیارێك ئەژماركردنى ئەو ڕاژەیەیان بۆ بكرێتە ئەژمار كردن بۆ هەموو مەبەستەكان .لەكاتێكدا كە هەموان دڵنیاین لەوەى هەركەسێك ڕۆژێك لە ڕۆژان لەناو هێزى پێشمەرگەدا كارى كردبێت هەمیشە لاى سەركردایتى كورد بەرز و ڕێزدارو شكۆدارە و ئەم هەڵە و ناهەقیە گەورەش كەدەرهەقیان كراوە ڕاست دەكرێتەوەو قەرەبوى ئەو دڵ شكاویەیان دەكرێتەوە .
بەمەش ناوو ئەركى پێشمەرگە و پێشمەرگایەتى بەرز ڕادەگیرێت و قودسیەتى بۆدەگێررێتەوە و ئەمەك و وەفاداریشە بۆئەوانەى دواى ڕاپەڕین خۆیان و بڕوانامەكانیشیان خستە خزمەتى هێزى پێشمەرگەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست