کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێراق ڕووەو سیستەمی ئایەتوڵڵایی

Friday, 01/11/2019, 23:17


لە ئێراقدا و لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە ،حکومەتە یەک بەدوا یەکەکان سیخناخی گەندەڵی بووبون. ئەوەبوو لەسەردەمی حکومەتی عەبادیدا ئێراق بە یەکێک لەهەرە دەوڵەتە گەندەڵەکان هەژمار کرا. لەهەمووی گاڵتەجاڕتر ئەوەبوو، لەهەرێمی کوردستانەوە و لەسەروبەندی کێشەی سەرۆکی ئەوسای هەرێمدا دەنگی ئەوە بەرز دەبووەوە کە با هەرێمی کوردستانیش وەک ئێراق ببێتە سیستەمی پەرلەمانی، ئەمە وەک ئەوەی گوایە لە ئێراقدا پەرلەمان ڕۆڵ دەبینێت. هەموان دەزانین کە ئەندامانی پەرلەمانی ئێراق تەنها دەست بەرزکردنەوەیان لەسەر بوو. زیندووترین نموومە ئەوەبوو کە بە فەتوایەکی سیستانی حەشدی شەعبی پێکهێنرا و دواتر ئەندامانی پەرلەمانی ئێراق بە تەواوی نوێنەرە کوردەکانیشەوە دەنگیان دا بەوەی کە ئەو میلیشیا دینییە بێسەرو بەرەیە بخرێتە سەر سوپای ئێراق ،ئەمە سەرباری ئەوەی پارەیەکی خەیاڵی تێدا سەرفکرا دواتر بۆی تەرخانکرا. یەکەم ئیشیشیان ئەوەبوو کە پەلاماری کەرکوکیان دا و بارەکە گەیشت بەوەی کە دەیبینین.
دەبوو ئەو دەمەی کە لەسەر ئاستی جیهان بڵاو کرایەوە کە ئێراق یەکێکە لە گەندەڵترین دەوڵەتەکانی دنیا ، خەڵکی ئێراق کە ئێستا ئەوەندە پەرۆشی سیاسییان هەیە، ئە دەمە بڕژانایەتە سەرشەقام و داواکارییان هەبوایە.
لە دوا هەڵبژاردنی ئێراقدا کار گەیشتە ئەوەی کە عادل عەبدولمەهدی ببێتە سەرۆک وەزیران. دیارە بەو پێیەی کە پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ سەرکردایەتی کورد هەیە و خودی خۆشی پێدەچێت سیاسییەکی قیرسچمە و زۆر بوغز لەدڵ نەبێت بەرانبەر کورد، هەربۆیە لەسەردەمی دەسەڵات گرتنە دەستی ئەودا موچەی فەرمانبەران ،لەسەردەمی دەسەڵاتی نوری مالیکییەوە بڕدرابوو جارێکی تر بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کرایەوە. هاوکات هەنگاو نان هەبوو لە لایەن هەرێمەوە کە لەگەڵ ناوەنددا بگەنە لێک تێگەیشتن.

دیارە دەرکەوتنی ئەو سەرەداوانە چ لەسەر ئاستی ئێراق و چ لەسەر ئاستی هەرێم بەدڵی هەندێک لایەن، حیزب و سەرکردە نەبوون، هەربۆیە زوو کارکرا بۆ ناچار کردنی دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی لە ڕێی سازدانی خۆپیشاندانەوە کە ڕوونە تەواو لەلایەن سەدرەوە بەڕێوە دەبرێت. گەر تێبینی بکرێت، تەواوی لێدوانەکانی سیستانی ، ئێران، تورکیا و تەنانەت ئەمریکاش بۆنی ئەوەیان لێدێت، کە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن، تا ئەم حکومەتەی ئێستا لەکار دەخرێت. پێدەچێت ئەمە کارکردنێکی ژێر بەژێر بێت بۆ هێنانەوەی عەبادی.بێرمان نەچێت خودی دۆناڵد ترەمپ بە پێی لێدوانەکانی پێشوی هەمیشە لەگەڵ ئەوەدایە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دیکتاتۆرێک یان سەرکردەیەک بە زەبروزەنگ ووڵات ببات بەڕێوە، چونکە لە دیدی ترەمپدا ئەوە کۆمەڵێک ئەرک لە کۆڵ ئەمریکا دەکاتەوە و ئارامی ئاسایش لەو ووڵاتەدا بەرقەرار دەکات.
ئەوەی زۆر جێی سەرنجە تاکە شتێک کە زۆر خێرا بڕیاری لەسەر درا پێکهێنانی لیژنەیەک بوو بۆ نووسینەوەی دەستور. بێگومان ئامانجی یەکەمی هەموار کردنەوەی دەستور یانی هەموار کردنەوەی هەموو ئەو بڕگانەی کە کەمێک بەرژەوەندی کوردی لە چوارچێوەی هەرێمەکەدا تێدایە. لێرەدا ئەوەشمان بیر نەچێت، پێدەچێت چەند حیزبی کوردی بە گەورەو بچوکییەوە لەگەڵ ئەوەبن کە هەرێم نەمێنێت و ببێتە پارێزگا، لەو دیدەوەی کە دەڵێن خۆ هەرێم بەدەست پلایەنێکی دیاریکراوەوەیە. واتە چەسپ کردنی پەندی حەز بە تۆپینی خۆی و زەرەری خاوەنەکەی دەکات.

من بەش بەحاڵی خۆم گەشبین نیم نە لەداهاتووی ئێراق و نەلە داهاتووی هەرێمیش، ئەوانەی من بۆیان دەچم لەم چەند خاڵەدا کۆیان دەکەمەوە. هیوادارم داهاتوو من هەڵە دەربچم.

- دەستور هەموار دەکرێتەوە ، هەموو ئەو بەندانەی کە کەمێک مافی کوردی لەهەرێمی کوردستاندا تێدایە دەگۆڕدرێن و وایان لێدەکرێن کە کورد وەک هاووڵاتی پلە دوو کەمتریش بێت. هەر لێرەدا مافی تورکمان زیاتر دەکرێت و ڕەنگە بهێنرێتە ئاستی کورد و زیاتریش. زاراوەی تورکمانی دەکرێتە زمان و ئەوجا زمانی فەرمیش .

- لەهەموار کردنەوەی دەستوردا سیستەمی فیدڕاڵی نامێنێت. ڕەنگە ئەمە بە دوو ئاقاردا بڕوات. یەکێکیان ئەوەیە کە سیستەمی فیدڕاڵی و پەرلەمانی نامێنێت، ئەوی دییان ئەوەیە کە سیستەم ببێتە سیستەمی مەرجەعییەتی دینی. بەواتایەکی دی کۆپییەکی ئێرانی.

- حەشدی شەعبی لەدەستوردا ئاماژەی پێدەدرێت و لەداهاتودا ڕۆڵی لە ڕۆلێ سوپا زیاتر دەبێت و سوپا پەرواێز دەخرێت.

- ئێراق دەبێتە ووڵاتێکی دینی و پیادەی لەچکەپۆشی لەسەرتاسەری ئێراقدا بە تۆپزی دەکرێت.

- ئەو کەسەی دوای عەبدولمەهدی جڵەوی دەسەڵات دەگرێت دەست ، یەکەم کاری بڕینی موچەی هەرێم دەبێت.

- بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی ئێراق لەداهاتودا دەمێنێتەوە.

- وەک چۆن لە ڕۆژئاوا کورد پەڕو باڵی کرا ، هەرواش لە باشور بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێتەوە و بە تورکیا و ئێران و ئێراقەوە کاردەکەن، کەچۆن كورد بگەیەننە لاوازترین و بێدەسڵات ترین حاڵەت.

- هێزەکانی ئەمەریکا لە ئێراق دەردەپەرێندرێن و پێیان دەڵێن:
ئەمریکای کام سەرۆک بێت
بەغدا نیوەی ڕێی دە بێت

سەرکردایەتی کوردیش وەکو پیشەی پێشینانیان خۆیان بۆ هیچ ئەگەرێک ئامادە نەکردووە و دواتر تەنها ئەوە دەزانن دەستە و دەستە بچنە پاڵ ئەم و ئەو و بکەونە تۆمەتبار کردنی یەکتری. تاکی کورد و سیاسەتمەداری کورد تەنها و تەنها دەزانێت دوای ڕودانی ڕوداو ڕاڤە بکات، پێشتر هیچی پێنییە و چاوەڕوان دەکات پێشنیاری بۆ بخرێتە بازاڕەوە بێ لە ویست و ئامادەگی خۆی، دواتر تەنها قبوڵکردنی لەسەر دەمێنێت ، وەک ئاماژەم پێدا، کەوتنە سەروگوێی یەکتری ، تاوانبارکرردنی یەکتری و گوناه لە شان و مل داماڵینی دوژمنان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە