یەکێتى و پارتى وەک دوو ڤایرۆسى گەندەڵى.
Thursday, 20/12/2018, 0:13
کاتێک مرۆڤ شەرم و ئابڕوی نەما هەموو شتێک دەڵێت .
لەم رۆژانەدا کە ڕۆژى جیهانى بەرنگاربونەوەى گەندەڵى بوو هەندێک لە نابەرپرسى پارتى و یەکێتى لەم هەرێمى کوردستانەم بینى لەشاشەى تەلەفزیۆنەکانەوە بەروویەکى ئەوەندە قایمەوە باسى گەندەڵیان دەکرد و دەیانوت پێویستە گەندەڵى بنبڕ بکرێت وەک بڵێى منى هاوڵاتى ئەو گەندەڵیەم خولقاندووە و ئەوان فریشتەن ، ئاخر پێم ناڵێن ئێوە ئەم کۆمەڵگایە بە گێل دەزانن یاخود خۆتان گێلن ؟ پێم نالێن کێ داهێنەرى ئەم گەندەڵیەیە کە سەرتاپاى ئەم هەرێمەى داپۆشیوە ؟ ئاخر ئێوە نەک هەر خۆتان گەندەڵن و کۆمەڵگاتان گەندەڵ کردووە بەڵکو ئێوە ئەوەندە دەوڵەمەندن لە گەندەڵى تەنانەت هەناردەشى دەکەن بۆ دەرەوەى هەرێم..
لە کوێ گەندەڵى هەیە و کێن ئەوانەى گەندەڵى دەکەن ؟
چونکە لە لۆتکەى دەسەڵات و کەسانى یەکەمى یەکێتى و پارتى لە لوتکەى گەندەڵکارانن بۆیە ئەو گەندەڵیانە تەواوى کۆمەڵگاى کوردى تەنیوە بە جۆرێک لە شانەیەکى نوستووەوە بۆتە شانەیەکى ئاشکراو و ڕێکخراو بە نمونە وەزارەتێک وەزیرەکەى بە سپۆنسەرى سەرووى خۆى سەرۆکى فەخرى ئەو شانە گەندەڵیەیە و کاروبارەکانى دزى کردن و گەندەڵى لە کات و شوێنى دەوام و چۆنیەتى بەهەدەردانى سامانى میللەت و چەوساندنەوە رێک دەخات و دواتر ڕێنماییەکان شۆڕ دەکاتەوە بۆ خوارەوەى خۆى ئینجا دێتە بەڕێوبەرى گشتى و پارێزگارو قایمەقام و بەرێوبەرى ناحیەو شارەوانیەکان و تا دەگاتە فەرمانبەرێکى سادە کە فێرى گەندەڵى کراوە .واتە یەکێتى و پارتى بەهێزترین یاساى گەندەڵى یان داڕشتووەو پەیڕەوى دەکەن ، بۆ نمونە ئێستا هەر وڵاتێکى ئەم جیهانە هەیە دەتوانێت سوود لە گەندەڵى پارتى و یەکێتى وەرگرێت و لە وڵاتەکەى خۆى پەیڕەوى بکات ...
ڤاکسینى دژە گەندەڵى چیە و چۆنە ؟
دکتۆرەکان کاتێک پشکنین بۆ نەخۆشیەک دەکەن بە دواى سەرچاوەى نەخۆشیەکە دەگەرێن بۆیە ئێمەى کورد چەندین ساڵە ئەو پشکنینەمان ئەنجام داوە و دەشزانین ڤایرۆسى گەندەڵى لەم هەرێمە یەکێتى و پارتین واتە تاکە چارەسەر نەمانى ئەو جووت حزبەیە بە هەموو دەم و چاوەکانیەوە و ڕیشەکێش کردنیان بەشێوەیەکى بنەڕەتى و ئەم سەرەتانەى توشى هەرێمى کوردستان بووە پێویستە لەناو ببرێت .پزیشکیش تەنها میللەتە و دەشتوانێت ئەوە بکات . بۆیە تکایە تکایە ئێمەى میللەتى کورد لە هەرێمى کوردستان توشى سەرەتانێکى کوشندە بوینەتەوە و بابەیەکەوە ئەو سەرەتانە لەناو بەرین ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست