كۆمەڵكوژیی و جۆرەكانی

Monday, 13/05/2019, 22:52


كۆمەڵكوژی یان "ژینۆساید" یەكێ لە گرینگترین تاوانە نێو دەوڵەتییەكانە كە كاریگەریەكی قووڵ و بەرفراوانی لەسەر ویژدانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەبووەو تا ئێستا چەندین نەتەوەو كەمینە لە شوێنە جیاجیاكاندا بوونەتەوە قوربانی ئەم تاوانە شۆڤینی و دڕندانەیە.
وشەی كۆمەڵكوژی یان ژینۆساید لە بنەمادا وشەیەكی لاتینەو لە دوو وشەی یۆنانی(Genos) بە مانای رەگەز، تاقم یان گرووپێكی مرۆڤ پێكهاتووە، ئەم وشەیە لە زمانی فارسیدا وەكوو "نسلكشی"، "كشتار جمعی" و "نسلزدایی" باسی لێكراوە.، بەڵام پێدەچێ "نسلكشی" لە واتای ژینۆساید نزیكتر ببێت، هەر چەند پێویست ناكات بۆ ئەوەی ئەم تاوانە شۆڤینییە روو بدات دەبێ حەتمەن كۆشتنی تێدا بێ و تەنیا بە كوشتن و قەڵاچۆكردنی خەڵكێك، نەتەوەیەك یان هەر دەستەو كۆمەڵێك ژینۆساید روو بدات، بەڵكوو تواندنەوەو بێ شوناسكردنیش، جورێك لە ژینۆسایدو لەناوبردنە.
ئەگەر ژینۆسایدو لەناوبردنی جەستەیی بە ئاشكراو بێڕەحمانە و بە بێ شاراوەیی روو دەدات و رەنگە بەرەنگاربوونەوەی بكرێت، ئەوە ژینۆسایدی نەرم یان خشۆك، هێدی هێدی بارودۆخێكی وا بە سەر قوربانیەكانیدا دەسەپێنێ كە بۆ خۆیان بەرەو لە ناو چوون بڕۆن و لە ئاكامدا بە بێ تۆندوتیژی بەرچاو، هەمان ئاكامی قەڵاچۆكردن بەدی بێنێ.
ڕافائێل لێمكین، یاسانووسی لەهستانی، وەكو یەكەمین كەس كە وشەی كۆمەڵكوژی بەكار هێنا، ئەم تاوانەی بەم چەشنە واتا كردۆتەوە؛ "لە ناو بردنی خێڵ یا نەتەوەیەك"
دیارە مەبەست لە كۆمەڵكوژی پاكتاوكردنی خێرای یەك نەتەوە نییە، بەڵكو مەبەست لە كومەڵكوژی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەو پلانێكە كە زەنجیرە كردارێكی بەربڵاوو جۆراوجۆر لە خۆدەگرێتەوەو بنەما سەرەكییەكانی ژیانی نەتەوەیەك یا كەمینەیەك، بەرەو وێرانی و كاولكردن دەبات تا لە ئاكامدا بتوێتەوەو بە جۆرێ لە جۆرەكان لەناو بچێت، مەبەست لەو پلانە ئەوەیە كە رێكخراوە رامیاری و كۆمەڵایەتیەكان، چاندو كولتوورییەكان و هەستی پێكەوەبوونی ئەو گرووپە لەناو بچێت، هەروەها لە ناوبردنی ئاسایشی كەسایەتی، ئازادی، كەرامەت و هەروەها ژیانی كەسانێكی پەیوەندیدار بەم نەتەوە و گرووپانەوە.
لەدەستووری دادگای سزای نێودەوڵەتی تایبەت بە یوگسلاڤیای پێشوو، روانداو دەستووری دادگای سزای نێوەدەوڵەتی لاهای، كۆمەڵكوژی وەكو تاوانێكی مەترسیدار بۆ ئاسایشی مرۆڤایەتی ناسێندراوەو تاوانبارەكانی لە بەرانبەر كۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەر چەشنە حەسانەیەكی سیاسی یان هەر حەسانەیەكی تر، بەرپرسیارن و جەخت لە سزادانیان كراوەتەوە.
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە یەكەم ساڵی چالاكی خۆیدا، بە هۆی زۆربوونی رادەی روودانی كۆكوژی لە دونیادا، بڕیارنامەی ژمارە 1 - 96 لە دێسەمبەری 1946دا لەسەر بە تاوان ناساندنی كۆمكوژی دەركردو رایگەیاند ؛ كۆمكوژی بە پێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانێكی قورسەو كۆمەڵگای پێشكەوتوو بەم تاوانەو تاوانبارەكانی شەرمەزار دەكات.
وەكو چەند نموونە لەم كارەساتانە ئەتوانین ئاماژە بە كۆمكوژی _182000كەسی مەدەنی لە كوردەكانی باشوور لە پڕۆسەی ئەنفالی بەعس و هەروەها كیمیابارانی 5000 كەس لە خەڵكی شاری هەڵەبجە، بە دەستی بەعس و قەڵاچۆكردنی شیعەكانی باشوورو هەروەها كاولكردنی شارو شارۆچكەكانی كوردستان و قەڵاچۆكردنی كوردەكانی باكوور بە دەستی رەگەزپەرەستانی كەمالیست و نكۆڵیكردن لە شوناسی كورد لە سووریا بەدەس پاشماوەكانی میشێل ئەفلەق و كوڕانی ئەسەد، رێگەنەدان بە وەرگرتنی رەگەزنامەو ناسنامەی كوردەكان لە سووریاو هێرشی دڕندانەی داعش لەسەر خەڵكی بێتاوان، ئەمانە هەمووی نموونەی بەرچاون كە دەكرێ بە روونی سكاڵایان لێ سەر بەرز بكرێتەوەو ویژدانی مرۆڤ بەرەنگاری بێتەوە، بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەم كارەساتانەدا كە دەكرێ لە ژێر ناوی ژینۆساید یان كۆمكوژیدا باسیان لەسەر بكرێ زۆر كرداری دیكە هەن كە بۆ پاكتاوكردنی نەتەوە، رەگەز، ئایین، زمان، بیروڕای سیاسی یان هەر تاقمێك كەڵكیان لێ وەربگیرێ و توندوتیژی تێدا بەدی ناكرێ، بەڵام وەكو ئەم كردەوە دڕندانە نایەنە بەرچاو، بەڵام لە كۆتاییدا هەمان ئاكامی سڕینەوەو لە ناوبردنی گرووپە قوربانییەكە لێدەكەوێتەوە.
ئاسمیلاسیون یانێ تاواندنەوەی گرووپێك بە شوناسی جیاوازەوە لە نێو گرووپێكی دیكەدا لە رێگەی باڵا دەستی هەژموونەوە، یانێ پاكتاوكردن و لە ناوبردنی گروپێك بە شێوەیەك نەرم و نادیار، بۆ ئەم مەبەستەش یەكێك گرینگترین ئامانجەكان زمانە، بۆ نموونە كاتێك كە زمانی میللەتێك یاساغ بكرێت و بە كار نەبرێ، دیارە ئەو زمانە ئەكەوێتە بەر مەترسی كاڵ بوونەوەوەو بگرە لەناوچوون، روونە كاتێ زمانی نەتەوەیەك لەناو بچێ سڕینەوەی مێژووی و یادەوەری ئەو نەتەوەیە زۆر ئاسانتر دەبێتەوە.
كاتێ كە تەواوی كەڵك وەرگرتنی مرۆڤی كورد لە زمانی دایكی تەنیا لە قسەكردنی رۆژانەدا بێ و پاڵپشتی نووسین و پەروەردەو بیركردنی لە گەڵ نەبێت وشەكان لە بیر دەچنەوە و ئەو زمانە وردە وردە بەرەو گۆڕان نێگەتیڤ و تەنانەت لەناوچوون ئەچێ.، گاڵتەو سووكایەتیكردن بە زمان، ئەبێتە هۆی هەستی خۆ بە كەم زانین، ئەو رەوتە تا رادەیەك بەرەو پێشدەچێ كە رێگە خۆشكەر دەبێت بۆ هەَژموونی دەسەڵاتی باڵادەست و دور كەوتنەوەو تەنانەت نكۆڵیكردنی تاك لە ناسنامە و شوناسی سەرەكی خۆی.
كاتێ كە مرۆڤ لە گەڵ مناڵی بە زمانێ جگە لە زمانی زگماكی قسە دەكات و زمانێ كە بیری پێدەكاتەوە، جیا لە زمانی خۆیەتی ئەو كەسە ئاسمیلە كراوەو شوناسی خۆی لە بیر چۆتەوە.
بە پێی بڕگەی 1و2 پەیماننامەی پێشگرتن لە كۆمكوژی و سزادانی و هەروەها بڕگەی شەشی دەستووری سەرەكی دادگای سزای نێودەوەڵەتی هەر چەشنە كردەوەیەك كە بە مەبەستی پاكتاوكردن نەتەوەیەك یان بەشێك لە یەك نەتەوە یان گرووپێكی ئەتنیكی و قەومی، ئایینی، سیاسی و یان هەر تاقم و گرووپێكی تر یان دابینكردن و داسەپاندنی دۆخێك كە ئەم گرووپانە بەرەو لە ناو چوون ببات كۆمكوژیەو تاوانێكی قورسی نێودەوەڵەتییە.
هەر چەشنە گۆشارێك یان داسەپاندنی هەر دۆخێكی نالەبار بۆ ئەوەی تاقمێك لەناو بچێ كۆمكوژی و ژینوساید دێنە ژمار.
كە وابوو دەكرێ هەر جۆرە كردارێكی نەرم و خشۆك، بە ئاراستەی رێگەنەدان بە پەروەردەو پەرەپێدانی كولتوورو شوناسی بنەمایی گرووپێك و هەوڵی سڕینەوەو لە بیر بردنەوەی، وەكو كۆمەڵكوژی نەرم و خشۆك پێناسە بكرێ.
بەچاوخشاندنێك بە رواڵەتی شارێك و سیستمی پەروەردە لەو شارەو لە كومەڵگاداو رامانێكی قووڵ و ویژدانی لە سیمای كۆمەڵگادا دەكرێ نموونەی ئەم تاوانە نەرم و خشۆكە بۆ هێدی هێدی پاكتاوكردنی نەتەوەیەك هەست پێ بكرێ. 

سنه‌/ شاری قوروە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە