ئیتر قسه ئهكهم (بەشی پێنجەم)
Monday, 27/05/2019, 21:25
پێشەكییەك لە جیاتی وەڵامدانەوە
دوای ئەوەی مام جەلال لە وتاری پلینیۆمی كۆتایی ئۆكتۆبەری 2009داو ئیرتیجالی هێرشی شەخسیی كردەسەر كاك نەوشیروان، ماوەیەكی كەمو لە كاردانەوەی ئەو قسانەدا، دوەمیان نامیلەكەی (لە هاوخەباتییەوە بۆ تەخوین) ئەنوسێ، ئیتر مام جەلال لە "هاوڕێی خۆخستنە بەر گوللە"وە لای كاك نەوشیروان ئەبێ بە "ئاغای تاڵەبانی".
لەسەر كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیش ناكۆكی ئەو دو هاوڕێیە و گروپێكی مەكتەبی سیاسی ی ن ك، لە ساڵی 2005وە دەست پێ ئەكات بەڵام دوای هەشت ساڵو كاتێ مەترسییەكە سەرهەڵئەداتەوە، كاك نەوشیروان نامیلكەی (كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم) ئەنوسێ، هەمو ئەو كۆنوسی كۆبونەوەو قسانەی نێوان خۆیو مام جەلالو مەكتەبی سیاسی بڵاوئەكاتەوە.
بەندە، وەك لە بەشی یەكەمدا ئاماژەم پێداوە، تا بە قەواڵەیەكی ئەخلاقیو حیزبی، بەو هاوڕێیانەوە گرێدرابوم، ئیلتیزامم بەو بەڵێن و گرێبەستەوە كردوە، بەڵام كاتێ ئەگاتە تەخوینو مەترسی جددی لەسەر مێژوی ژیانی شەخسیو سیاسیو بیری نەوشیروان مستەفاو ناكۆكییەكان بۆ ناوزڕاندن قوڵ ئەبنەوە، ئیتر بێدەنگی جگە لە تاوانو هەڵەی تەمەن، هیچ مانایەكی تری نامێنێ.
فەرمانێك بۆ 48 سەعات !
هەر ئەو رۆژەی كاك نەوشیروان بڕیاری گرتنەكەی لە دژەتیرۆری پارتییەوە بەدەست گەیشت، من وەك بەرپرسی میدیا و شۆڕش حاجی وەك وتەبێژی بزوتنەوەكە بۆ جێبەجێكردنی، فەرمانی وەڵامدانەوەی مەسعود بارزانی، راسپارد.
- پێشنیازئەكەم پەیوەندییەك بە یەكێتی و راگەیاندنەكانیانەوە بكەین بۆئەوەی لەم بەرگریكردنەدا هاوكار و هاوئاهەنگیمان بكەن.
من ئەم قسەیەم كردو كاك نەوشیروان وتی:
- زۆر باشە، لەگەڵ كاك قادری حاجی عەلی قسەبكەن، ئەو رێكیبخات.
هەر لەوێ تەلەفۆنم بۆ كاك قادر كرد.
- كاك قادر ئەڵێ ئیعلامی یەكێتی لای ماڵی مام جەلالە، پێی باشە كاك حەمەتۆفیق ئەو هەماهەنگییە رێكبخات.
ئەمەم بە كاك نەوشیروان وتو لەگەڵ شۆڕش حاجی خەریكی چپە بوین، بۆئەوەی كاممان پەیوەندی بە كاك حەمەتۆفیقەوە بكات.
- باسی چی ئەكەن، پێم بڵێن ؟
لەگەڵ ئەم قسەیەدا كاك نەوشیروان وتی" وازی لێ بێنن، بابزانین یەكێتی خۆیان چی ئەكەن، تاقیكردنەوەیەكی ئەوانیشە".
لەو كۆبونەوەیەدا رێككەوتین سەعات 3ی پاش نیوەڕۆ، شۆڕش حاجی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بكاتو بەدوایدا لە میدیای گۆڕانەوە ئەو فەرمانی "برینداركردن و ئازاردان"ەی بارزانی جێبەجێ بكەین.
چومە سەرەوە، كۆبونەوەیەكی پەلەی ستافی میدیام رێكخست، لەو فەرمانەی كاك نەوشیروان ئاگادارمكردنەوە، دو رۆژ پێش ئەوە، پێشبینی جۆرێ لە كاردانەوەمان كردبو، بۆیە كەمێ ئامادەسازی كرابو. شەوق و حەماسی گشت كادیرو كارمەندەكانی میدیا بۆ بەرگریكردنو جێبەجێكردنی ئەو فەرمانەی كاك نەوشیروان (لە جوڵەو جەستەو جەسارەتیان)دا، هەمان ئەو حەماسەی پێشمەرگەم بیرئەكەوتەوە كە فەرمانی چالاكییەكیان لە كاك نەوشیروانەوە پێئەگەیشت.
سەعات 3, شۆڕش حاجی پێچەوانەی ئەو فەرمانەی كاك نەوشیروان لێدوانی دا، لە جیاتی ئازار، هەتوانی ساڕێژكردنی برینەكانی پارتی و بارزانی كرد، ئامادەیی كاك نەوشیروانیشی بۆ چونە دادگا دەربڕی (لێدوانەكانی وتەبێژ لە سەعات 3ی 16 حوزەیرانی 2016دا بەدەنگ و رەنگ و نوسراو لە ئەرشیفدا ماون)، تەنیا شتێ دژی پارتی وتی، ئەوە بو، كە ئەبێ لەسەر 31ی ئابیش خەڵك دادگایی بكرێن. ئێمە توشی شۆك بوین، بەڵام دەستمان پێكرد و وەك خۆی لە جێبەجێكردنی ئەو ئەركەدا بوین كە پێمان سپێردرابو.
- ئەو حەملەیە لەسەر بارزانی هەرئێستا راگرن.
- ئێوە بە قسەی كێو بەچ ئامانجێ ئەم حەملەیە لەسەر بارزانی ئەكەن؟
- مەرج نییە كاك نەوشیروان هەرچییەك بڵێ ئێوە جێبەجێ بكەن !
- هەر شتێ رویدا، ئێوە لە میدیا بەرپرسن.
ئەم قسانەو زۆری تر، هەریەك لەو ئەندامانەی گروپی "خڕ" دەیانكرد و تەنیا یەك وەڵامم هەبو:
- فەرمانی رێكخەری گشتییە و بڕۆن لەگەڵ خۆیدا قسە بكەن.
سەعات 5ی ئێوارەی ئەو رۆژە چومە لای كاك نەوشیروان، بەدیار KNNەوە دانیشتبو.
- دەستان خۆش بێ، هەموی ئەبینم، توندتری بكەن.
- كاكە، بەڵام بابزانی فشارێكی گەورەمان لەلایەن ئەو برادەرانەوە بۆ راگرتنی لەسەرە.
كەمێك بە توڕەییەوە وتی:
- كێ فشارتان لێ ئەكا، پێم بڵێ كێن ؟ !
هیچ ناوێكم نەوت، حەزیشم نەكرد بەو توڕەییو بێزارییەوە بیبینم، هەرزو جێم هێشت و چومەوە سەرەوە.
لە هەمو لایەكەوە تەلەفۆنی جیاجیا بۆ راگرتنی ئەو هەڵمەتە ئەهات، زۆریان لەژێر كاریگەری ئەو گروپەی "خڕ"دا تەحلیل و تەفسیریان ئەكرد، وەڵامی من بۆ هەمویان ئەوە بو "ئایا ئەزانن پارتی فەرمانی گرتنی كێی دەركردوە ؟"، هەندێكیشیان ئەیانوت ئێمە قسەمان لەگەڵ خۆی كردوەو لەم حەملەیەی ئێوە ناڕازییە و وتوشیەتی "رایئەگرین".
سەعات 7ی ئێوارەو بۆ دڵنیایی، جارێكی تر چومەوە لای كاك نەوشیروان.
- كاكە هیچ رێنمایی تازەت نییە ؟
- بەردەوام بن، دەستان خۆش بێ، هەوڵ بدەن زۆرترین كەس قسەی لەسەر بكا.
- پەیوەندی بە زۆر كەسەوە ئەكەین، فشاری هاوڕێكانمان بەردەوامە، كاردانەوەی خراپی هەیەو وایان كردوە كەمترین كەس ئامادەی قسەكردنن، دەشڵێن تۆ ناڕازیتو وتوتە رایئەگرین؟!
- ناوم پێ بڵێ، كێ وای وتوە ؟
بەناچاری ئەمجارە ناوی هەمو ئەوانەم هێنا كە دژی ئەو بەرگریكردنەی ئێمە بونو لەگەڵ بڕیارەكەی رێكخەری گشتیدا نەبون، رەخنەكانیشیانم پێگەیاند.
- ئەوانە هەمویان بەرژەوەندییان لەگەڵ پارتی و هەولێردا هەیە، نایانەوێ لەخۆیانی تێكبدەن، ترسنۆكن و ...
ئێوارەی رۆژی دوایی 17ی حوزەیران، هەرسێ بەرپرسی ئەوكاتی (سایتی سبەی، بەرنامەكان، هەواڵ)م لەگەڵ خۆم بردو چوین بۆ كۆبونەوەی رێكخەری گشتی، وەك پیشەی هەمیشەیم كە هاوڕێكانم لەگەڵدا بوایە، دەرفەتم بە ئەوان ئەدا، گەر پێویستیش نەبوایە خۆم لەو جۆرە كۆبونەوانەدا قسەم نەئەكرد، كاك نەوشیروان، رو لەوان و پرسیاری كرد:
- دەنگوباستان ؟ فشارتان لەسەر نییە ؟!
محەمەد رەئوف وەڵامی دایەوە:
- هیچ گوێ بە فشاری پارتی نادەین.
- ئەزانم فشاری برادەرانی خۆمانتان لەسەرە، ئەوانە هەر ترسنۆك بون، بزانە كەسیان ئامادەن یەك وشە لەدژی پارتی بڵێن، لە شاخیش هەر ترسنۆك بون، پارتی ئەیەوێ لە ئاخری تەمەنما وەك كەسێكی لەیاسا دەرچوو مێژوی من رەش بكا، بەڵام بەداخەوە هاوڕێكانمان كەسیان جورئەتی ئەوەیان نیە یەك دێڕ بۆ پشتیوانی من لەدژی پارتیو مەسعود بارزانی بڵێن، تەنیا ئێوە بەرگری ئەكەنو ئەیانەوێ رێگری لە ئێوەش بكەن، گوێ بەو ترسنۆكانە مەدەن.
لە هەستانداو بە تەنیاو بە چپە بیرم خستەوە كە ئێمە پابەندی 48 سەعاتەكەینو كاتی راگرتنی نزیك بوەتەوە.
- چیتر پێویستە بیكەین؟
- رەزاق بابزانی، من ئەو قسانەی كە لای هاوڕێكانت كردم ئەم بەیانییەش هەمویانم بانگ كردوەو لەوە خراپترو زیاترم پێ وتون، وتوشمە تەنیا رەزاق دیفاعم لێ ئەكا ئەتانەوێ ئەویش بێدەنگ بكەن؟!
لەراستیدا تەنیا میدیای گۆڕانو میوانەكانی ئەو دو رۆژە بەرگرییان كرد، زۆرنو ئەرشیفەكەی ماوە، لێرەدا ناكرێ ناویان بهێنرێ، بەڵام ئەوانە زۆر زیاتربون كە لەژێر كاریگەری ئەم گروپەی "خڕ"دا دژایەتییان ئەكردین، با هەر كەس بە رۆژمێری خۆیو لێدوانو نوسینەكانیدا، بچێتەوە، لە 16و 17ی حوزەیرانی 2016دا، چی بۆ بەرگریكردن لە كاك نەوشیروان كردوە، حەتمەن بێدەنگی هەر گۆڕانخوازێك بە (ویست) یان بە (پێویست) یاخود بۆ (بەرژەوەندی تایبەتی)، ناڕاستەوخۆ بەبەشێك بوە لە پشتیوانی بڕیاری دادگای دژەتیرۆری پارتی، ناكرێ لێرەدا ئاماژە بە تاقانە مقابەلەیەكی كاك قادری حاجی عەلی نەدەین كە لە سایتی سبەیو لە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵمەتەی پارتیدا كردویەتی.
هەرچەندە پارتی، زیاتر لە شەش مانگ بو، ماكینەیەكی گەورەی ئیعلامییان بۆ تەشهیرو ناوزڕاندنی كاك نەوشیروان خستبوەگەڕ، لە كاردانەوەی ئەو هەڵمەتە 48 سەعاتییەی ئێمەدا، ئێوارەی 17ی حوزەیران، بۆ یەكەمجار مەسعود بارزانی بەیاننامەیەكی دەركردو داوای لە پارتییەكان كرد، هەڵمەتی راگەیاندنو وەڵامدانەوە رابگرن، پێشبینییەكەی كاك نەوشیروانو نهێنی 48 سەعاتەكەی بۆ دەمكوتكردنی پارتی راست دەرچو.
وا بووە هەزار، بە تاقە مەردێ
بەزیوە، دەڵێن سەد قەل و بەردێ
خڕ یان گروپی سێ پێ؟
سەرەنجامو ئێستا، گۆڕینو بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەكە، تەسلیمبون بە هەرسێ فاكتەری پێ (پاوەر، پارە، پارتی)، هەمو ئەو بۆچونو شیكردنەوانەی كاك نەوشیروان بۆ كەسایەتی ئەم گروپەی "خڕ"و هاوڕێكانی تری دەیكرد، راستو دروست دەرچون، لەپێش مەرگیداو بە نوسراو و بە خەتی خۆی، هەمان بۆچونو تەقیمی لەسەر هاوڕێكانی نوسیوەو لای (دكتۆر چیا) هاوڕێی پەنجاڵەساڵەی خۆی پارێزراوە، چەندجارێكیش دكتۆر بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو گروپەی زیان بە فكرو ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا ئەگەیەنن، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی كردوە.
دوای مەرگی كاك نەوشیروانو تاكە تاكە نەبێ، هەمو ئەوانەی لەو حەملەی بەرگریكردنەدا دژی پارتی وەستانەوەو پشتیوانو بەرگریكاری بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفا بون، بەشێوازو بیانوی جیاجیا لە بزوتنەوەی گۆڕان دورخرانەوە.
ماویەتی..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست