پێنج ملیۆن کورد نەمانتوانی کاوە بپارێزین
Tuesday, 10/12/2013, 12:00
دەرگای سەرجەم کارگەی پێنوسەکان داخەن.
دروشمەکان لابەن.
لە پاش شەهید بوونی کاوە هەمویان بێ واتا بوون بەم ووتارەشەوە.
لە یەکەم ڕۆژی شەهیدکردنی کاوە گەرمیانیەوە تا ئێستا دەیان بەیاننامە و هەواڵ و چالاکی و تێڕوانینمان گوێ لێبوو ، بەڵام بە داخەوە هیچ کەسێک ئاماژە بەوە ناکات کە یەکەمین کەس خۆمان تاوانبارین بە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لە ڕوانگەیەکەوە کاتێک شەهید کاوە فایلی گەندەڵیەکانی ئاشکرا کرد و هەڕەشەی لێکرا لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە سەرجەم کۆمەڵگای ئاگادار کردەوە کە ژیانی لە مەترسیدایە و ناوێرێت لە ماڵەکەی خۆیدا پشو بدات ، هیچ یەک لە ئێمە بە دوادا چونمان بۆ ئەو کەیسە نەکرد و نە بوینە خاوەن هەڵوێستێکی وەها تا ژیانی لەو مەترسیە ڕزگار بکەین ، بۆیە کاوەی قارەمان وەک کەسێکی لە خۆ بوردە دەرگای دادگاکانی بەرنەدا و بە تەنها خاوەنداری لە خۆی کرد و ڕاگەیاندنەکانیش بە ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنە بەناو سەربەخۆ کانیشەوە تەنها بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵات و پروپاگەندە بۆخۆیان دیمەنی چالاکی و هەڕەشەکانی سەر کاوەیان بەکار هێنا و تا ئێستاش بەکاری دێنن.
ڕەنگە ئەو تێڕوانینە بۆ ئۆپۆزسیۆن نامۆ بێت بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە ئێمە ئەزمونمان لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ و نا یەکسان و نا دادی هەرێمی کوردستاندا هەیە لە تیرۆری سۆران ، سەردەشت و دەیان لاوی دیکە کە جگە لە تیرۆر کردنیان بە تۆمەتی بێ ڕەوشتانە تاوانباریشیان دەکردن و تائەم ساتەش نەمان دیت تەنها تاوانبارێکیش لەلایەن دەسەڵاتەوە سزا بدرێت بگەرە پاراستنیان دەکەن و زۆریش قسەمان لەسەر پارتەکانی دەسەڵات کردووە بۆیە پێویست نابینم باسە لەو دەسەڵاتە بکەم کە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا لێیان ناڕازین.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم ئەو هێزەی بە ناو ئۆپۆزسیۆنە یە لە کاتێکدا گوێمان لێدەگرتن گوایە ئەوان وەک دەسەڵات نین و کۆمەڵگا دەپارێزن و خاوەنداری لە مافەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەن و بە یەکسانی و دادپەروەری دەسەڵات بۆ خودی کۆمەڵگا دەگێڕنەوە ، تەنها بۆ ساتێکیش نەیانتوانی گوێ لە کاوەی خێر لە خۆ نەدیو بگرن لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە کاوە دەیگوت لە ترسی دەسەڵاتداران ناوێرم بچمەوە ماڵەکەی خۆم ئۆپۆزسین نەی بیست تەنها بیری لە بوون بە دەسەڵات دەکردەوەو دروشمی هەڵبژاردنەکانی ئامادە دەکرد و مێشکی کۆمەڵگای بە ئازارەکانی پڕ دەکردەوە ، ئۆپۆزسیۆن نە لە ئازاری کاوە تێگەیشت نە هەستیشی پێکرد و نە مە بەستیشی بوو گەر نا ئەو ئۆپۆزسیۆنە دەیتوانی کەیسی کاوە و هەڕەشەکانی بەرامبەری بگەیەنێتە دادگای ناو دەوڵەتی و دادگای عێراق و دەیشی توانی لیژنەی بەدواداچون دروست بکات هەر هیچ نەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لە کاوە دەکرد دانیشتنایە و چارەسەریان بکردایە هەر هیچ نەبوایە دەبونە پشتیوانێک بۆ کاوەی تەنیا بەداخەوە نەیان کرد و کاوە شەهید بوو دروشمەکانی ئۆپۆزسیۆنیش وەک دروشمەکانی دەسەڵاتی لێهات.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کۆمەڵگاو ڕۆشنبیران و ڕۆژنامە وانانیش تەنانەت نەیان توانی خاوەنداری لە کاوە بکەن و بیپارێزن و لە هاوار و ناڵەو ئازارەکانی هاوپیشەکەیان تێنەگەیشتن ، تەنانەت هیچیان ئامادە نەبوون ڕۆژێک لەگەڵ کاوەی ڕۆژنامەوان لەبەردەرگای دادگادا هاوخەمی بن ، ئەوانیش چاوەڕوانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بوون کاوە بپارێزێت ، لە پاش شەهید بوونی کاوە هەموو لایەک هاتنە گۆ کە چیتر بێ ژیانی مرۆڤێک کۆتایی پێهات هاوەرەکانیش بێ واتان ، بەو هۆکارە بەر لەوەی کاوە و سەردەشت و سۆرانەکانی دیکەش کۆتایی بە ژیانیان بهێنرێت لە هاوار و ناڵەیان تێبگەن و ببنە پشتیوانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست