دەسەڵاتی باشوری کوردستان دڵسۆزە بۆ رۆژئاوای وڵات ؟
Saturday, 02/06/2012, 12:00
گەر ئاوڕێک لە مێژوی کورد بدەینەوە لە شۆڕشەکانی شێخ سەعید ، شێخ ئوبێدوڵای نەهری ، شێخ مەحمود و قازی محەمەد و تا بە ئەمڕۆ گەلی کورد لە ناو پارچەبوونی خۆیدا دەناڵێنێ و هەردەم هەڵەکانی دوبارە و چەندبارە کردۆتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا هەموو لایەکی گەلی کوردستان لە هەرچوار بەش و دەرەوەی وڵاتیش بانگەوازی بۆ یەک هەڵوێستی دەسەڵاتی کوردی دەکەن کەچی هیچ کات دەنگی جەماوەر نەکراوەتە خاڵی هەنگاونان بۆ قۆناغێکی نوێ بوونەوە ، لەم کاتە هەستیارەدا کە گۆڕانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی تێدەپەڕێ بە تایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە هەنگاوی یەکگرتوویی هەیە تا ئەو نەکسانەی مێژوو دووبارە نەبێتەوە کە بەسەر گەلەکەمان دا هاتووە .
لە ئێستادا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا گۆڕانکاری بەرچاو ڕوو دەدەن و هەموو دوژمنانی نەتەوەکەمان لە هەوڵی ئەوەدان تا کورد لەوپارچەیە نەبێتە خاوەن ستاتۆیەک ومافەکانی بەدەست نەهێنێت بۆ ئەو مەبەستەش دەوڵەتی تورک هەموو هێزی خۆی بەکار دێنێت و هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات و چەک و هاوکاری ماددی خستۆتە خزمەتیان تا لە دەسەڵاتی داهاتوی سوریادا بە هیچ شێوەیەک کورد نەگاتە مافەکانی خۆی .
لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتی باشوری کوردستان لە جێگای هاوکاری و نیشاندانی هەڵوێستێکی نەتەوەییانە و هەوڵدانیکی ناونەتەوەیی بۆ ناساندنی مافی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە پێی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی دراوسێ هەڵسوکەوت دەکات و هەر پارتێکی باشوری کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان پارتێکیان دروست کردوەو بە داخوازی خۆیان رۆژانە هەڵویستی کورد لەو پارچەیەش لیک دادەبڕێنن و هەر رۆژ شەقامی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بابەتی بێ نرخەوە ئاراستەدەکەن و چەواشە دەکەن ، ئێمە لە باشوری کوردستان زۆر دوور نا بەڵکو لە ساڵانی 1990 کاندا پاش ڕاپەڕین هەر ئەو سیاسەتە دۆڕاوو پوچەڵانەی دەوڵەتانی دراوسێ وایکرد نزیکەی 8 ساڵ شەری براکوژی بێتە ئاراوە ئەوە خۆی لە خۆیدا وانەیەک بوو کە تا ئێستا ئێمە پێوەی دەناڵێنین و تا ئیستاش پاش تێپەڕ بونی کاتێکی زۆریش هەردەم ئازارەکانی ئەو ڕۆژانە لە یاد ناکەین ، بۆیە پێویستە ئێمە نەهێڵین براکانمان لە پارچەکانی دیکە ڕوبەڕوی هەمان پڕۆسەی لێکترازان وسیاسەتی چەواشەکاری ببنەوە .
هەنوکە لە رۆژئاوای وڵات ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو شارو شارۆچکە و گوندێک دامەزراوە و بەڵام لە بەرامبەریشدا ئەنجومەنێکی کارتۆنی دیکە بە ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا کە تەنها چەند پارتێکی هاوکارەکانی باشوری کوردستانن دایانمەزراندووە ئەوەش ئاماژەیە بە سیاسەتی لێک هەڵوەشانی ڕای گەلی کورد لە ڕۆژ ئاوا ،بۆیە لێرەدا پێویستی هاو هەڵوێستی هەموو لایەنەکانی کوردستان هەیە بۆ سەرخستنی دۆزی کورد و ئەرکە لەسەر شانی هەرێمی کوردستان کە ببێتە پشتیوان بۆ ئەو ئەنجومەنەی کە زۆرینەی گەل هەڵیانبژاردوە و دەست لە سیاسەتی پارچە کردن بەردرێت .
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جیاتی ئەوەی دەست وەرداتە ناو باڵە سیاسیەکانی ئەو پارچەیە و هاوکاری مادی بداتە چەند پارتێک و لە ناویاندا پارچە بوون بێتە ئاراوە و ناکۆکیە شەخسیەکانیان بکەنە پرسی یەکەمین پێویستە لەسەر سەرۆکایەتی هەرێمی کودستان ڕای گشتی ناودەوڵەتی لە ڕەوشی رۆژئاوا ئاگادار بکاتەوە و دۆزی ڕەوای کورد لەو پارچەیە بە ڕای جیهان بناسێنێت وهەموو پەیوەندیە دیبلۆماتیەکانی بخاتە گەڕ بۆ گەیاندنی برا کوردەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە مافەکانیان و بە هێز کردنی ئیرادەی نەتەوەیی کورد ،هەروەها کاتێک لاوانی کورد لەو پارچەیە لەلایەن دەسەڵاتی بەشارئەسەد یاخود هەر هێزێکی ترەوە شەهید دەکرێن با حکومەتی هەرێم وەک حکومەتێکی کوردی وهەڵوێستی نەتەوەیی خۆی دیاری بکات لە بەرامبەریدا و ئیدانەی شەهید بونی هەر کوردێک لە کوێی جیهانبێت بکات .
گەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی پێ ناکرێت ئەوا کات داواکارم با واز لە دەست تێوەردانی ناو پارتەکانی رۆژ ئاوا بێنێت و ئەوانیش ڕوبەڕوی ماڵوێرانی نەکاتەوە وەک لای خۆمان و هیوا خوازم پارتەکانی رۆژئاواش نەبنە دار دەستی هیچ لایەک و ئەزمونی باشوری کوردستان بۆ خۆیان بکەنە وانە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست