تۆڵەكردنەوە لە كلتورى تاكى عێراقى دا
Saturday, 18/05/2013, 12:00
عێراق: وڵاتى شۆڕش و كودەتاوئاژاوەو یاخیبونەكانە،جەگرافیایەكە مێژووەكەى تراژیدى و تۆقَنەرو خەمهێنەرە،لێرە لەعێراق هەمیشە تاك حەزێكى دكتاتۆریانەو خۆسەپێنى هەیە بەسەر ئەوانى تردا،تەنانەت بۆ تەمێكردنى ئەوانەى دژى گروپگەرایین لەعێراقدا ،لەسەر گومان خەڵك دەكوژن. ڕەنگە فەلسەفە لەعێراقدا لەو پەندەوە دەست پێبكات كە دەڵێت:" لەبرى ئەوەى كشى لێبكەیت،قاچى بشكێنە".واتا پێویست ناكات چەند جارێك كش لەمریشكێك بكەیت و قاوى بدەیت،بەڵكو چارەسەرى بنجبڕ ئەوەیە قاچى بشكێنیت،تاجارێكى تر توخنت نەكەوێتەوە.
زیادە ڕۆیی،لەمتمانە پێدان و بەیعەتدان و ،دواتر زیادەڕۆیی لە تۆڵەكردنەوەو سەرشۆڕكردن،بەشێكى گرنگە لەئاكارو كەسێتى تاك و كۆمەڵگەى عێراقى،لەمێژوویەكى كۆندا،ئەو خەواریجیانەى ئیمام عەلی یان كوشت،پێشوتر لەهەرە توندترین هەوادارو لایەنگرو پێڕەوانى بوون .لە سەردەمى نوێشدا زیندوترین نمونە: هەڵوێستى عەبدولسەلام عارفە،كە یەكەمین كەس بوو دروشمى (ماكو زعیم الا كریم) ى هێنایە گۆڕێ و داواى كرد.پێدەچێت زۆرێك لەعێراقیەكان تائێستا ئەوە نەزانن كە عەبدولسەلام زۆر شلگیرو سەرگەرم بوو،زێدەڕۆیی دەكرد لەمتمانەو پشتگیرى بۆ " عەبدولكەریم قاسم" لەماوەى كارى لیژنەى باڵاى ئەفسەرە ئازادیخوازەكاندا.بەڵام لەكۆتاییدا عەبدولكەریم قاسم دەڕوخێنن،قاسم داوا لەسەلام دەكات كە لەفەرمانى لەداردان ئاوارتەى بكاو دەڵێت:" لەدارم مەدە،چونكە من لەدارم نەدایت.".كەچى عەبدولسەلام گوێى بەم تكا برایانەیە نەدا،بەڵكو زێدە ڕۆیی كردو گوللە بارانیان كرد،قاسم ئەوەندە مەردانە لەپێناو دۆزو بۆچونەكانى خۆیدا جەنگا تەنانەت بەچاوى خۆى تەماشاى ئەو گوللانەى دەكرد،كەپێوەى دەنران.
لەبارى زێدەڕۆیی عێراقیەكان بۆ تۆڵەكردنەوە،بینیمان،لەساڵى (2004) تەرمى سەربازە ئەمریكیەكان دواى كوشتنیان لەفەللوجە،دەسوتێراو بەدواى ئۆتومیلدا ڕادەكێشرا.هەموو ئەمانە سەرەنجامێكى ترسناكى سیاسى ئەدەن بەدەستەوە،ئەویش قەیرانى متمانەى هێزە ئایدۆلۆجیاكانە بۆ پێكەوە هەڵكردن،مەگەر ئەوە حەسەن نەبوو وەسیەتى كرد،كەباوكیشى پێی وتووە:" متمانەتان بەخەڵكى كوفە نەبێت،چونكە هەم باوكیان كوشت و هەم سوپاكەیان هەڵوەشاندو،كەرەستەكانیشیان بەتاڵانبرد.".
لە مێژووى شیعرو ئەدەبی عێراقیدا یەك شاعیرو روناكبیر نییە دووفاقى نەكردبێت و دواى چەپلًَەلێدان،تفى لەڕێبازەكەى پێشووى خۆى نەكردبێت.بەزەحمەت نەبێت ئەرێ ئەو چەند ملیۆن كەسەى پێشبڕكێیان دەكرد لەچەپڵلێدان و هوتاف كێشان و قوون بادان بۆ بەرزڕاگرتنى سەرۆك چییان لێهات..؟."باقر یاسین" سەركردەى رۆشنبیرى بەعس ، لەباسكردنى كەسێتى تاكى عێراقیدا،ئەلێت: بەدرێژایی حوكمى بەعس عێراقم بەجێنەهێشتوو،تەنیا پەروەردگار لەعێراقدا چەپڵەى بۆ ێەدام لێنەداوە."ئەرێ هەر ئەمانە نەبوون لەپەرلەمان دەنگیان بە فیدراڵیەت داو،دواییش لەدەرەوە دەستى یان كرد بەوتار نوسین دژى و لێدوانى توندیان ئەدا،تەنانەت بەشێكى ئەم پەرلەمانتارانەى ئێستا پشتگیرى لەمالیكى دەكەن ،پێشووتر لەسەر بنەماى دژایەتى كردنى مالیكى هاتوونەتە ناو پەرلەمان و دەنگیان هێناوە.بەڵێ..ئیمامى عەلى ووتى: خەفەت بۆ ئەوكەسەش ئەخۆم كە هەوڵى ئاشتەوایی لەگەڵ ئەمانە ئەدات.بۆ..؟.ئەو یەكەم كەس بوو كە باسی لێبوردەیی و ئاشتى و برایەتى و شوراى دەكرد،بەڵام شكستى گەورەى خوارد،ئەگەرچى ئەم چەمكانە ئەخلاقین و پێویستن،بەڵام تا دێنەدى ڕەنگە عەیامێكى دوورو درێژى گەرەك بێت.بۆیە عێراق ئەو شوێنەیە كەهیچ تاك و سیاسیەك متمانەى بەئایندە نییە،وەكو چۆن شاعیرەكە ووتى:" هیچ ساغێك بەمزووانە،بەساغى نامێنێتەوە.".هەر ئەوەندە هەستى كرد سەركەوتووە،ئیتر حوكمى ئاگرو ئاسنى حەجاجیانەى خۆى دەست پێدەكا.
ئەم دیاردەیە(متمانەدانى زیاد لەپێویست)،لەناو بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى كوردیدا نادیار نییە.لەحەفتاكانى سەدەى پێشوو،بەشێك لەسەركردەو كادرەكانى كۆمەڵە،بەئەندازەى دەروێشى شەیداى ئەندێشەى ماو- دەبن.كاتێك ماوتیستۆنگ،دەمرێت.هەریەكەو لەپاڵ تاشە بەردێكدا دەست بەگریان ئەكەن،كاكە حەمە ووتى:" ماو لەو دورەوە چوزانێ ئێمە بۆى دەگرین و شوێنكەوتووى ئەوین."لەمدواییانە وەفدێك دەچنە چین و باسدەكەن كە چەندین سەركردەى كورد لەرێگەى بیروباوەڕى ماویزمى ئەوانەوە شەهیدو لەداردراون،دەڵێن" ئێستا دەیبیستین..!!".هەربۆیە بینیمان لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە سەركردەكانى كورد لەبەغدا، چۆن لەسەر تەختەى شانۆكە نمایشى یان كرد،ئەو پارادۆكسەى كە كاراكتەرێكى كورد "لەپشت عەلى نوێژ دەكاو،لەسەرسفرەى مەعاویە نان دەخوا.".بەئێستاشەوە هەموو لایەكى حەپەساندووە، بۆیە لەم نێوەندەدا دواجار دەبینن ئەوەى بەرهەم و ڕەزكە ئەچنێتەوە كاراكتەرى شیعەكانن،هێزى سەربازى و هەواڵگر و ئاسایش و نەوت و داهات كۆنترۆڵ دەكەن،ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانى دەرەوەش بەخۆى دێتە چنگەوە،ئاماژەى دەستوریشى بۆ دەكەن،بەو شێوەیەى "هەموو وڵاتێك هەقى خۆیەتى چەكى بكرێت و،شتێكى قانونى و دەستورییە".ئێ سەرۆكەكان چەك دەكڕن و شەڕى پێدەكەن،نەك ژینگەى پێ بپارێزن و خۆشبەختى پێبهێنن.بۆیە مالیكى بەبڕواى من زێدەڕۆیی دەكات لەتۆڵە كردنەوەو ناحەزى.سەرەتاكانیشى لەكەركوكەوە بینرا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست