کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێمە پیاوى ئیسرائیلین،،ئەى ئێوە..؟

Sunday, 11/11/2012, 12:00


شتێكى ئاساییە،ئەگەر خەڵكانێك داواى نەهێشتنى نەهامەتى و فەزاحەتى ئەم وڵاتە بكەن،تۆمەتبار بكرێن،چاوەڕوانكراوە وەڵامى ڕستەیەك بەگوللەو ،وتارێكیش بەمەرگ بدرێتەوە،ئەزانین و خۆمان زادەى ناو خەبات و ژیانى كۆمەڵایەتین،هەڵقوڵاوى ناو كارى ڕێكخراوەیی و نوسین و چاودێریكردنین.عالەمى خوا بەدەست پارتیەوە هاواریەتى،كەچى من لەمەپتر یەكێتیشم هەیە،ئەمیشیان خراپتر لەوەى كەبۆ سنورداركردنى ئازادى، كەسانى دى تاوانباردەكرد،ئێستا خۆى واوەتر رۆشتووە،بگرە مەترسیدارتر.!!.لەم سلێمانیە پەنجا بنەماڵە هەیە،لەسەرووى هەموویانەوە ئەوانەى دیمۆگرافیاى ئەم شارەیان تێكداوە،بەدەستى ئێران و قاسم سولێمانەیەكان هەن،لاتان سەیر نەبێت خەڵكێك لەقیادەى ئەم حزبانە كارى ئەوە بێت بەس ڕاپۆرت بگوێزێتەوە،بەپشتگیریی ئەوانش پۆستى باڵاى حكومى و ئەمنى لە كوردستان وەربگرێت.
لەم ماوەیە،حەزرەتى "خەسرەوى گوڵ محەمەد"،كە بەحیساب ئاسایشى نەتەوەیی ئەپارێزێت،بەرپرسێكى ئەمنى ترى ڕاسپاردوە تەلەفۆن بۆمن بكات ،لەمەڕ نوسینێك كەباسم لەگەمە ناوچەگەریی و موخابەراتیەكانى ناوچەى سلێمانى كردووە،باسم لەوەكردووە چۆن سلێمانى و حكومەت بەخانەقینى كراوە،دواجار خەڵك باجەكەى ئەدات،كەچى نەمزانى ئەم نوسینەو ئەوانى تریش،وێنام لاى ئەوان دەكات بە ئیسرائیل..!!!.ئەوكە ساڵ و نیوێكە بەحیساب منى خستۆتە ژێر چاودێرییەوە،لەدواى خۆپیشاندانەكان و،كۆمپیوتەرو تەلەفۆنەكانیان بردووم و،نازانم زۆر شتى تر.ئەم ئیشانە من هەر بێزم نایا باسیشى بكەم و بەدواى بكەوم،چونكە هیچ زیانێكم تیانەكردووە،بەئێستاشەوە (بەتەحەداوە لەدەرەوەى گشت لایەنەكانم) دوو ئەوەندەى ئەوان پەیوەندى و هەیمەنەم هەیە بەسەرخەڵكان و رۆشنبیری ئەو حزبەوە،كەمن هیچ حیساب و كتابێكشم نەبووە لەناو یەكێتى.ئەگەر بمەوێ تۆڵەبكەمەوە،ئەوان دەمێكە غەدر دەكەن،بە فوویەك زۆر كەس دەچن بەحەوایا.بەڵام وەكو ڕۆماننوسی ئەمریكایی "جودى پیكۆڵت" ووتى: هەركاتێك كەوتیتە سەر ڕێگەى تۆڵەسەندنەوە،دەستیش بكە بەهەڵكەندنى دووگۆڕ،یەكێكیان:بۆ دوژمنەكەت،ئەوى دیكە بۆ خۆت.".ڕێگا زۆرە نەكەوینەگۆڕێ.
ئەو،(خەسرەوى گوڵ محەمەد)،ئەیتوانى كەسێكى مەدەنى ڕابسپێرێت تا لەو سوڵحە تێبگات،نەك كەسێك كە وا قسەبكا : من هەڕەشە ناكەم،حەز ناكەم تێبكەویت،ها..ئەو ڕۆژەش بینیتم لەگردەكەى ڕیعایە..ئاخر جار لەوێ یەكمان بینى،من خۆم لەوێ بووم،كەتۆهاتى،چومە ئەودیو،ئێمە ئەوان دۆستمانن،بەس بۆخۆت ئەڵێم وریابە..!!!.".
ڕەنگە،دواى كاتژمێرێك بیركردنەوە،تێگەشتبم گردى ڕیعایە چى یە و مەبەستى چى یەو چى لێیە،دواى كۆڵێك پەیوەندى تێگەشتم،مەسەلەكە چى یە.ڕەنگە بابەتێكى تریان بوتابایە،خۆم باوەرم پێبكردبان،چۆنكە هیچ بەخۆم شك نابەم و خاوەن مەبدەئم،كەمێك سەرە ڕۆم و لەئاستى ناوخۆدا بۆلاى ئەبرەهەش ئەچم و دائەنیشم و قسەى خۆشم ئەكەم،بەڵام ئەمەیان..؟.
لەدونیادا،پیاوى ئەمنى و موخابەراتى تا ناو ئێسقان دۆستى بەرژەوەندیەكانى گەلەكەیەتى،وەك عادەت كەسی یەكەم ناسراویشە لەناوخەڵك،لەلوتكەى ڕەوشت و ئیتیكدایە،لەوپەڕى هەستكردنە بە بەرپرسیارێتى بەهەموو جۆرەكانیەوە،هەموو شت دەكات تا ئاسایشى كۆمەڵگەو تاك بپارێزیت،بەس حەیفێكم ئەم پیاوانەى لاى ئێمە هیچ متمانەیەكیان بەخۆیان نەهێشتووە،وایان بەخۆیانكردووە لەهەرشوێنێك خەڵك ناویان بێنى،ئەبنە ترس لەسەر شەرەف و كەرامەتى خەڵك،بەس هەموو خەلك نا...بەڵێ ئێمە پیاوى ئیسرائیلین،هى ئەمریكاین،هی توركین،هی فارسین،هى عەرەب و مەغریبین،ئێمە و دەیان دەنگ و سەداى رۆژنامەوانان و رۆشنبیران لەگەڵ ئەم تەخوینانەى ئێوە ڕاهاتوین،ئەى ئێوە ..؟.مەگەر جەنابى مەلا بەختیار نەیوت:" ئێمە وەك یەكێتى پەیوەندیمان لەگەڵ موخابەراتى 36 وڵاتى جیهان هەیە،پارتى زیاترى هەیە".مەگەر پەندەكە ناڵێت"خەڵكى شوێنى دینى،مەلیكى خۆیان دەكەون." مەگەر ئێوە نین تەشەبوز بۆ هەموو وڵاتان دەكەن،بۆ كوردان و هاونیشتمانیان نەبێت..؟.خۆزگە پیاوى ئیسرائیل دەبوم و عەقڵى ئەوانشم دەبوو،ئەوان نەخاكیان هەبوو،نەخەڵك،نەیاساو ڕێسا،هەموو شتیان پێكهێناو،لەناو جەرگەى ئێوەوە چاودێرى دوژمنەكانیشیان دەكەن،بەڕاست بینیتان سەرەكوەزیرانى پێشوو لەسەر وەرگرتنى بڕێكى كەم لەبەرتیل،بەدەست پۆلیسەوە كشەى ئەهات..!!.ئەوەیە ئیسرائیل و ئەوەیە ئاسایشى نیشتمانى،لەسەر برینى جەستەى هاونیشتمانیەك (22) دەوڵەتى ئیسلامى ئەهەژَێنن،بۆ زانینتان هەموو ڕووبەرى جوگرافى ئیسرائیل بەقەدەر شارێكى وەك سلێمانى نابێت،دوو هێندەو نیوى قولە ڕەیسیە،كەس نەیزانى چۆن ئەو قایمقامەتان لەگۆرنا وكردتانە قوربانى مەرام و تەكەتولاتەكانى خۆتان،ئەى ئێوە چى.؟.ئاخۆ لەم جۆرە هەڵسوكەوتانەتان كێ زەرەر ئەكا،جگە لەخۆتان،بەكرى حاجى سەفەر چى زیانێكى كرد نارتانەوە بۆماڵەوە،بریم جەلال چ زیانێكى كرد،عارف قوربانى و رەنج سەنگاوى چ زیانێكیان كرد،ئەى من چ زیانێكم كردووە،،؟.ئەزانم ئێستا سەرتان گەرمە بە پارەو پاسەوان،بەڵام بەم ڕیتمە بڕۆن حاڵتان لە زۆركەس باشتر نابێت.بێمنەتم،بەهەموو جۆرێك،ئەگەر من خانوو ڤیەللاو ئەرزەم بۆكڕاوە یان پێمدراوە،یان مووچەیەكم هەبووە ڕۆژێ لەرۆژان،یان سەفەرى وڵاتێكى دوورونزیكتان پێكردووم،بیخەنە بەردەم ڕاى گشتى،كەس فەزڵى بەسەرمەوە نییە لەدەسەڵاتدا.چۆن چاودێریتان كردووە با هەروا بێت،چونكە من ئەوكەسەم كەخۆم،خۆم ئەناسم،نەك ئەو فایلە ژەنگاوییانەى لاى ئێوە.
لەكۆتاییدا،داواى لێبوردن لەخوێنەران ئەكەم،كە بۆتەنها جارێك خۆم بەشتێكەوە سەرقاڵكرد،بەڵام حەزمكرد ،هیچ نەبێت ئێوەش ئاگاداربن،هەروەك دەیان كەس و لایەنى تر ئاگادارى كارە ناشیرینەكانى ئەمانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە