کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میسر یان قەتەر كامیان هێزى ناوچەیین...؟

Wednesday, 06/06/2012, 12:00





"ئیدوارد سەعید"،پیاوێكى بەڕەگەز مەسیحى و فەلەستینیە،هەر لەپەنجاكانى سەدەى بیستەمەوە لەئەمریكا ژیاوە تا ساڵى (2003) لەڕۆژى داگیركردنى عێراق گیانى لەدەستدا.ئەو یەكێكە لەگەورەترین ڕەخنەگرەكانى دنیاى پۆست مۆدێرنى ئەمەریكى،لەكتێبە بەناوبانگەكەى بەناوى "ڕۆژهەڵاتناسى".كت و مت پێی وایە،ڕۆژهەڵات كردەى ڕۆژئاواییەكانە،زۆرجاریش دەگاتە ئەوەى كە خودى مرۆڤەكانى ڕۆژهەڵات هەمیشە خۆ بەكەمتر و دەستەپاچە ئەزانن لەبەرامبەر تاكى ڕۆژئاواییدا.دیارە،هەموو وڵاتانى كەنداو دەستكردى بەریتانیەكانن بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەكانى خۆیان لەناوچەكەدا،بەدەر لەمەش زۆر وڵاتى وەك عێراق و سعودیەو سوریاو لیبیاو ئەردەن و...هتد.بەدەستى زلهێزەكانى رۆژئاوا لەقۆناغى ئیستعمار یان دواییدا دروستكراون،واتا ڕەگ و ڕیشەی بەدەوڵەتبونیان لەناوخۆدا نییە،لێرەوە ئەگەر بڕیاربێت هەر دە ساڵ جارێك گۆڕانێكى گەورە بەسەر وڵاتانى ڕۆژهەڵاتدا بێت،ئەوا رووخانى دیكتاتۆرەكان و بەهارى عەرەبى ڕەنگە نەك گۆڕان بەڵكو وەك رووخانى دیوارى بەرلین و وەرچەرخانى دواى (11)ى سێپتەمبەر وابێت.
میسرو قەتەر،دوو سەرى گەورەى ڕۆژهەڵات و جیهانى عەرەبین،هەر یەكەیان لەدیدێكەوە بایەخى هەیە،ئەگەرچى لەزۆر ڕەهەندەوە هەر تاوانەو ناكرێت گەورەیی و بایەخى میسر بەراورد بكرێت بەقەتەر،بەڵام لەسەرەتاى سەرهەڵدان و ئاشكرابونى ڕاپۆرتەكانى ویكلیكسەوە قەتەر كەوتۆتە هاژو هوژو بانگەشەى قەبەبونى خۆى،ئەگەر بەراوردى رووبەرى جوگرافى پێوەربێت،میسر (1001449كم) چوارگۆشە ڕووبەرەكەیەتى،بەڵام قەتەر تەنها (11427كم)ە.بەپێی ئامارى (2012) میسر (90) ملیۆن كەسە.كە (21%) یان لەژێر هێڵى هەژارییەوەن.بەڵام قەتەر ژمارەى دانیشتوانەكەى ناگاتە (17) ملیۆن كەس.لەڕووى جیۆستراتیژى و پۆڵەتیكیەوە میسر ێەدجار گرنگترە لەقەتەر.لەڕووى بیرى ناسیۆنالیزمى عەرەبى و سەرهەڵدانى هزرو ئیسلامگەراییەوە میسر بەدڵ و سەرى ناوچەكەو دایكى وڵاتانى عەرەبى دائەنرێت.لەڕووى سیستەمەوە ئەتوانین بڵێین سیستەمى سیاسی و مەركەزیەت لەمیسردا بەستراوە بەرووبارى نیلەوە،واتە ژینگە سەرچاوەى كارى ئیدارى و مەركەزیەتێكى بەهێزیانە.بێ نیل میسرییەكان ژیانیان لەتەواوبوندایە.لەڕووى گەشتوگوزارەوە ساڵانە داهاتى نزیكەى (20) ملیار دۆلارە.بەدەر لەوەى خاوەنى شارستانیەتێكى كۆن وفیرعەونین،(60%) ى ئاسەوارى جیهان لەمیسرە.ئەى ئیتر ئەم تاوسەندن و گەورەبونەى قەتەرو شێخە نەوتاوییەكان لەكوێوە سەرچاوە ئەگرێت..؟.
ئەوەى قەتەر هەیەتى،گەورەترین و پڕبینەرترین كەناڵى ئاسمانى دونیایە (جەزیرە) یە.زۆر گلەت پرسیار ئەكرێت ئایا جەزیرە قەتەرە یان قەتەر جەزیرەیە..؟.جا سەیرى ئەم عەرەب و وڵاتانى شەرقە لەوەدایە كە هەرچى داهێنانێكیان هەبووە بۆ بەرپەرچى رۆژئاواییەكان نەبووە،چونكە هەستى نیشتمان پەرەوەرى لەم سەدەیەى دواییدا سفربۆتەوە لایان ئیدى هەر زلهێزێك هاتووە قۆلێان كردۆتە قۆڵیەوەو بۆ لێدانى براچاورەشەكەى تریان،مەسەلەن ئەم جەزیرەیە هەركاتى خۆشى لەناكۆكى نێوان دوو خێڵەوە بۆ ڕەدى ئەوەى تر هاتەبوون.هەرچۆنێك بێت ماوەیەك پێش سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەكان و بەهارى عەرەبى "ویكلیكس" بڵاوى كردەوە كە دوو بەرپرسی باڵاى قەتەرى و ئیسرائیلى پێكەوە دانیشتوون،باسیان لەوە كردووە كە بەیارمەتى كەناڵى جەزیرە گورزێكى كوشندە لەمیسرو موبارەك بوەشێنن تا قەتەر جێگاو پێگەى میسر بگرێتەوە.ئەمە جێی باوەڕى ئێمەومانان بوو لەبەر دوو هۆ،یەكەمیان: ژێرخان وئاستى ئابورى و داهاتى تاك لەقەتەر لەگشت وڵاتانى ناوچەكە باشترێكە،دووهەم:بوونى قاعیدەیەكى گەورەو هێزێكى مادى و مەعنەوى جێگیركراوى ئەمەریكى لەقەتەر،تا ئەو ئاستەى هێرشكردنە سەر قەتەر بەهەر شێوەیەك هێرشكردنە بۆ سەر ئەمەریكا.خۆئەگەر تێبینى كرابێت لەكاتى خۆپیشاندانەكانى میسردا جەزیرە بەقەد هەموو هێزە نارازییەكان وڵاتانى جیهان رۆلى گێڕا لەڕووخانى سیستەمەكەى میسردا.تاگەیشتە ئەو ئاستەى سانسۆر و تەشویش بخرێتە سەركەناڵەكە لەمیسر.
ئێستا بەهارى عەرەبى و میسر بەتایبەتى لە بەردەم دوو ڕیانێكدان:یان گەرانەوە بۆ زۆرەملێ و ئایندەیەكى وون.یان ئیخوانەكان پەیڕەوى مۆدێلێكى ئیسلامى هاوچەرخى وەك ئاكەپە لەتوركیا ئەكەن،چونكە میسر ساڵانێكى زۆرە لەڕووى كۆمەڵایەتیەوە حاڵى خراپە،میسرییەكان لەمەزیاتر بەرگەى وەها دۆخێك ناگرن.هەرچى قەتەرە لەئێستادا سیاسەتێكى دەرەكى ژیرانە پەیڕەو ئەكەن،ئەیانەوێ ببنە هێزێگى گەورەى ئیقلیمى لەناوچەكەدا بەڵام لەوەئەچێت ئەمە تاماوەیەك بێت،چونكە لەزۆر نەگۆردا ئەولەویەت هەر بۆ ئەو میسرەیە كە پێگەكەى خۆى لەزەمانى ساداتەوە لەدەستداوە.بەڵام ڕۆڵى هەر هەیە.دواجار ئەكرێت بڵێین هەتا توركیاو سعودیە هەبن لەمەولا نەمیسر و نەقەتەر هێزى ناوچەیی نین یان بەپلەى سێهەم و چوارەم دێن.

تێبینى:" ئەم بابەتە سێ هەفتەیە لەڕۆژنامەى هاولاتى كەوتووە،شەش جارم ناردووە،ئەڵێن نەمانبینیووە،خەڵكێكیش شەو بابەت ئەنێرێت سبەى بۆى دائەگرن،ئێمە لەگەڵ ئەوەى لەئایندەدا وابڕوات قسەى زۆرمان ئەبێت لەسەر میدیاى ئەهلى،ناخۆشحاڵم بەوەى كەدەنگە ناڕازییەكان پەرتن،ناخۆشحاڵم بەوەى موزایەدات و خۆدەرخستن بەهەقى خەڵكەوە هەیە،بەڵام زۆرخۆشحاڵم چونكە لەهەرمینبەرێك قسەبكەم لام گرفت نییە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە