مشتێك ڕاستى و باوە شێك درۆ
Tuesday, 16/04/2013, 12:00
جیهانى ئەمڕۆ،جیهانێكى ئاڵۆزە.ڕۆژانە ئەستێرەیەكى تر لەسەر زەوى دەرئەكەوێت و مرۆڤایەتى پێوە سەرقاڵ ئەبێت.ئیتر جارێك بەسیكۆلاریزم و فۆڕمى دونیایی. جارێكى تر بەقۆتابخانەى نوێی لیبراڵیزم و سەرمایەدارى.ئەوسا بەتەكانە یەكلەدواى یەكەكانى تەكنەلۆژیا.ئینجا بەشێوازى نوێی كۆمینیۆكەیشن و پەیوەندییە گشتیەكان.كەوابێت شێوازى كارى سیاسی و ڕاگەیاندنیش دەكەوێتە ژێر ڕكێفى هەر یەك لەمانەوە.بۆ نمونە: ئەگەر لەم سەردەمە هاوچەرخەدا،دەوڵەتێك یان لایەنێك بیەوێت پەیامێكى سیاسی یان گورزێكى كلتوریی بوەشێنێت،لەڕێگەى زنجیرە فلمێك یان درامایەكەوە نیشانى ئەدات.
كوردو نوخبەو دەسەڵاتى سیاسیش لەمە بەدەر نین، زۆرجار تەماشاى كەناڵێكى دەسەڵات یان بڵاوكراوەكانیان، یان ووتەى سەركردەكانیان دەكەیت،یەك دونیا لە نەتەوەیی بوون ،یەك خەرمان لەدان پیانان بەخواست و گلەییەكانى خەڵك ئەبینیت، هەرچۆنێك قسە بكەیت،پێت ئەڵێت: موافیقم..!!.
دەبێت،باش لەوە بگەین،كە پارتى و یەكێتى ناتوانن چاكسازیی بكەن و تەواو.ئەو پرسیارە تەرك بكەین كە چاكسازیی ئەكەن یان نا..؟.چونكە دۆخەكە لەتاڵانى و بەهەدەردان و بێ باكى و نۆكەری بێگانەش دەرچووە.گەشتۆتە هەقیقەتێكى سەیر..!!.كە نمونەیەكى دەگمەنە لەمێژوى سیستەم و گەلانى جیهاندا شتى وەك ئەم هەرێمە نییە و نەبووە،لەگشت جیهاندا (بۆیە ئەڵێم جیهان چونكە لەپەیڕەوى نەتەوەیەكگرتوەكان باس كراوە).گەلێك سەركردەیەكى هەیە،ئێمە چەندین سەركردە،نەتەوە جیاجیاكان كاریزمایەك،ئێمە چەندین دانە.ئەوان یەك ئۆپۆزسیۆن ئێمە چەندین ئۆپۆزسیۆن و هەموو شیان خۆیان لەیەك ئاستدا ئەبینن..!.خەڵك مێژوویەكى هەیە ئێمە زۆرتر.كلتورو جل و بەرگێكیان هەیە،ئێمە بەپێی جل و بەرگى سەركردەكان شێواز كلتورمان هەیە،هەر دەوڵەت و كیانێك یەك یەكەى قسەكردنى هەیە لەگەڵ جیهانى دەرەوە،ئێمە هەر حزبەو پەیوەندى هەیەو بەناوى كوردەوە قسەدەكات..!!.عالەم ئاقڵە ئێمە بێ عەقڵ.عالەم بەشەرە،ئێمە بەشەر نین،بەمانا فەلسەفى وكۆمەڵایەتیەكەى.
لەهەمووى دڵتەزێن تر،ئەوەیە میدیایەكى سەربەخۆ و نەتەوەیش نەبێت..!.ڕۆژنامەى هاوڵاتى دواى شەش ساڵ نوسینم،بەفەرمى ئاگاداریان كردمەوە،كە " ئیتر ناتوانیت لێرە بنوسێت". بۆ.؟ چونكە ڕەخنەت لەمیدیاى ئەهلى گرتووە.
ئۆپۆزسیۆن: پێی بڵێن،ئەگەر وابكات،لەڕاگەیاندنى خۆمان پەراوێزى ئەكەین.
یەكێتى: هەوڵدەن،بایەخى پێ مەدەن،ئەو هەتیوە دەستى لەهەموو شتێكا هەیە.لەهەموو شوێنێك ئەنوسێت،كەس نازانێت چى یە...؟.
پارتى : دانى خێر بەكەسا نانێت..؟. دەبێت فێر بێت بەباش بڵێت باش و خراپیش خراپ. ئێ قوربان.چوارساڵە من چاوەڕێم یەك ئیشى باش بكەن،تا دانى پیابنەم و باسی بكەم،كە نایكەن،دەسەڵاتمان چى یە..؟.
لەگشت ڕێسایەك،گشت شۆڕشە پڕماناكان،بچن بخوێننەوە،بزانن: ڕۆشنبیران ڕۆڵیان چى بووە،لەدونیا ڕۆشنبیر ڕاگەیاندن و حزب و تەلەفزیۆن ئاڕاستە ئەكات،كەچى لە كوردستان پێچەوانەكەى ڕاستە. ئەیانەوێت ماستاو بكەیت بایەخت پێ بدەن..!!ئێمە لەكوردستان یەك چارەسەرمان هەیەو هیچى تر.ئەویش كاتى ئەوە هاتووە ڕۆشنبیرى كورد كلیك لەسەر گرفتە كۆنكرێتیەكانى كۆمەڵگە بكەن،لە ریفۆرمى دین و هونەرو ئەدەبەوە،تا دەگاتە دۆخى حزبایەتى و پرەنسپی ئەرك و ماف.تا ئەچێتەسەر توێژینەوە ستراتیژییەكان.گەورەترین لەمپەرى ئەم ئیشەش ئەوەیە: مینبەرێك نییە بۆ ووتن،ئەوەى هەیە یان هى ئەمیانە،یان هى ئەویانە..!!.ئێمەش كە قسەئەكەین لامان گرنگ نییە كوێیە،بەقەدەر ئەوەى چى ئەڵێین.
دەبینین،بەپێچەوانەوە، ژمارەیەك خەڵك بەناوى ئەهلیەتى میدیاو بەگژاچونەوەى سیستەمى نەگونجاوى تۆتاڵیتار لەكوردستان،خەریكى بازاڕ خۆشكردنن بۆ ئەم و ئەو.بەكوردیەكەى بەگۆشت و ئێسقانەوە تێكەڵ بەگەمەكە بوون،هەندێكجار بەشێك لەڕاستى ئەڵێن،بەڵام لەناو باوەشێك درۆدا ئەگەر وریا نەبیت،فریوت ئەدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست