سەبارەت بەلابردنى وەستا حەسەنى ئاسایش
Tuesday, 29/11/2011, 12:00
ڕۆژنامەى "ئاوێنە". لە (2) ژمارەى پێشوویدا، مانشێتێگى گرنگ و گەورەى داگرتبوو. كە ناكرێت هەروا بەسادەیی تێپەڕێت، وەكو خۆى نەیخوێنینەوە. بەپوختى ئەوەى ئاشكراكردوووە كە: حاكم قادرو عومەر فەتاح و مەحمودسەنگاوى لەهەوڵى لابردنى "عەمیدحەسەن نورى" دان، هاوكات ئەندامى سەركردایەتى ئەو یەكێتیەشە كە گروپێك مافیا ئیدارەى ئەدەن، ئێمە ئەڵێین "مافیا" خاترمان گرتوون، بەڵكو زۆر كادرى وەسەتى ئەو حزبە ئەوە ڕوون دەكەنەوە كە ئەمانە كارى مافیاییان دەمێكە پەڕداوە. ڕۆژنامەى "ئاوێنە" وەك ئاوێنە نیشانمان ئەدات، "عومەر فەتاح" لەبەرئەوەى لەدۆسیەى"ئاسۆس هەردى" دا شكستیخوارد و بەڕێوەبەرى ئاسایش ڕۆڵى سەرەكى گێڕاوە لە ئاشكراكردنى دۆسیەكە و بەیاساییكردنى. سەرەنجام "عومەر فەتاح" لە تۆڵەكردنەوە ئەگەڕێت. وەك كۆتەرە لەسەر ئاوە كە لەبەرئەوەى "حاكم قادر" دەیان كارى ئیختلاس و نایاسایی لەسەرە بەپێى ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێریی دارایی. دواتریش چەندین كارى واوەترى ئەنجامداوە. هەرچۆنێك لێكیبدەیتەوە "حاكم قادر" كەسى یەكەمە لەبوارى ئەمنیەت لەسنورى یەكێتیدا چ لەپێش (17) ى شوبات وە چ لەدواتریش. تەنانەت ئەو ئەگەر فەرمان بكات لە (24) كاتژمێردا یەك ماڵى لەشفرۆش لەسلێمانیدا نامێنێت. بەپێچەوانەوە لەسەردەمى ئەودا زیادكران و دەرگایان بۆكرایەوە و خانویان بۆگیراو. . . هتد. بۆیە دەمێكە "حاكم" لە وەها نیمچە كۆدەنگیەك ئەگەڕێت دژى "وەستاحەسەن" كە هەم هەڵەكانى خۆى بشارێتەوە و بەشێكیشى بخاتە ئەستۆى ناوبراو، وەهەم خۆى لەهەندێ نەیارى ناو یەكێتى نزیك بكاتەوە تا دژى نەبن بۆ كاندیدى جێگرى سەرۆكى حكومەت یان هەرێم. هەرچى "مەحمود سەنگاویشە" لەسەر (2) هۆكار گڕى تێبەربووە. یەكەمیان: گرتنى ئەو بڕەپارە زۆرەى كە تەزویركرابوو لە ئۆتۆمبیلەكەى جەنابیانەوە بۆ سەر مەرز ئەچوو، ئەمە ئاسایش كردوویەتى. دواتریش لەشەڕى لەگەڵ "خالیدى خولە سوور" بەتەنگیەوە نەچوون وەك پێویست و ئاسایش رۆڵى ناوبژیوان و پاراستنى بینیوە.
هەرچى و چۆنێك بێت "وەستاحەسەن" لە هەموو ڕەهەندەكانەوە لەوان بەخوارترە. هیچ پێمان شوورەیی نییە ئاماژە بەوە بكەین كە: لە هەوڵ بۆ تیرۆركردنى "ئەحمەد میرە"ى سەرنوسەرى گۆڤارى "لڤین" دا. "وەستا حەسەن" رۆڵى جوامێرانەى گێڕا. لە قەزیەى "ئاسۆس هەردى" دا سەلماندى ئەگەر باجەكەى چەند قورس بێت یاسا جێبەجێ ئەكات. كاتێك "یەكێتى" و دەستێكى دیار و بەرپرسێكى دیار (كۆمپیوتەرو تەلەفۆن و تەواوى كەرەستە شەخسیەكان) ى بەندە ئەڕفێنن، بەپەلە تاوانبار دەگرن و بێئەوەى گوێبگرن زوو ڕەوانەى یاساى ئەكەن. كاتێكیش (17) ى شوبات گیراین بەفەرمانى" ئەو زوو ئازادكراین. "وەستا حەسەن" جگە لەوەى تیروریستى گرتووە، جگە لەوەى مناڵى ڕفێنراوى ئەم شارەى لە ناوجەرگەى بەغداوە بەكەمتر لە (24)كاتژمێر گەیاندۆتەوە ئامێزى دایك و باوكى، هەرچییەكى كردبێت ئەویش بەدەر نییە لە یەكێتى، بەڵام چارەك بەقەد ئەوانەى نەكردووە كە هەریەكەیان بەش دوو نامەى دكتۆرا فەزاحەتیان كردووە. بەبەراورد بە ئێوە لە قوڵایی شەقامدایە.
بۆ "منێك" كە ساڵانێك لەسەر یەكێتى حیسابووم و"حیسابیشم" نەبووە، وەك پێشووتریش ووتومانە:ئەگەر مافیاكانى ئێستا بەقەد یەك "لەشفرۆش" ڕێزیان بگرتاین ئێستا یەكێتى بەم حاڵە نەدەگەیشت. بۆیە ئەوەندە بەسە بڵێم:هیچ كەسێك خێرى پێنەكردووم. كۆتا قسەش لێرە ئەوەیە كە زۆرجار ئەوترێت، هەركاتێك "تاڵەبانى" هەست بكات بەرپرسێك شەقام و جەماوەر لێی بێزارن، ئەوا پلەى بەرزترئەكاتەوە. لەوێنەى ئەمانەى كە ئێستا مەكتەبى سیاسی یەكێتى بەڕیوە ئەبەن، . تۆ بڵیی پێچەوانەكەشى ڕاست دەربچێت. . ؟.
کوردستانپۆست: هەموو ئەو هەواڵانەی کە ئەم نووسەرە بەڕێزە ئاماژەی پێدەدات، وەکو هەواڵی لابردنی وەستا حەسەن، هەواڵی ئەو پارە تەزویر و حەشیشەیەی مەحمود سەنگاوی کە لەسەر سنوور گیرا، سەرەتا لە کوردستانپۆستدا بڵاوکرایەوە، ئەوسا رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان بەدواداچوونیان لەسەری کرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست